خۆشكردنى ئەو ئاگرە بۆ كێیە؟
Monday, 09/04/2012, 12:00
ولادیمێر ڤان ویڵخبێرخ لە هەفتەنامەى "ڕووداو"دا بابەتێكى لەژێر ناونیشانى "پەكەكە و ئاڵاى كوردستان"دا بڵاو كردووەتەوە كە ناوەڕۆكى بابەتەكەى هیچ لەگەڵ ئەو باسەدا یەكناگرێتەوە كەخۆى بۆ هیلاك كردووە، واتە نووسینەكە ئامانجەكەى نەپێكاوە.
جارێ بەرلەهەموو شتێك دەبێ بزانین ئەو نووسەرە خۆی كێیە و چ كارەیە؟ ئایا تا ئێستە هیچ قسەیەكى خێرى بۆ دواڕۆژى كورد كردووە؟
ئایا پەیوەندیی نێوان ئەو نووسەرە لەگەڵ بەرپرسە كوردەكان لەسەر چ بنەمایەكە؟ ئەى بۆچى لە ئێستادا بەمشێوەیە قسە دەكات و بابەت لەسەر ئاڵاى كوردستان دەنووسێ؟
لەبەرئەوەى نووسەر زۆر بێئاگا بووە لەدۆخەكە و هیچ بەدواداچوونێكى نەكردووە و تەنیا لە خۆوە قسەى بۆ ناوەڕۆكی نووسینەكە زیاد كردووە ئەوەش لەگەڵ ئەخلاقى رۆژنامەنووسیدا یەكناگرێتەوە.
ویڵخبێرخ نووسیویەتى "پەكەكە ئاڵاى كوردستانى قبووڵ نییە و بە ئاڵاى بارزانى دەزانێ".
من لێرەوە بە ویڵخبێرخ و ئەو كەسانەش وەك ئەو بیر دەكەنەوە دەڵێم، پەكەكە ڕێزى بۆ ئەو ئاڵایە هەیە كە لە هەرێمى كوردستان هەڵدەدرێ و لە شوێنە رەسمی و گشتییەكاندا وەك هێمای سیاسیی كورد دەشەكێتەوە. هەروەها بایكۆتى جوانانى پەكەكەش نابێتە بێڕێزى بەرامبەر ئەو ئاڵایە. دەتوانم بڵێم وێڵنخ ئاگرە ناڕەواكە خۆش دەكات بەوەى كە ئاڵا و سروودى نیشتیمانى دوو فاكتەرى بە هێزى هاتنەئارای دەوڵەتن.
لێرەدا پرسیارێكى گرینگ دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، ئەرێ وێڵنخ تا ئێستا لەسەر پرسە نەتەوەیى و نیشتیمانییەكانى گەلى كورد چى نووسیوە؟ لەسەر پرسى كۆنفرانسى نەتەوەیى چ بابەتێكى نووسیوە كە وا
ئەمڕۆ خۆى لێمان كردووە بەكوردپەروەرێكى عەیار تەواو؟
لە راستیدا وەڵامدانەوەى ئەو نووسەر و بەناو بابەتەی ئاماژەم پێ كرد هیچ پێویست نەبوو، بەڵام لە ناوەڕۆكەكەیدا هەست دەكەی كە دەیەوێ ئاگرێك خۆش بكات كە ساڵانێكە پشكۆی نەماوە و جارێكى تر ئەو ئاگرە بەڕووی كورد و دۆزەكەیدا نایەتەوە داگیرسان.
نازانرێ ویڵخبێرخ ئەو قەوانە بۆ كێ لێدەداتەوە و ژوڕنا شكاوە بۆ كێ دەژەنێ كاتێك دەنووسێ "پەكەكە لەلایەن سووریاوە پشتگیرى لێ دەكرێ" و قسەیەكى بەڕێز قەرەیلان دەكاتە بەڵگە بۆ ئەوەى گوایە "كورد شەڕى ئێران و سووریا ناكات. من نازانم ئەو وتارنووسە سیاسییە خوێندكارە شیكەرەوەى سیاسییە لێكۆڵەرى كێشەى كوردە تا ئێستا دیار نییە، كەچی دەشێت لە دواڕۆژدا بەبڕوانامەیەكى زل كۆكەیەكى توندیشمان بەشێوەیەكى تر بۆ لێك بداتەوە.
وتارنووسەكە زۆر بابەتی تێكەڵ كردووە بەبێ ئەوەى بۆ خوێنەریان ڕوون بكاتەوە، چونكە گەلى كورد زۆر شتی لەپێشدا ماوە بۆ ئەوەى پێبگات. لە نووسینەكانیشدا دەستەواژەى هەڵەى بەكارهێناوە كە نووسیویەتى پەرلەمانى كوردستان ئەو ئاڵایەى پەسەند كردووە كە لە راستیدا دەبێ بگوترێت پەرلەمانى هەرێمى كوردستان.
بۆچى پەكەكە ئەو ئاڵایەى هەڵنەداوە، ئەوە پرسیارێكە ڕەنگە دواى كۆنفرانسى نەتەوەییى وەڵامەكەى بۆ هەموو لایەك ئاسانتر بێ و باشتر هۆكارەكانی روون بكرێتەوە.
ئەگەر لە كۆنفرانسى نەتەوەیى بەر لە هەموو پارتێك راسپاردەكانى كۆنفرانسى نەتەوەیى جێبەجێ نەكرد دەشێ ئەوكات گازندە لە پەكەكە بكرێ كە خۆى لە پارچەكانى تر جیا دەكاتەوە، بەڵام ئێستا لە هەرێمێكى سێ پارێزگاییدا كە سیاسەتێكى هاوبەش بەڕێوە نابرێ ئەى چۆن بەمشێوەیە پەلامارى پەكەكە دەدرێ و دەڵێن پەكەكە خۆى جیا دەكاتەوە؟
وەك ئەوەى بیستوومە تا ئێستا پەكەكە بێڕێزى بەرامبەر ئاڵاى كوردستان و پەرلەمانى هەرێمى كوردستان نەكردووە، هەمیشە ئەوپەڕى ڕێزى نیشانداوە و پەرلەمان و حكومەتى هەرێمى بەدەسكەوتى هەموو گەلى كورد زانیوە.
وتارنووسەكە لە بەشێكى ترى هەوڵەكەى بۆ خۆشكردنى ئاگرێك كە بەرژەوەندى هیچ كەسێك جگە لە نەیارانی كوردی تێدا نییە دەڵێ، "پارتى و یەكێتى بەشەڕڤانانى خۆیان دەڵێن پێشمەرگە و پەكەكەش بەشەڕڤانانى خۆى دەڵێ گەریلا"، ئەوەش بەشێكى ترى ئەو نەزانییەى وتارنووسەكەیە. ئەوەش بەڵگەیەكی ترە لەوەى وتارنووسەكە هیچ لەوە تێنەگەیشتووە كە ناوى گەریلا چووەتە ناو قاموسى ئۆكسفۆرد، پێشمەرگە و گەریلا بەهەر ناوێك بن ئەوە لە پێناو بەدەستهێنانى مافى گەلى كورد خەباتیان كردووە و تێدەكۆشن.
ئەوانەی هەر لەخۆوە و دوور لە ئاگەداری و سەرچاوەی بەهێزەوە دەست دەكەن بە چەواشەكردنی شتە پیرۆزەكانی كورد، هەر لە ئالا، سروود و پێشمەرگە و گەریلا، گومان نییە لەوەى یان لە رووی نەزانییەوە ئەو كارە دەكەن، یان ئەوە ئەركێكی سەرشانیان جێبەجێ دەكەن كە دواجار دژی بەرژەوەندییەكانی كورد دەكەوێتەوە و دەبێ بڵێم دۆستی كوردی خاك داگیركراو و ژێردەستە نین.
*****
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست