عارف قوربانی، ئەمجارە بۆ کوێ دەچی؟
Thursday, 24/02/2011, 12:00
کەس عارف قوربانی نەناسێ خەڵکی چەمچەماڵ باشی دەناسن، بە تایبەت ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەی ئامادەیی چەمچەماڵ لە ساڵانی هەشتاکان دەیانخوێند. من خوێندکارێکی شاری چەمچەماڵم و ئەوسا و ئێستەش هەر لە عارف قوربانی سڵم لێکردۆتەوە لەوەی پیاوێکی پیاوانە نیە و لەگەڵ نانی رۆژدایە. وەختی خۆی لە عارف قوربانی دەترساین چونکە رەفیق حزبی بوو ئێستەش لێی دەترسێین لەبەرئەوەی پیاوی دەسەڵاتی کوردیە. قوتابی نەبوو عارف قوربانی داوای لێ نەکات ببێ بە بەعسی. من وەک خۆم چەند جار لە لایەن عارف قوربانیەوە دەستم راکێشراوە کە بمبات بۆ ژووری ئیتتیحاد تا ئیمزای بەعسی بوونم پێ بکات. قاتێکی سەوزی رەفیق حزبییانەی لەبەر دەکرد، دەمانچەێیەکی دەکرد بە قەدیەوە هەر وەک ئێستا چۆن تەسەڕروف دەکات ئاوها تەسەروفی دەکرد. دوای راپەرین عارف قوربانی بوو بە پیاوی شارەکە و کوردایەتی نەک هەر ئەمەش بەڵکو بوو بە پیاوی مامەگەورەی یەکێتی و ئێستاش یەکەم پیاوی بەرهەم ساڵح. رۆژگارە و ئینسانەکان کەڕەتی واهەیە شتی قۆڕ دەکەن و دوایی لێی پەشیمان دەبنەوە و کلام شەرەف ئەدەن کە شتی وا نەکەنەوە چونکە ئەو کەسە هەر پیس بووە و خۆی نەک هەر پاککردەوە بەڵکو خۆی پیستر کردەوە بەوەی کە بۆتە چڵکاویخۆری دەسەڵات، دوایین هەواڵی ئەوەیە کە خەریکی پلانی کوشتن و تەقەکردنی جەماوەری کەرکوکە لەم بارودۆخەدا. باشە عارف ناترسی ئەمانیش وەک بەعس بڕۆن، ئەو جا چی دەکەی یان کورد راستیان گوتووە: تۆبەی گورگ مەرگە. ئەمجارە من دێم بۆ سلێمانی بەڵکو لەوێ چاومان بە چاوی یەک بکەوێ هەر وەک چۆن مونەزەمەی حزبی بەعستیان رووخاند ئاوهاش ئەمجارە لق و مەڵبەندەکانی دەسەلاتەکەت بڕوخێنن.
لە چەمچەماڵەوە....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست