بەیانەکەی حاکم قادر و هەڵوێستەیەک
Sunday, 27/02/2011, 12:00
حاکم قادر "ڕونکردنەوەیەک" دەردەکات سەرلەبەری تاریککردن و پەردەپۆشکردنی کوشتارەکەی دوێنێ ٢٦ ی شوباتە.
ئەم ڕونکردنەوەیە ئیمزای کەسی لەسەر نیە، تەنیا لەژێریدا نوسراوە عەمیدی ئاسایش، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی. بەیانێکی لەرزۆکی ترسنۆکانە وەکو قسەکانی جەلال و مەسعودی هەڵهاتوو.
کاتێک ناوبەینی دێرەکان، ئەوەی کە نە نوسراوە، دەخوێنینەوە ئەوسا لە بەیانەکە تێدەگەین.
ئەم بەیانە هیچی لەوەی کوێخا مەسعودت زیاتر تێدا نیە، ئەو مەسعودەی لێمان بوە بە جانگۆ. تەنیا تێکەڵ و پێکەڵکردنی زاراوەکان و سەرلێشێواندن نەبێت. هیچی تیا نیە لەبارەی ئەنجامدەری دەستدرێژیەکەو هێرشەکە بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکە.
دەنوسێت:
١) " کاتژمێر 3:50 دەقیقەی سەر لە ئێوارە لەپشت سەکۆی ئازاد کە دانراوە بۆ ووتار خوێندنەوەی هاوڵاتیان بۆمبێکی دەنگی تەقیەوە. کە جێگەی گومانی ئەوەیە کە دەستێکی لە پشتەوە بێت بۆ تێکدانی ڕەوشەکە.
تێبینی لە سەر هەندێک زاراوەو خاڵ:
دان بەوەدا دەنێن کە ئەوێ سەکۆی ئازادە. بەیانەکە دەڵێت ئەو سەکۆیە دانراوە، ئێمەش دەڵێین بە خوێن و قوربانیدان ئازادکراوە. ئاسایشەکەی قالە قۆزەرەقیی، کە دڵنیام قۆزەرەقیە بەشەرەفەکان ئێستە لە ریزی جەماوەردان، گومانی هەیە دەستێکی لە پشتەوە بێت، ئەی خۆ فریشتەکان بە دیاری نەیان هێناوە بۆ شۆڕشگێرەکان. ئێمەش دەزانین دەستێک دایناوە و ئەو دەستەش ئێوەن. نەک ئەو رۆژە بەڵکو چەند رۆژێکە خۆتان داتان ناوە. سەرەتا دەتانویست و هیواداربون راپەرینەکە خامۆش بێتەوەو ئەوەندەی تر سیمای خۆتان ناشرین نەکەن، بەڵام کە زانیتان لە هەمولایەکەوە خەڵک هەستاوەو فشارەکانی سەرتان زیاد دەکات، بەتایبەتی کە ئەنجومەنی شارەوانی هاتنە پاڵ شۆڕشگێرەکان ئەوسا تەقاندتانەوە. تا پەیامەکەی نێچیر بیکڕێنە و جەلەی ئاغات رونتر و کاریگەرتر بگەیەنیتە شۆڕشگێرەکان.
لەسەری دەڕۆێت و دەڵێیت ئەوە بۆ تێکدانی ڕەوشەکە بوە. کام ڕەوشە؟ هێشتا ڕەوشەکە تێکنەچوە، ڕەوشەکە ئەو ڕۆژە تێکچو کە لەبەر دەمی لق پارتی هاوسەنگەرتان خەڵکیتان قەتلوعام کردو بە چەکەکانی دەستانەوە کە هی میللەتە، وەستابون و سەیرتان دەکرد و دەستخۆشیتان دەکرد.
٢)"کچێک ئاڕاستەی خەڵکەکەی گۆڕی بەرەو ڕووی ئەو هێزانەی لەو گۆڕەپانەدا بوون بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران...، تەقەی لێکەوتەوە."
دەڵێیت کچێک، لای ئێمە هەمو ئەوانەی لەوێن و راپەریون شۆڕشگێرن، بە کچ و کوڕ و پیرو گەنجەوە. دەڵێیت کچێک، چونکە دەزانیت ئەوا کچان و ژنانیش خەریکن وردە وردە دێنە ڕیزی راپەڕینەوە، دەتەوێت ئنجا ژنان و کچان تاوانبارکەیت.
جارێ ئەوەی ئاڕاستەی خەڵکەکەی گۆڕیوە کچێک نەبوە، ئەوە بۆمبێک بوە کە خۆتان پێشتر لە گڵەکەدا ناشتبوتان. ئەو بۆمبە تەوقیت کراو بوە. بێگومان خەڵکەکە رادەکەن. ئەوانیش کە دەوریان بە هێزەکان گیراوە خۆ بە سەربانەکاندا هەڵناگەڕێن، هەر دەبێت روبکەنە ئەو ئاڕاستەیەی هێزەکانی ئێوە گرتویانە.
ئەی بۆ تەقەتان کرد، خۆ وەزیری چەکدارەکانتان هەفتەیەک باسی گوڵی دەمی لولەی تفەنگەکانی کرد.
یان بە غەیری ئەو تفەنگە لولەگیراوانە، لە باخەڵی پاراستن و ئاسایشە سیڤیلپۆشەکانتانا چەکی لولە نەگیراوی تیا بو بۆ وەختی هێرشەکەتان.
٣) " داواکارین کە هاوڵاتیانی بەشەرەفی شارە خۆشەویستەکەمان کە کۆتایی بەم کۆبوونەوانە بهێنن، چونکە ئەوەی پەیوەستە بە پەیامەکانیانەوە گەیشتووە بە دەسەڵات وە کاری جدی لەسەر دەکرێت."
تۆش بە خۆتان دەڵێیت دەسەڵات، ئەزانی دەسەڵات یانی چی؟ یانی دوژمنی میللەت.
بە هەموجۆرێک دەتانەوێت کۆتایی بە ڕاپەڕینەکە بهێنن. دەڵێیت کۆبوونەوە، گرنگ نیە، ناوی دەنێیت چی بینێ. ناویشی نەنێیت ئەوە شۆڕشە و هەر لە گۆڕتان دەنێت. خەڵکی کۆتایی بە کۆبونەوەکانیان ناهێنن. نەک بە داواو لێکوشتنی تۆ و پاراستن لێیان، بە هیچ جۆرێک کۆڵنادەن.
کە ئەنجومەن هاتە ڕیزەوە ترسان ئەندامانی پەرلەمان و حکومەتیش بێن بۆیە بە هەمو جۆرێک نیازتان وایە کۆتایی بە راپەرینەکە بێنن و دای مرکێننەوە. ئەوەی دوینێ کردتان نەک داینامرکێنێتەوە، بەڵکو خەڵکەکە سورتر دەکات لە بەردەوام بون تا سەرکەوتن. ئەگەرەکانی دەستی شۆڕشیش زۆرن.
دەڵێیت پەیامەکە گەیشتوە و کاری جدی لەسەر دەکرێت، ئێمەش دەزانین. ئەوە نیە مەسعودی کاکت هەڕەشە دەکات کە کەمینە، کە گۆڕانە، شاربەدەربکات. ئەو عەدنانی بۆدەرنەکرا، ئێستە دەیەوێت میللەت و گۆڕانیش هەمویان دەربکات. کوردستان بکات بە چۆڵەوانی، و خۆی و ئێوە وەکو بایەقوش تیا بخوێنن.
ئێوە کۆڵبدەن!
کاریی جدی زۆرتان لەسەر داواکانی خەڵک کردوەو دەیکەن، ئەوە نیە ڕۆڵەکانیان بەبەرچاوی عالەمەوە سەردەبڕن.
٥) "با دەستی ئاژاوەگێڕی و دوژمن نەگاتە ناو ئێوەی خۆشەویست و کارەساتی خراپتری لێ نەکەوێتەوە. ئەو کات بە هیچ لایەک چارەسەر ناکرێت."
دەستی ئاژاوە گێری گەیشتوەتە سەرمان، دەستی ئێوەی ئاژاوەگێڕی هەر لە یەکەم چرکەساتەوە لە سەرمان بووە.
دوژمن هەر ئێوەن و کەسی تر نیە بیپەرژێ. ئەوانەی تۆ ناویان بە دوژم دەبەیت هەمویان وەکو تۆ خەریکی دەردیسەری خۆیانن فریای ئێمە ناکەون.
ئێوە برۆن و لەگەڵ مەسعود و جەلال، ئێمە خۆمان چارەسەری هەموو شت دەکەین.
بەیاننامە دەرمەکەو هەڕەشەی بێسەروبەر مەکە، چیتان لە دەست دێت بیکەن، ناتوانن هیچمان لێ بشارنەوە.
باباسی نامۆی برازات نەکەم کە پیاوەکانت لە حەوشەکەدا ڕەمییان کرد. تۆ خزمەکانی خۆشت دژتن.
بەڵێنمان دەدەیتێ کە هەمیشە لە پاراستنی گەلەکەماندا درێغی نەکەیت. ئەی باشە دوێنێ بۆ نەت پاراستین گەر خۆت نەبویت؟
ئێمە پێویستمان بە تۆ نیە بمان پارێزی. تۆ مەمان کوژە پاراستنمان ناوێت.
ئەی سیخوڕە خوێنڕێژەکەتان چی لێکرد کە خەڵک دایە دەستان، بۆ باسی ناکەیت. ئەوەی تەقەی لە خەڵکەکە کرد و یەکێکی شەهید کرد؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست