کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەكەكە دوژمنى ئەمریكا نیە و تائێستاش تەقەى لەئەمریكا نەكردووە

Tuesday, 09/02/2010, 12:00


پێگەى ڕێبەر ئاپۆ هێڵى سوورە،
پەكەكە پێویستى بەچەكى ئەمریكانیە
بەرپرسانى پەكەكە بەتوركیا لەناوناچن
پەكەكە لەگەڵ ئەمریكا دانیشتنى نەكردووە
ئاپۆ دەستپێشخەرى ئاشتى كرد لە2009 دا
ماوەى چوار ساڵە فڕۆكەى سیخوڕى ئەمریكى بەسەر قەندیلدا دەسوڕێنەوە
پەكەكە دوژمنى ئەمریكا نیە و تائێستاش تەقەى لەئەمریكا نەكردووە
قەندیل
تائەم چركەساتەش پەكەكە تەوەرى سەرەكى هەموو ئەو كۆبونەوانەیە كەلەنێوان توركیا و ئەمریكا و توركیا و عێراق و توركیا و هەرێم دەكرێن تێپەڕبوونى ساڵى 2009 ڕووداوەكانى ئەم ساڵە پێویستیان بەشیكردنەوەى ورد هەبوو بۆ ئەم مەبەستە وەكو پەیامنێرى گۆڤارى هەڵبوون ڕێگەیەكى دوورمان بڕى تاگەیشتینە ئەو شوێنەى چاوەڕوانى ئێمەیان دەكرد ئەگەرچى كەش و هەواش زۆر سارد و باراناوى بوو بەڵام نەبوو بەهۆى ئەوەى ئێمە لەسەردانەكەمان پاشگەزببینەوە چونكە پێشتر كاتى چاوپێكەوتنەكەمان دیاریكرابوو بۆیە لەكات و ساتى خۆیدا گەیشتینە لاى هەڤاڵ بڕیار گابار ئەو یەكێكە لەبەرپرسانى پەكەكە كاتێك ئێمەى بینى لەدوورەوە بەزەردەخەنەوە بەرەو ڕوومان هات و پێشوازیەكى گەرمى لێكردین ئەو زۆر بەدەگمەن ماندوو دەبێت لەوەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنوساندا زۆر ڕاشكاوانەش وەڵام دەداتەوە ئێمەش چاوپێكەوتنێكى بەرفراوانمان لەگەڵدا سازكرد گابار لەبەشى یەكەمى چاوپێكەوتنەكەدا باس لەڕووداوەكانى ساڵى 2009 و كاریگەرى ئەو ڕووداوانە لەسەر بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد لەباكوور كەپەكەكە پێشەنگایەتى دەكات هەروەها كاریگەرى پەكەكە لەسەر ئاراستەى ڕووداوەكان ڕۆڵى بەڕێز ئۆجەلان لەم ڕووداو و دەست پێشخەریانەدا،ئەمەش دەقى بەشى یەكەمى چاوپێكەوتنەكەیە،

دیاری محه‌مه‌د: ڕووداوەكانى 2009چۆن هەڵدەسەنگێنن بۆ بزوتنەوەكەتان و كاریگەریان لەسەر ئێوە؟
بڕیار گابار:وەك هەموو لایەك ئاگادارن ساڵى 2009 ساڵێكى پڕ هەوراز و نشێوە گۆڕانكاریە سیاسیەكان لەئاستى هەرێمى و جیهانیدا زۆر جدین و لەسەر هەموو ڕووداوەكان كاریگەریان هەیە بەڵام بۆ بزوتنەوەى ئازادیخوازى كورد لەهەمان كاتدا بۆ گەلێكى بندەست وەكو گەلى كورد هەڵسەنگاندنى ساڵ یان شرۆڤەى لایەنى باش یان كەم و كوڕیەكان دیارە ساڵێك لەتێكۆشانى ئازادیخوازى بۆ گەلەكەمان بەندە بەئاستى تێكۆشان ئەمەش بەوە دەبێت كەئێمە تاچەند دەتوانین ئەو پلانانە پوچەڵ بكەینەوە كەبۆ لەناوبردنى گەلەكەمان بەڕێوەدەبرێت لەم چوارچێوەیەدا پێوێستى بەشرۆڤەیەك هەیە بێجگەلەمە هەڵسەنگاندنە زۆر كرچ و كاڵ دەبێت بۆیە ئەگەر دەرفەت بێت من دەمەوێت لەچەندین ڕووەوە ساڵى 2009 بۆ بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد لەباكوور هەڵسەنگێنم دیارە ئاستى تێكۆشانى گەلى كورد لەم ساڵەدا زۆر گەرم و گوڕ بوو جارێكیتر بزوتنەوەى ئێمە توانیویەتى تێكۆشانى گەلى كورد لەچەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە ببات لەمانە یەكەمین بۆ پەكەكە و گەلى كورد بەتایبەتیش بۆ باكوورى كوردستان كەئێستا لەناوەندى هاوكێشە سیاسیەكاندایە لەتوركیا ڕێبەر ئاپۆ پێگەى ڕێبەر ئاپۆ هێڵى سوورە لەهەمانكاتدا پێگە و ڕۆلێكە چەندە توانیبێتمان بەنسبەتى ئەو پلانانەى لەئیمڕاڵى بەڕێوە دەچن توانیبێتمان ئەمانە لێكبدەینەوە دەتوانین بڵێین كە 2009 كاریگەرى لەسەر تەواوى كورد لەهەرچوارپارچەكە و بەتایبەتى باكوور هەیە دیارە وەك ئێوەش دەزانن ڕێبەر ئاپۆ 11 ساڵە لەدوورگەى ئیمڕاڵى زیندانیە تەریك دەكرێت و بەهەموو شێوەیەك گوشارى دەخرێتە سەر بۆ ئەوەى بێكاریگەر بكرێت و بێدەنگى بكەن و ڕێگەنەدرێت قسەى هەبێت لەڕووداوەكاندا هەتا هەوڵیان هەیە بۆ ئەوەى بەشێوەى جەستەیش لەناوى ببەن بۆیە دەتوانم بڵێم ساڵى 2009 سەبارەت بەئەشكەنجەى ئیمڕاڵى بۆ بزوتنەوەى ئێمە زۆر حەساس بوو چونكە لەكۆنگرەى دەیەمى پەكەكەشدا یەكێك لەبڕیارە گرینگەكانى ئەوەبوو كەچۆن پەكەكە بەهاوكارى گەلى كورد بتوانێت ئازادى ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بكات بۆ ئەمە ئێمە لەم ساڵەدا ئێمە چەندەمان هەنگاو ناوە بەڕاستى ئەتوانین بڵێین سەرەڕاى پلانگێڕى نێونەتەوەیى سیستەمێكى ئەشكەنجەیى هەوڵدانێكى زۆر چڕو پڕ بەڕێوە چوو بۆ بێئیرادەكردن هەتا لەناوبردنى ڕێبەر ئاپۆ بەڵام وەك ئەزانرێت دوژمن نەیتوانى لەم بارودۆخەدا ڕێبەرمان لەسەر بیروبۆچونەكانى ساردبكاتەوە و بیگۆڕێت لەم نێوەندەدا ڕێبەر ئاپۆ خەباتێكى بێوچانى بەڕێوەبرد لەبەرامبەر ئەم هەوڵ و تێكۆشانانەى دوژمن كەدەكرێن بۆ لەناوبردنى ڕێبەر ئاپۆ گەلى كورد بەسەرهەڵدان و ڕژانە سەرشەقام توانى بەرگرى لەئیرادەى سیاسى خۆى بكات و ئەوە بۆ دوژمن بۆ دووپاتبكاتەوە كەهیچ هێزێك ناتوانێت ببێتە هۆى ئەوەى كەگەلى كورد دەستبەردارى ئیرادەى سیاسى خۆى ببێت هاوكێشە سیاسیەكان لەماوەى 11 ساڵى ڕابردوو وایان نیشاندا كەجڵەوى ڕووداو پێشەنگایەتى ڕووداوە سیاسیەكان بەدەست پێشخەرى ڕێبەر ئاپۆ بوو وەك ئەزانن كاریگەرى ڕێبەر ئاپۆ لەسەر كۆمەڵگەى باكوورى كوردستان و ڕووداوەكانى دوای 29ى ئازار هەروەها دواى ڕاگەیاندنى قۆناغى بێچالاكیبوونى سەربازى لە13ى4 و دەست پێكردن و ئامادەكردنى نەخشەى ڕێگا و دواتر ناردنەوەى گروپى ئاشتى هەتا ئیمڕۆش بەڕێگە و ڕێبازى جۆربەجۆر هەوڵدانێكى زۆر چڕوپڕى ڕێبەر ئاپۆ لەماوەى 2009 بەڕێوەچوو ئەمە توانى خۆى بسەپێنێت و ئەو خاوەندارێیەتیەى گەلى كوردیش لەڕێبەر ئاپۆ پتەوتر بكات و ئیدى وەك ئیرادە و ناسنامەیەك بۆ گەلى كورد هەروەها وەك هەبونێك بەدنیاو بەدوژمن نیشان بدات لەلایەكى تریشەوە ئەم سیاسەتانەى بەم ئامانجە داڕێژراون كەڕێبەر ئاپۆ بەتەنیا بهێڵرێتەوە بێ تەئسیر و بێ كاریگەر بكرێت ئەوانە هەموویان پوچەڵ بوونەوە بەپێچەوانەوە تەئسیرى ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بزوتنەوەى ئێمە و گەلى كورد قوڵتربونەوە ئەمە بەرەو پێشەوە چوو و ئەمە توانى خۆى بسەلمێنێت و لەهەمانكاتیشدا ئەتوانم بڵێم وەك بزوتنەوەى ئازادیخوازى چەندین بڕیار و هەنگاوى گرینگ هەڵبگرین لەسەر ڕێنوماییەكانى ڕێبەر ئاپۆ و قورسایى ڕێبەر ئاپۆ لەسەر گەلى كورد و پەكەكە و چارەسەرى كێشەى كورد بۆ هەموو لایەك ئیسپات بوو ئەمە خۆى لەخۆیدا سەلماندى كەتوانرا پلانى ئیمڕاڵى كەلەسیستەمێكى نێونەتەوەیى سەرچاوە دەگرێت بەو مانایە نا كەئەشكەنجە نەماوە بەڵام بێكاریگەر كراوە دیارە ئەشكەنجە ماوە بەڵام كەشوێنى سەرۆكیان گۆڕى سەرۆك شوێنى خۆى وەك چاڵى مردن وەسف كرد بارودۆخى ژیانى زۆر لەجاران نالەبارتر بوو زەختەكان زیاتر بوون بەڵام تێكۆشانێك كراوە وەكو پێشتر باسم كرد بەهۆى ئەم هەوڵ و تێكۆشانانەوە گەلى كورد و ڕێبەر ئاپۆ خۆى كردى توانرا ئەم پلانەى ئیمڕاڵى بێكاریگەربكرێت دیارە هەرچەندە زەخت و و ئەشكەنجە لەسەرى بەردەوامە بەڵام ڕێبەر ئاپۆ توانى ئەم ئامانجەى پلانەكە لەناوەڕۆكى پلانەكە دووربخاتەوە خۆشبەختانە ئامانجەكانى پلانەكە پێچەوانە بوونەوە تەئسیر و كاریگەرى و قورسایى ڕێبەر ئاپۆ لەسەر هەموو لایەك زیاتر بوو،
بڕیار گابارى لەدرێژەى وەڵامى پرسیارەكەدا دەڵێت سەركەوتنى گەلى كورد لەهەڵبژاردنەكان هەنگاو و سەركەوتنێكى قەڵەمبازى نوێ بوو لەمێژووى خەباتى گەلى كورددا لەئاستى بەرزكردنەوەى گەلى كورد و هەروەها گەلى كورد توانى مەودایەكى زۆر ببڕێت سەرەڕاى هەموو ئاستەنگەكان سەرەڕاى هەموو ئەو سیاسەتانەى بەشێوەیەكى دژبەر لەهەموو ڕوویەكەوە بەسەر گەلى كورد دا فەرز دەكرێن بەڵام سیاسەتى دیموكراتیانەى گەلى كورد توانى لەم نێوەندەدا شۆڕشێكى گەورە بەسەركەوتوویى بەدەست بهێنێت وەكو ئەشزانن سیاسەتى ئاكەپە لەكوردستاندا سیاسەتێكە لەقسە و گوتندا نەرمە باسى چارەسەرى دەكات باسى هەبوونى گەلى كورد دەكات بەڵام بەكردار هێرش كارە خەتى شۆڤێنیزم هێرش لەسەر گەلى كورد بەڕێوە دەبات گرتن ئەشكەنجە كوشتن هێرش كردنە سەر ڕێپێوان و سەرهەڵدانەكانى گەلى كورد هەروەها داخستنى پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتیك و لەپاڵ ئەمەدا داخستنى چەندین ڕۆژنامە و ناوەندى ڕاگەیاندن و دەستگیركردنى چەندین ڕۆژنامەوان و هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانى مافى مرۆڤ ئەمانە هەمووى نیشانەى زەختن كەلەسەر گەلى كورد و سیاسەتى كورد بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەى بێكاریگەر بكرێت بەڵام وەك دەزانن ئــــــــــــــــــــاكەپە ڕووى خەڵەتێنەر كەلـــەكوردستاندا بەشێوەیەك لەشێوەكان وەك باسكردنى هــــەندێ شتى ڕووكەشى و لاوەكى و ڕۆژانەیى ئەیهەوێت گەلى كورد بەلاى خۆیدا كێش بكات جارێكى تر تێكۆشانى ئازادى گەلى كورد لەو گۆڕەپانەدا پارچە بكات ناوى جۆر بەجۆرى لێدەنێت لێدەنێت بۆ ئەوەى ئیرادەى كوردى پێ بێكاریگەر بكات ئەمانە هەمووى پوچەل بونەوە لەئاستێكى زۆر جدیدا ئاكەپە و شوێنكەوتوانى كەوتونەتە بۆشاییەكى گەورەوە ئاكەپە ئەگەر گۆڕانكاریەك نەكات توشى زۆر كێشە دەبێت،
گابار 2009 بەساڵى سەرهەڵدانى گەلى كورد وەسف دەكات و دەڵێت گەلى كورد لەم ساڵەدا هیچ ڕۆژێك دانەنیشتووە و هەمیشە لەسەر پێ بووە و هیچ ڕۆژێك ڕاوەستانى نەبووە دیارە ئەمەش دەستكەوتێكى گەورەیە بۆ گەلى كورد و وە پێویستە ڕێزیش لەخوێنى ئەو كەسانەش بگرین كەلەڕیزى پێشەوەى سەرهەڵدانى گەلى كورد گیانى خۆیان بەخت كرد ڕەنجەكەشیان بەهەدەر نەچوو لەبارەى هێزەكانى گەریلاش بڕیار گابار دەڵێت لەم ساڵەدا گەریلا زۆر پێشكەوتووە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەى كەبەرگرى لەشەرەف و كەرامەتى گەلى كورد بكات لەهەموو كوردستاندا بكات،
گابار لەدرێژەى هەڵسەنگاندنى ڕووداوەكانى ساڵى 2009 دا دەڵێت دواى 86 ساڵ لەتوركیا سیاسەتى قڕكردن و نكۆڵى كردن لەگەلى كورد كەلەلایەن دەوڵەتى توركیاوە داڕێژراوە 86ساڵە بەڕێوەدەچێت بەشێوەیەكى ئاشكرا بێ كاریگەر بوو تاڕادەیەكى زۆریش درزى تێكەوت ئێستا هەم دەوڵەت بۆ خۆى و ڕاى گشتى نێودەوڵەتى بۆى دەركەوت كەسیاسەتى نكۆڵى و قڕكردنى گەلى كورد لە86ساڵى ڕابردوودا تواناى بەڕێوەبردنى گەلى كوردى نیە لەڕاستیدا شكانى ئەم سیستەمەدا لەباكورى كوردستان كاریگەرى لەسەر دەسەڵاتى داگیركارى لەهەر سێ پارچەكەى تر نیشان دا لەسەر ئێران و سوریا و عێراق لەئاستى نێودەوڵەتیشدا تەئسیرێكى بەهێزى هەبووە،
دیاری محه‌مه‌د: ئاگربەست بەردەوامە ئێوەش بەهۆى ئەم ئاگربەستەوە زیانى زۆرتان پێگەیشتووە؟بۆچى؟
بڕیار گابار:قۆناغى ڕاوەستاندنى چالاكى سەربازى لەبەرامبەر ئەرتەشى توركیا لە13ى حوزەیرانەوە ڕاگەیانرا كەتائێستاش بەوپەڕى فیداكاریەوە بەردەوامە دیارە چ بەرلەوە و دواى ئەوەش هەتا بۆ یەك ڕۆژیش هێرش و پەلامارى ئەرتەشى تورك لەسەر هێزى گەریلا نەوەستاون لەكاتێكدا گەریلا لەقۆناغى بێچالاكیبون و لەوماوەى كەباسمان كرد تائێستا نزیكەى(90)هەڤاڵى ئێمە شەهیدبوونە زیاتر 273ئۆپەراسیۆن دژ بەگەریلا كراوە لەبەشێكیان شەڕ ڕوویداوە لەكاتێكدا چاوەڕوانى ئەوە دەكرا لەبەرامبەر ڕاگرتنى چالاكی لەلایەن هێزى پاراستنى گەلى كوردستانەوە ئەرتەشى توركیاش وەكو لایەنى بەرامبەر هێرشەكانى بۆ خۆى ڕابگرێت و ڕێز لەم بڕیارە بگرێت بۆ ئەوەى چیتر خوێن نەڕژێت دیارە گەلى كورد گەلێكى شەڕخوازنیە بۆ ئەوەش دەستى نەداوەتە چەك كەشەڕى پێبكات بەڵكو لەبەرامبەر ئەو هێرش و كوشتارەى دەوڵەت دەیەوێت خۆى پێ بپارێزێت بەدرێژایى مێژووى كورد سەیربكە كورد گەلێكە تاناچار نەبووبێت دەستى نەداوەتە چەك گابار دەڵێت زۆر جار هەندێ كەس بەناوى جۆراو جۆر هەڵدەستن بەشیكردنەوەى بابەتى چەك بەتایبەتى لەكوردستان و بۆ كورد زۆرجار باس لەوە دەكرێت كەئایا چەك كورد دەگەیەنێتە ئازادى و سەركەوتن یان ڕێبازێكى تر هەیە بگیرێتە بەر جگە لەچەك نەبێت من ئەم بۆچوونانە بەهەڵە دەزانم چونكە ئەمانە شیكردنەوەى هەڵەن بۆ سیاسەتى گەلى كورد هیچ ئاوڕ لەكردارە قێزەونەكانى دوژمن نادرێتەوە نابینن ڕژێمە داگیركەرەكان سڵ لەهیچ شتێك ناكەنەوە بەتایبەتى توركیا هێرش دەكاتە سەر هەموو شتێك و هەموو نرخ و بەهاكانى گەلى كورد بەمەبەستى نكۆڵى كردن و لەناوبردن بۆ ئەمە بەهەموو ڕێبازێك تیرۆرى دەوڵەت لەكوردستان بەڕێوە دەبەن لەسەر ئاستى جیهانیش بۆچونێكى زۆر هەڵە هەیە ئەوانیش ئەم سیاسەتەى دەوڵەتى تورك لەبەرامبەر كورد بەڕەوا دەبینن بەڵام كەگەلى كورد بەچەك وەڵامى ئەم سیاسەتەى دایەوە بەرگرى لەشەرەف و كەرامەتى خۆى كرد ئەمەیان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە ئەمە بەراستى ناڕەوایەتیەكى گەورەیە دەرهەق بەگەلى كورد دەكرێت دیارە لەپەكەكەدا قۆناغى بەكارهێنانى چەك هەیە ئەمەش بۆ پاراستنى ڕەوا بەكاریدەهێنێت نەك بۆ هێرش كردن ئەمەش بەندە بەئاستى لایەنى بەرامبەر بادەوڵەت هێرش نەكات بزانە لەكوردستانداچەك بەكاردەهێنرێت بۆ نمونە لە1993ەوە تائێستا شەش جار ئاگربەستى تاكلایەنە ڕاگەیەنراوە تائێستاشى لەگەڵدا بێت دەوڵەت وەڵامێكى ئەرێنى نیە گەلى كورد بەتایبەتى لەباكوورى كوردستان و پەكەكەش باوەڕیان بەچارەسەرى كورد هەیە بەڕێبازى ئاشتیانە ئەوەى باوەڕى نیە بەچارەسەرى كێشەى كورد دەوڵەتى توركیا و دەوڵەتە داگیركەرەكانن بۆیە لەم ڕووەوە دیارە ستراتیژى دیموكراسیانە پاراستنى ڕەوا مافێكى گەردوونیە لەم ڕووەوە لەسیاسەتى دیموكراتیانەدا پاراستنى ڕەوا مافێكى گەردونیە با لەتوركیا كێشەى كورد لەتوركیا لەناو دەستور و پەرلەمان بەگوێرەى پێوانە گەردونیەكان چارەسەرببێت ئەوكاتە گەلى كورد چۆنیەتى پاراستنى كەرامەت و دەستكەوتەكانى مناقەشەى لەسەر بكات ئەوكات دەتوانرێت قسەى لەسەربكرێت بەڵام لەمڕوەوە تائەمە نەبێت ئەوا هێز بەرگرى لەگەلى كورد دەكات تەئكید دەكەمەوە كە گەلى كورد باوەڕى بەسیاسەتى دیموكراتیانە هەیە وەكو پێشتر باسم كرد گەلى كورد قۆناغێكى باشى بڕیوە و دەستكەوتى بەدەست هێناوە بۆ پاراستنى ئەم دەستكەوتانە هێز پێویستە تائێستاش گرتن كوشتن بێدەنگ كردن بەردەوامە دەیانەوێت هەموو ڕێگاكانى دیموكراتى لەگەلى كورد تەسكبكەنەوە بیانگرن.
دیاری محه‌مه‌د: ئایا پەكەكە و ئەمریكا لەقەندیل دانیشتنیان هەبووە؟
بڕیار گابارى:نەخێر شتى وانەبووە هیچ پێویستمان بەوە نیە شت لەگەل بشارینەوە ئەگەر كردبامان؟
دیاری محه‌مه‌د: چەكى دەستى گەریلا ئەمریكیە؟
بڕیارگابار:ئەمە قسەى بەرپرسانى توركیایە و زۆرجار باسى لێوە دەكەن پەیوەندى نێوان پەكەكە و ئەمریكا بەو شێوەیە نیە كەچەك بەپەكەكە بدات هەروەها پەكەكە پێویستى بەوە نیە چەك لەئەمریكا وەربگرێت بەداخەوە زۆرجار ئەوە لەڕاگەیاندنەكانى باشوور باسى لێوە دەكرێت بەڵام ئەوە چەواشەكاری و شتێكى زیاترى تیانیە دیارە ئەمریكا لەبەرامبەر پەكەكە و گەلى كورد لەباكوور ئەوە دەسەلمێنێت كەسیاسەتێكى هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتى دژە كوردى توركیا لەگرتنى ڕێبەر ئاپۆ لەدیدارى بۆش و ئەردۆگان و پلانە سێ قۆڵیەكە لەدژى پەكەكە هەتا لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەگەر توركیا لەلایەن ئەمریكاوە ڕێگەى نەدرێت ناتوانێت بێت قەندیل بۆردومان بكات بابەتێكى تر ئەوەیە كەتوركیا فڕۆكەى سیخوڕى نیە ئێستا هەوڵ لەئارادایە بۆ ئەوەى ئەم فڕۆكانە لەئیسرائیل بكڕێت بەڵام ئەوە چەند ساڵە لەسەر یەك ئەم فڕۆكە سیخوڕیانەى ئەمریكا ماوەى چوارساڵە بەسەر قەندیلدا دەسوڕێنەوە و زانیارى لەسەر پەكەكە كۆدەكەنەوە دەیدەن بەتوركیا،
دیاری محه‌مه‌د: بۆچى ئەمریكا دەڵێت پەكەكە دوژمنى ئێمەیە لەكاتێكدا كێشەى پەكەكە لەگەڵ توركیایە؟
بڕیارگابار:ڕاستە كێشە لەگەڵ سیستەمى توركیایە بەڵام بۆچى ئەمریكا یان هێزەكانى ترى نێودەوڵەتى دژایەتى گەلى كورد دەكەن یان بونەتە لەمپەر لەبەردەم چارەسەرى كێشەى گەلى كورد بابەتێكى تر پەیوەندى بەبەرژەوەندى ووڵاتانى ناوچەكەوە هەیە لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست بابەڕوونى من پێتان بڵێم هەتا ئێستا پەكەكە فیشەكێكى بەئەمریكاوە نەناوە بەڵام بۆچى ئەمریكا تەداخول لەم كێشەیە دەكات ئەمەیان پەیوەندى بەسیستەمى داگیركارى هەرێمیەوە هەیە،
دیاری محه‌مه‌د: بەڕێز گابار میتى توركی چ ڕۆڵێكى گێراوە لەهەوڵدان بۆ لەناوبردنى بەرپرسانى پەكەكە؟
بڕیار گابار:بەڵێ ئەوە تەنیا میت نیە بەڵكو هەموو دام و دەزگاكانى توركیا هەوڵیان هەیە بۆ لەناوبردنى بەرپرسانى پەكەكە ئەمە لەڕابردوو ئێستا و پێدەچێت لەداهاتووشدا بەردەوام بێت ئەم جۆرە هەوڵدانانە هەموو سنورێكى ئەخلاقى تێپەڕاندووە بەنیشتیمانى و نەتەوەییەوە هەتا یاسا نێودەوڵەتیەكان ئەم جۆرە هەوڵانەش زۆر جۆرى هەیە،نمونە زۆرن بەڵام سەرەكیترینیان ڕێبەر ئاپۆیە وەكو هێرش و فشارەكانى سەر ڕێبەر ئاپۆ هەتا ئەوكاتەى ڕێبەر ئاپۆ لەسووریا بوو تەقینەوەیەك لەنزیك ئەكادیمیاى پەروەردەیی ڕوویدا ئێستاش بەژەهراوى كردن و هەوڵدان بۆ بێدەنگ كردنى ڕێبەر پێویستە ئەوەش بزانرێت هیچ كاتێك ئەم هەوڵانە نەیانتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنن بەڵام پێویستە توركیا ئەوەندەى خۆى بەهەوڵدان بۆ لەناوبردنى بەرپرسانى ئەم بزوتنەوەیە خەریك دەكات واباشترە هەوڵى چارەسەرى كێشەى كورد بدات..
ئەم دیمانەیە لەگۆڤارى هەلبون بڵاوكراوەتەوە
[email protected]
[email protected]
07501093375

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە