ئەمڕٶ دوێنێ نیە!
Friday, 25/02/2011, 12:00
چاودێر
بەرپرسیارەتی هەرە گەورە لە ئەستۆی کێدایە لە ئاستی گوزەرکردنی ڕوداو و پێشهاتەکاندا، ئەمە پرسیارێکە کە دەبێت دوبارەو چەند بارە لە خۆمانی بکەینەوە.
لە خێراترین و ئاسانترین شێوەیدا گەر لە دەسەڵات بپرسین دەڵێت بێگومان لەئەستۆی ئەوانەدایە کە بارەکەیان شێواند، واتە ڕاپەڕیوەکان. ئۆپۆزسیۆنیش لەلای خۆیەوە پەنجەی ئاماژە بۆ دەسەڵات درێژ دەکات.
ئەو سیناریۆ و کێشانەی ئەمڕۆ هاتۆتە گۆڕێ زۆر بە ئاسانی تێدەپەڕێندرا گەر دەسەڵات دوێنێ، واتە پێش تەقینەوەکان، گوێی لە خواستی شەقام بگرتایە.
ئێستاش وا دێتە پێش چاو کە دەسەڵات لە خۆیدا لەت بوەو کار بە ڕێککەوتنە ستراتیژیەکە ناکرێت، ئەمە گەر متمانە بەو هەڕەشانەی پارتی لە یەکێتی و لایەنەکانی تری کردوە بکەین، و ئاماژە بەو کۆبونەوەیەی نێوان گۆڕان و یەکێتی بکەین.
دەشێت بوترێت کە، مرۆڤ مەرگی خۆی دەخوازێت بەڵام حەز ناکات بزانێت کەی دەمرێت، بۆی هەیە گریمانەیەک بێت لەم چرکە ساتەدا بەکارهێنانی گونجاو بێت. ئێمە زوو گوتمان و پەنجەمان خستە سەر هەندێ لە پێشهاتەکان، لەوانە کە هەوڵێک هەیە بۆ لێک جیاکردنەوەی هەولێر و سلێمانی و ئەوەش بە پێی ڕێک کەوتنێکی ژێر بەژێر لە نێوان پارتی و یەکێتی دا، حەزیشمان دەکرد وادەرنەچێت، و زوو گوێیان لە شەقام بگرتایەو هەر سێ سەرۆکایەتیەکە دانیشتنایە و وازیان لە کورسیەکانیان بهێنایە.
ئەمڕۆ کە یەکێتی پەنا بۆ گۆڕان دەبات پێدەچێت ڕوکەش وا دەرکەوێت کە بە ڕاستی نێوانی یەکێتی و پارتی تێکچوە. وەکو هەندێک لایەنیش بۆی دەچن ئەوا پارتی هەست بە مەترسیەکی گەورە لەسەر بونی خۆی دەکات، واتە هەمان گومانی زووی خۆی لا ئەکتیڤ بۆتەوە کە بونی لە مەترسی فەوتاندایە و هەموشمان دەزانین پارتی لە وەزعێکی وادا ئامادەیە چی بکات و پەنا بۆ چی بەرێت. بۆیە ئەو پەلەقاژەیەی پێوەی دیارە و لە هەولێر خەریکیەتی دەیەوێت پەنا بۆ شێوە ٣١ ی ئابێکی تر بەرێت بەڵام لە شێوەیەکی نوێ و فۆرمێکی تازەدا.
هەمومان دەزانین کە میژو دەقاودەق خۆی دوبارە ناکاتەوە، گەر خۆشی دوبارە کردەوە ئەوا وەکو مەخسەرەی لێ دێت. واتە گەر پارتی ئەمجارە کارێکی لەو جۆرە بکات دەبێت بە سینەمای عالەم.
کەواتە ئێستە چ باسە:
یەکێتی پەنای بۆ گۆڕان بردوەو بە هەمو شت ڕازیە. بە هەموی نا بەڵکو بە بەشێكی زۆری.
پارتی خەریکە دەچێتەوە قاوغە کۆنەکەی خۆی لە هەولێر و بەڵام لە هەل و مەرجێکی زۆر جیاوازدا و بەرگەکەی تەسک بۆتەوە.
عەرەبەکان بەڕێوەن بەرەو کەرکوک و دەیانەوێت داگیری بکەن.
دنیاش هەموی چاوی لە سەر عێراق بە گشتی و کوردستانە بە تایبەتی.
با بڵێین ئێمە هەڵە بوین و ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێر لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نیە و نەبووە بۆ لێکدابڕاندنەکە، بەڵام خۆ لە پراکتیکدا ئەگەر لە بێ متمانەیی پارتیش بێت بە یەکێتی ئەوا خەریکە هەولێر دادەبڕێت و سلێمانی بۆ حاڵی خۆی بەجێدێڵێت. کەواتە سەدی پەنجای بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیە دەشکێنەوە.
لەو بۆ چونەی زوشمان دەستبەردار نابین، جارێ زوە و جێی دەهێڵین بۆ رۆژانی داهاتوو.
عەرەبەکان بە هەر هاندەرێک هاتبنە پێشەوەو نیازی گرتنی هەولێریشیان هەبێت ئەوە دەبێت پارتی و یەکێتی کە چەکەکانیان لایە بچن چارەسەری بکەن. ئەمە لە کاتێکدا گەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوان پارتی و یەکێتی لە لایەک، و عەرەبەکان لە لاکەی ترەوە، نەبێت بۆ ئەو هاتنە پێشەوەو هێرشکردنە کە بۆ سەر کەرکوکە، بە مەبەستی فشار خستنە سەر شەقامی کوردی و خامۆشکردنەوەی ڕاپەڕینەکەی و بە کوشتدانی لاوەکان لە شەڕێکی لەو جۆرەدا نەبێت.
پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بە شەڕێکی لەو جۆرە بمان بەنەوە دوێنێ و هەل و مەرجە ڕاپەڕیوەکەی ئەمرۆ لەباربەرن و دوبارە ببنەوە بە خودی جارانیان.
مییلەت دەبێت هوشیار بێت و ئەو شەڕەیان بۆ نەکات. ئەوە شەڕی خۆیانە و با خۆیان بیکەن. لەسەر ئەم قسەیە دڵنیام دنیا دیننە خوارەوەو بە خائینمان دادەنێن، بەڵام ئەوان زۆر لەوە نابوتترن کە لە مەودوا بە میللەت بڵێن خائین.
کەرکوک هەر بەناو داگیر نەکراوە ئەگینا بە روح و لە مەسەلەی چارەسەرکردنی کێشەکەیدا یەکێتی و پارتی دەمێکە تەسلیمیان کردوە.
ئەمرۆ دوێنێ نیەو پارتی و یەکێتیش ئەو پارتی و یەکێتیەی دوێنێ نین. دوێنێ گەر فڵانێک بیوتایە پێشمەرگە میلیشیایە ئەوا شاربەدەریان دەکرد، ئەمڕۆ خۆیان پەلە قاژەیانە بیبەنەوە دۆخی پێش میلیشیایەتیەکەشی.
ئەی ئۆپۆسزیۆن و ڕێککەوتنی لە گەڵ یەکێتیدا؟
بۆ ئەو مەسەلەیەش ئەمڕۆ دوێنێ نیە، ئێمە هەمان متمانەمان بە ئۆپۆسزیۆنیش نیە و ئەوەمان لەبیرە بە هوتاف و وشەی باق و بریق گەنجەکانیان هان دەدا و کەچی لە چرکەساتی گوللە بەسنگەوە نانیاندا پێیان وتن گێرەشێوێن و هەوڵیان دا کەوڵەکەی خۆیان دەربازکەن.
ئەمرۆ دوێنێ نیەو پێشهاتەکان هەرچیەک بن شەقام لە داواکانی خۆیان مسقاڵێک نایەنە خوارەوە. نایانەوێت و ناتوانن بەشداری لە گەمەکانیاندا بکەن گەر بەزوترین کات واز لە سەرۆکایەتی حکومەت نە هێنن و بەرهەم نەدرێت بە دادگا، و لە هەولێریش پارتی و مەسعود با باش بزانن کە میللەت ڕێگەی ٣١ ی ئابێکی تریان نادات و دەبیت دەست لە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان هەڵگرن.
هەستیش دەکەین خواخوایانە لایەنەکان لە پەرلەمان دەرکەن و ئینقلابێک بکەن لە چەشنەکەی ٣١ ئاب. کابینەی حەوتی پارتیە پێشرەوەکەیانو سەرۆکە خەڵەفاوەکەیان بسەپێننەوە.
زۆر هەڵەن.
شەقامی کوردی ڕازی نابێت بە دابەشکردنی کوردستان و کردنی بە دیناستی مەسعود و جەلال.
شەقامی کوردی بەشدارنابێت لە شەڕێکدا ئێوە بۆی بنێنەوە یان بەهۆی لاساریتانەوە یەخەتان بگرێت. ئێوە ئەمرۆ پارێزەری کوردستان نین، ئێوە بکوژی رێژوان و سورکێو و شێرزادن. ئەو تەعدایەی ئێوە لە داگیرکردنی کەرکوک کەمتر نیە، چونکە گەر بۆتان بچوایەتە سەر هەمو کوردتان بۆ بەرژەوەنی و مانەوەی خۆتان دەکوشت.
گەر ئێوە لە شەڕی عەرەبەکاندا بەزین ئەوا میللەت خۆی خاکی خۆی بە بێ ئێوە ڕزگاردەکاتەوەو ئامانجەکانی بەدی دێنێت. ئەمڕٶ گەنجەکانمان هەموی پێشمەرگەن.
ئەمڕۆ تازە دوێنێ نیە پارتی ئیبراهیم خەلیل داگیر کات و باڵ بابدات بەسەرمانا، ٣١ ی ئاب نیە چل هەزار سەربازی بەعس بهینێت و هەولێر داگیربکات. شەرعیەتیشی لا نیە پەرلەمان قۆرخ بکات.
مەسعودیش گەر ٥٠ هەزار دەنگی پێویستە واز بهینێت ئەوە ئاگای لە دنیا نیە، چونکە هەر لە سلێمانی زیاتر لە ١٠٠ هەزاری بۆ کۆدەکەینەوە.
کەواتە بەرپرسیارەتیەکە لە ئەستۆی کێیە؟ بێگومان لە ئەستۆی یەکیتی و پارتیە، و لە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆنە.
باشترین کارێکیش شەقام پێی هەستێت ئەوەیە بەردەوام بێت، و لەسەر داواکانی خۆی سور بێت. جوگرافیای خۆپیشاندانەکان فراوانتر بکات، و هەولێریش بەرەنگاربونەوەکەی خۆی ئەنجام بدات. لە سلێمانی ئەو بەرەنگاربونەوەیە بە گوڵ نەبو، و گەنجانی ئەوێش لە گوللە نەرمتر نەبو ئەوەی سنگیان خستە بەری.
دە رابن ئەی هەولێر پێش ئەوەی درەنگە.
پارتی شێرە بەفرینەیەو، لە چەکەکانیان مەترسن. ئەگینا سبەینێش ئەمرۆ نیە و درەنگە.
چاوی جیهان و دنیای دەریشەوە بەجێ بهێڵن بۆ ئێمە.
ئەوەی شەقامیشە کاتی ئەوە هاتووە خۆیان ڕێک بخەن و ئامادە بن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە کە زۆر دورنیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست