کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تكایە بێویژدان مەبن .. ئەمە دەستكەوتە مەزنەكانى كابینەى دكتۆر بەرهەمە ..

Monday, 17/10/2011, 12:00






دختۆر بەرهەم ئەو زمانلووسەى نەك بەناوەرۆك بەڵكە بەروواڵەتیش خاوەنى تاكە یەك خەسڵەتى كەسێك نیە شوانى چوار سەرمەڕیش بێت نەخوازەاللە میللەتێك ، ئیستا زویرە لەوەى بەپێى پەیماننامەى ستراتیژى تووڕدەدرێتە دەرەوەى دەسەڵاتى حكومى ، ئەو پەیماننامەیەیى كەداهات و نەوت و خاك و ئاو و ئەستۆى مرۆڤەكانی هەرێمى كوردستانیش تیایدا لەنیوان سەرانى پارتى و یەكێتیدا برابەشكراوە ، دكتۆر بەرهەم كە وەك تاڵەبانى راهاتووى بێگانەپەرستى و بێهەڵوێستى نیشتیمانیە پێى وایە ئەو بەتەنها كەسە بەناو رۆشنبیرەكەى ئەم دەڤەرەیە و بێ ئەو ئیتر میللەت لەبرسانا لاكەى دێت ، دكتۆر بەرهەم پێى وایە كوردستان هەر كوردستانەكەى پەنجاكانى سەدەى پێشووە كە لە خانەقینى داگیركراوەوە بۆ فاو بیست مامۆستا و هەزار خوێنەوارى تیانەبوو ، ئەو نازانێ كەئیستا خوێندكارى زانكۆهەیە بەتەنها سەد هێندەى دكتۆرى ئینتیهازى درك بەواقیعە گەندەڵكاریە دەكات و بەچەند خولەكێك شیكارى گرێ كوێرەى قورسترین هاوكێشەى سەقەتى سیاسى ئەو وڵاتە دەكات و كەموكورتیەكانى ئەخاتە روو ، بێ درۆ و ساختەكارى و چەواشەكردن .
هەڵبەتە لەبەرئەوەى دكتۆر بەرهەم لەبنەڕەتەوە لەرووى سیاسیەوە پەروەردەى سەركزى بەرقاپى جەلال تاڵەبانى و سەفیر و قونسوڵگەرییە بیانیەكانى لەندەن و واشنتۆنە .. هەربۆیە ئەو پێى وایە كەمیللەتى كورد میللەتێكى دواكەوتووە و پێویستە تاكو رۆژى مەحشەر سەر و چاوشۆڕى بیانیەكان بێت .
مامۆستایەك بۆى گێڕامەوە و وتى لەگەڵ ئەوەى خاوەنى چل ساڵ ئەزموونى فێركردن بووم و زیاتر لەساڵێك بوو دواكارییەكەم پێشكەش بەنووسینگەى تایبەتى دكتۆر بەرهەم كردبوو بۆ چاوپێكەوتن و ئەویش بەشەخسى ئەیناسیم چونكە لەقۆناغى ئامادەیدا من مامۆستا بووم و ئەو یەكێ بووە لەخوێنكارەكانم ، پاش رۆح دەرچوونى چاوەنواڕى و كاتێ زیاتر لە دوو كاتژمێربوو لەچاوەنواڕى بینینیدا بووم لەنووسینگەكەى و پێش ئەوەى بچمە ژوورەكەى لەپڕانا چوار پێنج سەربازى ئەمریكى لەحەوشەكە لە دووهامەرى سەربازى دابەزین كەپلە بەرزەكەیان سێ خەتى هەبوو واتە عەریف بوو ، كەچى چەك لەشان و بنێشت لەدەم هەر بەبەرچاوى ئێمەوە وەك فلیمە كاوبۆیەكان چوونە ژوورەوە بۆلاى دكتۆر و ئێمەش دوو كاتژمێرى تر چاوەڕێبووین و كاتى هاتنەدەرەوەى ئەمریكییەكانیش جەنابى دكتۆر بەرهەم هێندە بێگانە پەرست و شەخسیەت سووكبوو كــــەتاكو حەوشە خۆى عەریف و سەربازەكانى بەرێى كرد و خواحافیزى گەرمى لێكردن ، هەروەك چۆن زۆر زۆریشى پێخۆشبوو كەلەبەرچاوى ئێمە بە ئنگلیزى بیاندوێنێت وەك ئەوەى لەم نیشتیمانەدا تەنها دكتۆر ئاشنا بێت بەزمانى ئنگلیزى .
بەهەرحاڵ سەروبارى ئەم پێشەكیە تەنك و زۆر كوورتە ئەمانەى لاى خوارەوەش بەشێكى زۆر گرنگ و پیرۆزى دەستكەوتەكانى كابینە داڕوخاوەكەى دكتۆر بەرهەمن كە تاكە یەك رۆڵەى ئەم میللەتە وەبیرى ناكات و تاكو ماوە پەڵەى عار و شوورەییە بەنێوچەوانى دكتۆر و حیزبەكانى دەسەڵاتەوە :

1. لەسایەى دەسەڵاتى دكتۆر بەرهەمدا رەوتى ئازادى رۆژنامەگەرى و میدیای ئازاد لەرۆخانى گرتن و راوەدوناندا رەشترین رۆژگارى تۆماركرد هەربۆیە بەسەدان رۆژنامەنووسى بوێر و كوردپەروەر و راستگۆ و خۆنەفرۆش و قەڵەم نەفرۆش زیندانى كران و ئەشكەنجە دران و سووكایەتیان پێوەكرا و تۆقێنران و نانبڕاوكران ، ئەمە بێ لەوەى كارگەیشتە ئەوەى رۆژنامەنووسێك و قوتابیەكى زانكۆى وەك شەهید زەردەشت عوسمان بەرۆژى روناكى بەرى بەیان لەبەر زانكۆكەى خۆى و وەبەرچاوى خەڵك و زێڕەڤانیەوە بڕفێنرێت و پاشتر زۆر نامەردانە شەهید بكرێ و جەنازەكەى لەموسڵ فڕێ بدرێ ، بێ ئەوەى تاوانبارە زانراوەكانى بەهیچ جۆرێ دەستگیربكرێن و سزاى یاسایى بدرێن بەوێنەى بكوژە ترسنۆكەكانى شەهید سۆرانى مامە حەمە ، ئەمانە بێ لەوەى بەئاشكرا هێزێكى چەكدارى سەر بەیەكێتى هەستان بە سووتاندنى كەناڵى ئاسمانى نالیا و لەگەڵ ئەوەى بكەرەكان زانراو و ئاشكران تاكو ئیستا هیچ جۆرە ئیجرائاتێك دەرهەقیان نەكراوە لەگەڵ ئەوەى فەرمانى گرتنیان لەلایەن دادگاوە هەیە .
2. لەسایەی دامودەزگاكانى كابینەكەى دكتۆر بەرهەمدا و كاتێ لاوە خوێن گەرمەكانى ئەم وڵاتە و بەتایبەتى خۆنیشاندەرە سڤیلە بێچەكەكانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى .. بوێرانە رژانە سەرشەقام و هاتنە گۆ بۆ داواكردنى مافە رەواكانیان لەئازادیەوە بۆ دادپەروەرى و كۆمەڵایەتى تاكو داواكردنى نەمان واستە و مەحسوبیەت و گەندەڵى لە دەزگا سیخناخەكانى حكومەتدا لەگەندەڵى ، هێزە تۆقێنەرەكانى ئاسایش و پۆلیس بەجۆرێ بەپشتى كابینەكەى دكتۆر گۆشگیركرابوون كە بەفیشەك وەڵامیاندانەوە و بەدەیانیان لێ شەهید كردن و بەسەدانیش بریندار و كەمئەندابوون و بەهەزارانیش دووچارى زیندان و راوەدوونان بوونەوە ، ناشرینترین رەفتارى قێزەونى دكتۆر بەرهەمیش ئەوەبوو كە بكوژە حاشاهەڵنەگرەكانى وەك ئاسۆى شێخ تەهاى بەگرانبەهاترین ئوتومبیل خەڵاتكرد .. و نەریتى خەڵاتكردنى بەرێوبەر و ئەفسەرەكانى پۆلیسى كردەباوێكى زۆر ناشرین كاتێ هەر مانگە و بەدۆلار و دەمانچە خەڵاتى ئەكردن كەئەمەش تەواو خوو و رەوشتى بەعسیەكان بوو لەكاتى حوكمڕانى رەشیاندا بۆ كڕینى ئەستۆ و وەلائى ئەوجۆرە كەسانە ، ئەمە بێ لەوەى تاكو ئەم ساتەوەختەش لەسێبەرى ئەم كابینە گۆجەدا نەتوانراوە تاكە یەك بكوژ و تەقەكەرى پۆلیس و لقى چوار و شوێنەكانى تر دەستگیربكرێن .
3. لەسایەی دكتۆر بەرهەم و كەڵە گەندەڵەكانى كابینەكەى وێنەى شێخ جەعفەر و كەریم سنجارى و ئاسایش و دەزگاكانى پاراستن و زانیارى و زێڕەڤانى ، دەزگاى دادوەرى و قەزائى كەگرنگترین و پیرۆزترین بنەماكانى بەدەوڵەتبوون و پەیڕەوكردنى یاسا و رێساكانن و پێویستە ئازاد و سەربەخۆبن و بڕیارەكانیان بێ جیاوازى و بەیەكسانى بەسەرهەموو تاوانبارێكدا جێبەجێ بكرێت ، كەچى دكتۆر و كابینە یاساشكێنەكەى هەرچى رێز و شكۆمەندى و حورمەتى دەزگاى دادوەرى هەیە نەیانهێشت و ئەوانیشیان وەك بارەگایەكى حیزبى لێكرد كەسەربەخۆیانە نەتوانن بەئەركەكانى خۆیان هەڵبستن ، یان بەجۆرێ پەراوێزیانخستن كەتاكە یەك بڕیاریان جێبەجێ نەكرێت ئەوانەى پەیوەستن بەخەڵكە دەسەڵاتدارەكانى نزیك خۆیانەوە .
4. لەسایەى دكتۆر و چەتەكانى كابینەكەیدا بەملیۆنەها لیتر نەوت بەنایاسایى ئاودیوى سنووركرا و ملیۆنەها دۆلارى داهاتەكەى چووە خەزێنەى نهێنیەوە و میللەت لێى بێبەشكرا ، دكتۆر و ئاشتى هەورامى تاكو ئیستاش بەو خەڵكەیان نەوت كەبڕى چوار ملیارە دۆلارە ونبووەكەى نێچیر دانى نابوو بە بوونیدا لەكوێیە و ئەویش برابەشكرا و نەكرا بە پرۆژەى خزمەتگوزارى بۆ كۆمەڵانى خەڵكى مەینەتخۆر .
5. لەسایەى دكتۆر و وەزارەتە كارتۆنێكەیدا وێنەى دكتۆر عەلاالدینى وەزیرى خوێندنى باڵا ، رێكخراوى حیزبى قوتابیان و لاوانى پارتى لەهەولێر شەقاوانە و بێ ئەوە حسابى هەرزەكارێك بۆ دكتۆر و وەزارەتى خوێندنى باڵابكەن هەستان بەداخستنى زانكۆى سەلاحەالدین بۆماوەى دوو مانگى رەبەق بێ هیچ كاردانەوەیەك یان هەڵوێستێك لەلایەن دكتۆر و وەزارەتە كاغەزێكەیەوە .
6. دكتۆر بەرهەم لەچاوپێكەوتنەكاندا وێردى سەر زمان بن زمانى باشكردنى پێدانى بڕى كارەبایە وەك ئەوەى ئەم كارە لەنێوان خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتنى شەو و رۆژێكدا ئەنجامدرابووبێ یان وەك ئەوەى خێر و سەدەقەى پارەى بازرگانى بەتین و هەڵمەتى براى بن كە ئیستا لەپاڵ براكەى و دەسەڵاتەكەیدا بوونەتە ملیاردێرى سلێمانى .. دكتۆرى چەواشەكار ناڵێ ئەو چەند مانگەى بڕێك كارەبا باشتربوو پاش بیست ساڵى رەبەقى چاوەنواڕى و تاریكستانى خەڵكى بەدیهات و سەرچاوەى كارەباكەش بنكەى غازى چەمچەماڵە كەخاوەنەكەى كەسێكى مەدەنیە و بەكرێ كارەبا دەدات بەحكومەت ، واتە ئەمەش دەستكەوتێكى حكومى نەبوو بەڵكە ئەوەى حكومەت بەچەندین ساڵ پێى نەكرا بازرگانێكى ئەهلى جێبەجێى كرد .
7. لەسێبەرى كابینەكەى دكتۆردا مادەى سەد و چل مرداربۆوە و تاكە یەك بەندى لێ جێبەجێ نەكرا ، هەروەها تاكە یەك مەتر چوارگۆشەى ناوچەدابڕاوەكانى كوردستان نەگەڕایەوە سەركوردستان ، هەروەها بەپێى بەڵگەنامە دزەكردووە نهێنیەكانى نوێنەرى حكومەتى هەرێم لەتاران ئاشكرابوو كە دكتۆر بەرهەم و كابینەكەى چاوساغ و سیخوڕى عەجەم و توركەكان بوون بۆ قەتڵ و عامكردنى گەریلا قارەمانەكانى قەندیل كەدووا سیماى ئابرووى تاكى كوردن لەهەرچوار پارچەكەى كورستاندا .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە