کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەیرە كە داوای ئەوەم لێ دەكەیت كە وەكو یەكگرتوو بین!

Thursday, 13/08/2009, 12:00


بەرێز م.كرێكار ئێمە دەمانەوی بزانین كێشەكەی تۆ لەگەڵ دادگاكانی نەرویجدا گەیشتۆتە چی؟
وەڵام : بسم اللە الرحمن الرحیم .. دادگای باڵای نەرویجی بڕیاری دەركردن و تەسلیم كردنەوەمی بە عێراق داوە ، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی نەرویجی و موخابەراتیان رایان گەیاند كە ماوەی شەش مانگ هەوڵی دبلۆماسێتی و موخابەراتی خۆیانداوە تا بتوانن زەمانەتێكی نێو دەوڵەتی لە حكومەتی عێراقی وەرگرن كە ئەگەر تەسلیمیان كرێمەوە نەخرێمە ژێر ئەشكەنجەو رووەوڕووی مەرگ نەبمەوە ، بەڵام هەوڵەكەیان سەری نەگرتووە .. چونكە نوری المالیكی و وەزیری دادەكەی ووتوویانە ئێمە هیچمان لەسەری نیە ، بەڵام وەریشی ناگرینەوە ، چونكە دەبێ تەسلیم بە حزبی سەرۆكی بكەینەوە ، لەبەر ئەوەی ناشتوانین بكەوینە ژێرباری ئەو مەسئوولیەتەوە كە هیچی لێ ناكەن .. ئێستا هەر لە نەرویجم بەڵام بێ هەبوونی هیچ مافێكی ژیان و ئیقامەو سەفەرو خوێندن و دەرس ووتنەوەو مافی تر .
ئایا ئەگەر گرفتی لێپرسینەوەی یاساییتان نەما، دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی، یان درێژە بە نەهجی رابردوو دەدەن كەوا ناسراوە رەتكردنەوەی هێزە عەلمانییەكان و شەڕكردنە لەگەڵیان ؟
وەڵام : گەڕانەوەم بۆ كوردستان ماف و ئەركە .. هەر كاتێك بۆم بلوێت دوای ناخەم ، كە گەڕاشمەوە نامەوێت خەڵكێكی وەك خۆم ،بمخاتە ژێر باری راو بۆچوونی خۆیەوەو پێم بڵێ وا مەكەو وا بكە ، یان وا مەڵێ و وا بڵێ .. كە گەڕامەوە ، درێژە بە خەباتی خۆم دەدەم وەكو كە بووم ، لای من سیاسی و مەدەنی و عەسكەریی و رێكخستن و راگەیاندن هەمووی لایەنی چالاكی خەباتن ، شتێك نین كوردێك بتوانێت دەسبەرداریان بێت .. چما ئەو عەلمانیانەی بەزەییت پێیاندا دێتەوە وازیان لەعەسكەریتاریای خۆیان هێناوە ؟! مەگەر بە هێزی چەك نیە كە دەیان زیاندانی لاكۆڵانی حزبییان كردۆتەوەو پیاوی شەریفی ئێمەی تێدا ئەشكەنجە دەدەن ؟! بۆچی ئێمە بێ چەك بین و عەلەمانیەكی موفلیس و دۆڕاو چەكدار بێت و ئەو رێ بە هەناسەدانمان بدات .. هێزە عەلەمانیەكانی كوردستان خۆیان بەرامبەر بە ئیسلامەكەمان رقنن ، بوغزنن ، دوژمنن ، هەرچیان لەدەست هاتبێت بەرامبەر ئیسلامەكەمان كردوویانە ، ئەوی بە خۆیان نەكراوە هێزی دەرەكی ئیستیعماریان هێناوینەتە سەر ، ئەوەی تۆ پێت وایە نەهجی شەڕ كردنمانە لەگەڵ عەلەمانیەكان ، بەرگریی كردنە لە بوونمان لە مافی ئازادی باوەڕو ئازادی رادەربڕین و ئازادی كۆمەڵكاریمان بۆ چی ئێمە ئەوانمان لە قاڵبی خۆیاندا قبووڵە و ئەوان ئێمەیان لە قاڵبی خۆماندا قبووڵ نیە ؟! بۆچی بە پێچەوانەشەوە ناپرسیت و بڵێیت : ئایا عەلەمانیەكان ئامادەن هێرشە ریشەكێشكردنەكانیان بۆ سەرمان بوەستێنن .. خۆ ئێمە هێرشمان نەكردۆتە سەر ئەوان (كە تەنها یەكێتی شەڕی پێ فرۆشتووین) ، هەمیشە یەكێتی هێرشی كردووینەتە سەرو هەرچەندی كردووە نەیتوانیووە ئەقڵیەتی دیكتاتۆریێتی پرۆلیتاریای هۆردە بورژوازێتی خۆی واز لێ بهێنێت و بگۆڕێت . لەو كاتەی حكومەتی مەدەنی دكتۆر فوئاد مەعسوومی دروست دەكرد ، پلانی نەخشەی شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی دەكێشا .. من لە 1997 دا كە بوومە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی ، یەكەمین سەردانم بۆ لای كۆسرەت رەسووڵ بوو ، كە سەرۆكی حكومەت بوو ، سەردانی یەكێتیش وەكو حزب و پەیوەندی بەستن لەگەڵ مامۆستا چەتۆی عیلاقاتیان و سەردانی بەردەواممان پێكەوە هەبووە .. هەر كاتێك وویستبێتیان دۆستانە رەفتارمان لەگەڵ كەن دۆستانە رەفتارمان لەگەڵ كردوون ، كە وویستوویانە كەڵەگا بن ، گونمان بە رۆژی روون لەبەرەی شەڕدا بڕیوون . چەندیان لێ كووشتووین لانی كەم چوار ئەوەندەمان لە هەموو شەڕێكدا لێ كوشتوونەتەوەو سەربەرزانەش بۆ تەقەبەس و دانوستان دانیشتووینەتەوە .. ئەمە پەیوەندی بە دیدو تێڕوانین و هەڵوێستی منەوە نیە ، پەیوەندی بە بەرامبەرەكەوە هەیە .. ئەدی بۆچی جارێك لەگەڵ پارتی ناكۆك نەبووین ، بۆچی جارێك لەگەڵ كۆمۆنیست یان زەحمەتكێشان یان سۆشیالیست و ئەوانی دیكەدا لێك هەڵنەبەزینەوە ؟! ئێمە لە سەرەتای بزوتنەوەی ئیسلامیەوە لە 1987 ەوە ئەوە ووتراوە : بە قەدەر دووری و نزیكی خەڵكی لە دینەكەمانەوە لێی دوور یان نزیكین ، دۆستایەتی و دوژمنایەتیشمان لە هەموو كەس و حزب و دەوڵەتێك لەسەر هەڵوێستی دۆستایەتی یان دوژمنایەتی دینەكەمان دەوەستێت.
بۆچی زۆر كەس هەیە تۆ بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ناتوانی لەگەڵ گیانی سەردەمدا بگونجێی، لانیكەم تەفەهومی ئەوە بكەیت كە كورد كێشەیەكی هەیەو ئەم گەلە موسڵمانە مافی خۆیەتی هەموو رۆڵەكانی بە ئاراستەی فكری جیاوازییانەوە خزمەتی بكەن و قەوارەكەی بپارێزن؟ تۆ بۆ لەم بوارە نابیتە پاڵپشتێكی نیشتمانی و خەباتێكی سیاسیی میانڕەوانە هەڵنابژێریت وەكو یەكگرتووی ئیسلامی بە نمونە؟
وەڵام : بۆچی نەبووینە پاڵپشت ؟! ئادەی كۆنگرەیەكی نێو دەوڵەتیم پێ بڵێ و پارتێكی قەومی كوردی هەڵوێستێكی نەتەوایەتی داوا كردبێت و دەسبەجێ نەبووبین بە پاڵپشتی .. ئەوە دانیشتنەكانی ڤیەنناو بەیرووت و سەلاحەدین و لایەنگرێتی فیدراڵێتیەكە ، ئەوە لایەنگریی هەموو شەڕو ئاشتیەكی بەرەی كوردستانی بەرامبەر رژێمی سەددام .. ئەوە هەموو هێور كردنەوەیەكی ناوخۆو میانگیریی نێوان دوو بەرە شەڕەكەی پارتی و یەكێتی .. لە هەموویدا هەڵوێستمان دیارەو لایەنگریی بووین .. ئێمە لە قەومیەكان زیاتر باوەڕمان بەوە هەیە ووزەی هەموو گەلەكەمان بۆ ئامانجە گەورەكانی میللەتەكەمان بەگەڕ خەین . ئەمما لەوەی كە دەتەوێت دوای دوو هەزار شەهیدی عەزیزمان وەكو گوێرەكەیەكی تاڵانی بكەوینە بەردەستی پارتی و یەكێتی !! ئەمە شتێكی سەیرە .. سەیرە كە داوای ئەوەم لێ دەكەیت كە وەكو یەكگرتوو بین ؟! كە ئەمیندارەكەیان بەشداری دانیشتنێكی كرد لە قاهیرە كەچی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و تەنانەت ئەو عەدنان موفتیە موئەددەبەش تۆبەی پێ كرد !! دەتەوێت ببینە یەكگرتوو كە 16 بارەگایان سوتاندن و ئەندامەكانیشیان لە ناویدا بوون ؟! دوای ئەوەی پۆلە شەهیدی ئیعدام كراوی وەكو پۆلی كەیوانمان داوە (36 كەسی سلێمانی بوون لە 1987 دا ئیعدام كران) یان شەهیدانی دۆڵەڕووت (5 كەس بوون لە رووبەڕووبوونەوەی جەیش و جاشی بەعسدا شەهید بوون) یان دەیان رووبەڕوو بوونەوەی تری جوامێرانەی ئەهلی قورئان ، ئێستا بێین و عەرزیەكی زەلیلانە بدەینە دەسەڵاتێكی گەندەڵی دۆڕاو كە بهێڵن كار كەین ؟! جا بۆ هەر بە گورگی نەمێنینەوە ؟!
هەندی كەس هەیە دەڵێن، ئەگەر م. كرێكار نەهجی فكریی خۆی بگۆڕێت كە بریتییە لە رادیكاڵیەتی دینی و عەقڵیەتی جیهادی جەنگی و، وەربچەرخێت بۆ كاری سیاسیی میانڕەوانە، شانسی جەماوەریبوونی دەبێت، تۆ بۆ ئەم ئەگەرە تاقی ناكەیتەوە؟
وەڵام : بۆچی پارتی ویەكێتی نەهجی خۆیان گۆڕیووە تا ئێمە لەبەر خاتری ئەوان بیگۆڕین ؟! ئێمە تەدەخولمان لە دیدو رای كەسدا نیە ، بۆچی خەڵكی بیەوێت ئێمە وا بین كە ئەو دەیەوێت ؟! من لەسەر مەنهەجی خواو پێغەمبەر كار دەكەم ، سیاسەتمەداریی چەواشەكار نیم خەڵكی بۆ هەڵبژاردنێكی ریابازیی كۆكەمەوە .. بۆچی نەهجی فیكریی خۆم بگۆڕم ؟! كە بەرامبەرەكەم لەسەر ئیسلامەكەم بۆتە لینین ؟! بۆچی عەقڵیەتی جیهادی واز لێ بهێنم كە بەشێكە لە دینەكەم ؟ چما بەرامبەرەكەم موالیدی گرتووەو سوپای میللەتی دروست كردووە یان 190 هەزار پێشمەرگەی حزبیی خۆی بە سوپای رەسمی كورد نووسیوەو پارەی بەیتولمالی گشتی دەداتێ ، لە كاتێكدا كە هەر هەمووی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتین ؟! چما پۆلیس و ئەمن و موخابەراتی ئەم ووڵاتە خۆڵەمێشەی دەسەڵاتی كوردایەتی پاسەوانی ئەمنیەتی هاووڵاتیانن یان پارێزەری دزو جەردەو خاوەن مەلەفەكانن ؟! ئەوەی جەنابت پێی دەڵێیت شانسی جەماوەریی بوون تاقی كەمەوە .. تاقیم كردەوەو دۆست و دوژمن بینی كە دە هەزار كەس دەهاتە نوێژی جومعە لە مزگەوتی جیهاد لە سلێمانی ، ئێستاش خەڵكێكی ئازاد لە ئەوروپا دەبینێت ئەوەی جەنابت پێی دەڵێی شانسی جەماوەریی لە هەموو سەركردەیەكی تری كورد زیاترم هەیە .. جەنابیشت و دۆست و دوژمنانیشم دەزانن ئەو ژوورانەی پاڵتۆك كە من بچمە ناوی ، یان ئەو رۆژنامەو گۆڤارەی رەسمێكی منی پێوە بێت زیاتر دەفرۆشرێت ، ئەوەندەی منیش چاوپێكەوتنم كردووە هیچ سەرۆكێكی كوردی بۆی نەكراوە (جگە لە جەلال تاڵەبانی ، ئەویش دوای سەرۆكایەتیەكەی عێراقی) .. پاشان جەماوەریی بوون گرنگترە یان مانەوە لەسەر بیروباوەڕو نەدۆڕاندنی ؟! مەگەر ئەمە جێی سەربەرزیی نیە من لە كونجی ماڵەكەمدام و خامەنەئی ناچار بووە بێتە سنەو مەریوان و سەقزو هێرش كاتە سەر سەلەفێتیەكەمان كە سێیەمین گروپی ئیسلامی كوردی رۆژهەڵاتە دوای شەمس (جەماعەتی كاك ئەحمەدی موفتی زادەی رەحمەتی) و ئیسڵاح (ئیخوان موسلیمینی ئێران) ؟! ئێمە الحمد للە بووینەتە ئاڕاستەوانی مەدرەسەیەكی سەلەفی جیهادی و هەبوونی دیدو رێی خۆمان هەیەو هیچمان لە ئێرانیزمی كۆمەڵ و ئیخوانیزمی یەكگرتوو لە ناو میللەتی خۆماندا كەمتر نیە غەیری ئازادیەكە .. پەلەشمان لە دەركەوتن و سەركەوتن نیە ..
تاچەند شانازی بە كورد بوونی خۆتەوە دەكەیت و لە بنەڕەتدا چۆن دەڕوانیتە كێشەی نەتەوەیی و نیشتمانی میللەتەكەی خۆت و پێتوایە كورد بەچی دەتوانێت ببێتە میللەتێك لەناو میللەتانی دنیا و سەرفراز و سەربەخۆ بژی؟
وەڵام : تا سەر ئێسقان بە كوردێتی خۆم دڵخۆشم و جێی سەربەرزیمە لە میللەتێكی چەوساوەم و وەكو جوامێرێك بەرگریی لە مافی پێشێلكراوی دەكەم و خیانەتی پووشێكم لە كورد نەكردووەو بۆ كەس نەبوومەتە داردەست ،دەلیلی ئەبرەهە نەبووم ، دانی خێرم بە داگیركارانی كوردستاندا نەهێناوەو ناهێنم .. كێشەی كوردم پێ كێشەیەكی ئیسلامیە ، بە كەمتر لە فەلەستین و كشمیرو چیچانی نابینم ..ئەمما بە چی كورد دەتوانێت بچێتە پێشتر ، پێش ئەوەی ئەو هیوا درۆزنەی بۆ بخوازین كە (بێتە ریزی میللەتانی دنیاو سەرفرازو سەربەخۆ بژی) ! من پێم وایە بە ئەقڵیەتێكی فراوانترو هەستێكی بەرپرسیارێتی قووڵترو سووربووتر لەسەر ئامانجی كورد پێ بگەێنینەوە .. ئێمە كە نەچووینەتە داگیركردنی خاك و میللەتانی دیكە بۆچی بە داگیركردنی خاك و میللەتمان رازی بین ؟! ئەو هیوایە بەوە دێتە دی كە سەرەتا لەناو خۆماندا میساقی جوامێریی واژۆ كەین كە لەسەر فیكری جیاواز هیچ كوردێك كورد نەكوژێت ، هیچ كوردێك لەسەر فیكری موخالیف كوردی دیكە زیندانی نەكات ، كورد بۆ داگیركەران نەبێتە جاش و رەفتاریان بێ راپرسیی گەل لەگەڵدا نەكات .. بەوە دەبێت كە ئازادی بدەینە هەموو تاكێكی كورد تا ئازایانە پەروەردە ببێت نەك مەیمون دەرچێت و كێ مۆزی بۆ هەڵدا سەمای بۆ بكات ، كە سەددام دوای ئەنفال و هەڵەبجە مۆزی بۆ كورد هەڵدا لە 7 نێرینەی كورد 5 یان سەمایان بۆ كرد ؟! بەوە دەبێت نان و ئەمان بۆ هەمووان دەستبەر كەین ، بەوە دەبێت لەعنەت لەو سنوورە بكەین كە كوردی دابِر دابڕ كردووەو لەعنەتیش لەو كەسە بكەین كە باوەڕی پێیەتی .. چوونە ریزی میللەتان بە دەست خۆمانە ، ئەمما سواڵكەریی جیهانی ئیستیعماریی ڤیتۆو شەڕەشۆقی داروینیزمی كۆمەڵایەتی ، ئەوە وەكو ئێستا دەمانكاتە مقاتلون بلا حدوود ..
بۆچی دەرفەت ناكەیتەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا ئاشت ببیتەوەو وەكو برا بە جیاوازی بیروباوەڕەوە رایەڵی نیشتمانی دروست بكەن، بۆچی درێژە بە رەتكردنەوەیان دەدەیت، ئەم رێبازە چ خزمەتێكی بە میللەتەكەت و بە خۆتیش كردووە؟
وەڵام : ئەو پرسیارە لەوان بكە ؟! بەوان بڵێ بۆچی لەگەڵ ئەو هەموو موستەشارو بەعسی و دوژمنانەی دوورو نزیكدا رێكەوتنەوە ، بۆچی لەگەڵ ئیسلامیانێكدا رێك ناكەونەوە كە لە زەمانی كیمیاویی و شەڕی جینۆسایددا هاوسەنگەرتان بوون ؟! بە ئاغای تاڵەبانی بڵێ : بۆچی وەفیق سامەڕاییت پێ نزیكتر بوو وەك لە كرێكارو هاوبیرانی ؟! ئەوانەی كە رێكەوتنیان لەگەڵدا ئیمزا دەكردیت ؟! بە پارتی بڵێ ئەو ئییاد عەللاوی و چل هەزار بەعسیەی لەگەڵیدان كە مەسعوود بارزانی بە دۆستی خۆییان دەزانێ ، هەر ئەوانەن كە بەشداربوون لە ئەنفال كردنی عەشیرەتە سەربەرزەكەت ، خۆ ئیسلامیانی كورد ئەوەیان بەرامبەر نەكردوویت .. بە پارتی و یەكێتی بڵێ : ئەو سەلەفیە جیهادیانەش كۆمەڵێكی خاوەن دیدی دینی و كوڕی كوردن و وەكو هەر كوردێكی تریش پشوودرێژو كەللەرەقی گرەوكاریی گەمەی رۆحن .. ئەوی ئەمڕۆ جێیان دەفرۆشێت ، سبەینێ رێی پێ نافرۆشنەوە ..
چۆن دەڕوانیتە وەزعی هێزە ئیسلامییەكانی كوردستان، ئەو رەخنانەی لێیان هەتە، لەسەر چییە ؟
وەڵام : مەڵێ هێز .. بڵێ : لایەنە ئیسلامیەكان .. چونكە ئەوانە ئەوەندە بێ هێزو بێ دەسەڵاتن ، رۆژانە سوكایەتیان پێ دەكەن ناتوانن لەسەر خۆشیان هەڵدەنێ ! ئەو سوكایەتیەی كە شاڵاوی مەلا ئەمینی رەحمەتی لە رۆژی نیوەڕۆدا لە پایتەختی یاساو دەستوورو حكومەتی كوردایەتیدا بە مامۆستا عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد كە نەیتوانی دەعوایەكی یاساییشی لەسەر تۆمار كات ، نیشانەی زەقی هێزو هەڵوێستی لەقی بێرێزو پاداشتی شەقی دێزی هاوكاریی كوردایەتیەوانانی سپڵەو كافرە .. ئەمە ئەمیری كۆمەڵە كە خاوەنی دەیان كاتیۆشاو دەیان هاوەنی 120 ملم و فێرگەی سەربازی و چەندین كەتیبەی چەكداربوو !! ئاوا سووك كراوە ، ئیدی دەبێت هێزی داماوێكی وەكو مەلا ئەنوەری یەكگرتوو چی بێت ؟!
ئەو رەخنانەی لێیان دەگرم لەسەر ئەو هەڵوێستەیانە كە ئەو بزوتنەوە ئیسلامیە بەهێزەمانیان بۆ ستراتیژێتی دەرەكی و كوفری كوردی بە چۆكدادا ؟! ئەو بزوتنەوەیەی كاك سەلاحەددین محمد بەهائەددینی یەكگرتوو چواپەلی بەست و دای بە زەویدا تا مامۆستا عەلی باپیر لە كەندەڵاتی بەرژەوەندی ئێرانیزمدا بۆ یەكێتی سەربڕی ! لەسەر ئەو هەڵوێستە بەزیوانەیانە كە بەرگرییان لە خۆشیان پێ ناكرێت و داوای كرێخانووی بارەگاكانیشیان لە پارتی و یەكێتی دەكەن .. ئیدی ئەمانە بۆچی باشن ؟! نازانم بۆچی نابنە پارتی ؟! خۆ لە ناو پارتیدا بە قەدەر ژمارەی ئەندامانی كۆمەڵ و یەكگرتوو نوێژكەر هەیە ، كە ئەبوبەكر كاروانی یەكگرتوو دەڵێ (تا سەر ئێسقان دیموكراسیین) ئیدی بۆچی ناچنە ناو پارتیەوە كە (پارتی دیموكراتی كوردستانی) یەو ماشەڵڵا دیموكراسیەتی لێ دەتكێ ؟!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە