لە غیابى سەرۆك و قاچاخچێتى نەوت
Thursday, 12/08/2010, 12:00
باسكردن لە غیابى سەرۆك نیشانەى سەردانى سەرۆك بۆ دەرەوە یاخود نەبوونى سەرۆك نیە، بەڵكو بێهەڵوێستى سەرۆك و گوێنەدانە بە بڕیارەكانى سەرۆك، گەڕانەوەى سەرۆكە بۆ ماڵى حیزب،سەرۆكێكى حیزبیە، سەرۆكێكە كە ئەركە سەرۆكایەتیەكەى هەرێمى لە یاد چوە لەبەر بەشداریكردنى لە مەراسیمە حیزبیەكان، سەرۆكێكە كە كەس كۆشكەكەى پێنازانێت و لە پرسە نەوتەوایەتى و نیشتیمانیەكان وتەى نیە و لە پرسە حیزبیەكان هەڵوێسستى هەیە.
جەنابى سەرۆكى هەرێم لە 1/6/2008 لە رێو رەسمێكى تایبەت لەشارى هەولێر هەناردەكردنى نەوت بەرەسمى دەستى پێكرد، پێشتر و ئێستاشى لەگەڵ بێت بەردەوام باس لە هەناردە كردنى نەوتى هەرێم دەكرێت بە قاچاخ بۆ وڵاتى ئێران،
بەڵام تۆ بێهەڵویست بوویت تۆ تەنها وتەیەكت بەدەم نەداهات لەسەر قاچاخچیەكانى نەوت.دواى ئەوەى میدیاى دونیا مانشێتەكانیان تەرخانكرد لەسەر قاچاخچێتى نەوت لە هەرێمى كوردستان ئینجا تۆى سەرۆك لە كۆبوونەوەیك لە گەڵ ئەنجوومەنى وەزیران وتت نابێت بە هیچ شێوەیەك نەوت و پاشماوەكانى نەوت لە كوردستان هەناردە بكرێت بە قاچاخ جگە لە بۆرى كەركوك_ جیهان مەبێت.
سەرۆك وەك دەبینین تانكەرەكان بەردەوامن لە سنور بۆ گواستەوەى نەوت، وا خەریكە شەقامى كوردى دەجولێت و مەترسى نێو دەوڵەتى بۆ سەر هەرێم درووست دەبیت و لە دژى قاچاخ چێتى نەوت. تۆش بەردەوامى لە بێدەنگى و بەردەوامى لە بە جێگەیاندنى مەراسیمە حیزبیەكان.
سەرۆكى هەرێم هەموومان باش دەزانین كە حیزبەكەت لە بەقاچاخ بردنى سەروەتى خەڵكى بەشمەینەتى هەرێم پارەیەكى بێماندوو بونى دەست دەكەوێت، بەڵام ئەوەت لە یاد نەچێت تۆ سەرۆكیت، هیچ كاتێك وەك ئێستا هەست بە بێ سەرۆكى و غیابى سەرۆك ناكەم، بەردەوام میدیاى ناوخۆ و نێو دەوڵەتى باسى قاچاخچێتى نەوت دەكەن لە كورستانەدیموكراسیەكەى نموونەى خۆر هەڵاتى ناوەراست، ئەگەر هى ناو خۆمان ئۆپۆزسیۆن و دەستى دەرەكیان لە پشتە ئەى چى بە میدیاى دەرەوە دەڵێیت؟!
سەرۆك بارزانى ئەركى یاساى، ئەخلاقى ، مێژووى و مرۆڤیایەتیە كەوەك سەرۆكى هەرێم بێدەنگى بشكێنیت و بەم ئەركەت هەڵسى و رێگە لە قاچاخ چێتى نەوت بگریت و قاچاخ چییەكان رووبەروى دادگا بكرێن، میژووش باسى هەنگاوەكەت بكات و هاوڵاتیش چیتر هەست بە غیابى سەرۆك نەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست