کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کارەساتی ١٧ شوبات و هەوڵدانی تاوانباران بۆ کەمکردنەوەی بایەخەکەی

Friday, 18/02/2011, 12:00




من بە هیچ جۆرێک لە گوتەکانی بنەماڵە سەرم ناسوڕمێت. ناڵێم دەزانم دەقاو دەق چی دەڵێن، بەڵام دەزانم چ کاوێژێک دەکەن، دەزانم تا چ ڕادەیەک خەڵک بە گێل دەزانن. ئەوان ئەمڕۆ مەستن بەو سەرکەوتنەی کە ڕوکەش بەدەستیان هێناوە. بەو ئیستعرازەی لەشکرەکەیان.
مەستن بە بۆنکردنی خوێن، خوێنی کاکە ڕێژوان و هەموو بریندارەکان. خوێنی کورد.
مەستن بەوەی پیشانی بدەن کە چەند بێڕەحمن.
مەستن بە گێژی خۆیان. مەستن هەتا بڵێیت مەست. وادەزانن بەو کارەی کردیان ئیتر ترساوە میللەت.
نێچیر بە بزە بۆمان دەدوێت، هێشتا پێویستی بەوەیە بیری بخرێتەوە کە چیتر ئەو سەرۆکی حکومەت نییە.
ئەو دەڵێت غەدریان لێکراوە، ئەمە هەمان ریتۆریکە کە مەسعودی مامی لە براکوژیەکەی ١٩٩٤ بەکاری هێنا، ئەمیش کوڕی مامی خۆیەتی.
غەدر. نێچیر لە غەدر چۆن تێدەگات. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە تەنیا لە یەک شتدا لە دیکتاتۆرەکانی تر جیان، لەوەدا کە خۆیان بە بەستەزمان بخەنە ڕوو. بەستەزمان. چەند گوناحن مەسعود و نێچیر کاتێک سەردەشتەکان و ڕەژوانەکان دەکوژن، کوژراوەکانن غەدریان کردووە.
ئەوا دیمان کە کوژراو غەدری لە پیاوکوژ کرد.
ئەم درۆزنانە چەند بێشەرمن، چەند بێ ئابروون.
هەردوێنێ لە وتارێکدا وتم کە داوای سوڵح دەکەن. زۆری پێنەچوو کاکە نێچیر داوای کرد.
لە وتارەکەیدا بەردهاوێژەرەکانی بە تاوانبار و غەدرکەر دانا، بەڵام پیاوکوژو چەتەکانی خۆیانی بە غەدر لێکراو.
تەلەفونەکەیان لە کاتێکی حەساسدا پچرابوو، ئەشڵێت لە ناو لقدا بریندار هەبووە. برینداری کێ؟
ئەوانەی خۆتان ڕاکێشی ژورەوەتان کردون و ڕەمیتان کردون؟
دەڵێت بارەگاکانی گۆڕان دەبژێرن، بریندارەکان دەنێرینە خاریج...، کیسەکەی پڕە. پارەی دزراوی میللەت زۆرە.
مامیشی لە بەیانەکەیدا دەڵێت "وا دیارە ئەمرۆ پێنج شەممە ١٧/٢/٢٠١١ هێرش کراوەتە سەر بارەگای لقی ٤ ی پارتی..."
ئەم پیاوە دڵنیا نیە، دەڵێت وادیارە. ئەی ئافەرین سەرۆکی هەرێم. وا دیارە.
داوای دۆزینەوەی تاوانباران و ئەوانە دەکات کە لە پشت نانەوەی ئەو فیتنەیە بوون. بە دیدی ئەو تاوانبارەکان، کوژراوەکان و بریندارەکان و خۆپیشاندەرەکانن.
ئەی ئافەرین سەرۆک، تۆ کە ئەوەندە کوێرو کەڕیت تاوانبارەکانی مقەرەکەت بە غەدرلێکراوو کوژراوەکانی دەستیشیان بە غەدرکار و غەدار دائەنێیت، سەلماندت کە بۆ سەرۆکایەتی ئەبیت. هەر زوو وتمان ئەدات باشەو لنگەوقوچ لە شتەکان تێناگەیت.
ئەوا خۆت دوبارە و هەزار بارە بۆت سەلماندینەوە.
تۆ سەرۆکی عەشرەتی، سەرۆکی حیزبی، سەرۆکی دیوەخانی. سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی میللەتیت.
سەرۆکی کولفیکولی.
میرانەکەت دەڵێت فێرنین تەعدا لە کەس قبوڵ بکەن، تەعداش لە کەس ناکەن.
ماشەڵا، چەند ئازان. ئازایەتیەکەتان بێوێنەیە. بزانە چۆن بە تەقە و کوشتن ئەو منداڵ و گەنجە بێ چەکانەتان ڕاونا. چۆن ئەو تەعداکارانەتان ڕاونا. چۆنیش غەدرتان لێنەکردن. چۆن ڕەمیتان کردن بە بەرچاوی جیهانەوە. ئەوانە تەعداکاربون بە دیدی ئێوە. ئەی ئافەرین. ئەوان بەبەردەکانیان تەعدایان کرد.

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە