نامەیەک بۆ بەڕێز کامەران مەنتک، هەولێر پشتیوانی هەیە!
Monday, 28/02/2011, 12:00
بەڕێزم من زۆرجار گوێم لە قسەکانت بوە و بە کەسێکی ئازاو غەمخۆرم زانیویت. لەسەروی ئەوەشەوە بە کەسێکی هوشیار.
هیوادارم ئەم پێشەکیە تەنیا وەکو نیازپاکییەک وەرگری بۆ ئەوەی بچمە سەر مەبەستەکەم.
بەڕێزم، منیش وەکو تۆ ئەم ماوەیە زۆر بەوردی چاودێری شاری هەولێرم کردوە. گوێم لە زۆر کەس گرتوەو بیروڕاکانیانم تاوتوێ کردوە.
هەیە زۆر توڕە قسەی کردوە، تا رادەی ئەوەی توڕەییەکەی غەدربوە لە هەولێرو لە هەولێریەکان.
هەیە بێباکانە قسەی کردوە و وەکو ئەوەی بڵێیت دەستی لە خەڵکی هەولێر شتبێت.
هەشیانە تەنیا بەبێ دەسەڵاتی، بە نیشانەی پرسیارێک یان بە نیشانەیەکی سەرسوڕمانەوە خەریکی تێرامانی هەوڵێربوە.
تۆش وا هەستدەکەم بۆ ماتی و مەنگی هەولێر پاساو دەهێنیتەوە، و کاریگەری ئەو دەنگە جیایانەت لەسەرە، کە من ئاماژەم پێکردن، یان دەنگانێکیش کە من بەر گوێم نەکەوتون.
دڵت لە خۆت دانەمێنێت، هەولێر قسەی خۆی کرد.
ئەو رۆژەی ئێمە مانان چاوەڕێی هەڵچونێکی سلێمانیانەمان لە هەولێر دەکرد، هەولێر بە جۆرێکی تر قسەی کرد.
رۆژی ٢٥ ی شوبات.
کوردستان لە مێژوی خۆیدا پاڵەوانی زۆر هەبوە، پاڵەوانی زۆر بەرهەم هێناوە، قارەمانی وای بەرهەم هێناوە کە پاڵەوانی سەردەمی خۆیان بون.
ئەمڕۆ میللەت پاڵەوانی تر لە شێوازی نوێ دروست دەکات و بەرهەم دەهێنێت.
هەولێریش بەهەمان شێوە.
هەمومان بە چاوی خۆمان بینیمان زمناکۆ، رێژوان، سورکێو، شێرزاد، گۆران و شەهیدەکانی تر، و بریندارەکان چ داستانێکیان نوسی یەوە.
لەو رۆژەوەی کە یەکەم کڵپەی خۆسوتاندن لە تونس هەستا پاڵەوانێتی زۆرم لە خەڵکی چەوساوە دیوە، پاڵەوانێتی وا، لە ژیانمدا نەم بینیوە.
ئەو پاڵەوانانەی لەم رۆژانەی شوباتدا، لە شٶڕشەکەی خۆماندا دیومن لە هەموی بێ وێنەترن.
لە خەیاڵی کام نوسەر و رۆماننوسدا بوە سڵ لە تفەنگبەدەست نەکرێتەوە.
ئەو رۆژانە واقیع زۆر پێش فەنتازیا کەوتوە.
دڵ لە دڵ مەدە، هیچ غەم مەخۆ!
ئەوەی ٢٥ ی شوبات لە هەولێرم بینی دوبارە نوسینەوەی مێژو بو. بەڵام زۆربەمان هەستمان پێنەکرد و نەمان بینی.
ئەو ڕۆژە هەولێر گەورەترین قارەمانێتیی بۆ خۆی تۆمار کرد لە دوای شەهید سەردەشت، بەڵام زۆربەمان نەمان بینی.
پارتی ئەو رۆژە لە هەولێر زوحاک بوو، دەیویست زەماوەندی لە خوێن هەڵکێشانی هەولێریە گەنجەکان بگێڕێت. جوڵیات بوو دەیویست داودەکانی هەولێر بهاڕێت.
زۆر ئامادە.
بە مەکروحیلە.
بەڵام بەبەرچاوی هەمومانەوە چەند گەنجێکی قارەمانی هەولێری ئەو جەبەروتەی پاراستن و زێرەڤانی و کۆنە جاشە داخ لەدڵەکانی بنەماڵەیان هاڕی.
ئەو گەنجانە دکتۆر پشتیوان عەبدوڵاو هاوڕێکانی بون، کە گیران.
ئەوەی پشتیوان و هاوڕێکانی تۆماریان کرد لە قاڕەیەک زیاتری تێ گەیاند. بو بەچیرۆکی ژورە دیبلۆماسییەکانی دو کیشوەر.
ئوسترالیا و ئەروپا.
ئەو رۆژە رۆژی ئەوو هاوڕێکانی بوو.
پارتی نیازی وابو بیانبات، بێدەنگ. زۆر دڵخۆش بو ژمارەیان کەمبو. دوایی ئاهەنگی هەفتەی خۆشیی گێڕا،
کەچی زۆری پێنەچوو شاییەکەی لێ بوو بە ژان. کەوتە بەر شاڵاوی نارەزایەتیی دو گەورە وڵاتی جیهان.
دڵ لە دڵ مەدە، خەفەت مەخۆ!
ئەمڕۆ نا سبەی باخچەکەتان دەبێت بە مەیدانی ئازادی، و پەرۆشە نوێکان بە شیعری توڕە و بێ شەرم لە ستەمکاران، دەیکەن بە وتنەوەی سرودی هەر بژی کوردستان.
هەولێر دەستلەملانی سلێمانی و شارەزورو بتوێن و گەرمیان و ئەڵوەند دەبێت، و پێکەوە رودەکەنە شاری دهۆک، دەستەبوکی جوانی بادینان.
ناوەستن تا دەگەنە پردی خاپور و هەڵدەدەن ئاڵای بەیەکجاری ڕزگارکراوی کوردستان.
دڵ لە دڵ مەدە، خەفەت مەخۆ،
ئەمرۆ نا سبەی هەمو دەستلەملانی یەک دەبین.
هەولێر پاڵەوانی وەکو سەردەشت و پشتیوانی هەبێت، زۆرنابا دەکەوێت هۆلاکۆی گەمژەی سەری رەش.
هەربژی دکتۆر پشتیوان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست