" هەنگاوێكە بۆ بەرتەسكردنى ئازادیەكان لە ژێر چەترى یاسادا"
Wednesday, 15/12/2010, 12:00
فراكسیۆنى گۆڕان:پەسند كردنى یاساى خۆپیشاندان لەلایەن سەرۆكى هەرێم بە مەترسیداری دەزانین بۆ شێوازى مامەڵەكردن لەگەڵ ویست و ئیرادەى ئازادانەى خەڵك
لە رونكردنەوەیەكدا فراكسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى كوردستان پەسند كردنى یاساى رێكخستنى خۆپیشاندان بەبەرتەشك كردنەوەى ئازادیەكانى هاوڵاتیان دەزانن و راشى دەگەینن سەرەڕاى هەوڵ و دیالۆگێكى سەختى ئەندامانى لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن و چەند پەرلەمانتارێكى لیستەكانى تر لە ناو هۆڵى پەرلەماندا، بەڵام زۆرینە دەنگیان بە زەوتكردنى مافێكى دەستورى هاوڵاتیانى كوردستان داو پرۆژە یاساكەیان بە پەسەند كردن گەیاند.
فراكسیۆنى گۆڕان پێشیان وایە ئەم یاسایە لەگەڵ ئەوەى خزمەت بە پرۆسەى سیاسى هەرێم ناكات و بە شكڵ و ناوەڕۆكەوە دژ بە مافە سەرەتاییەكانى خەڵك دەوەستێتەوە، لە هەمان كاتدا لە روى جێبەجێكردنەوە گرفتى زۆر دروست دەكات، چونكە چەسپاندنى پرنسیپى مۆڵەت و رێگرتن لە خۆپیشاندانى لە ناكاو و سنورداركردنى بە شێوەیەكى گشتى، جێبەجێكردنى یاساكە دەكاتە مەحاڵ و جگە لە یاسایەكى دواكەوتوى پڕ لە كۆت و بەند هیچى تر نابێت و ناتوانێت خزمەت بە هەوڵەكانى گەشەپێدانى هەرێم بكات بە ئاراستەى كرانەوەو چەسپاندنى نەریتى دیموكراسى.
لە كۆتاى رونكردنەوەكەى فراكسیۆنى گۆڕان پەسند كردنى ئەم یاسایە بە سەرەتایەكى مەترسیدار دەزانن بۆ شێوازى مامەڵەكردن لەگەڵ ویست و ئیرادەى ئازادانەى خەڵك و پێمان وایە هەنگاوێكە بۆ بەرتەسكردنى ئازادیەكان لە ژێر چەترى یاسادا.
ئەمەش رونكردنەوەكەى فراكسیۆنى گۆڕان
رونكردنەوەى فراكسیۆنى گۆڕان لە بارەى ئیمزا كردنى یاساى رێكخستنى خۆپیشاندان لە لایەن سەرۆكى هەرێمەوە
سەربارى داواو هەوڵ و تەقەلاى دەیان چالاكوان و رێكخراوى كۆمەڵى مەدەنى و نوسەران و رۆشنبیران و لایەنە سیاسیەكان و كۆكردنەوەى هەزاران واژۆى هاوڵاتیانى كوردستان، كەچى سەرۆكى هەرێم پرۆژە یاساى رێكخستنى خۆپیشاندانى واژۆ كرد.
ئێمە هەر لە كاتى گفتوگۆكاندا لەسەر پرۆژە یاساكە بۆچونى خۆمان خستە روو لەسەر ئەو ماددەو بڕگانەى كە بە كۆت و بەندى دەزانین لە سەر ئازادیە سیاسیەكانى خەڵكى كوردستان. سەرەڕاى هەوڵ و دیالۆگێكى سەختى ئەندامانى لیستەكانى ئۆپۆزسیۆن و چەند پەرلەمانتارێكى بەڕێزى لیستەكانى تر لە ناو هۆڵى پەرلەماندا، بەڵام زۆرینە دەنگیان بە زەوتكردنى مافێكى دەستورى هاوڵاتیانى كوردستان داو پرۆژە یاساكەیان بە پەسەند كردن گەیاند.
ئێمە وەك فراكسیۆنى گۆڕان، پێمان وایە لەگەڵ ئەوەى ئەم یاسایە خزمەت بە پرۆسەى سیاسى هەرێم ناكات و بە شكڵ و ناوەڕۆكەوە دژ بە مافە سەرەتاییەكانى خەڵك دەوەستێتەوە، لە هەمان كاتدا لە روى جێبەجێكردنەوە گرفتى زۆر دروست دەكات، چونكە چەسپاندنى پرنسیپى مۆڵەت و رێگرتن لە خۆپیشاندانى لە ناكاو و سنورداركردنى بە شێوەیەكى گشتى، جێبەجێكردنى یاساكە دەكاتە مەحاڵ و جگە لە یاسایەكى دواكەوتوى پڕ لە كۆت و بەند هیچى تر نابێت و ناتوانێت خزمەت بە هەوڵەكانى گەشەپێدانى هەرێم بكات بە ئاراستەى كرانەوەو چەسپاندنى نەریتى دیموكراسى. ئەم یاسایە دژە بە پرنسیپە بنچینەیەكانى مافى مرۆڤ و مافى هاوڵاتیان بۆ دەربڕینى داواكارى و نارەزایەتى و داخوازیەكانیان بە شێوەى ئاشتیانە.
بۆیە ئێمە لە فراكسیونى گۆران، وێراى نارەزایەتیمان لە سەر واژۆكردنى ئەو یاسایە، ئەمە بە سەرەتایەكى مەترسیدار دەزانین بۆ شێوازى مامەڵەكردن لەگەڵ ویست و ئیرادەى ئازادانەى خەڵك و پێمان وایە هەنگاوێكە بۆ بەرتەسكردنى ئازادیەكان لە ژێر چەترى یاسادا. لە هەمانكاتدا بەڵێنى ئەوە بە خەڵكى كوردستان دەدەین بە زوترین كات پرۆژە یاسایەك بۆ هەمواركردنى ئەم یاسایە پێشكەش بە پەرلەمانى كوردستان بكەین.
فراكسیۆنى گۆرٍِان لە پەرلەمانى كوردستان
15/12/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست