کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کوا لیستێکی جودا ؟!!!

Sunday, 08/02/2009, 12:00


له‌ قۆناغێکی ئاتێنی کۆندا (ئه‌سینا) ، چیدی لێکۆڵینه‌وه‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ نه‌مایه‌وه‌ که‌ فه‌یله‌سوفه‌ سروشتگه‌راکان په‌یڕه‌ویان ده‌کردو له‌ پانتایی سروشته‌وه‌ گۆڕان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ و پله‌و شوێنگه‌ی مرۆڤ له‌ کۆمه‌ڵدا . یه‌کێکیش له‌ مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی سه‌قامگیربوونی دیمۆکراسی ئه‌وه‌بوو که‌ خه‌ڵکان به‌ باشی فێر ببن و دۆخ وباره‌کانیان بۆ ڕونبکرێته‌وه‌ تا بتوانن له‌ بنچینه‌ دانان و به‌ره‌وپێشبردنی دیموکراتیه‌تدا پشکداریی بکه‌ن . ئه‌م وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌و پێناوه‌یه‌ تا به‌ کورتی بێژم ڕامان و زانین و مه‌عریفه‌ لانی که‌م فێرمان ده‌که‌ن چۆن بتوانین تا ڕاده‌یه‌ک ماقوڵ پرسیاره‌کانمان بکه‌ین به‌ڕوی ڕوداوه‌کان و ڕونه‌داوه‌کاندا .ئه‌م کورته‌ بابه‌ته‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ک من قسه‌وباسی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گێژی کردوون و خه‌می قوڵی لێده‌خۆن بزانن که‌ ده‌بێت فکرێکی جوداتر له‌ فکری ده‌ستخۆش و هه‌ڵڵای بژی بژی بێ بنچینه‌ بخرێته‌ به‌ر دیده‌کان . با گوفتاره‌کانم بۆنی ئه‌وه‌ نه‌گرن که‌ دژ به‌ لیستی جودام و هه‌رگیز نه‌ دژایه‌تی بێ خوێندنه‌وه‌ ده‌که‌م و نه‌ پشتگیری بێ ڕامان و پرسیار . هه‌فته‌یه‌که‌ ئه‌وه‌ی توانام بوه‌ گه‌ڕاووم بۆ گوتارێک ئه‌م هه‌واڵه‌ (لیستی جودای کاک نه‌وشیروان موسته‌فا) پرسیارژه‌ن بکات و بۆنی ئه‌وه‌ی لێبێت له‌ پاش ڕامان نوسراوه‌ جگه‌ له‌ نوسینێک له‌ لایه‌ن (پێشمه‌رگه‌یه‌کی ڕابوون) که‌ هه‌ندێك پێشنیاری کردبوو . به‌ڵام ئه‌فسوس جگه‌له‌و نوسینه‌ له‌ پیاهه‌ڵدان وهه‌ڵچونی حه‌ماسیانه‌و ڕۆتین و له‌ڕێ ده‌رکردن زیاده‌تر شتێکی دیکه‌م چاوگیر نه‌کرد . سه‌یره‌ به‌ر له‌ هه‌رشتێک خه‌ڵکان پرسیارێک ناکه‌ن ئه‌دی بۆچی کاک نه‌وشیروان یان کۆمپانیای وشه‌ به‌ فه‌رمی ئه‌م هه‌واڵه‌ پشتڕاست ناکه‌نه‌وه‌ یان قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر بکه‌ن . سه‌یره‌ خه‌ڵکانی ئێمه‌ هێشتا سه‌نگه‌کانی لیستی جودا نازانن چیه‌و ته‌نها ده‌نگۆیه‌کی دانپێدا نه‌نراوه‌ له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ که‌چی هه‌ر که‌سه‌و له‌ به‌رده‌می خۆیدا چه‌ندین سندوقی وه‌همی و ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ریی وه‌همی له‌به‌رده‌م کۆکردۆته‌وه‌. ڕاسته‌ دڵسۆزی و خوازیاری ڕیفۆرم ئه‌م ده‌نگۆو گوفتارانه‌ی خستۆته‌وه‌ ، به‌ڵام ئایا ته‌نها دڵسۆزی و خوازیاری و ده‌نگی پێگه‌ توانسته‌ به‌ره‌و ئاراسته‌کردنی ڕێڕه‌وه‌کان ؟ ئه‌وه‌ی ئه‌ز پێم گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ فه‌رمی خودی خۆی گوفتارێکی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ ، له‌پاش ئه‌وه‌ گه‌ر ئاشکراکرا دیوێکی ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ ، ئیدی ئێستا به‌زوو نه‌زانرێت و له‌ هه‌موو ده‌زگا گه‌وره‌و بچوکه‌کانی ڕیفۆرمخوازیه‌وه‌ کاری ئاشکرای بۆ بکرێت و داوای پێشنیارو پرسیار و ڕاڤه‌کاری و پێشهاته‌ی ئه‌گه‌ره‌کان له‌ ڕۆشنبیرانو جه‌ماوه‌ر بکرێت و لیژنه‌یه‌کی زۆر پڕۆفیشناڵی چه‌ند که‌سی دانرێن وه‌ک (عه‌قڵی موده‌بیر) ڕۆژانه‌ ته‌نها کاری ئه‌م چه‌ند مانگه‌یان خوێندنه‌وه‌ و له‌سه‌نگدانی ڕۆژانه‌ بێت و له‌و خوێندنه‌وانه‌وه‌ لێژنه‌یه‌کی دیکه‌ی خه‌مخۆری باوه‌ڕپێکراو دانرێت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و درزو که‌لێنانه‌ی لێژنه‌ی یه‌که‌م ده‌یگه‌نێ و پێ به‌ پێ ئاگالێبوون هه‌بێت و هیچ کارێک نه‌سپێردرێت به‌ ئۆتۆماتیکیه‌ت و بگوترێت که‌ ئه‌مه‌مان کرد ئه‌وه‌یتر خۆی ئۆتۆماتیکی ده‌ڕوات ، خودی وشه‌ی ئۆتۆماتیکی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ ژه‌نگی هه‌ڵهێناوه‌و هه‌رگیز نابێت پشتی پێ ببه‌سترێت . تا ئێره‌و هیچ قسه‌یه‌کی دیکه‌م نیه‌ له‌سه‌ر ده‌نگۆیه‌ک که‌ به‌فه‌رمی پشتڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه‌و مافی خۆمه‌ گومانیشم هه‌بێت که‌ فشاری کۆڵی دانوستان بێت ،ڕه‌نگه‌ له‌ دۆخی به‌فه‌رمی بونیدا خه‌ڵکانی ماوقڵ نوسین و پێشنیاری ماقوڵانه‌تر ئاراسته‌ بکه‌ن بۆیه‌ ناخوازم زیاده‌تر ده‌ربڕم . چونکه‌ ئه‌ز له‌ ڕیفۆرمدا باوه‌ڕم به‌ دانوستان نیه‌ ، ڕیفۆرم پڕۆسه‌ی گۆڕانه‌ له‌ خراپه‌وه‌ بۆ چاک و چاکتر ، ناکرێت دانوستان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ترۆپکی خراپیه‌وه‌ به‌ که‌مێک چاکسازی بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن و واژۆکردن . یان به‌ پوختی له‌ نێوان چاک و خراپدا گه‌ره‌که‌ یه‌کێکیان مل بده‌نه‌ ئه‌ویتر چونکه‌ تا هه‌تایه‌ له‌ نیوان ئه‌و دوو چه‌مکه‌دا ملدان و ژێربارکه‌وتن هه‌یه‌ نه‌ک دانوستان .
8/2/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە