نامەیەکی کراوە لە سیروان عەبدولەوە بۆ سەرنوسەری خەندان
Tuesday, 30/07/2013, 12:00
بەڕێز سەرنوسەری ناوەندی خەندان سڵاو و ڕێز!
لە ڕیپۆرتاژێکدا کە لەلایەن ناوەندەکەتانەوە ئامادە کراوە و ئەمڕۆژانە لە ماڵپەڕی خەنداندا سەبارەت بە بەئاودادانی کتێبەکانی بەڕێز کاک بەختیار عەلی بڵاوببووەوە، بینیم کە نوسیوتانە رۆژی هەینی سیروان عەبدول لە كۆڕێكدا هێرشی كردە سەر بەختیار عەلی نوسەر.
ویستم لەڕێگەی ئەم نامە کراوەیەوە بە ئێوە و بە خوێنەرانی خەندان ڕابگەیەنم کە ئەم زانیارییەی ئێوە خستووتانەتە ناو ئەو ڕیپۆرتاژەتانەوە، هەرکەسێک پێی داون، ئاشکرا دیارە کە بۆ کڵاوخستنەسەر ناوەندی خەندان و بۆ لێدان لە ڕێز و لە پلەی ڕاستگۆیی ئێوە لای خوێنەرانی خۆتان و بۆ پرسیارخستنەسەر ئاستی پابەندبوونی ناوەندەکەتان بە سادەترین مەرجی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییەوە ئەوەی کردووە.
من ئەگەرچی لە ڕووی ئێتیکییەوە هیچ گرفتێکی تیا نابینم لە سیمینارێکی لەو جۆرەدا کە لە کەلار هەمبوو ڕای خۆم لەسەر ڕەوایی یان ناڕەوایی تەبریری ئەو ڕۆشنبیرانە بڵێم کە نیازیان هەبوو کتێبەکانی کاک بەختیار بەو جۆرە مامەڵە بکەن، وە هیچ گرفتێکی تیا نابینم تەنانەت هانیشیان بدەم بۆ کارێکی وا و ڕێنماییشیان بکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەبووانی سیمینارەکەی من ئاگادارن کە من بەئەنقەست بەدرێژایی هەموو سیمینارەکە خۆم پاراست لەوەی ڕای خۆم لەسەر ئەو نیازەی ئەو ڕۆشبیرانە بدەم یان ئارگیومێنت بە دەوری ئەو ناکۆکییانەدا بکەم کە من و کاک بەختیار لەم ماوەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە دۆزەکانی ڕۆڵی بەهرەی شۆکبوون و نۆرماڵیزەبوونی ئاکاری نادیموکراتیی و ڕۆڵی ڕۆشنبیر لەئاست دەسەڵاتدا و مۆنۆپۆلکردنی دژەدیموکراتییانەی قسەکردن لە سیاسەت بۆ نوخبەی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و پرۆسەی دیموکراتیی و دیکتاتۆرییەت لە هەرێمی کوردستاندا هەمانبوو. وەک لە کۆمێنتی هەندێک لە خوێنەرانیشدا لەژێر ڕیپۆرتاژەکەی ئێوەدا هاتووە، کاتێک یەکێک لە ئامادەبووانی سیمینارەکە لە موداخەلەیەکدا پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا بۆچی من خۆم لەو باسانە نەدا، وەڵامی من ئەوە بوو کە من وەک ئیلتیزامێکی ئەخلاقیی خۆم پێم خۆش نییە قسەیەک لەو دۆزانە بکەم یان قسەیەکم لەو نیازەی ئەو ڕۆشنبیرانەدا هەبێت، نەبا وەک چوونەپشت ئەو نیازە و وەک ئۆپۆرتۆنیستییەک بێتە بەرگوێ مادامێک زۆر بابەتی فیکریی بە مۆلەقیی و یەکلانەکراوەیی لەنێوان من و کاک بەختیاردا ماوەتەوە و کاک بەختیاریش خۆی لە کۆڕەکەدا نەبوو تا بەختی ئەوەی هەبێت دژەئارگیومێنتی خۆی لەبەرامبەر هەر قسەیەکی من بەدەوری ئەو دۆزانەدا بڵێت.
بۆ من جێگەی پرسیارە کە چۆنە ئێوە وەک دەزگایەکی میدیایی، لەبری ئەوەی پێداگریی لەسەر ئەوە بکەن ئەو بابەتانەی کە بە مۆلەقیی و یەکلانەکراوەیی ماونەتەوە، دیبەیتیان بە دەوردا بکرێت و، نەهێڵن تەرەفێکی ئەو دیبەیتە خۆی لەوە بدزێتەوە خۆی بکاتە خاوەنی قسەکانی خۆی، وە داوا بکەن قسەکانی خۆی تەبریر بکات، کەچی دەچن کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو تەرەفە وەک قوربانیی پیشانی خوێنەر بدەن و هەوڵدەدەن تێزەکانی تەرەفی بەرامبەری بۆ کەمنرخ بکەن و تەرەفی بەرامبەر لای خوێنەری خۆتان وا وێنا بکەن وەک ئەوەی هیچ تێزێکی نییە و تەنها خەریکی کاری ئیستیفزازییە. بەکورتیی و بە ڕۆشنیی بیڵێم: ئەمە ئەخلاقێک نییە ڕۆژنامەنووسی جیددی ڕووی بێت لەبەرچاوی خەڵک و لەناو فەزای گشتییدا مومارەسەی بکات و هیوادارم ئێوە ئەم کارەتان بەئەنقەست نەکردبێت. ئاخر بۆ من تەواو جێگەی پرسیارە کە چۆنە لە ڕێپۆرتاژێکدا کە لە خەنداندا بڵاو دەبێتەوە و ناوەندەکەتان دەیکات بە ماڵ بەسەر خۆیەوە، ئاوا نامەسئولانە و بێئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ ئەو خوێنەرانەتان دابنێن کە متمانەیان بە هەواڵەکانتان هەیە و ڕێزێکیان بۆ ئێوە و کاری ناوەندەکەتان هەیە، وە بێئەوەی هیچ باکتان بە ئیعتیباری ناوی خۆتان و سومعەتی ناوەندەکەتان هەبێت لە ناوەندی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیرییدا، دەچن هەواڵی هەڵبەستراو دادەنێن.
نیازی پشتی ئەو هەواڵە هەڵبەستراوە بۆ من جێگەی پرسیارێکی گرنگە. من هیوادارم ئەوە هەر تەنها هەڵخەڵەتانی ئێوە بێت بە هەواڵێک کە ڕۆژنامەنووسێک نامەسئولانە یان بە مەبەستێکەوە بەسەر ئێوەیدا تێپەڕاندووە، بەڵام هەمانکات ناحەقیی نابێت ئەگەر ئینسان گومانی ئەوە بکات کە ئێوە بەمەبەستەوە ویستووتانە ئەو زانیارییە هەڵەیە دەرخواردی خوێنەرانی خۆتان بدەن. ناحەقیی نابێت ئەگەر کەسێک گومانی ئەوە بکات کە ئەو کارەی ئێوە چالاکەییەکی دیماگۆجییانەی ناو ئەو ڕۆژنامەوانیی پرۆپاگەندەیە بێت کە ڕۆژنامە زەردە حیزبییەکان لەپێناو حیزبەکانیاندا دەستی بۆ دەبەن. ئەگەر ئەمەیان بێت ئەوا سەرباری ئەوەی کە ئەو کارەتان جێگەی ڕەخنەیە، دەبێت لەلایەن ئەو تەرەفانەشەوە کە ئێوە ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییەی لەخزمەتدا ئەنجام دەدەن جێگەی ڕەخنە بێت چونکە هەڵبەستنی هەواڵێکی وا (کە مومکینە زۆر بەئاسانیی بە درۆ بخرێتەوە)، لەجیاتی بردنەوەی دەنگی خەڵک بۆ حیزب، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک متمانەی بە حیزبەکە و بە میدیاکانی نەمێنێت. بەم مانایە، ئەگەر هەڵبەستنی ئەو هەواڵە لە دژی من خزمەتگوزارییەکی ڕۆژنامەگەریی ئێوەیە بۆ حیزب و بۆ سیاسەتێکی دیارییکراو، ئەوا ڕێگە بە خۆم دەدەم بڵێم من پێموایە ئەو خزمەتگوزارییەتان ئەوەندە پرۆپاگەندەیەکی سیاسیی ناشییانەیە کە ناهێنێت حیزب بە هیچ قیمەتێک لێتان بکڕێت و پارە لەو چالاکییەتاندا سەرف بکات. ئەگەر ئێوە ئەمە وەک تەقەکردنێک دەکەن لەپێناو بردنەپێشەوەی دۆزێکدا کە گرنگە بۆ حیزب، ئەوا دەبوو بزانن کە ئەم تەقەکردنە لەدۆخێکدایە کە ئێوە لوولەی تفەنگەکەتان لە خۆتان و لە حیزبەکەی پشتی خۆتان کردووە. ئێوە بەو ناحەقییە ئاشکرایەی لەو جۆرە هەواڵانەدا بەم و بەوی دەکەن هیچ ناکەن بەغەیری ئەوەی لەم کاتە هەستیارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، لە زیهنی خەڵکدا وێنەی فێڵبازێک بۆ حیزب و میدیاکانی حیزب دروست دەکەن و هیچ میسداقییەتێک بۆ حیزب و بۆ دەزگا ئیعلامییەکانی ناهێڵنەوە لای دەنگدەران.
ئەگەر ئەمە تێپەڕینی هەواڵێکی هەڵە نەبێت بەسەر ئێوەدا، ئەوا وادەردەکەوێت کە هەوڵێکی ئێوە بێت بۆ مانیپۆلکردنی مێشکی خوێنەران و بەشدارییەکی تەرەفدارانە بێت لەو دیبەیتەدا کە ئەم چەن هەفتەیە سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیر لەئاست قسەکانی خۆیدا و سەبارەت بە سووتاندن و بەئاودادانی کتێبی ئەو نوسەرانەدا کەوتۆتەوە کە ئیغرا دەبن بەو دەستەکەوت و ئیمتیازاتانەی کە حیزبەکان ئامادەن کەم و زۆر بۆ هەر یەکێکمانی هەڵڕێژن. ئێوە بێگومان دەزانن کە ئەخلاقییاتی هەر پیشەیەک ڕێگە بدات پیشەوەر بەشداریی تەرەفدارانە لە ناکۆکیی و لە دیبەیتی فیکریی و سیاسییدا بکات، ئەوا ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیی ڕێگە بەمە نادات. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی میدیایەکی بەئێتیک و پرۆفیشیۆنال ئەوەیە کە زانیاریی بگەیەنێت و دیبەیت ساز بدات و دەرفەتی یەکسان بدات بە تەرەفە ناکۆکەکان تا قسەی ناکۆکانەی خۆیان بگەیەنن بە خوێنەر. ئێتیکی ڕۆژنامەوانیی فەرزی کردووە کە هەر ڕۆژنامەیەک، (دیارە ئەگەر ئەخلاقی ڕۆژنامەوانیی خۆی پێ گرنگ بێت)، کار بۆ ئەوە بکات خوێنەرەکەی زانیاریی هەم ڕاست و هەم تەواو کاملی پێ بگات. زانیاریی تەواو نەک هەر تەنها لەسەر ڕووداوەکان بەڵکو لەسەر ئەو بیروڕا جیاوازانەش کە لەناو دیبەیتێکدا هەن، چونکە ئەمەش ناو دەنرێت زانیاریی. گەیاندنی زانیاریی بەبێ ڕوماڵکردنی کاملی هەر دۆزێک یان گەیاندنی زانیاریی لەپێناو زەمینەسازیی بۆ سەرخستنی ڕای تەرەفێکی دیبەیتێک و گەمارۆخستنەسەر بەرامبەرەکەی، گەیاندنی زانیاریی نییە بەڵکو شاردنەوەی زانیارییە. شاردنەوەی زانیارییش چالاکییەکە کە ئەگەر ڕێز بۆ کاری هەر پیشەوەرێکی تریش پەیدا بکات، ناتوانێت ڕێز بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان پەیدا بکات.
ئەرکی ڕۆژنامەگەرییە دیموکراتییەت پێش بخات نەک سیاسەتی تەرەفدرانە بە ڕۆژنامەگەرییەوە بکات. واپێدەچێت ئێوە بە ئەرکی خۆتانی نەزانن لەو دیبەیت و ناکۆکییەدا کە کەوتۆتەوە ڕای خەڵکانێک بگەیەنن کە ڕایانوایە شاعیرێکی خاوەن ڕێز نابێت بچێتە پشت حیزبێکی خاوەن سیاسەتی نادیموکراتیی، بەڵکو ئەسڵەن ئێوە هەوڵدەدەن ئەو ڕایە لەبەرچاوی خەڵک وون بکەن و لەناو فەزای گشتییدا تەواو کاڵی بکەنەوە. ئەمە ڕۆژنامەگەرییەک نییە شانازییەک بۆ ئێوە دروست بکات چونکە ئەگەر دیموکراتییەت مەرجی کاڵکردنەوەی زانیاریی تیا بێت، ئاوا بۆ نموونە ڕۆژنامەیەکی وەک ''خەبات'' دەتوانێت ڕای من و تۆ لەسەر ٣١-ی ئاب لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا غائیب بکات و تەنها بە زەقکردنەوە و گەیاندنی ڕای ئەوانەی کە ئەو ڕووداوەیان پێ خیانەتێکی نەتەوەیی نییە، کار بۆ ئەوە بکات مەسعود بارزانیی زۆربەی دەنگەکان بهێنێ و ببێت بە سەرۆکی هەرێمێک کە خیانەتی گەورەی لێکردووە. ئەم نموونەیە پیشانی دەدات کە ڕۆژنامەگەریی دەتوانێت چەند ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە داڕووخاندنی هەرێمی کوردستاندا لەبەر خاتری ئەم حیزب و ئەو ڕەفیق و ئەو بەرپرسدا.
من پێموایە ئەم بەشدارییەی ئێوەی ڕۆژنامەنووسان لە بنکۆڵکردنی دیموکراتییەتدا ئیتر دەبێت بەشێک بێت لەو شیکارییانەی کە بۆ تەحەددی و قورساییەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێن. بە مانایەکی تر، ئەوە ئەم جۆرە ڕۆژنامەگەرییەی ئێوە و میدیای ئەهلییە کە ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا نەهێڵێت دیموکراتییەت لەم هەرێمەدا بکەوێتەوە نەک ئەوەی هەر تەنها دە هەزار چەکداری زێڕەڤانیی و دەیان لیوای تایبەتی حیزب ڕێگر بن.
بەهەرحال، وەک لەسەرەوە ووتم، هیوادارم ئەو زانیارییەی ئێوە لەو ڕیپۆرتاژەدا داتانناوە هەر تەنها تێپەڕێنی زانیارییەکی هەڵە بێت بەسەر ئێوەدا نەک کارێکی بەئەنقەست. ئەگەر هەر تێپەڕینی هەڵەیەک بێت، ئەوا من چاوەڕوانییم لە ئێوە هەیە بە ڕوونکردنەوەیەک و ئاماژەکردنێک بۆ ئەم نامەیەی من بۆ ئێوە، ئەو هەڵەیە لە بەردەم خوێنەرانی خۆتاندا چاک بکەنەوە.
هیوام شادیتانە ..
سیروان عەبدول
سلێمانی 30.07.2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست