باشترین تۆڵە زیندوڕاگرتنی سەردەشتەكانە
Thursday, 13/05/2010, 12:00
باشترین تۆڵە زیندوڕاگرتنی سەردەشتەكانە
لە چەتر-ەوە:ئاسۆ جەوهەر
ئەوەى كوژرا خودى سەردەشتى جوانە مەرگ نییە، بەڵكو تیرۆركردن و سڕینەوەى گەنج بوونى ئێمەیە لەكەسایەتى سەردەشتدا، ئیدى ئەو بوو بەهێماى عیشق و جوانی و پەیكەرێََكى ئازادى لەنێو دڵماندا داتاشی، ئەوەى ناشمرێ سەردەشتە چیائاسا لەپشتەوەرا ئاراستەمان دەكات.
بەڵێ، سەردەشت بەواتایەك لەنێوماندا نەما و بكوژانى عیشق و ئازادى شەڵاڵى خوێنانكرد بەڵام ئێمە وەك هاوڕێبازانى ئەم عاشقە گەنجەمان ئەو تێكۆشانە ئازادیخوازە و كەسایەتییەكەى لەخۆماندا دەژێنینەوە و بەڵێنى ئەوەشى پێدەدەین بەنێو دڵە تاریكەكانى ئەواندا دەڕۆین و دەگەینە سەركەوتن، ئەو وەك مرۆڤە باڵاكان چۆنایەتى مردنى خۆى دیارى كرد و سادەترین شتێكیش لاى ئەو مردن بوو بۆیە لەدواهەمین نامەیدا بۆ مەعشوقەكانى نووسیوویەتى: "دوعاش دەكەم مردنێكى تراژیدیام پێببەخشن كە شایستەى ژیانە تراژیدیاكەم بێت. بۆیە ئەم قسانە دەكەم تابزانن گەنجەكانى ئەم وڵاتە چ هۆلیسۆسێكن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە"، بێباكانە لەمردن نووسینەكانى خۆى كرد، كە هەڕەشەى كوشتنیشى لێكرا پێشوازى لەمەرگى خۆیكرد! گوێینەدا بەسەتمكاریەكانى ئێوە، ئێوە ئەوانەى ساڵانێكە وەك ژەهر دەڕژێنە ژیانمانەوە و بەشێوەیەكى سیستماتیكى قڕِمان دەكەن و لەباكوور و باشوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتى ئەم كوردستانەدا پۆل پۆلیش كچ و كوڕە عاشقەكانمان دەبرێنە زیندان و بەر سێدارەكان و لەمرۆڤ بوون دەخرێن و ئێوەش دەستوپێوەندەكانى هەرێمى كوردستان بۆ كوشتنى دەیان ئازادیخواز و رۆژنامەنووسى وەكو سەردەشت ویژدانى نووستووتان نەجوڵا و فرمێسكێكى درۆینەشتنان نەڕژاند بۆیان؟! سەردەشت لەژێر سێبەرى ستەمى ئێوەدا رفێنرا و كوژرا ورتەیەكى باوەڕهێنەرتان لێوەنەهات كە تێرمانبكات و بمانگەیەنێتە ئەو راستییە "ئەها ئێوەش چەند بەمشورن بۆ كوشتنى هاونیشتیمانییەكمان؟!" بە بەرچاوى گشتمانەوە دوێنێكە بوو (سۆرانى مامەحەمە) لەكەركوكى برینداردا كوژرا و ئەمڕۆكەش لەپرسەى سەردەشتدا دانیشتینەوە، جارێكى تر جەرگى دایكمان سووتا كەچى ئێوەش لەبەر جرتوفرتى حوبحوبێنێى وڵاتان و كورسى و پارە نەپەرژانە سەر ئەوەى بكوژانى سۆران ئاشكرابكەن و سەرەخۆشى لەخێزانى سەردەشت بكەن، جا ئیتر چۆن دەپەرژێنە سەر ئەوەى سەرەخۆشى لەپۆلە كچ و كوڕى سنە و ئامەد و قامیشلۆ بكەن؟! پێدەچَیت كوردبوون لاى ئێوە تەنیا لەشارى دهۆك و سلێمانى و هەولێردابێت، ئەو كچ و كوڕانە جگە لەكورردبوونیان دەتواندرا وەك مرۆڤ بەرگرى یان لێبكرابایە وەكو ئەوەى دەسەڵاتدارانى باشوور لە تاوانبارە گەورەكانى وەك تاریق رەمەزان و هتد...یان كرد؟! خۆدەكرا وەكو لەسەر لەسێداردانى سەدام واژۆیان نەكرد و دەنگى نەرێیان بەرزكردەوە دەشكرا بۆ هەر زیندانى و سێدارەیەكى رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكووریش بیان وتایە نا!
دەسەڵاتداران، بۆئەوەى ئەم هەرێمە بریندارەمان چیدى ناشیرین نەبێت و ئەوەى هەشمانە لەدەستى نەدەین بكوژانى سۆران و سەردەشت ئاشكرابكەن، ئەگەر ئەمەش ناتوانن و دەڵێن ئەمە دەستى ناحەزانى كوردە، بەڵى ئەمەش دەزانین كە چ دۆزەخێك دەورى داوین، بەڵام ئەمانەش پاكانە نین بۆ بێدەنگیمان! پێویستە رێگەبدەن گەل بەرگرى رەواى خۆى بكات، ئەوسا گەل بەهێزترین كارتى سیاسیە بۆ بەرگریكردن لەخۆى، شتێكیش بوو بەموڵكى گشتى ئەوا لەواتاى هاوكێشە سیاسیەكانیشدا شتێكى ئەوتۆ لەسەر ئێوەى بێدەربەست نابێتە ماڵ بەڵكو هەرشتێكیش بێتە كایەى سیاسییەوە باجەكەى گەل دەیدات و دەبێتە ماڵى گەل؛ سەردەشت بەتەنیا لەزەماوەندى ئازادیدا گیانى نەبەخشى دوێنێ رژێمى ئێران فەرهاد كەمانگەر و عەلى حەیدەریان و شیرین عەلەم هولى و فەرهاد وەكیلى لەسێدارەدا.
لەكۆتایدا باشترین تۆڵە، كوشتنەوەى بكوژان نییە بەڵكو دادگایكردنى ئەو هزرە و رێگەندانە بەدووبارەكردنەوەى كوشتنى سەردەشتەكان و درێژەدانە بەبیرى ئازادى سەردەشت عوسمان و پەروەردەكردن و پێگەیاندنى كەسایەتى گەنجیمان لەهەموو شوێنێكدا كەپێویستدەكات، دەبێت ئەمانەش لەدۆخى بیركردنەوە و وتەنەوە بگەیەنینە دۆخى بەكرداریبوون ئەوسا ئاكامى سەركەوتن دەچنینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست