کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆکی هەرێم چی نەوتووە؟

Saturday, 04/05/2013, 12:00





















قسەیەک لەسەر ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێم

سەرۆکی هەرێم لە ڕوونکردنەوەکەی ئەم ئێوارەیەیدا دەڵێت کە ئەو نە داوای هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتیی كردووە و نە داوای كردووە ماوەی سەرۆكایەتیی درێژ بكرێتەوە و یاخود رێگەی بۆ هەموار بكرێت خۆی بۆ ئەی پۆستە بپاڵێوێتەوە.

ئەوەی کە ئەو داوای ئەم شتانەی کردووە یان نەکردووە، قسەیەکە کە بۆ من گرنگ نییە و هەرکەسیش دەبێت بەپێی پلەی متمانە و باوەڕی خۆی بە قسەی دەسەڵاتداران و بەپێی ڕای خۆی لەسەر پلەی ڕاستگۆیی بەڕێز مەسعود بارزانیی بڕیار بدات کە ئایا ئەو قسەیە ڕاستە یان نا.

ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوە نییە کە ئایا سەرۆکی هەرێم پێشتر چی نەوتووە. بەڵکو ئەوەیە کە ئایا سەرۆکی هەرێم لەم ڕوونکردنەوەیەی ئەمڕۆیدا چی نەوتووە.

واپێدەچێت زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان و خوێنەرانیش وایان لێک دابێتەوە کە سەرۆکی هەرێم لەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێت مافی ئەوەم نییە بۆ جاری سێیەم ببمەوە بە سەرۆک، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتووەوە سەرۆکێکی ترتان دەبێت. ئەو وا ناڵێت. ئەو لەو قسەیەیدا باسی ئەوە دەکات کە ئەو ''تائێستا'' نەیوتووە ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ درێژ بکرێتەوە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەکەدا ناڵێت کە ئەو لە داهاتویەکدا ''ناڕاستەوخۆ'' کار بۆ ئەوە ناکات ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، بەدرێژایی ڕوونکردنەوەکە بە ناڕاستەوخۆ دەڵێت کە ئەگەر خەڵک داوای لێ بکەن و تەکلیفی لێ بکەنەوە ئەوا ئەو سەرۆکایەتیی بە خزمەتکردنێکی گرنگی میللەت دەزانێت و سەرۆکایەتیی وەردەگرێتەوە.

بۆ من وا دێتە پێش چاو کە سەرۆکی هەرێم بەنیازە بە ناوی ئیرادەی سەربەخۆی گەل و سەروەریی بڕیاری گەلەوە، بە هەڵڕشتنی پارەیەکی زۆر، هەوڵ بدات لە چەند مانگی داهاتوودا لە شانۆگەرییەکی سەرتاسەرییدا خەڵکێکی زۆر تەکلیفی لێ بکەن ببێتەوە بە سەرۆک و ئەویش بە ڕیتۆریکێکی بەتاڵ لەو جۆرانەی پێیڕاهاتووە و بە وەتەنییاتێکەوە قبوڵی بکات.

بۆیە گرنگە داوای ڕونکردنەوە لەسەر ئەو ڕونکردنەوەیە بکرێت. دەبێت داوای ئەوە بکرێت کە سەرۆکی هەرێم دەبێت بە دەقی ئاشکرا و بێ پێچوپەنا بڵێت ''من مافم نییە خۆم کاندید بکەمەوە و ناشتوانم یاخیی بم و لە دوای ٢١-ی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئیتر من سەرۆک نیم''.

سەرۆکی هەرێم لە ڕونکردنەوەکەیدا دەینووسێت کە خەڵک و پارتەکان هەموو سەرقاڵی ئەم بابەتەن وەك ئەوەی بابەت لەمە گرنگتر لە کوردستاندا نییە. دیارە ئەمە زمانی قسەکردنی سیاسەتمەدار و پیاوی دەوڵەت نییە و نایهێنێت کەسێک خۆ بە وەڵامدانەوەیەوە خەریک بکات، بەڵام لەبەرامبەردا گرنگە هەموو خەڵک و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێمە کاردانەوەی توندیان لەئاست ئەوەدا هەبێت کە سەرۆکی هەرێم پێیوایە ئەو نیازەی ئەو بۆ درێژەدان بە سەرۆکایەتیی خۆی، بابەتێکی گرنگ نییە. گرنگە بە سەرۆکی هەرێم پیشان بدرێت کە بەڵی سەرۆکایەتیی ئەو لەدوای ٢١-ی ئەیلولی ئەمساڵەوە سەرەتای لەناوچوونی هەموو خەونێکی هەرێمی کوردستانە بە دیموکراسییەتەوە و دەبێت فەرز بکرێت بەسەر سەرۆکی هەرێمدا کە ئیتر واز لەو تەماحانەی بێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە