کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌كه‌كه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ توند له‌حكومه‌تی‌ عێراق ده‌گرێت

Friday, 10/05/2013, 12:00





حكومەتى هەرێم:بەنیازە وەڵامى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بداتەوە


هەولێر

ڕۆژێك دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ناو خاكی‌ توركیادا، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك حكومه‌تی‌ عێراق دژایه‌تی‌ هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق، له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕه‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕیوه‌ بۆ هاتنی‌ گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌كاتی‌ پاشه‌كشه‌یان له‌خاكی‌ توركیا، هاوكات پشتیوانی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ نێوان گه‌لی‌ كورد له‌باكوری‌ كوردستان‌و توركیا كردووه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌كو پشتیوانی‌ بۆ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ گه‌لی‌ كورد له‌باكوری‌ كوردستان‌و توركیا ڕێگه‌ی‌ به‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانداوه‌ له‌كاتی‌ كشانه‌وه‌ی‌ گه‌ریلاكاندا، بێنه‌ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌به‌رامبه‌ریشدا عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌وان ڕێگه‌ به‌هاتنی‌ گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ ناده‌ن بۆ ناو خاكی‌ عێراق، پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانیش ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراق ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ بۆیه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ین‌و دێینه‌ خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تاوه‌كو پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا پێشبكه‌وێت"، ڕۆژنامه‌وانێكیش پێیوایه‌، به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق هیچ به‌هایه‌كی‌ نییه‌. بڕیاریش وایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌فه‌رمی‌ وه‌ڵامی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بداته‌وه‌.


به‌گوێره‌ی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست NNA كه‌وتووه‌، تێیدا ئاماژه‌كراوه‌ به‌وه‌ی‌، ئه‌وان وه‌كو حكومه‌تی‌ عێراق، دژی‌ هاتنی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی كرێكارانی كوردستانن بۆ ناو خاكی عێراق، (هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراق).


(دیاری‌ محه‌مه‌د) ڕۆژنامه‌وان‌و شاره‌زا له‌كاروباری‌ توركیا بۆ NNA بۆچوونی‌ وایه‌، زۆرباشتر بوو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق هه‌روه‌كو چۆن له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا بێده‌نگی‌ هه‌ڵبژاردبوو، ئه‌وا بێده‌نگ بوایه‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ وتی‌:"له‌ئێستا عێراق‌و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ر بۆچوون‌و تێڕوانینێكیان هه‌بێت به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، چونكه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی‌ گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌خاكی‌ توركیاوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش ئه‌رێی‌ ئه‌و بابه‌ته‌یان كردووه‌، پشتیوانی‌ خۆیان بۆ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیادا دوپاتكردووه‌ته‌وه‌".




له‌به‌شێكی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پشتیوانی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیاو ڕاگه‌یه‌نراوه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشوازی له‌پرۆسه‌ی ئاشتی كوردو تورك ده‌كات له‌توركیادا، به‌ڵام نابێت زیانی بۆ ئاسایشی عێراق هه‌بێت، له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ (دیاری‌ محه‌مه‌د) ڕۆژنامه‌وان‌و شاره‌زا له‌كاروباری‌ توركیا جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ حكومه‌تی‌ عێراق، كه‌وته‌ دوای‌ هه‌موو وڵاتانی‌ جیهان له‌پشتیوانیكردنی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌توركیادا.


(دیار قامیشلۆ) ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) بۆ NNA، ڕه‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق گرت‌و وتی‌:"ئێمه‌ چاوه‌ڕوانیمان ئه‌وه‌ بوو له‌حكومه‌تی‌ عێراق پشتیوانی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ كوردو تورك بكات، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ دژایه‌تی‌ هاتنی‌ گه‌ریلاكانمان بكات بۆ ناوخاكی‌ باشوری‌ كوردستان".


له‌به‌شێكی‌ تری‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا هاتووه‌ ((هاتنی گروپی چه‌كداری په‌كه‌كه‌ بۆ خاكی عێراق قبوڵناكرێت‌و ڕێگه‌ به‌هاتنیان ناده‌ین))، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ (دیاری‌ محه‌مه‌د) ڕۆژنامه‌وان‌و شاره‌زا له‌كاروباری‌ توركیا ده‌ڵێت:"نیشاندانی‌ هه‌ڵوێستێكی‌ له‌وجۆره‌ هیچ له‌دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كیشی‌ نابێت‌و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامده‌بێت، چونكه‌ هاتنی‌ گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ئاگاداریی‌و ڕه‌زامه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌".


(دیار قامیشلۆ) ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) باسی‌ له‌وه‌شكرد، پێشتر به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ له‌په‌كه‌كه‌ ده‌گیرا، ئاخۆ بۆچی‌ ده‌رفه‌تێك به‌دیالۆگ نادات‌و كۆتایی به‌شه‌ڕو چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان ناهێنێت، له‌كاتێكدا په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بووه‌، وتیشی‌:"ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریمان كردو له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی‌ ڕۆژی‌ 25-4-2013شدا قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، بۆ پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌ریلاكانمان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاوكاره‌و ڕه‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێگیربوونی‌ هێزه‌كانمان له‌خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، ئومێده‌وارین حكومه‌تی‌ عێراق له‌و ڕاستیه‌ تێبگات‌و پشتیوانی‌ پرۆسه‌كه‌ بكات".




دیاری‌ محه‌مه‌دی‌ ڕۆژنامه‌وان به‌پێویستی‌ ده‌زانێت لایه‌نی‌ فه‌رمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ڵامی‌ گونجاوی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا بداته‌وه‌. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ (محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی‌) سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ NNA ڕوونكرده‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وان وه‌ڵامی‌ گونجاویان ده‌بێت بۆ به‌یاننامه‌و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غداو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌.


به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی‌ NNA بڕیاروایه‌ به‌زووترین كات حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ وته‌بێژی‌ فه‌رمییه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بداته‌وه‌، له‌باره‌ی‌ ڕێگه‌نه‌دان به‌هاتنی‌ گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌كاتی‌ كشانه‌وه‌یاندا له‌توركیاوه‌ بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.


(دیاری‌ محه‌مه‌د) ڕۆژنامه‌وان‌و شاره‌زا له‌كاروباری‌ توركیا پێیوایه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی‌ عێراق خۆی‌ بپارێزێت له‌هه‌ر كێشه‌یه‌ك، ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ وتی‌:"له‌ئێستادا حكومه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك عێراق ناتوانێت له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وزی‌ شاری‌ به‌غدا بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئیتر پێویست نییه‌ خۆی‌ سه‌رقاڵ‌ بكات به‌كێشه‌یه‌كی‌ تره‌وه‌ كه‌ كاری‌ ئه‌و نییه‌، دواتر بۆ هاتن یان نه‌هاتن گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ هیچ پرسێك به‌حكومه‌تی‌ عێراق ناكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌باشورو باكوری‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌".


چاودێران بۆچوونیان وایه‌، به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و هه‌ڵوێسته‌كانی‌ فراكسیۆنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسای‌ (نوری‌ مالكی‌) سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، بۆ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان توركیاو عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌هۆی‌ له‌خۆگرتنی‌ (تارق هاشمی‌) جێگری‌ پێشووی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقه‌وه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌، له‌كاتێكدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ عێراقه‌وه‌ هاشمی‌ داواكراوبوو.


له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ (دیاری‌ محه‌مه‌د) ڕۆژنامه‌وان‌و شاره‌زا له‌كاروباری‌ توركیا جه‌خت له‌سه‌ر ڕاستی‌ زانیارییه‌كان ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:"عێراق وڵاتێكی‌ بێ‌ ئیراده‌یه‌، به‌و واتایه‌ی‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ هیچ ئیراده‌یه‌كی‌ له‌ده‌ست خۆیدا نییه‌، ناكۆكییه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ له‌خۆگرتنی‌ تارق هاشمی‌ جێگری‌ پێشووی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌وه‌".


(دیار قامیشلۆ) ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان به‌یاننامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقیان به‌لاوه‌ سه‌یره‌، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و وتی‌:"جێگیربوونی‌ گه‌ریلاكانمان له‌خاكی‌ باشوری‌ كوردستاندا شتێكی‌ تازه‌ نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ساڵانی‌ (1982ـ 1983ـ 1984)ه‌وه‌ له‌هێڵی‌ سنوریی نێوان باشورو باكوری‌ كوردستان جێگیربووین".


چاودێران پێیانوایه‌، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تا ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ له‌نێوان گه‌لی‌ كورد له‌باكوری‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌، پشتیوانی‌ ته‌واوی‌ كردووه‌و ئاماده‌ی‌ هه‌موو هاوكارییه‌كیش بووه‌ بۆ سه‌رخستنی‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە