کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێ‌ گروپی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، نامه‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌ده‌نه‌ لێپرسراوانی‌ توركیا

Tuesday, 20/10/2009, 12:00


له‌سه‌ر پێشنیازی‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی‌ سه‌رۆكی‌ زیندانیكراوی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) سێ‌ گروپ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون‌و نامه‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌ده‌نه‌ لێپرسراوانی‌ توركیا.
ئه‌حمه‌د ده‌نیز وته‌بێژی‌ په‌كه‌كه‌ به‌سبه‌ی‌ وت: "ئه‌و سێ‌ گروپه‌ له‌كامپی‌ مه‌خمورو له‌قه‌ندیل‌و له‌ئه‌وروپاوه‌ به‌خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گه‌نه‌ سه‌ر سنوری‌ توركیا‌و له‌خاڵی‌ سنوری‌ ئیبراهیم خه‌لیل له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیدا ئامانجی‌ گه‌شته‌كه‌یان بۆ رۆژنامه‌نوسان ده‌خه‌نه‌ڕو".
ره‌تیشیكرده‌وه‌ ئه‌و سێ‌ گروپه‌ خۆیان ته‌سلیمی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا بكه‌نه‌وه‌ یاخود داوای‌ لێبوردن لێبكه‌ن به‌ڵكو وه‌كو وته‌بێژی‌ په‌كه‌كه‌ رونیكرده‌وه‌ "بۆ ده‌رخستنی‌ نیازپاكی‌ په‌كه‌كه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌وڵه‌كانی‌ ئاشتییانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كورد".
وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌ندامانی‌ گروپه‌كان ده‌ستگیر بكات ئه‌وا بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت و ئه‌وكات نیه‌تی‌ توركیاش ئاشكرا ده‌بێت".
دوپاتیشیكرده‌وه‌ چونی‌ ئه‌و گروپانه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر پێشنیاری‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌ كه‌ ئێستا له‌ زیندانی‌ ئیمرالیدایه‌.
رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابوردو، پارێزه‌ره‌كانی‌ ئۆجه‌لان ئاشكرایانكرد كه‌ ئۆجه‌لان داوایكردوه‌ وه‌فدی‌ ئاشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌وروپاوه‌ ره‌وانه‌ی‌ توركیا بكرێت‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ بكه‌ن.
داوایشی‌ كرد "سود له‌هه‌لی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد كه‌ ئێستا لێپرسراوانی‌ توركیا باسی‌ لێوه‌ده‌كه‌ن، وه‌ربگیرێت".






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە