کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستە ئیسرائیل داواى لێبووردن لە كوردى باكـور بكات

Friday, 24/12/2010, 12:00


محەمەدئەمین پێنجوێنى كەسایەتیى ناودار و سیاسەتمەدارى گەلى كورد لەمیانەى دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤارى ئیسرائیل كورد: ئەوە روون دەكاتەوە كە پێویستە كورد لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندییان هەبێ و رایدەگەیەنێ كە پێویستە هەوڵ بدرێ بۆ ئەوەى ئەم پێوەندییانە دروست بكرێن، چونكە زۆرینەى وڵاتانى عەرەب ئەگەر بەئاشكراش نەبێ ئەوە بەشێوەى نهێنى پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بۆیە پێویستە كوردیش پـێوەندیى هەبێ لەگەڵ ئیسرائیلدا و ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان نییە لەگەڵیاندا.

ئیسرائیل كورد: وەك دەستپێك، كورد و ئیسرائیل لە چ بوارێكدا دەتوانن پێوەندییەكانیان دەست پێ بكەن؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى: دیارە كورد تا ئێستە دەوڵەت نییە تا بتوانێ بەشێوەى رەسمى و ئاشكرا پێوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بكات و دەبێ لەم نێوەندەشدا دەبێ پێوەندیى كورد لەگەڵ ئیسرائیل بەشێوەیەكى تایبەتى بێ، چونكە كورد هیچ دژایەتییەكى شكڵى و یاسایى لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە لەسەر زەوى یان جوگرافى یان لە بوارى ئاینی وەك هەندێ دەوڵەتانى عەرەبى توندڕۆ، دیارە پێوەندیى كورد و ئیسرائیل دەبێ لەگەڵ بارودۆخى سیاسیی ئەم هێزە سیاسییانە بگونجێ و شتێكى ئاسایییە پێویستە كورد لەگەڵ هەموو جیهان پێوەندى هەبێ، لەگەڵ جیهانى ئیسلامى لەگەڵ جیهانى ئەوروپایى لەگەڵ ئیسرائیل هەیبێ، چونكە كورد پێویستیى بەهەموو كەسێكە بۆ ئەوەى پشتیوانى بكات لەمەسەلە چارەنوسسازەكانى.
ئیسرائیل كورد: لە روانگەى نەتەوەیییەوە گرینگیی ئیسرائیل بۆ كورد چییە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_ئیسرائیل دەوڵەتێكى گەورە و كاریگەرە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕۆڵێكى گەورەی هەیە، لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئیسرائیل ئەگەر بەجدیى و بەڕاستى بیەوێ پشتگیرى لە پرسی كورد بكات ئەتوانێ، چونكە لۆبى ئیسرائیل لە ئەوروپا گەورەترین لۆبى و گەورەترین هێزە و ئەتوانن كار بكەن، هەروەها زۆربەى دام و دەزگاكان بەتایبەتى دەسەڵاتى چوارەم لە ئەوروپا بەدەستى جووە و ئەگەر بیانەوێت پشتگیرمان بكەن بێگومان دەتوانن بەرەو پێشمان ببەن.

ئیسرائیل كورد :بەڕاستی زیانێك لە پێوەندیی كورد و ئیسرائیلدا هەیە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_بەباوەڕى من هیچ زیانى تێدا نییە، ئەگەر هەبێ بۆچى عەرەبەكان باڵوێزخانەیان هەیە لە ئیسرائیل و زۆرینەى دەوڵەتە عەرەبیەكان پێوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەبڕواى من هیچ زیانێك نییە بۆ كورد ئەگەر پێوەندى هەبێ لەگەڵ ئیسرائیل، چونكە وەك ئاماژەم پێكرد كورد هیچ دوژمنایەتییەكى نییە لەگەڵ ئیسرائیل و بوونى پێوەندى بەزیان نازانم، دەبێ ئیسرائیلیش بەجدى پشتیوانى لە دۆزی كورد بكات، نەك تەنیا لەڕێگەى راگەیاندنەوە جارجارە باس لە كێشەى كورد بكەن، بەڕاستى لۆبى ئیسرائیل لە ئەوروپا و ئەمەریكا زۆر بەهێزە و ئەتوانن زۆر شت بكەن بۆ كورد ئەگەر بیانەوێت.

ئیسرائیل كورد: وەك هەرێمى كوردستان كێ دەتوانێ پێشڕەوی هێنانەئارای پێوەندییەكی شەرعی و یاسایی ئەو پێوەندییانە بێ، خەڵك یان دەسەڵات؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_دەسەڵات ئەتوانێ، چونكە زۆر كەس هەیە ئەیەوێت كورد پێوەندى لەگەڵ هەموو دنیا هەبێ، چونكە ئەگەر پێوەندییەكان ڕێچكەیەكى یاسایییان وەرنەگرت ئەوا هیچ كاریگەریەكیان نابێت لەسەر كۆمەڵگە.

ئیسرائیل كورد: دۆستایەتیی كورد و جوو چۆن كاریگەری دەخاتە سەر دۆزی نەتەوەییی كورد؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_وەك پێم گوتى ئەگەر ئیسرائیلییەكان بەجدى بیانەوێ پشتگیرى كورد بكەن زۆرباش ئەتوانن، چونكە ئەمڕۆ پرسی كورد چووەتە زۆربەى كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانى ئەوروپا و ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو وڵاتانەى كە چارەنووسى دنیا دیارى دەكەن، ئیسرائیلییەكان لەو شوێنانەدا دەسەڵاتیان هەیە. وەك باس كرا لۆبى ئیسرائیل كاریگەرییەكى گەورەی هەیە ئەگەر بەجدى بیانەوێ ئەتوانن مەسەلەى كورد زۆر پێش بخەن.

ئیسرائیل كورد: زۆر جار باس لەوە دەكرێ هێزەكانى هەرێم پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدل هەیە و زۆرجاریش دەوڵەتانى دراوسێ باس لەم پێوەندییە دەكەن، ئاشكرانەكردنى ئەم پێوەندییانە لەلایەن هێزەكانى هەرێمەوە بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_من نازانم پێوەندیى ڕەسمى هەیە یان نا، بەڵام ئەوانەى ئەیانەوێت ئەم پێوەندییە بشارنەوە بەهۆی هەستیاریی وڵاتانى دراوسێیە، بەتایبەت توركیا كە ئێستە پارتێكى ئیسلامى لە توركیا دەسەڵاتدارە كە ماوەیەك پێش ئێستە بینیمان هەڵوێستى بەرامبەر ئیسرائیل چۆن بوو. دیارە ئەم دەوڵەتانەى دراوسێ هەركات بیانەوێت ئەتوانن كایەى كورد تێك بدەن لەبەرئەوەیە پێوەندیەكانیان ئاشكرا بكەن ئەگەر هەیان بێ، بەڵام لەڕاستیدا من هیچ زانیاریم نییە لەسەر ئەوەى پێوەندییان هەیە یان نا.
ئیسرائیل كورد: بەبۆچوونی ئێوە كورد چۆن دەتوانێ متمانەی زیاتری ئیسرائیل بۆ خۆی رابكێشێ وەبەپێچەوانەوە ئیسرائیل چۆن دەتوانێت ئەم متمانەیە بۆ خۆى ڕابكێشێتەوە، چونكە ئێستە لاى بەشێكى گەورەى كورد ئیسرائیل جێگەى متمانە نییە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_ حەزدەكەم ئەوە زۆر بەزەقى لە گۆڤارەكەتان بڵاو بكەنەوە كە ئیسرائیل ئەتوانێ متمانە بۆ خۆى دروست بكاتەوە لاى كورد، بەمەرجێك ئیسرائیل بەڕەسمى داواى لێبووردن لە گەلى كورد لە باكور و پارتى كرێكارانى كوردستان بكات، چونكە دەستیان هەبوو لە گرتنى عەبدوڵا ئۆجەلان هەروەها قەرەبووى مادی و مەعنەویى بدەن بەگەلى كورد لە باكور كە ئەوان (ئیسرائیلییەكان) گەورەترین زیانیان بەپارتى كرێكارانى كوردستان گەیاند، ئەویش گرتنى ئۆجەلان بوو كە ئێستا لە زیندانى ئیمڕاڵییە. ئەگەر ئیسرائیل بەڕەسمى داواى لێبووردن بكات و قەرەبووى مادی و مەعنەویى بداتە گەلى كورد و پەكەكە ئەوا دەتوانێ متمانە بۆ خۆى دروست بكاتەوە لاى كورد.
*بەڵام بەڕێز پێنجوێنى زوبێر ئایدار باس لەوە دەكات كە ئەوان هیچ دوژمنایەتییەكیان نییە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام دەڵێت نابێ ئەوانیش لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتان دژایەتیى ئێمە بكەن؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_منیش پێشتر گوتم كە كورد هیچ دوژمنایەتییەكى نییە لەگەڵ ئیسرائیل، پەكەكەش هیچ دوژمنایەتیەكى نییە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئەو كارەى كە مۆساد كردى لەگەڵ میتى توركى لە دەستگیركردنى عەبدوڵا ئۆجەلاندا گەورەترین زیانیان بوو بەپەكەكە گەیاند، جارێكى تر تەئكید دەكەمەوە ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت پێوەندى لەگەڵ كورد دروست بكات پێویستە داواى لێبووردن لە گەلى كورد بكات لەسەر ئەو پرسە.
ئیسرائیل كورد: ئەم داواى لێبووردنە لەڕێگەى ڕاگەیاندنەوە دەبێ یان دەبێت دەسەڵات ڕایبگەیەنێ؟
_لەڕێگەى ڕاگەیاندنەوە، لەڕێگەى دەسەڵاتى ڕەسمیى حكوومەتەوە، دەبێ ئیسرائیل بزانێ كە كوردى هەرچوار پارچە ڕۆڵیكى گرینگ دەگێڕن لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئەوەى ئیسرائیل ئەم هێزە كاریگەرە بكاتەوە بەدۆستى خۆى دەبێ داواى لێبووردن بكات، ئەوە بۆچوونی خۆمە و هەقم بەسەر ئەوەوە نییە كە زوبێر ئایدار چى گوتووە. وەك چاودێرێكى سیاسى و شارەزا لە سیاسەتى كوردى باكور بەمشێوەیە دەتوانێ سەرنجى كوردى باكور بۆ خۆیان ڕابكێشن.

ئیسرائیل كورد: لە هاوكێشەى ئیسرائیل و سەربەخۆییی كورددا رۆڵی ئیسرائیل چۆن دەبینی، واتە چۆن دەكرێ سوود لەو وڵاتە وەربگرین؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_ئەوە مەسەلەیەكى دوور و درێژە، چونكە وەكو خۆتان ئەزانن دروستبوونى ئیسرائیل لەسەر ئەساسى بنكەیەكى ئاینییە، ئێستەش كەنیسە هەموو شتێكە، لەسەر مەڕامێكی ئاینی ئەم دەوڵەتە دروست بووە، بەباوەڕى من ئێستە كورد لەو بوارەدا نییە كە لەسەر بیروباوەڕێكى ئاینی دەوڵەتێك دروست بكات، بەڵام ئەزموونى ئەوان هەیە، ڕاستە گەلەكە كەس خیانەتى لە كەس نەكردووە، گەلێكن لەم سەر و ئەوسەرى دنیا هەر جوویەك خۆیان بەسەربازێك ئەزانن لەدەوڵەتى ئیسرائیل، ئێمەى كوردیش ئەگەر وابكەین و وا بیر بكەینەوە و بەمشێوەیە ئەتوانین سوود لە ئەزموونى ئیسرائیل وەربگرین
ئیسرائیل كورد: كورد ئێستە لە باشووری كوردستان پێگەیەكی باشی هەیە، ئایا پێت وانییە ئەگەر بۆ سازدانی پێوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەوڵێك نەدات ئەوە دەرفەتێكی مێژوویی لە دەست دەدات؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_وەك پێم گوتى، بەبۆچوونی من كورد پێویستە پێوەندى لەگەڵ هەموو گەلانى جیهاندا بكات، كێ ئەیەوێت دۆستایەتى لەگەڵ بكات كورد پێویستە دۆستایەتى لەگەڵدا بكات، ئەو دەوڵەتانەى كوردستانیان دابەش كردووە پێیان ناخۆشە، بەڵام دەبێت كورد بەرنامەى هەبێ، چۆن و لەسەر چ ئەساسێك پێوەندى لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە دروست دەكەی، لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا بارودۆخەكەش ئەوە دەخوازێ كە پێوەندیمان لەگەڵ گشت وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا هەبێ.

ئیسرائیل كورد: ئێوە وەك كەسایەتییەكی نەتەوەیی چ پێشنیازێك دەخەنە بەر سەركردایەتیی بڕیاردەری ئەمڕۆی كورد؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_من پێشنیازم ئەوەیە وەك هاووڵاتییەكى كوردى ئەم وڵاتە پێشنیاز دەكەم چى لە بەرژەوەندیی گەلى كورددا بێت بیكەن و جا چ وڵاتێك پێى ناخۆشە و دڵگران دەبێ ئەوە شتێكى ترە.

ئیسرائیل كورد: خۆ ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی كورد باس لە دروستبوونی ئەو پێوەندییە ناكات، كەنالەكانی راگەیاندن و ناوەندە تۆژێنەوەكان دەتوانن لەو چوارچێوەیەدا چالاك بن، بەڵام بەگشتی لە دەرەوی دەزگەی ئیسرائیل-كورد ناوەندەكانی تر زۆر بە ترسەوە نێزیكی ئەو مەسەلەیە دەبنەوە، بێدەنگیی میدیاكان بۆچی دەگەڕێنیەوە، ئاخۆ ئەمەش ترسى دەسەڵاتە لەسەریان، یان ئەوانیش جۆرێك هەستیارییان هەیە بەرامبەر ئەم باسە؟
محەمەد ئەمین پێنجوێنى:_حەساسیەتیان هەیە، ئێمە لە وڵاتێكدا دەژین هەر چوار دەورمان بەدوژمن دەور دراوە، ئەوان حەساسیەتیان هەیە، ئەوان خۆیان بەدوژمنى ئیسرائیل دەزانن، ئەم كەسایەتییانەى لە ناوچەكەدا دەژین بەهەندیان وەردەگرن، وەك میسال ئالوسى سەردانى ئیسرائیلى كرد و گەڕایەوە بەغداد لەگەڵ ئەو هەموو هێزەى هەیەتى دوو كوڕیان كوشت و خۆشیان بریندار كرد، لەبەرئەوەى چوو لە كۆنگرەیەكدا لە ئیسرائیل بەشدارى كرد، ئێ خەڵكیش ئەم حیسابە دەكەن.
پرۆفایل:
محەمەد ئەمین پێنجوێنی
ساڵی 1944لەپێنجوێن لەدایكبووە.
-تاوەكو قۆناخی دواناوەندی خوێندووە.
-ساڵی 1958تێكەڵی كاری سیاسی و ساڵی 1963بووەتە كادیری حیزبی شیوعی عێراق.
- ساڵی 1993 چووەتە ئەوروپا.
-ساڵی 1994یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی پەرلەمانی كوردستان لەدەرەوەی وڵات و ئەندامی.
-ساڵی 1998دەستەی دامەزرێنەری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNKبووەو ئێستاش ئەندامیەتی.
-ساڵی 2004 گەڕاوەتەوە سلێمانی.
-چەند پەرتووكێكی چاپكراوی هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە