کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


گەندەڵیەكانى هاتوچۆى سلێمانى لەبەرنامەیەكى راستەوخۆى تەلەفیزیۆنیدا ئاشكرابوو

Saturday, 05/11/2011, 12:00


شەوى 31/10/2011 و لەبەرنامەیەكى راستەوخۆى كەناڵى ئاسمانى زاگرۆزدا میواندارى هەریەك لە دكتۆر هەڵكەوت پسپۆڕى بوارى هاتوچۆ و عەمید خالید جێگرى بەرێوبەرى گشتى هاتوچۆ كرابوو ، گوایا بەرنامەكە بۆ گفتوگۆكردنى كێشەكانى هاتوچۆ و چۆنیەتى چارەسەركردنى بوو ، ئەوەى ئەم بەرنامەى بینیبێ تەواو روون و ئاشكرا بەبەڵگەوە لەزارى دكتۆر هەڵكەوتەوە بۆى رووندەبێتەوە كەچۆن دەزگاى هاتوچۆى سلێمانى نغرۆى گەندەڵى و فەساد بۆتەوە ، دیارە عەمید خالید كەبریاربوو بەرگرى لەكەموكورتیەكانى هاتوچۆ بكات بەجۆرێ دۆشى دامابوو كەمرۆڤ بەزەیى بەرەنگى زەرد و مەلوولیا ئەهاتەوە ، چونكە ئەو داماوە هیچ وەڵامێكى قەناعەتكارى پێنەبوو كەبەرگرى لەو ئۆقیانووسى گەندەڵى و سەقەتى ئیشوكارەكانى هاتوچۆبكات .
لەو تەوەرە زۆر گرنگانەى كەدكتۆر هەڵكەوت ورژكانى ئەوەبوو كە دەزگاى هاتوچۆ بێ ساحێبە و چەند هەفتەیەك لەمەوبەر لەماوەى دوو رۆژدا پێنج بەرێوبەر بەفەرمانى وەزارەتى ناوخۆ دانرا و لەهەمانكاتدا لابران ، یان باسى لەوەدەكرد كەچۆن ساڵى پار بەرێوبەرێكى فاشیلیان لە بەرێوبەرایەتى رەگەزنامەوە ئیستیراد كرد و چۆن ئەو بەرێوبەرە هەر ئابرووى ئەو دەزگایەیى برد وەك چۆن ئیستا بەرێوبەرێكیان لەهەولێرەوە بۆ هاوردە كردووە كەتەنها كرێى ئەو شوقەیەیى لەگوندى ئەڵمانى بۆیان بەكرێگرتووە دووهەزار و پێنج سەد دۆلارە ، یان چۆن دەزگایەكى هەستیارى وەك هاتوچۆ كە لەهەموو دەزگاكان زیاتر پێویستى بە كەسى پسپۆڕ و تەكنۆكرات هەیە تاكو بەبەرنامەى زانستى و ئەكادیمى كێشە و ئاستەنگەكان چارەسەربكات كــــــەچى لەماوەى پێشوودا و لەزنجیرەى حەیاچوونەكاندا برادەرێكى هاوەن تەقێنى سەربازیان كردە بەرێوبەر كەلەخۆشى ئوتومبیلە وەنەوشەكەى ژێرى كەوەریگرتبوو لەهەشت كاتژمێرى دەوامەكەى حەوت سەعات و نیوى لەپشتى ئوتومبیلەكەدا ئەبردەسەر و لەحیبەتا بەدەم جنۆكەشەوە پێئەكەنى و بەریدیشى تیا ئیمزا ئەكرد و جاروبار ریشیشى لەبەرئاوێنەى شۆفێرەكە ئەتاشى .
جادەزگایەكى هەستیارى وێنەى هاتوچۆ ئەمە رەوشى ئیدارە و بەرێوەبردنى كاروبارەكانى بێت ئیتر چۆن رۆژى حەوت هەشت كەسى داماو لەرووداوەكانى هاتوچۆى بێشوماردا كەلەپاچە نابن و نابنە قوربانى ئەم سیستمە گەندەڵە .
تەوەرەیەكى زۆر گرنگى ترى دكتۆر هەڵكەوت ورژكاندنى گەندەڵى خودى هەندێ ئەفسەرى هاتوچۆى سلێمانى بوو ، لەوانە كەچۆن یەكێ لەئەفسەرەكان بۆخۆى بەدەستى خۆى مۆڵەتى بردۆتەوە بۆ كچێك لەئوتێلێكى سەرچنار بێگومان ئەو خانمە زۆر عەزیز و نازداربووە بۆیە ئەو ئەفسەرە بە كۆڵێ ئەستێرەوە مۆڵەتەكەى بۆى بردۆتەوە .
یان چۆن هەندێ لەو ئەفسەرانەى تاقیكردنەوەى شۆفێرى بەهاوڵاتیان دەكەن خۆیان ئاستى هونەرى شۆفێریان باش نیە ، ئەوەى جەنابى دكتۆر لەیادى كرد باسى بكات دیاردەى دەڵاڵەكانى هاتوچۆى سلێمانى و ژمارە فرۆشتنەوەیە كە هاتوچۆى كردۆتە مەیانى دارە سووتاوەكە ، لەهەموو مێژوى هاتوچۆدا كەس نەبوو بزانێ دوو رەقەمى و سێ رەقەمى و چوار رەقەمى چیە ، بەڵام ئیستاكێ ئەم جۆرە رەقەمانە هەریەكە و نرخى رەسمى دیاریكراوى خۆى هەیە كەبەسەرى كابرا بڕبەن و كۆسەرەرەشى لێبەیت كەمى نیە نرخەكە قوفڵە !!؟؟ دوورەقەمى هەیە ساڵى پار لەهاتوچۆى سلێمانى بە شەش دەفتەر دۆلار فرۆشراوە بەكەسێكى دەوڵەمەندى بازرگانى ناسراوى سلێمانى ، ئەى ئیتر چۆن قوڕ بەسەر ئەو میللەتە داماوە نەبێت كە چاوەنواڕى كارى باش و بەرهەمهێنەر لەدەزگاكانى ئەم حكومەتە دەكات .
گومان لەوەدانیە كەتەنها دەزگاى هاتوچۆ ئەمە رەوتى بەرێوەچوونى كاروبارەكانى نیە بەڵكە كەموكورتیەكان لەهەموو سوچ و قوژبنێكدا بەدیئەكرێن ، چونكە دیاردەى دەستێوەردانى حیزب و تەكەتولبازیەكانى ناو خودى وەزارەتى ناوخۆ و بەرێوبەرایەتیەكان بووە بەدیاردەیەكى باو و بەئاشكرا ئەنجامدەدرێ ، بەهۆشیەوە هاوڵاتى سادە و قوڕبەسەر باجەقورسەكەى دەدات ، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەبێ لەكۆتایدا بڵێن خواخراپتر نەدات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە