کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(غەفوور مەخموورى بۆ گۆڤارى ڕێگا. لەئێستادا هیچ گرفتێكمان نیە لەگەڵ پەكەكە.

Tuesday, 23/06/2009, 12:00


سكرتێرى گشتى یەكێتى نەتەوەیى دیموكراتى كوردستانلەمیانەى دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤارى ڕێگا وەڵامى چەند پرسیارێك دەداتەوە،
ڕێگا: ئێستا سوپاى توركیا بە نیازە جارێكى تر هێرش بكاتەوە سەر پەكەكە بەڕاى تۆ ترسى ئەوە نیە كە پارتە كوردییەكان هاوكارى سوپاى توركیا بكەن چونكە ئێستا پەیوەندى هەرێم و توركیا بە جیاواز لەگەڵ هێرشەكەى ڕابردوو باشترە؟
غەفوور مەخمورى: رژێمى توركیا بەردەوام لە هوڵى ئەوەدایە كە هێرش بكاتە سەر PKK و رۆژانەش بەشێوەى جیاجیا هێر ش دەكات چ لە ڕێگەى هێرشى ئاسمانى بێت یان هێرشى زەمینى یان تۆپبارانكردن، مەسەلەى هاوكارى لایەنە سیاسییەكانى باشوورى كوردستان لەگەڵ سوپاى توركیا من بەدوورى دەزانم هێزەكانى باشوورى كوردستان هاوكارى توركیا بكەن بۆ لێدانى PKK ، لەبەر ئەوەى ئەگەر ئەوە بكەن كارێكى هەڵە ئەنجام دەدەن و لاپەڕەیەكى رەشیش لە مێژوودا تۆمار دەكەن، لە ڕابردوودا ئەمە كراوە و چ سوودى نەبووە جگە لە زیان بۆ كێشەى ڕەواى گەلى كوردستان، كارى وا تەنها لە بەرژەوەندى داگیركەراندایە و، باوەڕ دەكەم سەركردایەتى سیاسى كوردستان زۆر لەوە وریاترە كارى وا بكات. پەیوەندى كوردستان و توركیا ئێستاش هەر وەكو خۆیەتى، لەبەر ئەوەى پەیوەندى نێوان دوو لایەن دەبێ لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و ڕێزگرتنى وەك یەك و داننان بێت بەیەكتر، ئەوەتا دەبینیین تا ئێستاش توركیا دان بە دەسەڵاتى كوردستان نانێت و ڕێز لە خەباتى گەلى كوردستان ناگرێت و تائێستاش بەباشوورى كوردستان دەڵێت ((باكورى ئێراق)) دواتر پەیوەندى لەگەڵ داگیركەرانى كوردستان زیاتر لە سوودى داگیركەراندایە و هەوڵدەدەن مەرج و خواستەكانى خۆیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن، بۆیە تا توركیا لەسەر ئەو هزرە شۆڤینییە بێت من چ ئومێدێكم پێى نییە بۆ باشتركردنى پەیوەندى نێوان توركیا و كوردستان.
ڕێگا: ئایا هێرشى سوپاى توركیا لەم كاتەدا تۆ واى نابینیت كە گەلەكۆمەكیەكى تر بكرێت لەسەر كورد؟
غەفوور مەخمورى: داگیركەرانى كوردستان هەر دواى ڕاپەڕینى بەهارى 1991 ەوە تا ئێستا لە هەوڵى لەباربردنى ئەزموونى باشوورى كوردستانن و ئەوەى پێیانكرابێت كردوویانە و درێخیان نەكردووە لە پلانگێران لە دژى كوردستان، بۆیە بە دڵنیایەوە ئەم هەوڵانەى ئێستاش لەم چوارچێوەیەدا دێن و دەبێ ئێمەى گەلى كوردستان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە ئەمنى و سیاسییەكان بكەین و خۆمان بۆ ئەگەرەكان ئامادە بكەین.
ڕێگا: ئایا ئێوە دەستتان هەبوو لە كوشتنى دكتۆر سیروان كە زۆر جار پێى تاوانبار كراون؟
غەفوور مەخمورى: تا ئێستا هیچ لایەنێك گومانى ئەوەى نەخستۆتە سەر ئێمە و هیچ پەیوەندیمان بەو مەسەلەیەوە نەبووەو ئاگاداریش نەبووین و دواى چەند رۆژێك لە كەناڵەكانى راگەیاندن هەواڵەكەمان بیستووە، سەیرم بەو پرسیارەى ئێوە دێت كە دەڵێیت((زۆر جارپێى تاوانبار كراون)) نەك زۆر جارەكەى ئێوە تەنها جارێكیش باسى ئێمە نەكراوە لەو مەسەلەیەدا و، ئەو كەسە لە شوێنێك كوژراوە كە زۆر دوورى سنوورى كارى ئێمە بووە، ئەو كات ئێمە كاروچالاكیمان لەو ناوچەیەدا قەدەغە كراو بووە و ئێمە سەركردایەتیمان لە هاوینەهەوارى پیرمام بووە و خۆشم لەژێر عیلاجكردندا بوومە. بۆیە ئێمە پەیوەندیمان بەم مەسەلەیە نییە.
ڕێگا: ئێوە بەو پێیەى هاوپەیمانیتان هەیە لەگەڵ پارتى دیموكراتى كوردستان زۆرجار باس لەوە دەكرێت لەژێر كاریگەرى ئەو هاوپەیمانیەتییەدا پەیوەندى لەگەڵ یەكێتى ئاسایى ناكەنەوە؟ بەڕێزت چى دەڵێیت؟
غەفوور مەخمورى: ڕاستە ئێمە هاوپەیمانى پارتى دیموكراتى كوردستانین و ڕێزیشمان بۆ خەبات و تێكۆشانى پارتى دیموكراتى كوردستان هەیە و ئەو هاوپەیمانێتییەشمان لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و ڕێزگرتنى بەرامبەر و خزمەتكردنى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانیى كوردستانەو، رۆژێك لە رۆژانیش پارتى دیموكراتى كوردستان بە ئێمە نەگوتووە وا بكەن و وامەكەن و ئێمە خۆمان خاوەن بڕیارى سیاسى خۆمانین، دواتر ئێستا ڕێككەوتنى ستراتیژى لە نێوان پارتى و یەكێتى هەیە باوەڕ ناكەم پارتى داوا لە هاوپەیمانانى خۆى بكات كە پەیوەندییان لەگەڵ یەكێتى باش نەكەن، لەبەر ئەوەى پارتى بەردەوام لە هەوڵى ڕێكخستنەوەى ناوماڵى كوردستاندایە و بەو ئامانجەش هەوڵى لێكنزیكرنەوەى هێزە كوردستانییەكان دەدات، سەبارەت بە پەیوەندى YNDK لەگەڵ یەكێتى نیشتمانیى كوردستان ئەوە پەیوەندى بە بڕیارى خۆمانەوە هەیە و كاتى خۆى یەكێتى زوڵمێكى گەورەى لە ئێمە كردو لەژێر دەسەڵاتى ئەوان PKK هێرشى كردە سەرئێمەو من خۆم برینداربووم و تاوانبارەكانیشمان ناسین و داواشمان كرد بەڵام یەكێتى كە ئەوكات حاكمى هەولێر بوون نەیانگرتن و ئاسانكاریشیان بۆ كردن و پاشان كەوتنە ڕاوەدوونانى كادیرانى ئێمە و قەدەغە كردنى كارى YNDK لە ناوچەكانى خۆیاندا، كێشەكان وا دەستیان پێكردووە. ئێمە وا خۆمان دەبینینەوە كە ئەوان زوڵمیان لێكردووین، ئەوان بە دەسەڵات بوون دەیانتوانى زوڵم بكەن و دەیانتوانى كارى باشیش بكەن، دژایەتى و زوڵمەكەشیان بێ بنەمابوو، بەڵام پێچەوانەى ئەوەوە ئێمە دژایەتى ئەوانمان نەكردوە و بگرە بەردەوام ڕێزیشمان گرتوون، لەبەر ئەوەى سیاسەتى ئێمە ئەوەبوو ئەو كەسەى كە بەردیشمان تێبگرێت ئێمە گولًَمان داوەتە دەست، گرنگ ئەوەیە لەو پرسەدا ئێمە ویژدانمان ئاسوودەیە و زوڵممان لەكەس نەكردووە.
ڕێگا: سەربەست مەحموود ئەندامى مەكتەبى سیاسى ئێوە بوو لە شارى هەولێر كوژرا بكوژانى دیار نین و بۆچى ئەو ڕووداوە بێ دەنگى لێكرا؟
غەفوور مەخمورى: تیرۆر كردنى شەهید سەربەست مەحموود گەورەترین كارەسات بوو بۆ شەخێى خۆم و بۆ YNDK ئەو براو هەڤاڵێكى خۆشەویستى من بوو و لەهەموو كەس زیاتر لێمەوە نزیك بوو، ناحەزانى YNDK دەیانزانى رۆڵى شەهید سەربەست چ لە YNDK و چ لەلاى من چەندە بۆیە شەهیدیان كرد تا كارەكانى YNDK بەرەوكزى ببەن، شەهید كردنى سەربەست مەحموود گەورەترین زوڵم بوو لە من و لە YNDKكرا، راستە بكوژانى شەهید سەربەست تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە بەڵام بێدەنگى لەو مەسەلەیە نەكراوەو تا ئێستاش لێكۆلینەوە بەردەوامەو داواكارین لایەنە پەیوەندارەكان بە جددى بەدواى ئەو مەسەلەیە دابچن و بگەنە ئەنجامێك.
ڕێگا: بەهاوشێوەى كۆنگرەى گەلى كوردستان ئێوەش زۆرجار داواى بەستنى كۆنفراسێكى نەتەوەیى دەكەن بۆ هەر چوار پارچەكە؟ بەڵام وەڵامتان نەبووە؟ دەكرێت بپرسین كێن ئەوانەى ئامادە نین؟
غەفوور مەخمورى: بەستنى كۆنگرەیەكى نەتەوەیى بۆ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەكانى هەرچوار پارچەى كوردستان بە پێویستییەكى مێژوویى و بابەتى دەزانین لەم قۆناغەى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتیمانى كوردستاندا، بە باوەڕى ئێمە ئەو كۆنگرەیە دەبێ بۆ ئەوەبێ كە تەواوى لایەنە سیاسییەكان لە سەر ئاستى كوردستانى مەزن تێیدا بەشداربن و لایەنە سیاسییەكانى هەر پارچە بەرەچاوكردنى تایبەتمەندى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەو پارچەیە لەسەر ستراتیژێك رێك بكەون و داخوازییەكانی خۆیان یەكبخەن، دواتر هەموو لایەنە سیاسییەكان لە سەر ئاستى كوردستانى مەزن لە سەر یەك ستراتیژى هاوبەش ریكبكەون و، بەڵگەنامەیەكى شەرەفیش ئیمزا بكەن كە دژایەتى یەكتر نەكەن و شەڕى برا كوژى تەحریم بكەن و رێز لە ئیرادەو خەباتى یەكتر بگرن و هاوكارى یەكتربن، دواتر چیان بەباشى زانى دەتوانن لە بەڵگەنامەكەدا بینووسن و بیكەنە پرەنسیپى نەتەوەیى و هەموو لایەك پێیەوە پابەند بن. دەتوانرێَ هەر لەو كۆنگرەیەدا ناوەندێكى نەتەوەیى پێكبهێنرێت كە نوێنەرایەتى تەواوى كوردستان بكات و ببێتە بڵند گۆیەكى كوردستانى لەسەر ئاستى كوردستانى مەزنداو لە ناوەندو كۆڕو كۆبوونەوە نێو دەوڵەتییەكاندا بەشداربێت، ئێستاش باشوورى كوردستان لەبارە بۆ بەستنى ئەم كۆنگرەیە و هەقە پەرلەمان و حكومەتى كوردستان بەم ئەركە مێژوییە رابن، ئەمە داخوازى بووەو بەردەوام كاریشمان بۆ كردووە، باوەڕناكەم كەس دژى ئەم پرۆژەیەبێت بەڵام تێڕوانینى جیاجیا بۆ ئەم پرسەیە هەیە.
ڕێگا:كاك غەفوور ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ PKK و پژاك و كۆنگرەى گەلدا چۆنە؟ دواى ئەوەى ئێوە لەلایەن پەكەكەوە بریندار كران؟
غەفوور مەخمورى: ئێستا ئێمە هیچ گرفتێكمان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا نییەو پەیوەندیشمان لە گەڵیاندا نییەو، ئەوان لە شوێنى خۆیان و ئێمەش لە شوێنى خۆمانین، مەسەلەى برینداركردنى منیش لەلایەن PKK وە هەڵەیەك بوو ئەوان كردیان و لێشى پەشیمانن، دواتر كێشەى ڕەواى گەلى كوردستان لەو مەسەلانە زۆر گەورەترە، كێشەى گەورەى ئێمە لەگەڵ داگیر كەرانى كوردستاندایەو، كێشە ناوخۆییەكان قابیلى چارەسەركردنن و ، دەبێ لە پێناو بەرژەوەندى باڵاى گەلى كوردستان هەموو وزەو توانایەكمان یەكبخەین و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین.
ڕێگا: ئەى ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ پارتە كوردستانیەكان چۆنە بە تایبەتى یەكێتى كە هیچ بارەگایەكى پارتەكەى ئێوە لە سنوورى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى دا بوونى نیە؟
غەفوور مەخمورى: ئێمە كێشەمان لەگەڵ هیچ لایەنێكى سیاسى كوردستان نیەو رێزمان و بۆ خەبات و تێكۆشانى لایەنە سیاسییەكانى كوردستان هەیەو پەیوەندییەكى برایانەو هاوخەباتیمان لەگەڵ زۆربەى هەرە زۆرى لایەنە سیاسیەكانى هەر چوار پارچەى كوردستان هەیەو دیدارو سەردانمان لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەگەڵ یەكێتى نیشتیمانى كوردستانیشدا هیچ كێشەیەكى ئەو تۆمان نیەو لە زۆر بۆنەو كۆبوونەوەى فراواندا كە ئەوان بەشدارن ئێمەش بەشدار دەبین و لە ڕووى كۆمەڵایەتیشەوە بەشدارى خۆشى و ناخۆشى یەكتر دەبین، بەڵام تا ئێستا پەیوەندییەكان لە گەڵیاندا ئاسایى نەبۆتەوە و، هەر كاتێ پەیوەندییەكانمان ئاسایى بۆوە، ئەوا بارەگا لە سنوورى دەسەڵاتى ئەوانیشدا دەكەینەوە.

- غەفوور تاهیر سەعید ناسراو بە (غەفوور مەخموورى).
- ساڵى 1970 لە گوندى (كەندى قەلان وادى الغراب) لە قەزاى مەخموور لە دایك بووە.
- دەرچووى كۆلێژى ئاداب زانكۆى سەلاحەددین هەولێرە.
- سكرتێرى گشتى یەكێتى نەتەوەیى دیموكراتى كوردستان YDNKە.
- ئەندامى پەرلەمانى كوردستان-ە.
- كارگێرى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى بە عەرەب كردنى كوردستانە.
- خاوەن ئیمتیازى ڕۆژنامەى میدیایە.
- ئەندامى فیدراسیۆنى ڕۆژنامەنووسانى جیهانە.
- ئەندامى سەندیكاىڕۆژنامەنووسانى كوردستانە.
- ئەندامى یەكێتى نووسەرانى كوردستانە.
- تا ئێستا جگە لە نووسین و بڵاوكردنەوەى چەندین وتارو لێكۆلینەوەى سیاسى و ڕۆشنبیرى و شەش كتێبى بە چاپ گەیاندووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە