کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


توركیا هێزی تایبەتی ده‌هێنێته‌ بادینان

Thursday, 15/07/2010, 12:00


خەبات هەولێر، ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتی كۆنگرەی گەل، لەم چاوپێكەتنەدا لەو رێكەوتنانە دەدوێت كە دژ بەبزوتنەوەكەیان لەئارادایەو، ئاماژەش بەوە دەكات نزیك بوونەوەی توركیا لەهەرێم بۆ ئەوەیە پەلێكشی شەڕی پەكەكەی بكات و ئەوەش دەدركێنێت كە لەم رۆژانەدا زیاتر لەهەزار سەربازی هێزی تایبەتی توركیا هاتونەتە بادینان، پێشی وایە هەرێمی كوردستان لەبواری ئابوری و كلتورییەوە داگیركراوە.

چەتر/لەم رۆژانەدا شیروان وائیلی سەردانی هەرێمی كرد و وتەبیژی وائیلی ئەوەی پشتڕاستكردەوە كەبۆ مەبەستی سنورداركردنی چالاكیەكانی پەكەكە هاتوە و لەسلۆپیش كۆبونەوەی سێقۆڵی عێراق و توركیا و ئەمریكا بۆئەومەبستەبەرێوەچوە، وەك دیوانی سەرۆكایەتی كۆنگرەی گەل چ خوێیندنەوە یەكتان هەیە؟
خەبات هەولێر: ئەو كۆبونە سێ‌ قۆڵییە ئەوە چەند ساڵە بەرێوە دەچێت، دەوڵەتی توركیا بەتایبەت پارتەكەی ئەردۆغان كە هاتە سەر دەسەڵات، دوو رۆڵی پێدرا، یەكەم لەلایەن هێزە نێودەوڵتیەكان، ئەمریكا ئەو رۆڵە پێدا ئەویش ئەوەبوو، لێرە لەرۆژڵاتی ناوەڕاست شەپۆلێكی ئیسلامی رادیكاڵی توندڕەو لەئارادا بوو، پارتی دادو گەشەپێدانیش بەناو ئیسلامێتیەكی میانڕەو بتوانێت ئەوشەپۆلی ئیسلامی توندڕە و رادیكاڵە ئیحتیوابكا و بەگوێرەی داخوازیەكانی ئەمریكا راكێشیان بكات بۆ رەوتێكی میانڕەو. رۆڵی دووەم: ئەوە بوو لەلایەن دەوڵەتی شاراوەی توركیاوە ئەو ئەركەی پێدرا بوو، لەبەرئەوەی حكومەتەكان و پارتەكانی پێشوتر بەتەواوەتی لەباكووری كوردستاندا ئیفلاسیان كردبوو، سیاسەتەكانیان ئاشكرا بوو، ئیتر گەلی كوردستان متمانەی بەهیچ یەكیان نەما بوو، پارتەكەی ئەردۆغان لەژێر ناوی ئیسلامبوون لەلایەك، لەلایەكی تریش لەژێر هەندێك گوتەی نەرمتر لەوانەی پێش خۆی بتوانێت خەڵكی كوردستان بەلای خۆیدا رابكێشێت، وەلەباكووری كوردستان بتوانێت دەوڵەت لەسەرپێیان بهێڵێتەوە لەبەر ئەوەی لەباكووری كوردستان دەوڵەت نەمابوو، بۆ یە پارتەكەی ئەردۆغان ئەو رۆڵەشی پێدرا لەباكووری كوردستان نوێەرایەتی دەوڵەت بكات، دەوڵەت جارێكی تر لەباكووری كوردستان جێگیر بكاتەوە، هەردوو رۆڵەكە بەئاكەپە درابوو، لەهەردوولاش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست نەهێنا، جالەبەر ئەوەش ئەمڕۆكە جارێكی تر دەیانەوێت بەخۆ بەستنەوە بەهێزە دەرەكیەكان و پەنا بردن بۆ هێزە دەرەكیەكان مامەڵە كردن و هەڕاج كردندا شتێك نەما نەی فرۆشن بەهێزە نێو دەوڵتیەكان، بەس لەبەرانبەر ئەوەی هەر دەوڵەتێك هەر هێزێك یارمەتیان بدات بەرانبەر بەبزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان، ئەو كۆبوونەوە سێقۆڵیانەش لەچوارچێوەی میكانیزمێكی بەو جۆرەدێت، وە ئەو میكانیزمە سێقۆڵییە بەدەست پێشخەری و پێشنیازی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست بوو، هەموو ئامانجێكی دەوڵەتی توركیا ئەوەیە لەمیانەی ئەم میكانیزمە سێقۆڵییەوە كاروتێكۆشانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەربەست بكات بەڵام هەروەك چۆن لەرابردوو نەیتوانیوە ئەمڕۆكەش زەحمەتە كەوا بتوانێت وابكات، بەڵام شتێك كە دەوڵەتی تورك هیوای پێی هەیەو زۆر لەسەری دەوەستێت ئەم خاڵەیە حكومەتی ناوەندی عێراق راكێشی ناو ئەم مەسە لەیەبكات، لەوەش گرنگتر هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان پەلكێشی ناو ئەو موئامەرەیە بكات كەوا دژ بەبزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دایناوە.
چەتر: ئێستا نزیك بوونەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە كە هەرێم بەشداربێت بۆ دژایەتی كردنی ئێوە؟
خەبات هەولێر: تەنیا ئەو نزیك بونەوەی كەئێستا هەیە بۆ دەوڵەتی توركیا، نزیك بونەوەیەكی تاكتیكییە نزیك بوونەوەیەكە تا بەهەندێك مەرامی شاراوەی خۆی بگات ئەویش هەنگاوی یەكەم ناكۆكی بخاتە نێوان لایەنە سیاسیەكانی باشووری كوردستان و باكووری كوردستان، هەنگاوی دووەم ئەوناكۆكیانە بكاتە هۆكاری گرژی و لەژێرناوی میكانیزمی سێقۆڵی شتی دیكەش شەڕو ئاژاوە لەنێوان بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستاندا دروست بێت. ئەوەتا ئێستاكە چەندین بنكەی سەربازی دەوڵەتی توركیا لەهەرێمی كوردستان هەیە بۆنمونە هەفتەی رابردوو نزیكەی(1250) سەربازی هێزی تایبەتی توركیا لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە دەربازی بادینان بوونە. هەموو هەوڵو كۆششێكی دەوڵەتی تورك ئەویە كەواكۆمەڵێك بەرژەوندی خۆی لەهەرێمی كوردستان جێبەجێبكات و بەدەست بێنێت، لەبەرئەوەش هەڵەیەكی سیاسی ئەوها گەورە تێكەوتنیان ناڵێم مەحاڵە بەڵام زەحمەت دەبینین، لێرەدا راستی ئەوەیە نەكەونە ناو پیلانێكی بەو جۆرە كە دەوڵەتی توركیا دەیەوێت، پێویستە هێزی دەسەڵاتدار لەباشووری كوردستان هەڵوێستێكی بەوجۆرەنیشان نەدات كەوا هیوا بەدەوڵەتی توركیابدات بەرانبەر بەبزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و داكۆكی لەلایەنی سەربازی و شەڕ ئۆپەراسێون وقڕكرنی گەلی كورد بكات، ئەو بەرژەوەندیانەش هەمەلایەنەن بۆنمونە یەكەمیان دەوڵەتی توركیا لەقەیرانێكی ئابوری قوڵدایە، تەنیا لەو شەڕەی لەبەرانبەر بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەرێوەی بردووە (400) ملیار دۆلاری خەرجكردووە، بەقەدەر ئەوەدەش قەرزی ناوخۆی هەیە، لەلایەكی دیكە ئەمڕۆكە قەرزی دەرەوەی هەیە ئەمە لایەنی ئابوری، لەلایەنی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگەی توركیا كۆمەڵگەیەكە ئەمڕۆكە بەدەست كۆمەڵێك كێشەوە دەناڵێنێت، لەبواری سیاسیەوە سیستەمەكەیان لەقەیرانێكی گەورەدایە، جا لەبەرئەوە دەوڵەتی توركیا پێویستی بەوەیە دەرگای نوێ‌ بۆخۆی بكاتەوە، ئێستاكە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا حەوت ملیار دۆلار قەبارەی بازرگانیەكەیەتی، ئەو هەموو كاڵای توركییەی دێتە ئێرە ئەوەی قازانج دەكات دەوڵەتی توركە، لەبەرنامەیاندا هەیە لەماوەیەكی كورتدا ئەو حەوت ملیارە بگاتە بیست ملیار دۆلار.
چەتر: ئایا ئەمە داگیركاری ئابوری هەرێمی كوردستانە، كە لەساڵانی شەستی سەدەی رابردودا ئەمریكا بەتوركیا دەڵێت كە باكووری عێراق داگیر بكا و توركەكانیش دەڵێن ئێمە سەرەتا دەبێت بەئابوری داگیری بكەین؟
خەبات هەولێر: تەنها داگیركارییەكی ئابوری لەئارادا نییە، بۆ نمونە ئێستا بڕۆ بازاڕی هەرێمی كوردستان كاڵا توركیەكان كە لەسەری نوسراوە موڵكی تورك، ناشڵێن موڵكی توركیا، بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی داگیركردووە، واتە لەبواری ئابوریدا بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كاڵاكانی توركیاوە داگیركراوە، لەپاڵا ئەوەی بەرژەوەندییەكی ئابوری و قازانجێكی ئابوری باسدەكات، نەك تەنها داگیركردنێكی ئابوری، سەرنجبدە لەشارەكاندا تۆمارگەكان گۆرانی و مۆسیقای توركیە، تەلەفزیۆنەكان دەكەیتەوە زنجیرەی دۆبلاژكراوی توركیە، واتە ئەمڕۆكە نەك داگیركاریەكی ئابوری توركیا لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەیە، بەڵكو داگیركردنێكی كلتوریش لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەیە، ئەمڕۆكە كلتور و عادات و تەقالید ونەریتی توركەكان لەهەرێمی كوردستان هێدی هێدی جێگیر دەبێت، لەڕێگەی راگەیاندنەوە، كەئەمە زەنگێكی مەترسیدارە بەتایبەتیش لێرەدا موخاتەبەكردنی ژنان جێگەی باسە كە لەڕێگەی ئەوانەوە بتوانن كۆمەڵگە فەتح بكەن ئەوەش داگیركردنێكی كلتوری و لەگەڵ خۆیشدا داگیركردنێكی ئایدۆلۆژیش دێنێت. ئیتر دەتوانێت لەروی سەربازیشەوە داگیرت بكات.
چەتر: توركیا واخۆی نیشان دەدا كە دەیەوێت بەرەو رۆژهەڵات بگەڕێتەوە، بەواتایەكیتر بێئومێد بوون لەئەورپاو بادانەوە بەرەو رۆژ هەڵات پێداگری زیاتری توركیایە لەسەر شەڕێكی فراوان بەرانبەر بە كوردانی باكوور؟
خەبات هەولێر: گۆڕینی تەوەری توركیا لەڕۆژئاواوە بۆڕۆژهەڵات شتێكی لەوجۆرە جێگەی باس نییە، بەبۆچونی من ئەمە لێرەدا مانۆڕێكی سیاسی دەوڵەتی توركیایە، ئەویش لەپێناو چەند ئامانجێك یەكەمیان ئەوەیە: لەچوارچێوەیەی رۆڵی هێزە نێودەوڵەتەیەكان پێیان بەخشیوە هێزو لایەنە ئیسلامیە توندڕەو رادیكاڵەكان ئیحتیوا بكات. دووەم: دەوڵەتە ئیسلامی و عەرەبیەكان لەدەوروبەری خۆی كۆبكاتەوە. سێیەم: كەمێك خۆی وانیشانبدات نزیكی رۆژهەڵات بۆتەوە بەرەو پێشەوەدەچێت و هەندێك پەیامیش بدات بەیەكێتی ئەورپا بڵێ‌ ئەگەر ئێوە زیاتر بەرەو یەكێتی ئەورپا رێگەم بۆنەكەنەوە ئەوا بەرەو رۆژهەڵات دەچم، بۆیە من لەو بڕوایەدام بەشێوەیەكی بنگەهی گۆڕانكارییەك لەگۆڕینی ئاراستەی دەوڵەتی توركیا لەڕۆژاوە بۆ رۆژهەڵات جێگەی باس نییە و شتێكی كاتیە و لەپێناو كۆمەڵێك بەرژەوەندییە كەئاماژەم پێكرد.
چەتر: لەتێكچونی پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و توركیادا ئیسرائیل وەك خەمخۆرێكی كێشەی كورد خۆی پیشاندا، تەنانەت وتی پێویستە توركیا دەست لەكوشتنی كوردان هەڵبگرێت، خوێندنەوەی ئێوە وەكو كەجەكە بۆئەمەچییە؟
خەبات هەولێر: بەرلە هەموو شتێك كاتێك ئێمە دەڵێین ئیسرائیل، پێویستە گەلی یەهودی و دەسەڵاتدارێتی ئیسرائیل و حكومەتەكانی ئیسرائیل لەیەكتری جیابكەینەوە، بەرانبەر بەگەلی یەهودی هیچ ناكۆكیەكمان نییە وەكو یەكێك لەگەلە دێرینەكانی ناوچەكەی دەبینین و رێزمان بەرانبەریان هەیە، بەڵام وەك سیستەم وەكو دەسەڵات و حكومەتەكانی ئیسرائیل بەداخەوە بەردەوام بەدرێژای مێژوو پەیوەندییەكی ستراتیژیان لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی توركیادا هەبووە و بەهۆی ئەوپەیوەندییە ستراتیژییە سەربازی و سیاسی و ئابوری و بازرگانی و كۆمەڵایەتییە هەمەلایەنەی كەوا لەگەڵا دەوڵەتی توركیا هەیان بووە بۆ سەركوتكردانی بزاڤی رزگاری گەلی كوردستان بۆلێدانی جوڵانەوەكانی كورد، ئەوەش بەشێوەیەك لای هەموو كەسێك دەزاندرێت زەقترینیشیان ئەوەبوو ساڵی (1999) لەئەنجامی پلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دەزگای ئیستخباراتی ئیسرائیلی موساد، لەگەڵ هەندێك دەزگای جیهانی رێبەر ئاپۆیان دەستگیركرد وەبەدیلی تەسلیم بەتوركیایان كردەوە، لەوەش زیاتر پێشكەوتوترین تەكنەلۆژیای سەربازی، ئیسرائیل داویەتی بەتوركیا كەهەرەدوای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەكانی هێرۆن بوو، لەبورای نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەكانی (16f) لەبواری تانك و پەروەردەوكردنی سەربازی. بەڵام ئەمڕۆكە ئەردۆغان غەزە وەك كەرەستەیەكی سیاسی بەكاری دێنێت و دەیەوێت هەم كاریگەری بكاتە سەر عەرەبەكان هەمیش هەڵمەتێكی دەنگ كۆكردنەوە لەنێو توركیادا بەدەست بێنێت، بەراستی ئەوە دەمامكێكە ئەگەر مرۆڤێك خاوەن پرەنسیپ بێت، ئەردۆغان باسی منداڵەكانی غەزە دەكات بەڵام لەباكووری كوردستان منداڵێكی یازدە ساڵی سیازەدە گولەی لێدەدرێت و دەست خۆشی لەپۆلیس و سەرباز دەكات، لەغەزە باس لەژنان دەكات لەكوردستان ژنی حەفتا ساڵی دەكوژرێت تەنانەت لێپرسینەوە لەبەرانبەر ئەوە ناكات، ئەو هێزانە یەك تایبەتمەندییان هەیە كاتێك هەندێك بەرژەوەندی بچوكیان لەگەڵ یەك دەردەكەوێت بەردەوام كارتی كورد بەرانبەر یەكتری بەكاردەهێنن، ئەگینا گۆڕانكارییەكی ستراتیژی و بنكەی و پرەنسیپی لەحكومەتەكانی توركیا وئیسرائیلدا جێگەی باس نییە.
http://chatrpress.com/%28X%281%29A%28_j4HAPNaywEkAAAAY2EyZTFhMTItNzRmYy00M2Y4LThmMDctZjJhOGQxODAxODQ0W0YaRzyThTryjpag_CUXtT6j-qY1%29%29/Detail.aspx?id=1148&LinkID=7

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە