ڕومانەکەی ئەمرٶی بەردەرکی سەرای ئازادکراو سەرکەوتنێکی تر
Saturday, 26/02/2011, 12:00
سەری ڕێز بۆ شەهیدەکەی ئەمرۆی ٢٦ ی شوبات دادەنەوێنم، و هیوای چاک بونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.
لە نۆزدەی شوباتەوە راپەڕین یەکەم پارچە زەوی جوگرافیایی خۆی لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی رزگارکردوە.
دەسەڵات دوای قەتڵوعامەکەی بەردەمی لقی چوار کردی بە بۆڵە بۆڵ و راپەریوەکانی بە گێرەشوێن ناو برد. ئەوەش وەکو بیانو هێنانەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ کارە قێوەزنەکەی بهێنێتەوەو شۆڕشەکە داپڵۆسێت.
شٶڕش پرۆسەیەکە کە دەست پێدەکات کۆتاییەکەی دیارە، زو یان درەنگ شۆڕشگێرەکان هەر سەر دەکەون و دەسەڵاتدارەکانیش دەکەون.
دەسەڵاتی کوردی خۆی لەمە باش تێدەگات.
لە چرکە ساتی یەکەمی یەکەم فیشەکنان بە راپەریوەکانەوە شەڕێکی تر دەستی پێکرد ئەویش شەڕی دەرونییە.
هەردولا کەوتنە خۆ کۆکردنەوە، بەڵام ئەو لایەنەی زۆر کارامە و بەدەستتر بوو میللەت بوو، واتە راپەریوەکان. ئەوان یەکسەر تاکتیکی خۆیان گۆریو چونە بەردەرکی سەرا. دەسەڵات سەرەتا خۆشحاڵ بو بەوەی لە بنکەکانی دوربکەونەوە،و پاشان لەڕێگەی ماندوکردن و نەچون بە پیری داواکانیان، و درۆو دەلەسەو پەیمانی درۆ پێدان ناچاریان بکات برۆنەوە ماڵەوە.
هەردولا کەوتنە کێشمەکێشێکی دەرونیی سەختەوە.
لەمەشدا تا دەهات ژمارەی خۆپیشاندەران زیادی دەکرد، و پشوی شۆڕشگێرانەش درێژتردەبو. شۆڕشگێران سورتردەبون لەسەر داواکانیان و توانیان چین و توێژە جیاجیاکان ڕاکێشنە لای خۆیان.
دەسەڵات پەنای بردە بەر تەکتیکێکی نوێ. پارتی وای پیشان دا کە دەگەڕێتەوە هەولێر و یەکێتیش چوە لای گۆران بۆ ئەوەی وا پیشان بدات کە نیازی خۆی گۆریوەو بەدەم داواکاریەکانەوە دەچێت.
کاتێک گۆران فرسەتی چەند ڕۆژێکی داواکرد تا وەڵامیان بداتەوە ئەوسا یەکێتی بریاری دا فشار بخاتە سەر راپەریوەکان و سەر گۆران.
بۆیە ئەمرۆ لە ناو مەیدانی ئازادی تەقینەوەیەکی ئەنجام دا و کەمینیشی بۆ راپەریوەکان داناو تەقەی لێکردن. شەهیدێک و چەندان بریندار لە کەرەساتەکە کەوتەوە.
هۆکارێکی تری ئەم سەیتەرە لە دەست دانەی دەسەڵات ئەو فشارە زۆرەیە کە لەسەر پارتیە لە هەولێر. لەوێ خەریکە تەقینەوەیەکی گەورە رودەدات، لە کەلارو چەمچەماڵ شەهید هەبووە. لە هەڵەبجەش هەروەها.
دەسەڵات وای بۆ دەچێت وەزعەکەی دۆراندوە، بۆیە ئەمرۆ هەستا بە دەست وەشاندن لە خەڵکە مانگرتوەکە.
من وەکو خۆم زۆر گەشبینم بەو کۆبونەوە جەماهیریە گەورەیەی سلێمانی، بە خاوبونەوەو چەقبەستنی دانانێم.،چونکە وەزعەکە زۆر لە بەرژەوەندی خەڵک و راپەرینە.
بۆیە ئەو ناوچەیەم ناونا یەکەم ناوچەی رزگارکراو یان ئازادکراوی کوردستان.
یەکەم مینبەری بەستنەوەی چارەنوسی خۆ بە شۆڕشەوە.
کاتی خۆی ئەمانەی ئێستە دەسەڵاتدارن لە پشت بەردو لە ناو شاخدا کەپریان هەڵدەدا و خەریکی خۆشاردنەوە بون لە دەسەڵاتی سەدام.
شۆشگێڕانی ئەمرۆمان خۆیان حەشارنادەن و چەکیان پێ نییە و فرسەت ناهێنن، بەڵکو بە ئاشکرا و بە لەشی خۆیان، بە ئیرادەوە سەرایان ڕزگارکردوەو هیچ هێزێک نیە لە دنیادا لێیان بسەنێتەوە.
گاندی نیو قاڕەی لە دەست گەورەترین هێزی دنیا دەرهێنا بە لاشەی روت و بە گۆچان و بزنێک.
ئەمرۆ لە سەرامان دەرکەن سبەینێ دێینەوە. هەرگیز کۆڵنادەین. ڕێکخەر و سەرکردەکانی گەنجان دەگرن، کەسی تر زۆرە جێیان بگرنەوە. ستراتیژی ئەم شۆڕشە ئەوەیە بەدیل زۆرە.
ئەو تەقینەوەو کوشتارەی ئەمرۆ سەرکەوتنی شۆڕشە، تێکچونی هاوسەنگیی دەرونی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئیرادەو بەرگەنەگرتنی دەسەڵاتە.
سەرکەوتنەکانمان هەر بەردەوامن.
شۆڕشەکەمان دەربڕینەکانی زۆرن، لەوانە خۆپیشاندان و روبەروبونەوە و هێرشبردن.
لە یەکەم رۆژەوە گەنجەکان کۆڵیان نەداوە و بەردەوام هەوڵدەدەن هێرش بکەنە سەر لق.
برۆن بۆ پێشەوە سەرکەوتنمان نزیک و حەتمیە.
دەسەڵات لەرزۆکەو ئابروی چوە.
روداوەکانی ئەمرۆ دەریانخست کە گوڵەکان بەری رقی روبۆتەکانی دەسەڵات ناگرن. فیشەکەکان پاڵیان بە گوڵەکانەوە ناو چەندان گەنجی تریان سەرگەردان کرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست