به‌یاننامه‌ی "کانوونی نووسه‌رانی کوردستان" له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆچی دوایی مامۆستا حه‌سه‌ن سه‌لاح سۆران

Friday, 18/09/2009, 12:00


به‌ داخ و که‌سه‌رێکی فراوانه‌وه‌ هه‌واڵی کۆچی دوایی مامۆستا حه‌سه‌ن سه‌لاح سۆران ئه‌ندامی لێژنه‌ی دامه‌زرێنه‌ری کانوونی نووسه‌رانی کوردستان‌مان پێگه‌شت. هه‌واڵی دڵته‌زێنی کۆچی دوایی مامۆستا سۆران که‌ هه‌موو ته‌مه‌نی پڕ له‌ شانازی خۆی بۆ خزمه‌ت به‌ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری گه‌له‌که‌ی ته‌رخان کردبوو و ئه‌ندامێکی گرنگی بزاڤی رووناکبیری، فه‌رهه‌نگی کوردستان به‌ گشتی و رۆژهه‌ڵاتی وڵات به‌تایبه‌تی بوو، خه‌سارێکی گه‌وره‌ بوو که‌ به‌و زووانه‌ قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه‌. مامۆستا سۆران له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی فه‌رهه‌نگیدا و له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانی جووڵانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی، مه‌ده‌نی رۆژهه‌ڵاتدا وێڕای پێشکه‌ش کردنی سه‌دان به‌رهه‌می به‌که‌ڵک به‌ کتێبخانه‌ی کوردی ،هه‌میشه‌ پاڵپشتێکی گرینگی نووسه‌ران، ئه‌دیبان، هونه‌رمه‌ندان و رووناکبیرانی کورد و ره‌وتی جووڵانه‌وه‌ی هزریی له‌ کوردستان بوو. کانوونی نووسه‌رانی کوردستان وێڕای سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی مامۆستا سۆران که‌ ئێلیتێکی گه‌وره‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بوون، سه‌ره‌خۆشی له‌ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و کۆمه‌ڵگای فه‌رهه‌نگی، مه‌ده‌نی کوردستان ده‌کا و سه‌ری رێز بۆ خزمه‌ت و هه‌وڵ و تێکۆشانی بێ‌وچانی مامۆستا داده‌نه‌وێنێ و یادی به‌رز و به‌ڕێز راده‌گرێ.

به‌رێز بێ یاد و رێگای پڕسه‌روه‌ری مامۆستای هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستمان خوالێخۆشبوو مامۆستا حه‌سه‌ن سه‌لاح سۆران!


کانوونی نووسه‌رانی کوردستان
16.09.2009



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە