وەرزى خوێندن یا وەرزى ڕێگەگرتن
Thursday, 10/02/2011, 12:00
بۆ:وەزارەتى خوێندنى باڵا
بۆ: سەرۆكى زانكۆى كۆیە
بۆ: بۆ وەزارەتى ڕێگاوبان
ئەم سكاڵا و نیگەرانیە لەلایەن كۆمەڵێك خوێندكارى زانكۆى كۆیە بۆم ڕەوانە كراوە بەمەبەستى بڵاوكردنەوەى بەو ئومێدەى بەرپرسانى كوردستان و پەیوەندیدار ئەم سكاڵایە بخوێننەوە و سەرۆك و ڕاگرانى زانكۆى كۆیەش ئەم سكاڵایە بخوێننەوە بۆ ئەوەى مافیان لەپێش چاوبگیرێت و ئەگەر ڕۆژێكیش خوێندكاران لەخوێندن دوابكەون دەبێت هاوكاریان بكرێت و سزانەدرێن ئەگەرچى خوێندكاران زۆر لەوە دڵسۆزترن كەدوورى ڕێگا ببێتە هۆى ئەوەى لەخوێندن دوابكەون بەئومێدى بەرنامە و پلان بۆ كارى داهاتوو چونكە وەرزى سەرما و سۆڵە و وەرزى خوێندن وەرزى ڕێگە گرتن نیە بەڵكو دەبێت ئەم وەرزە وەرزى نزیككردنەوە ڕێگا دوورە دەستەكان بێت. ئەمە دەقى سكاڵاكەیە
دیارە چەند ڕۆژێكە ڕێگای كۆیە ڕانیە لەژێر ناونیشانى لادانى كاتى ڕێڕەوەكەى گۆڕدراوە كەگوایە لەژێر كاركردندایە چونكە ڕێڕەوى شەقامەكە لەچیاى هەیبەت سوڵتان فراوان دەكەن. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان نەتوانن بە ڕێگاى هەیبەت سوڵتاندا هاتوچۆبكەن بۆ كۆیە چونكە لەكاتی چاككردنەكەدا ئامێرەكان ئیشدەكەن و بەردو و كەرتە شاخەكان دەكەونە سەر ڕێگاكەو ڕێگەی هاتوو چۆكردنی هاوڵاتیان دەگرن، ئەمە لە دوای چی؟ لەدوای ئەوەی نەیانتوانی تونێلی بۆ دروست بكەن لەكاتێكدا ماوەیەكیش كارى تیادا كرابوو.
ئێستا پێش ئەوەی داخڵی رێگای هەیبەت سوڵتان بیت ، لەسەر ڕێگا ئاماژەیەك دانراوە كە نوسراوە لادانى كاتی ـ ئەگەر نەبێتە هەمیشەیی!! ـ
ڕێگای هەیبەت سوڵتان دەگیرێت و هاوڵاتیان دەتوانن بە ڕێگای (سماقوڵی كرۆژ)ەوە یان بە (دوكان ، كەلكە سماق) دا هاتوو چۆ بكەن. كە ئەمەش بەڕاستی شتێكی سەیرە، چونكە لە ئێستادا ڕیگای سماقوڵی وەكو هەیبەت سوڵتان ئیشی لەسەر دەكرێت و رێگایەكە بە نیو هێندە دوررترە لە هەیبەت سوڵتان كە زیاتر لە سەعات و نیوێك دەبێت و رێگایەكەش هەتا بلێی ناخۆشە كە هەر ئوتۆمبیلێكی بۆ جارێك پێدا بڕوات ، بۆ جاری دووەم پێیدا نایەتەوە چونكە ئوتۆمبیلەكەی لێكهەڵدەوەشێت و دەبێت ئەوكەسانەى لەناویدان داببەزن بۆ ئەوەى پارچەكانى بگوازنەوە بۆ شوێنێكى باشتر تادواتر پارچەكانى بخرێنەوە سەر یەكتر ئەمەش كاتێكى زۆرى دەوێت. وە ڕێگای دوكان، كەلكەسماقیش بە دوو هێندە دوورترە كە دوو سەعات زیاتر دەخایەنێت تا لە دەڤەری بیتوێن و پشدەرەوە دەچیتە كۆیە. ئەمە جگە لەوەی كێشەیەكی گەورەیە بۆ هاولاتیانی دەڤەرەكە، ئەوا كێشەیەكی گەرەترە بۆ ئەو خوێنكارانەی كە ڕۆژانە لە دەڤەری بیتوێن و پشدەرەوە هاتووچۆ دەكەن بەمەستی خوێندنیان لە زانكۆی كۆیە . چونكە ئەوانەی هاتووچۆ دەكەن لەوانەیە ڕۆژانە كە دەرسەكانیان لە سەعات هەشت و نیو دەست پێ بكات ئەوان دەبێت لە گەڵ مەلا بانگدان بەخەبەربن و بەڕێكەون!! بۆ ئەوەی بە دەرسە كانیان رابگەن. بەڵام بەداخەوە هیچ مافێكی ئەو خوێنكارانە لەبەرچاو نەگیراوە، كەوا گرتنی ئەو ڕیگایە وای لەو خوێندكارانە كردووە ڕۆژی چوار سەعات بەڕێگاوەبن بۆ هاتن و چوون. دیار بوو كۆمەڵیك لەو خویندكارانەی كە هاتوو چۆدەكەن لەم چەند ڕۆژی ڕابردوو چووبونە لای قائیمقامیەتی قەزای كۆیە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت چارەسەرێكیان بۆ بكەن بەڵام بە دوو قسە هەموو خوێندكارەكانیان بەڕ ێكردبوون ئەویش بەوەی ڕێگەی سماقوڵیتان بۆ چاك دەكەین، بەڵام بەداخەوە ئەگەر بێت و سێ كۆمپانیاش ئیش لەسەر رێگای سماقوڵی بكەن ئەوا بە هەفتەیەك و دوو هەفتە تەواو نابێت بۆ یە تكایە رێگایەك چاك بكەن ئەمجا دەست بكەن بكەن بە چاكردنی رێگایەكی تر، چونكە بە بەردێكی دوو چۆلەكە ناكوژرێن.چونكە لەوەو پێش بە بەردێكی چۆلەكەیەكتان پێ نەكوژرا ئەمڕۆ دەتانەوێت دووان بە بەردێكی بكووژن، حاشا بەس یەكتان پێ بكوژرێت بەسمانە.
(ژمارەیەك لەخوێندكارانى زانكۆی كۆیە)
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست