کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاپەڕین بۆ گۆڕین، دەسەڵات بۆ مانەوە

Monday, 21/02/2011, 12:00


گەمەی کۆمونیوکاسیون لە ئێستەدا،
شۆڕش، دەسەڵات / دەسەڵات، شۆڕش:
ڕاپەڕین بۆ گۆڕین، دەسەڵات بۆ مانەوە


لەم نوسینە کورتەدا هەوڵدەدەم لەلایەکەوە تیشک بخەمە سەر دوانەیی پەیامی دەسەڵات کە لەم دەمی ڕاپەڕینەدا بەکردار ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەکات، لەوانە لە پێش هەمویانەوە بۆ ڕاپەریوەکان، دواتریش بۆ ئەوانی تر لە ئۆپۆزسیۆن و بێلایەنەکان و دەرەوە. لەلایەکی تریشەوە پەیامی ڕاپەڕیوەکان بۆ دەسەڵات و بۆ لایەنەکانی تر.
ئەوەش لە رێگەی ئەو کۆمونیکاسیونەوە کە خۆی لە بەرەنگاربونەوەی دوجەمسەرە دژە چالاکەکەی ئەم ساتە وەختەدا دەبینێتەوە. با ئەم کۆمونیوکاسیونە ناو بنێین دیالۆگ. دیالۆگ بەمانای گۆرێنەوە پۆزەتیڤانەکەی راکان بە یەکترنا، بەڵکو بەمانای گەیاندنی بیر و مەبەستی خود بەوی تر بێ گوێگرتن لەوی تر.
دەسەڵات کێیە؟ دەسەڵات ڕاستەوخۆ پارتی و یەکێتی و حیزبە بچوکە پاسیڤەکانە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان لە میحوەری دەسەڵاتدا دەبیننەوە.
هەروەها ئەوانەشە کە سەرچاوەی شادەماری ژیانی ئەو دەسەڵاتەن، ئەوانە لایەنگران و بنەما " میللیەکەیانە". بە گوتەیەکی تر بڵێین خەڵکەکانی خۆیانە. شیاوە بشوترێت کە ئەمرۆ پارتی و یەکێتی گەمەیەکی زۆر بە بەرنامە و هاوئاهەنگ پەیڕەو دەکەن . ئەمە وامان لێدەکات هەست بکەین ئەم دوانە بون بە یەک و لە ژێر چەتری مەسعود بارزانی دا خۆیان بینیوەتەوە. ئەگینا هەرچی تر بڵێین لە گەڵ ئەو هەڵسوکەوتەی ئێستەیاندا ناگونجێت. ئەی کەواتە بۆ ڕای ناگەیەنن کە بون بەیەک؟ ئەوە لەبەر ئەوەی پلانەکانیان ئاسانتر بۆ دەچێت بەڕێوە گەر ئەو ئاشکراکردنە هەڵگرن بۆ ئایندە. پێدەچێت ئەو بەشە کەمە لە جوانی رابردوو کە لە یەکێتیدا ماوەتەوە لای ئەندام و لایەنگرە عەقایدیەکانی لەژێر پرۆسەی ناشیرینکردنوو فەوتاندندا بێت بە دەستی ئەنقەست. بۆ ئەوەی گەر توانەوەکە رویدا پاساوی تورەیی نەمابێتەوە و خەڵکی بڵێت ئۆخەی ئنجا خۆ یەکێتی هەر نەمابو.
ئەمەی ئەمرۆ دەسەڵات بەبەرجەستەیی لە پارتیدا پێوەی سەرقاڵە گەیاندنی پەیامی خۆیەتی بە وانی تر لە ڕیی ئەوەی ناوماننا دیالۆگ.
پارتی و بنەماڵەی بارزانی:
کاتێک ئێمە باسی خواستی مانەوەیان لە دەسەڵات دەکەین بە هەندێک پێوەر، بەرجەستە لە خواست و ئارەزوەکانی خۆماندا بۆ نەفیکردن و بەڕاستکردنی خۆمان و لەو روانگەیەشەوە دانانی حەق بەلای خۆماندا ،و وەلا نانیان پەنا دەبەین بۆ پێناسە گشتیەکانی سروشتی دیکتاتۆر و دەسەڵات کە ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە. دوایش لەبەر ئەوەی بە مەنتیقی نەبونی خواستیان بۆ دەستبەرداربون و وازهێنان، کە گوێمان لێناگرن دایان دەنێین بە بێ ئەقڵ و گەمژە و ئەمەش زۆر ڕاستە، بە لۆژیکی ئێمە و بە لۆژیکی بیرکردنەوە لە بەرژەوەندی گشت. بە لۆژیکی روانین لە خواستی بە دیموکراتیزەکردنی پرۆسەی بەردەوامبونەکە. بەڵام ڕاستیش نیە چونکە ئەوان لە ئاستی پلان و مەبەستەکانی خۆیاندا و هەوڵدان و لەسەر سوربونیان زۆر هوشیار و گەشبینن بە خۆیان. ئەوان بریاری خۆیان داوە، بەرنامەیان هەیەو ئیشی بۆ دەکەن. لێرەدایە گوێ لە ئێمە ناگرن.
بەو خوێندنەوەیەشمان بۆیان لە زۆر لایەنەوە یارمەتیان دەدەین، یەکەم بەوەی بە ئارەزوی خۆیان دیالۆگەکە ئاڕاستە بکەن، و دوەم بەوەی دید و جیهان بینی خۆمان بۆ ئەوان تا ئەو ڕادەی لێتێگەیشتنەمان بۆیان سنوردار بکەین.
کام دیالۆگ؟ دیالۆگی مەدەنیانە نا، بەڵکو ئەو کۆمونیوکاسیونەی کە هەردولامانی سەرگەرم کردوە بیخەینە بەرچاو بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی یەکدی لە ڕێی چالاکیەکانمان و لە رێی ئامرازەکانی ترەوە کە خۆیان لە ئالیەتەکانی دامەزراوەیی و غەیرە دامەزراوەیدا دەبیننەوە.
دامەزراوەکان ئەوانەن کە خۆیان لە میدیاکان، هێزی چەکدار، بیناو موئەسەسەکان، ترادسیۆن و نەریتە پەیرەوکراوەکان و کۆدەکان و شتەکانی تردا دەبیننەوە. چونکە کۆدەکان دامەزراوەی دەرونین، مەلموس نین بەڵام جێ ئاقاریان زۆر دیارە.

گەر پانورامای مێژوی پێش ئەم روبەروبونەوەیە بە کورتی بهێنینەوە بیری خۆمان:

پارتی تەمەنی دروستبونی وا بۆ شەست ساڵ دەچێت، لەو ماوەیەدا بەزۆری لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی بنەماڵەدا کاری لەسەر ئەوە کردوە مەرکەز و کرۆکی ژیانی بۆ بنەماڵە بێت. بنەماڵە بەتەنیا خەریکی خوێندنەوە نەبووە بۆ کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو خۆشی هەندێک نەریت و رینمایی و کۆدی بۆ ژیانی کۆمەڵگە و بۆ ئەندامەکانی حیزبەکەی داناوە. لایەنگرەکانی بە تایبەت هێزە چەکدارەکانی و تەنزیمە حیزبیەکەی و پارتیەکان وەکو خۆیان ناوزەدی دەکەن ئەم نەریت و رێنماییانەیان لە ئەلفەوە بۆ باو جێبەجێ کردوە. خۆیان دەڵێن ئەوەی جەلالی بێت پاک نابێتەوە، رکابەرەکانیشیان وا بە پارتی دەڵێن. تەواو ئەڵقە لە گوێی دەستی سەرۆکەکەیانن. جار جار وەکو گورویەکی ئاینیی وێنا دەکرێت. خۆشی خەریکە باوەر بەو پایەو وێنەیەی خۆی دەهێنێت. ئالێرەدایە مەترسیەکە زۆر گەورەیە.
لەو ڕوانگەیەشەوە سەیری دەرەوەی پارتیان وا کردوە کە، ئەگەر خێزانێک، خزمێکی یان ئەندامێکی یەکێتی، شیوعی یان هەر شتێکی تر بوبێت ئەوا ئەو خێزانەشیان بەوە سەیرکردووە. ئەمە وەکو شانەکردنی قژەکانە بە هەمان شانە، واتە هەمو جۆرە قژەکان بخرێنە چوارچێوەی یەک قاڵبەوەو بە یەک چاو سەیربکرێن و بوترێت وەکو یەک وان یان یەکن لەبەر ئەوەی بەیەک شانە شانەکراون.
واتە لەبەر ئەوەی فڵان برای یان خاڵی جەلالیە ئەوا خۆشی جەلالییە.
لەبەر ئەوەشە زۆریان کین لە دڵدایە بەرامبەر سلێمانی. دەمێکە بە نیازی گەڕانەوەی ئەوێن. نەیان توانی، بۆیە ئێستە هاتون تۆڵەبکەنەوە. ئیهانەی دانیشتوانەکەی بکەن.
جەلالیش ویستی سلێمانیان بۆ بکات بە بوک و لەو دیو پەردەوە بوەستێ.

جەلالیەتیش کە تەمەنی کەمێک لەو کورتترە بە هەمان شێوە بیری کردۆتەوە. چونکە لە منداڵدانی ئەودا خۆراکی وەرگرتوە.
یەکێتیش ئەهێڵینەوە بۆ یادەوەری.

ئەوەی گرنگەو دەمەوێت جەختی لەسەر بکەم ئەوەیە کە پارتی بە سەرکردایەتی مەسعود و نێچیر ئەم جۆرەی خوارەوە لە دیالۆگ پەیرەو دەکەن.

گەمەی پاک/پیس...، پیس/پاک.

واتە بون لە دژەکاندا بونە. ئەوان وەکو پارتی پیسن و پاکن، پۆزەتیفن و نێگەتیڤن. بەبەرنامەش دەیانەوێت بە جۆرێکی یەکجەمسەر بیریان لێبکەینەوەو لێیان تێبگەین. ئەویش ئەوەیە بڵیین بەتەنیا باشن یان بە تەنیا خراپن. ئەمەیە ئەو تەڵەیەی بۆمان دەنێنەوە.
ئەو گەمەی پیس پاک و پاک پیسە چیە لەگەڵمان دەکەن؟
ئەوەیە جارێ زۆر لۆژیکیانەو جارێکیش زۆر نالۆژیکیانە، جارێک زۆر دڵرەقانەو جارێکیش زۆر نەرم ونیان خۆیان پیشانمان دەدەن.
بە کوردیەکەی بە خۆمان بڵێین ئەوان کوردن و تیا دەهێڵنەوە، بەڵام فرسەتمان لێ بێنن و تەواو پێچەوانە بکەن.
وا بزانین داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بکەین دەڵێن باشە، بەڵام لەبری ئەوە زێرەڤانی بەردەدەنە قاچمان.

ئامرازە هەرە دیارەکان کە بەکاری دەهێنن کامانەن:
سەربازی
میدیا و ڕاگەیاندن

ئامرازەکانی تر باسناکەین.

سەربازی:

بە جۆرێک کە هەمیشە دەیەوێت خۆی فەرزبکات و جوگرافیای هەژمونی خۆی فراونتر بکات، بە پەنا بردنە بەر هێزی خۆی لە لایەک و هێزی دوژمنانی کورد لە لایەکی تر. بێبەزەییانە، بە دەستوەشاندن و شۆک دروست کردن، دروستکردنی پرسیار لەلای ئێمەو گەرانمان بۆ وەڵام، بەڵام پێش ئەوەی وەڵام بدۆزینەوە سەد و هەشتا دەرەجە وەردەگەڕیت توشی هەمان پرۆسەمان دەکاتەوە. دوایی میدیاکانی دەخاتە گەر بۆ بێزارکردنمان. بۆ ماندوکردنمان و کۆڵ پێدانمان.
سەربازەکانیشی حیزبین و حیزبیشیان بۆ مەسە یە.

میدیا و ڕاگەیاندنەکەی:

دەستەو دایەرە و ئەفرادی میدیاکەی ئەوەندە لێهاتو و بێ ئابرو و درۆزنن، گۆبڵز شاگردیانە.
هەر کە کەوتنە گەڕ مرۆڤ بێزاردەکەن و خاوی دەکەنەوە بۆ ئەوەی کۆڵ بدات.

دوو جەمسەریی پەیامەکەی ئەوان ئەوەی سەرەوەیە. کە وەکو یەکێکی پێکهاتوو لە دوو بجوڵێنەوە. بەڵام وامان لێبکەن تەنیا بە یەک پێوەر بۆ نمونە بە پێوەری ئەخلاقی بیانخوێنینەوە. ئەمەیە تەڵەکە.
لەوەشەوەیە سەرۆکەکەیان دەڵێت ئەوان حیزبێکی بە ئەخلاقن.
بۆ ئەوەی ئەو وەهمەمان لا دروست بکەن. وا بیربکەینەوە و لە گەڵیان بدوێین، و لە بازنەی ئەخلاق دەرنەچین.
ئەویش لەولاوە پلانە مکیاڤیلیەکەی خۆی جێبەجێبکات، و گەر لە کارێکیشیا سەرنەکەوت یان شکستی هێنا ئەوا پەنا دەباتە بەر موخاتەبە کردنی مەسەلەکانی ئایین و ئەخلاق. بەوجۆرە بەو شتە لاوەکیانەوە خەریکمان دەکات. ئەو ئەخلاقەی ئەوو ئێمە دوو خوێندنەوەی جیامان بۆی هەیە. ئەو ئەخلاقەی ئەو نیەتی و دەیەوێت وامان لێبکات وابزانین هەیەتی.
ئەم دوانەییەشی لەم شەڕەدا دیارکەوت کە بە ئێمەی فرۆشت.
لە تەلەفزیۆنەکەیان خۆپیشاندانەکە پیشان دەدات، لە بەرچاوی کامێراکە سەیارەی زێرەڤانە قۆرەکەی دیارە کەچی موزیعە خوێڕی و درۆزنەکانی دەڵێن سەیرکە بزانە زێرەڤانی هەر لێیە؟

ئێمە کە ئەم درۆ گەورەیە دەبینین تاقەتمان دەچێت و خێرا کەناڵەکە دەگۆڕین. ئەویش بە کاوەخۆ خەڵک چەواشە دەکات.
بۆیە دەبێت رۆژانە کۆڵ نەدەین درۆکانیان دەرخەین، ڕێگەنەدەین پلانە شەیتانیەکەیان بچێتەسەر.

یەکێتیش بە ڕادەی ئەوان کاری لەسەر چەواشەکردن کردووە. سلێمانی کە هەموو توانا چەکداریەکەی لە دەست ئەواندایە، ناهێڵێت گەنجەکان چەکیان پێ بێت، پێشمەرگەکان بێنە ڕیزەوە، لەهەمان کاتدا دەستی زێرەڤانیەکانی مەسەی بەرەڵاکردوە، بەناوی ناوبژیەوە دەستی ئێوەی گرتوەو بێ چەکی کردون، و زێرەش وەکو وەحشی بێ گوێدانە هیچ شتێک تەقەتان لێدەکات.

سەرباری هەموو ئەو لایەنانە خەریکە ئێوە دەیان بەزێنن، ئەوا خۆیان ڕێک دەخەنەوە بەناوی کشانەوەوە.
ورەیان پێنەماوە. تەقەتان لێدەکەن ئێوە شەرم نە لە مردن و نە لەوان ناکەن.

...................................
ئامرازەکانی موخاتەبەکردنی ئێمە بۆ ئەوان جیایە. ئەوە دەهێڵمەوە بۆ جارێکی تر.
...................................

گرنگ ئەوەیە خۆمان لە تەڵەکەیان نەدەین و خوێندنەوەی تازەیان بۆ بکەین، وا بکەین هەمیشە ئێمە هەنگاوێک لە پێش ئەوانەوە بین.

لە هەموی گرنگتر ئەوەیە ئێمە کۆڵ نەدەین، بەردەوام بین، بە بەڵێن و دروشمەکانی ئەوان و جەلالیەکان نەخەڵەتێین. دەڵێم جەلالیەکان چونکە بەراستی یەکێتی نەماوەو لە دەستی جەلال و هێرۆدایە. ئەوانیش شویان بە پارتی کردوە و هیچی باشیان لێ چاوەڕێ ناکرێت. پارتی و یەکێتی یەکن، بە گەمەکانیان مەخەڵەتێن. ئەگەر تیایانایە بابێنە بەرەی پێشمەرگە لاوە ڕاپەریوە شۆڕشگێرەکانی سەر شەقامەکان. چونکە ئەمرۆ ئەوانن پێشمەرگەی دڵسۆز و ڕاست.
ئەوانن لە بەرەی گەلدان و پارێزگاری لە وڵات دەکەن بەوەی دەیانەوێت گۆڕان ئەنجام بدەن و دادوەری کۆمەڵایەتی بێننە دی.
گەمەکانی دەسەڵات هەمان گەمەی کۆنی قیادە مۆقەتەیە. ئیدریس و مەسعود کە پێویستی بکردایە یەک بون، گەر پێویستیشی بکردایە خەتی مەسعود لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە خەتی ئیدریس بون.
ئەمرۆش مەسعودو نێچیر هەمان تاس و حەمامن. یەکێتی و پارتیش بەهەمان شێوە.

پەیام بۆ لاوەکان:

ئەی گەنجە شۆڕشگێرەکان، داواکاریەکانتان ڕەوایە. ئەوەی تەقەی لێدەکردن لە بەردەم لق و زێرەکانیش دەموچاوی ڕاستەقینەی مەسعود و نێچیر و پارتین. لەوە زیاتریان پێ نیە بۆ ئێوەی گەنج.
ئەوانە دەموچاوی بەرهەم و جەعفەر و جەلە و ئەوانی ترن.
ئەوان موجریم ئێوە غەدر لێکراو.
موجریمیش جێگەی دادگایە.
بەم ڕاپەڕینەتان درۆیەکی زۆر گەورەی تری ئەوانتان ئاشکرا کرد، کە ئەزمونەکە لە خەتەردایەو دوژمن زۆرە. ئەی کوا بۆ کەس نەهات کوردستان داگیربکات. خۆ زیرەڤانیش لەسەر سنور نین وڵات بپارێزن، هەر بە ئێوەوە خەریکن. ئەو تەلیسمەشیان رەویەوە. ئەوان پارێزەری وڵات نین، سەرکوتکەرن. گەر وانیە با پێچەوانەکەی بسەلمێنن، داواکانتان جێبەجێ کەن. تاوانباران بدەنە دادگا. هەڵبژاردنێکی بێ تەزویر بکەن.
ئەی فوئاد مەعسومەکەی ئەوان نەبوو دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق داوای دەکرد بێن بەهانایانەوەو لەدەست ئێوەی گێرەشێوێن رزگاریان بکەن. ئەوە خۆیانن خەڵک بانگ دەکەن و ئەزمونەکە دەخەنە خەتەرەوە نەک ئێوە.
بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکەتان فشاریان زۆر لەسەرە. کۆڵ مەدەن. فشاری ئێوەو فشاری دەرەوە و دنیا ڕسوایان دەکات. دەیان بەزێنێت.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە