سیاسییەکان لەکوێیەوە هاتوون؟
Tuesday, 16/04/2013, 12:00
سەرەتا و دەستپێک بۆ دروستکردنى تاکێکى تەندروست لە هەر کۆمەڵگەیەک دا لە خێزانەوە دەستپێدەکات، بۆیە خێزان وەک یەکەمین فێرگەى پێگەیاندنى تاک ناسراوە، خێزان کاریگەرییەکى بەرچاوى دەبێت لە پێگەیاندنى تاکێکى تەندروست دا، دواى ئەوە فێرگە دێت، وەک دامەزراوەیەکى یاسایى و حکومى کە ئەم دامەزراوەیەش دیسان ڕۆڵى دەبێت لە پێگەیاندنى تاک بۆ ناو کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش ئەو شوێنەیە کە تاک ڕۆڵ دەبینێت تێیدا و تاک ڕۆڵێکى کاریگەر دەبینێت لە بەرەو پێشچوونى ئەو کۆمەڵگەیەى کە تێیدا دەژى ئەگەر ئەم تاکە لە خێزان و لە فێرگە بەشێوەیەکى زۆرباش ئامادەکرابێت.
بۆیە لێرەدا بەپلەى یەکەم سیستەمى پەروەردە کاریگەرییەکى زۆر زۆر گەورەى دەبێت بۆ پێگەیاندن و دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى ڕۆشنبیر و پێشکەوتوو لە هەموو بوارەکان دا، کەواتە لێرەدا ئەگەینە ئەو بڕیارەى کە سیستەمى پەروەردەى ئەم هەرێمەى ئێمەش سیستەمێکى سەقەتە، بە بڕواى من سیستەمى پەروەردەى هەر وڵاتێک لاواز و سەقەت بوو ئەو کرێکارى ئەو وڵاتەش سەقەت و لاواز دەبێت.
کەواتە سیاسییەکانى ئەم هەرێمەى ئێمەش بە سیستەمێکى زۆر سەقەت و لاوازى پەروەردە بە هەموو واتاکانییەوە پێگەیەنراون، بۆیە درێژەپێدەرى هەمان سیستەمن لەبەر بەرژەوەندى ڕاستەوخۆى خۆیان، بۆیە نایانەوێت سیستەمى پەروەردەى باشى پەروەردەى ڕێک و پێک بهێننە کایەوە، بۆ ئەوەى شوێنى خۆیان خۆشتر بێت و بۆ نەوە و بنەماڵەکانیان بمێنێتەوە، ئەگەر وانەکەن نامێننەوە چونکە ئەگەر کار لەسەر دروستکردنى سیستەمى پەروەردەیەکى باشیان بکردایە بەدڵنیاییەوە تاکێکى باش و تەندروست و ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و هۆشیار لە هەموو بوارەکان کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى دا پەیدا دەبوو کە ڕێگەى نەدەدا بەمشێوەیە سیستەمى حکومڕانى و سیاسى بەمشێوە بۆگەنەى ئێستا تێپەڕێت.
بۆیە لێرەدا ئەگەینە ئەوەى کە بڵێین بە تەنها بیرکردنەوە لە درێژکردنەوەى وادەى سەرۆکایەتى هەرێم شەرمە و کارێکە دژ بە دەستوور و سیستەمى دیموکراسى لە هەرێم دا خیانەتێکى گەورەیە لە دانیشتوانى هەرێم بە گشتى وەک ئەو خیانەتە یەک لە دواى یەکانەى کە کراون لە مێژوودا.
زۆر شەرمە بۆ سیاسییەکانى ئەم هەرێمە بەتایبەت پارتى و یەکێتى، بەتایبەتیتر پارتى، ئەگەر بێتو ئەم وادەى سەرۆکایەتییە درێژ بکەنەوە یان بۆ جارێکى تر سەرۆکى هەرێم خۆى کاندید بکاتەوە، یەکێک نەزانێ لە ساڵى 1991ەوە دەسەڵاتى کوردى و سیاسییەکانى کوردستان بەتایبەت دوو پارتى دەسەڵاتدار کارى زۆر باشیان کردووە هەتا دانیشتوانى هەرێمى کوردستان وەک دانیشتوانى وڵاتى بەڕازیل داواى درێژکردنەوەى وادەى سەرۆکایەتى هەرێم بکەن، نازانم من نەمدیوە لە هیچ وڵاتێکى دیموکراسییدا سەرۆک خۆى داواى درێژکردنەوەى وادەى دەسەڵاتدارێتى خۆى بکات، دەبوو بەڕێزیان ئەوەندە حەزیان بە سەرۆکایەتى و کورسى ئەکرد، پێشتر و ڕابردوویان لەکارى باشدا بەسەر بردایە و کەمێک دووربین بونایە هەتا دانیشتوانى هەرێمیش وەک دانیشتوانى وڵاتى بەڕازیل داواى درێژکردنەوەى وادەى سەرۆکایەتیان بکردایە نەک خۆى داواى بکات، تەنها چاولێکردن لە سەرۆکى وڵاتى بەڕازیل بەسە بۆ ئەم سیاسییانەى کە واز لە هەموو شتێک بهێنن و بچنەوە ماڵەوە دانیشن، ئەگەر خۆیان بانگەشەى دیموکراسى و ئازادى ڕادەربڕین ئەکەن، بەڵام ئەگەر لە ژێر ناوى دیموکراسى دا بە نیازبن دەسەڵاتێک و حوکمى دیکتاتۆرى جێبەجێ بکەن کە تا ئێستا بەم شێوەیە بەسەریان بردووە ئەوا لەم سەردەمەدا چیدى بۆیان ناچێتەسەر چونکە تاکێک و نوخبەیەکى چاوکراوە و هۆشیار پەیدابووە، ئیتر بڕوا بەم دەمامکانە ناکەن کە سیاسییەکانى ئەم هەرێمى چەندین ساڵە بەم دەمامکانەوە دەژین، جا باسى مێژووش بوەستێ، کە هەر کاتێک بۆخۆى باش شارەزاى مێژووى ئەم دەسەڵات و حکومەتەیە بۆیە باسکردنى مێژوو دەبێتە شتێکى دوبارە و سەرۆکى هەرێم دەبوو بەو دەرزى و دەرمانەى کە خەریک بوو ژمارەیەک لە دانیشتووانى هەرێمەکەى بیناییان لەدەست بدەن، دەبوو هەر ئەو کاتە دەستى لە کار بکێشایەتەوە، نەک ئەم داوایە کە داوایەکە نەوەکانى داهاتوو بەهۆیەوە زیاتر زەرەرمەندتر دەبن، لەکۆتاییدا ئەم وتەیەتان بەبیر دێنمەوە کە نازانم هى کێیە، دەڵێت: لە ژێر ئاسمانى ئەم نیشتمانەدا تەنها مەرگ بە یەکسانى دابەش ئەکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست