کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێزی چەکداری دژی گەل یان دژی تیرۆر

Wednesday, 23/02/2011, 12:00



خۆپیشاندەران نابێت ڕێگە بدەن بە هیچ چەکدارێک، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت کە شوناس و پێناسەکەی بە سنگەوە هەڵنەواسرابێت لێیان نزیک بێتەوە.
خۆپیشاندەران نابێت بهێڵن هیچ چەکدارێک کە روخساری دیار نیە، و بە کلێتە یان ماسک ڕوی داپۆشراوە لێیان نزیک بێتەوە.
خۆپیشاندەران دەبێت داوابکەن بەرپرسی هەر گروپێکی چەکدار کە لێیان نزیک دەبێتەوە بەڵگەی ڕێگەپێدراوی دادگای پێبێ.
خۆپیشاندەران دەبێت ئاگاداربکرێنەوە لە نیاز و مەبەستی هەر چەکدارێک کە لێیان نزیک دەبێتەوە.
هیچ چەکدارێک نابێت بە بەرگی مەدەنیەوە بچێتە ناویانەوە یان لێیان نزیک بێتەوە.
خۆپیشاندەران مافی خۆیانە لە حاڵەتێکی جیاواز لەمانە تورە ببن و داوای جێهێشتنی ئەو شوێنانەیان لێبکەن کە لێی کۆدەبنەوە.
ئاکامی هەر بەگژ یەکدا چونێکیش لە ئەستۆی چەکدارەکانە.

بۆ کلێتە بەسەرەکان:

ئێوە دەبێت باش بزانن کە ئامادەبونتان بە تەپلەکانتانەوە تەنیا بۆ یەک شتە، ئەویش وروژاندن و کوشتنی خۆپیشاندەرانە.
ئێوە هیچ جۆرە یاسایەک ڕێگەتان نادات لە خۆپیشاندەران نزیک ببنەوە.
ئێوە تەنیا و تەنیا لێگۆن، بەکرێگیراوی مەسولەکان و یاساکانی جەنگ ناتان گرێتەوە.
گەر دەتانەوێت لە ئایندەدا خراپتان بەسەرنەیەت ئەوا ئەبێت ماسکەکانتان فڕێ دەن هەر کە ویستتان یان ئەمرتان پێبو لە خۆپیشاندەران نزیک ببنەوە.

بۆ پێشمەرگە دێرینەکان:
ئێوە پێشمەرگەی میللەت بون نەکو ئاغاکانی سیاسەت، ئێوە پاڵەوانی رابوردون نەکو سوغرەکێشی ئەمڕۆی ئالی مەسعدو تاڵەبان. ئێوە تاپۆی ئەمرۆی شۆڕشگێڕیتان پێ نیە.
گەر دەتانەوێت شکۆی بەشداری و فەخری شۆڕشگێریتان نوێ بکەنەوە، لەگەڵ لاوە خوێن گەرمەکانی ئەمرۆ، خانە سەرەتاییەکانی ویژدان، و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دروست بکەنەوە.
هەمو بڵێن نا بۆ گەندەڵی، بەڵێ بۆ داوای لاوان.
گەر دەتانەوێ،
رابوردوتان دەستلەملانی داوای رەوای گەنجانی ئەمرۆ بێ، و لە گەڵ ئەوان مێژویەکی نوێ بۆ خۆتان بنوسنەوە، گوێ لە بازرگانەکانی جەنگ مەگرن.
هەتا زووە برۆن بۆ سەرا و
لەبری ئێمەش ماچیان بکەن، و لە بزە و خولیا و روحی پاکیان تێرمان کەن.

ڕونکرنەوەیەک بۆ چەکدارانی دژی تیرۆر:
تیرۆر ئەوە نیە خۆپیشاندەران دەیکەن و داوای دەکەن.
کاری ئێوە ئەوە نیە ئەوان بگرن و شەهیدیان کەن.
ئێوە شەرعیەتی یاسایی ئەوەتان نیە هەر لێشیان نزیک ببنەوە.
بۆیە ئاگادارتان دەکەینەوە، بە قسەی قوباد و بەرپرسەکانتان مەکەن و برۆنەوە ماڵی خۆتان.
پێمان وتن، دوایی مەڵێن کەس نەبوو پێمان بڵێ.
ئێوە گەر دژی تیرۆرن جێگەتان ئێرە نیە، تیرۆر لە ناو خۆپیشاندەران و داواکانیاندا جێگەی نیە.
برۆنەوە بۆ ماڵەکانتان تاکو زووە.

بۆ خۆپیشاندەران:

سڵاوی بەرزی شۆڕشگێڕیتان لێبێت ئەی گەنجانی پێشمەرگە،
وڵات و گەل چاویان لە دەست و هیمەتی ئێوەیە،
سارد مەبنەوە.
خۆڕاگریتان پشوی کوێخاکانی دیوەخان دەپسێنێ، و
زو یان درەنگ کورسیەکانیان پێ جێ دێڵێ.
بەردەوام بن، بێزار مەبن، رۆژی ئێوە زۆر دور نیە.

بەردەوام بن و کۆڵ مەدەن، داواکانی سەرەتاتان، بە داوا تازەکان لە بیر مەکەن،
سەرکەوتن هەر بۆ ئێوەیە،
کۆڵدان و ڕوڕەشیش بۆ پیرەمێردەکانی دیوەخان و پارە و موجامەلەو کۆشک و تەلار و درۆیە.
دروشمی یەکەم و کۆتایی ئێوە وازهێنانی بنەماڵەکان و
حوکمی خێڵە.
لە بیرتان بێت!


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە