كڕینى بەرپرسان و بازرگانى كردن بە گۆڕى بەكۆمەڵەوە
Monday, 27/06/2011, 12:00
گەرچى كۆیلەیى و كڕین و فرۆشتن لەم سەردەمەدا یاساغ كراوە و گەر بە شێوەیەكى ئاشكرا كڕین و فرۆشتن بە مرۆڤەوە بكرێت بەپێى بەها مرۆیى و جاڕنامەى گەردونى مافەكانى مرۆڤ و پرنسپەكانى مافەكانى مرۆڤ و بەها ئەخلاقیەكان و تەنانەت ئاینە ئاسمانیەكانیش ئەم بابەتە بە تاوان دێتە ژماردن،لەبەر ئەوەى مرۆڤ كاڵا نییە تاوەكو كڕین و فرۆشتنى پێوە بكرێت،لەبەر ئەوەشە زۆرجار دەوترێت خوێنى مرۆڤ بەهیچ شتێك قەرەبوو ناكرێتەوە.
دیاردەى كڕینى بەرپرسانى حكومى و حیزبى لە هەرێمى كوردستان لە سەرەتاى حكومڕانى كوردیەوە لەساڵى 1992 ەوە سەرى هەڵداوە و لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا لە زیاد بووندایەو حیزبەكان تەواوى هەوڵەكانیان خستۆتە گەڕ بۆ كڕینى بەرپرسانى یەكترى ،كڕین بەماناى ئەوەى كە زۆر جار بە مەبلەغێك پارە،یان خانوو،ئوتومبێل،پێدانى پۆست وپلە،بڕنەوەى مووچەى زۆر،...هتد.
دیاردەى كڕینى بەرپرسەكان لە هەرێمى كوردستاندا چیرۆكى دورو درێژى لەبارەوە هەیە و هەر تاكێكى كورد زیاتر لە چیرۆكێكى لەلا هەیە،بۆیەزۆرجا دەبیستین كە فڵانە كەس فڵان حیزب سەیارەیەكیان بۆ كڕى،خانوویەكیان بۆ كڕى،ئەوەندەیان پارە پێدا،ئەگەر پرسیارى ئەوە بكرێت كە مرۆڤ سەربەستە لە هەڵبژاردنى بیرو بۆچوونەكانى و ئارەزوو مەندانە كام حیزب هەڵدەبژێرێت،ئەمەیان بابەتێكى ترە،لەبەر ئەوەى لەحاڵەتى تموح خستنە بەردەستى كەسەكان لەوكاتەدا ئەو مرۆڤە ماددە وایلێدەكات حیزبەكەى بگۆڕێت نەك قەناعەتى كەسى،واتە بەتەواوى ئیرادەى كەسەكە دەكەوێتە ژێربارى مادەوە و شتەكان .
ئاشكرایە كڕینى كەسەكان لەلایەن ئەو حیزبانەوە سەوداو مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت كە توانایەكى ماددى باشیان لەبەر دەستدایەو لەلایەكى دیكە ناتوانن بە فكرەو پرۆژەكانیان قەناعەت بەو كەسانە بهێنن بۆیە پەنا بۆ ئەم رێگا ناشەرعیە دەبەن.
لەرابردوودا زۆرجار لەلایەن سەرۆك حكومەتەكانى هەرێمەوە ئەم دیاردەیە گەیەنراوەتە لوتكەو بەجۆرێك لەسەر قوتى خەڵكى هەژار و رەش و روت ،بڕێكى زۆر لە سامانى ئەم هەرێمە بەهەدەر بدەن لە پێناوى چەند كەسێكدا.
ئەو بەرپرسانەى دەكەونە ناو ئەم سەودایەوە ئەو نابەرپرسانەن هەموو ئامانجەكانیان تەنهاو تەنها پارەیە و بۆ گەیشتن بە سەروەت و سامانى زۆر پەنا بۆ هەموو رێگا ناشەرعیەكان دەبەن.
زۆر جار بەرپرسەكان لە رێگاى خۆ نزیككردنەوەوە لە حیزبى بەرامبەر یاخود لەرێگاى دەربڕینى گلەیى و گازاندەو نارەزایى و زۆرجار زویر بوونەوە وا دەكەن جۆرێك لە ئاماژە نیشانى حیزبى بەرامبەر بدەن كە دەیەوێت بچێتە ناو ئەو حیزبەوە كوە مەبەستى سەرەكیەتى.
گەرچى ئەم دیاردەیە بە گەندەڵیەكى قێزەون دێتە هەژماركردن لەبەر ئەوەى جیا لەوەى كە كڕینى مرۆڤە بەشێوەیەكى شاراوەلە هەمان كاتدا ئەو بڕە پارەیەى پێیدەدرێت لەسامانى گشتى ووڵات و هاوڵاتیان دەردەچێت،كە ئەمەش بۆخۆى بەهەدەردانى سامانى ووڵاتە.
لەو گۆڕانكاریانەى كە لە هەرێمى كوردستان ئەنجامدەدرێت و لە رادەستكردنى سەرۆكایەتى حكومەتدا هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە لەو ماوەى سەرۆكایەتیى كردنەدا زۆرترین بەرپرسى حكومى بكڕن،كەواتە كێبەڕكێكە بۆ ئەوەنییە كە لەسەر ئاستى هەرێم چەند خزمەت بە هاوڵاتیان دەكرێت.
وەرگرتنى سەرۆكایەتى حكومەت لەلایەن د.بەرهەم ئەحمەدێالحەوە لەگەڵ ئەوەى پرۆپاگەندەى ئەوە دەكرێت كە كەسێكى تەكنۆكراتەو خاوەن بڕوانامەى بەرزەو لە دەرەوەش ژیاوە و ئەزموونى ووڵاتانى پێشكەوتووى بینیوە و لەناو ئەو سیستەمە پێشكەوتوانەدا ژیاوە،بەڵام لەماوەى كەمتر لە دوو ساڵى تەمەنى بەرێوەبردنى سەرۆكایەتى حكومەتدا گەندەڵى بە جۆرێك تەشەنەى كردووە مرۆڤ لە ئاستیدا هەست بەجۆرێك لە شەرمەزارى دەكات،نموونەى گەندەڵیە زەقەكانى سەرۆكى حكومەت خانەنشین كردنى 19 نۆزدە ئەندامى سەركردایەتى بە پلەى وەزیر بێئەوەى هیچ كام لەو بەڕێزانە رۆژێك وەزیر بووبن.
یەكێك لەو گەندەڵیانەى ئەو سەرۆك حكومەت ئەنجامى داوە ،كڕینى بەرپرسانى حكومى بووە،بۆ نموونە:
د.یاسین كریم امین بەڕێوەبەرى پەیمانگاى پزیشكى دادوەرى هەولێر و پلەى راوێژكار لە وەزارەتى تەندروستى حكومەتى هەریم ،كە پێشتر سەر بە پارتى بووە،دواى ئەوەى كە وەزیرى شەهیدان و ئەنفالكراوەكانى كابینەى پێنجەم(چنار سعد) بەهۆى ئەوەى ئەم دكتۆر یاسینە گەندەڵیەكى زۆرى لەوەزارەتى شەهیداندا كرد دواى ئاشكرابوونى تڕۆى دەكات و تەنانەت بۆ هیچ كارێك ناهێڵێت تداخلى ئیش و كارى وەزارەت بكات،ئەم بەناو دكتۆرە كە شێتى پارە و سەیارەو پۆست و پلەو راگەیاندنە،بازرگانێكى سەركەوتووى بوارى گۆڕى بەكۆمەڵە،بەشێوەیەك لە هەڵدانەوەى هەر گۆڕێكى بەكۆمەڵدا سەفقەیەك پارە دەدزێت و لەپاڵ كەللەى سەرى قوربانییەكان و ئەنفالكراوەكاندا تیجارەتێكى شاراوە جێ بەجێدەكات،بۆنموونە لە هەڵدانەوەى گۆڕى ئەنفالكراوە بارزانییەكان كە بەشداربووە لەلایەن د. محمد احسانى وەزیرى مافى مرۆڤى كابینەى چوارەم،بەهۆى ئەوەى دوو جار زەوى لە هەولێر وەرگرتووە،بۆیە پارچەیەك زەوى لە شارى دهۆك پێدەدەن.
یاسین كەریم كە بە بازرگانە گەورەكەى گۆڕى بەكۆمەڵ ناسراوە و وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالكراوان باش ئەم راستیە دەزانن كە هەموو نیەت و مەبەستى ئەم كاربرایە كۆكردنەوەى پارە و سامانە،بەڵام بەداخەوە بەشێكى زۆرى كەس وكارى ئەنفال و بارزانیەكان و هەڵەبجە ئەم راستیانە نازانن!!
هەر لەوەرگرتنى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفال لەلایەن یەكێتى یەوە كە د.مجید حمد امین كرا بەوەزیرى شەهیدان،هێدى هێدى ئەم دكتۆر یاسینە خۆى لە وەزیر نزیك كردەوەو بەجۆرێك رۆژانە دەوامى فەرمى خۆى لە پزیشكى دادوەرى جێدەهێشت و بۆ ئەوەى بڕواى پێبكەن رۆژانە سەردانى وەزارەتى شەهیدان دەكات و زۆرجار لە لایەن سكرتێرى وەزیرەوە رێگاى پێنەدەدرا بچێتە لاى وەزیر،لەبەر ئەوەى كردبووى بەپیشەى رۆژانەى خۆى.
لەم ماوەی كەمتر لە سالێكدا كە د.مجید حمد امین وەزیرى شەهیدان بوو بەهۆى ئەوەى یەكیك بوو لە كەسە نزیكەكانى كۆسرەت رەسوڵ جێگرى یەكەى تاڵەبانى و هەربۆیەش بەرهەم ێاڵحیش حسابێكى تایبەت ترى بۆ دەكرد،د.یاسین كریم توانى لەو ماوە كەمەدا نوسراوێك بە د.مجید حمد امینى وەزیرى شەهیدان بكات بۆ سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران /نوسینگەى تایبەتى سەرۆكى حكومەت بۆكرێنى ئوتومبێلێكى جۆرى تۆیۆتا(پرادۆ)مۆدێل 2011 رەنگى رەش ،جگە لەوەش كە پێویست بوو ژمارەى ئوتومبێلەكە ژمارەى وەزارەتى شەهیدانى (شین)ى پێبدرێت بەڵام ژمارەى شارستانى(مدنى)واتە رەقەم سپى پێدرا كە ژمارەكەى بریتى یەلە(168688) سلێمانى.
كڕینى ئوتومبێل لەسەر حیسابى خوێنى شەهیدان و ئەنفال وكیمیاباران كراوەكان،لەكاتێكدا سەدان خێزانى ئەنفال و هەڵەبجە پێویستیان بە لا لێكردنەوە هەیە و موحتاج و لەژێر خانووى گڵ و كەلاوەدا دەژین.لەكاتێدا سەرۆكى حكومەت زۆر پەرۆش خۆى بۆ كەس و كارى شەهیدان نیشاندەدات،لەكاتێكدا ئەم گەندەڵ
جگە لەوەش وەزارەتى شەهیدان بە مەبلەغى 1000000 یەك ملیۆن دینارى مانگانە گرێبەستێكى(عقد)ێكى بۆ دەكەن گوایە سەرپەرشتیارى بنكەى تەندروستى شەهیدانى ئێواران لەشارى هەولێر(بەرامبەر نیوستى سەر شەقامى 60مەترى) سەیرەكە لەوەدایە ئەم بنكە تەندروستیە تەنها ئێواران بۆ ماوەى 2 دوو كاتژمێر دەوامى هەیە،دەپرسین سەرپەرشتیارى 2 كاتژمیرى رۆژانە دەبێت چى بێت؟!جگە لەوەى كە هەموو كارمەندانى ئەم بنكەیە شاهیدى ئەوەن كە د.یاسین كریم هەرگیز دەوام ناكات و ئەم ملیۆن دینارە مانگانە بە نارەوا وەردەگرێت.
ئەوەى مایەى نیگەرانى و هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە كەجگە لەوەى ئەم(د.یاسین كریم) ە.سەیارەیەكى وەزارەتى خوێندنى باڵاى لەلایەلە جۆرى تۆیۆتا(وەنەوشە) بەو سیفەتە وەریگرتووە گوایە بەرێوەبەرى پەیمانگاى پزیشكى دادوەرى وەكو راگرى كۆلیژەكانى زانكۆكانە بۆیە ئەو سەیارەیەى وەرگرتووە و بەكارى دەهێنێت ،جگە لەوەش ئتۆمبێلێكى لە جۆرى(تۆیۆتا فرۆنتر)رەنگى سپى ژمارە (771)تەندروستى لەلایە ،ئەوەى ئەم كابرایەو (وەزارەتى شەهیدان و تەندروستى و خوێندنى باڵا) دەخاتە ژێر گومان و پرسیارەوە ئەوەیە كە هەر سێ وەزارەتەكە لەلایەن یەكێتى یەوە بەڕێوە دەبرێت و ئوتومبێلى ئەم سێ وەزارەتەى لایەو هەر سێ سەیارە بە رەقەمى سێ وەزارەتەوە لەبەر دەرگاى ماڵەكەى رادەگرێت،جگە لەوەى مانگانە بڕى(400000)چوارسەد هەزار دینارى لەلایەن وەزارەتى شەهیدانەوە بۆ كرینى بەنزین بۆ خەرج دەكرێت،جگە لەوەى كە وەێڵى روون گۆڕینیشى بۆ خەرج دەكرێت،بەبێ ئەوەى كە یەك ئیشى وەزارەتى شەهیدان بەو ئوتومبیلە ئەنجامبدرێت،واتە ئەگەر ئەو سەیارەیە مانگانە لەگەراجى ماڵەوەشیان رابگیرێت ئەو چوار سەد هەزارەى هەر بۆ خەرج دەكرێت؟!!!
ئەم ئیمتیازات و پارە پێدان و سەیارە پێدانە لەلایەن سێ وەزارەتەوە كە یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەڕێوەى دەبەن هەر یەك لە(د.تاهیر هەورامى وەزیرى تەندروستى و د.دلاوەر علاو الدین-وەزیرى خوێندنى باڵا و د.مجید حمدامین وەزیرى شەهیدانى پێشوو(ئێستا مامۆستا ئارام محمد احمد) چاوپۆشى كردن لە و هەموو گەندەڵیەى ئەم كابرایە ئاماژەیەكى سەد لەسەدى ئەوەیە كە ئەم(د.یاسین كریم امین)ە لەیەن خودى د.بەرهەم ێاڵحەوە كڕدراوە و ئەجێنداى یەكێتى پێ جێ بەجێدەكەن،ئەم كابرایە كە خۆى بە شارەزاى گۆڕى بەكۆمەڵ دەناسێنێت،بەڵام لەراستیدا لەگۆرسێكى تایبەتى هەڵَدانەوەى گۆڕى بەكۆمەڵ لە وڵاتى بریتانیا فەشەل دەهێنێت و رەوانەى كوردستان دەكرێتەوە ئەم بابەتە بە شاهیدى (د.بارزان)بەرێوەبەرى پزیشكى دادوەرى سلێمانى كە یەكێك بووە لە بەشداربوانى ئەو كۆرسە كە بۆ ژمارەیەك كورد و عەرەب لە چەند ساڵى رابردوو لە بریتانیا كرابوەوە.
د.یاسین كریم خۆى وانیشان دەدات كە گوایە یەكێكە لە نزیكەكانى(د.رۆژ نورى شاوەیس)جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق،بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر د.رۆژ نورى شاوەیس ئەم بابەتى كڕینە ببیستێت،رووبەڕوى لێپرسینەوەى دەكات لەبەر ئەوەى لەپاڵ(د.رۆژ) دا خۆى فرۆشتووە بە یەكێتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست