ئێوە باسى چى دەكەن ؟ دەزانن دوایى هاتنى وەزیرى تەندروستى بۆ ڕانیە كارەسات كەوتۆتەوە ؟
Sunday, 13/05/2012, 12:00
حەزرەتى خەیام دەفەرمووێ ...
ڕۆژ گەورەیە ، چۆن بەتۆپە قوڕ وەیشێرم
زانام بەگەلێ نهێنى ، خۆ دەبوێرم
ماوەیەكە لەم سایتە بەڕێزەى كوردستانپۆست باسى گەندەڵى و كەم كوڕیەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەكرێت بەداخەوە لەجیاتى چارەسەرو دەست دانان لەسەر برینەكان خەریكە چەند كەسێك ئەمە بەلایەكى تردا بەن دەیانەوێت دیمەنێكى وا لاى ستافى بەڕێزى كوردستانپۆست دروست بكەن كەئەم نووسینانە كۆنە ڕقى شەخسیە بەمە كەموكوڕى و گەندەڵیەكان بشارنەوە . بەچاك پێویستمزانى وەك كارمەندێكى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە برایانى بەڕێزى كوردستانپۆست و خوێنەران و لایەنى پەیوەندیدار دڵنیا بكەمەوە كەبەڵێ گەندەڵى و كەموكوڕى هەیە هەر ئەمە بەسە پرسیار بكەین و بڵێین بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە لەسەر چ ئەساسێك دانراوە ؟ بەشایەدى هەموو خەڵكى ڕانیەو بیتوێن بەڕێوبەرى نەخۆشخانەى ڕانیە بوو لادرا ئەى خێرە ئێستا بەڕێوبەرایەتیەكى خراوەتە بەردەست ؟ مەسەلەكە ڕوون و ئاشكرایە حزب دایناوە ؟ لەسەر ئەساسى كەفائەو خزمەت دانەنراوە هەر ئەمەشە وادەكات لەئاست تەداخولات و كەموكوڕیەكان بێ دەنگ بێت . دەپرسین ئایا لەهەڵبژاردنى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى توانى بێ لایەن بێت ؟ نەخێر نەیتووانى ، كەسێك گۆڕان بێت و كارمەندى تەندروستى بێت لێپسراویەتى دەداتێ ؟ بێگومان نایداتێ ، خانوو شوقەو نەخۆشخانەیەك حزب داگیرى كردووە دەتوانێت داواى وەرگرتنەوەى بكات ؟ نەخێر ناتوانێ ، كوردستانپۆست بڵێت زانیاریمان بدەیێ لەسەر ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایى لەسەر ئەم بەڕێوبەرایتیە ئامادەیە بیدات ، نەخێر نایدات ، ئامادەیە لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنووسى بیڵێ ؟ نەخێر نایڵێ ؟ كارمەندى حزبى هەیە بەئاشكرا دەوام ناكات و دەرماڵەش وەردەگرێت داتوانێت ئیجرائات بكات ؟ نەخێر ناتوانێ ؟ ئەى من ئومێدى چیم بەو بەڕێوبەرە گشتیە بێت ؟ بۆیە بەو بەڕێزانە دەڵێم بابتەكان تێكەڵى یەكتر مەكەن دڵنیابن ئەوانەى دەنووسن هەموویان دزنین و دزنەبوون بەڕێوبەرى گشتى ئێستاى تەندروستى ڕانیەو ستافەكەشى فریشتە نین ، بەڕێوبەرى پێشوو كارى باشى كردووە كۆمەڵێك هەڵەو گەندەڵى هەبووە ئەوەى ئێستاش كارى باشى كردووە دەیان ناعەدالەتى و كەموكوڕیشى هەیە بەئاشكرا دەستى ئاوەڵا كردووە حزب و مەڵبەند تەداخول بكەن دانانى بەڕێوبەرى كارگێرى نەخۆشخانەى ڕانیە زیندووترین و تازەترین نمونەیە لەهەموو پەیجە ناسراوەكانى ڕانیە لەفەیسبووك باسكرا دەبێ ناڕاستى ئەمە لەكوێ دابێت ؟ كارمەندێك دێت ئەمە بەهەواڵ دەگەیەنێت بەكوردستانپۆست و پەیجەكانى فەیسبووك بۆ دەیكەن بەدز ؟ ئەوەى دەیگەنێت دزە بەڵام ئەوەى بەم كارە نایاسایە هەڵساوە فریشتەیە !! ئەمە خۆدزینەوەیە لەڕاستیەكان ئەمە خۆڵكردنە چاوى كارمەندانە ؟ ئەوە چى بوو ئەو خەڵكە هەمووى هەر لەبەرژەوەندى درا ؟ هەمووى هەر دز بوو ؟ ئەى بەڕێوبەرێك كەدەزانێت ئەو هەموو كارمەندە ناحەزەى هەیە بۆ دەست لەكارناكێشێتەوە ؟ ئیدارەدان بەڕق و تۆمەت و سسزا ناڕوات بەڕێوە بەپیلان و پرس و ڕا دەڕوات بەڕێوە ؟ بێ گەڕانەوە بۆ پرس وڕاى 400 كارمەند كەسێك مەڵبەند بەزۆر هێناویەتى و دایناوە دەڵێن با ئەمە وانەبێت بۆ دەبێت باسكردنى خراپ و بڤە بێت ؟ ئەمە بێ دەسەڵاتى و بێ جورئەتى بەڕێوبەرى گشتى و ستافەكەى دەردەخا لەگەڵ دەیان نمونەى ترى لەم جۆرە .
لەم مینبەرە پیرۆزەوە لەم سەكۆ ئازادوە بەجێگرى بەڕێوبەرى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵبوونى ڕانیە دەڵێم ئەوەى تۆ باسى دەكەى ئەو هەموو دزى و گەندەڵیەیى هەبووە كەس ڕێگاى نەگرتووە لەجەنابت و ئەو مودیر عامە ئەو دۆسیانە بدەن بەدادگاو داواكارى گشتى ؟ ئەوەیە كێشەوگرفتى سیستەمەكە باش باش پەردەت هەڵماڵیوە لەسەر ڕاستیەكان ؟ یانى ئێوەش دەزانن دزى و گەندەڵى هەیەو هەبووە كێ ڕێگاى گرتووە ئەوانە بدەن بەداگا ؟ یان بەم قسانەو تێكەڵكردنى بابەتەكان دەتانەوێت هەموو ئەو قەڵەم و ڕەنگ و زمانە جوانانە بێ دەنگ بكەن كەباس لەگەندەڵى و خراپى سیستەمى تەندروستى كوردستان و بەڕێوبوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەكەن ؟ ئەى كێ جەنابت بدات بەداگا لەسەر ئەو ڕاپۆرتەى ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى لەسەر خروقاتە ناشیرینەكانى جەنابت لەهەڵبژاردنى سەندیكا حزبیەكەى كارمەندانى تەندروستى بەرامبەر لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن كردت لەنەخۆشخانەى ولادە بڵاویان كردەوە ؟ خۆ ڕاپۆرتەكە لەسەرجەم كەناڵ و ڕۆژنامەو پەیجەكانى فەیسبووك بڵاوكرایەوە ؟ دواجار بەرلەو خەڵكە سەرۆكى بنەماڵە گووتى سیستەمەكە سەقەت و وێرانە ؟ بەرلەو خەڵكە ئەدهەم بارزانى ئامۆزاى سەرۆكى پارتى گووتى لەهەڵەبجە خراپترمان بەسەر مەهێنن ؟ بڕۆن وەڵامى ئەمانە بدەنەوە .
بۆ بەرچاو ڕوونى هەموو لایەك بەتایبەتیش ستافى سەربەرزى كوردستانپۆست و دەزگاو كەناڵەكانى ڕاگەیاندن و وەزارەتى تەندروستى و لیژنەى تەندروستى پەرلەمان كارەساتێك باس دەكەم كەچەند ڕۆژێك دوایى نووسینێكى كوردستانپۆست ڕوویداوە .
بەڕێزێك بەناوى كاك شۆڕش چوارقوڕنەیى بابەتێكى تێرو تەسەلى لەكوردستانپۆست نووسى بەناوى (وەزیرى تەندروستى لەجیاتى وەزیرى پێشمەرگە هاتووە بۆ ڕانیە) كۆمەڵێك بابەتى باس كردبوو كەدەبوو دەست بەجێ وەزیرى تەندروستى لیژنەى بۆ پێكهێنایە بۆ ئەم نووسینە چونكە دوایى پێشنیارو سەرنجەكانى ناو ئەم نووسینە كارەسات كەوتۆتەوە .
ئەم بەڕێزە گلەیى لەوەزیرى تەندروستى كردبوو كەهاتووە بۆ ڕانیە بەڵام نەچۆتە هەندێك شوێن كەگرفتى گەورەى تەندروستى ئەو خەڵكە لەوێیە بۆنمونە سەنتەرى ئەشیعەى لەرەلەرى موگناتیسى (MRI)ئەو بەڕێزە نووسى بووى وەزیرى تەندروستى خۆزگە سەردانى ئەم سەنتەرەت دەكرد و چۆنیەتى دەوام و سەرەى نەخۆشت دەدى ؟ چەند ڕۆژێك دوایى ئەم نووسینەو سەردانى وەزیرى تەندروستى بۆ ڕانیەو سنورەكە هاوڵاتیەك بۆتە قوربانى ئەم سەنتەرى ئەشیعەیە ، ئەگەر جەنابى وەزیرى تەندروستى ئەو ڕۆژە سەردانى ئەم سەنتەرەى بكردایە یان دەست بەجێ لیژنەیەكى بەدوا داچوونى لەسەر خاڵ بەخاڵى ئەم نووسینەى كوردستانپۆست پێك بهێنایە ئەم كارەساتە ڕووى نەدەدا .
_ هاوڵاتیەكى ناسراوى دۆڵى شاورێ و سەركەپكان بەناوى حاجى (؟؟؟؟؟؟؟) دۆڵى شاورێ زۆر هیلاك بووە دكتۆر بەكەسوكارەكەى گوتووە ئەشیعەیەك زۆر زەروورە بڕۆن بۆى بگرن دەیبەن بۆ ئەم سەنتەرە دەڵێن دوایى 55 ڕۆژى تر سەرەتان دێ كەسوكارى دەڵێن كاكە ئەمە هیلاكە ئەوەتا دكتۆر دەڵێ زەروورە بۆى بگرن دەڵێن نابێ كاكە ئەمە بەسەرەیە دوایى چوار ڕۆژ هاوڵاتیەكە گیان لەدەست دەداو ئێستاش سەرەى نەهاتووە بۆ ئەشیعەكە ، ئەگەر كەسێك ئەم كارەساتانە باس بكات لەبەرژەوەندى دراوە ؟ كێ بەرپرسیارە لەم كارەساتەو دەیان كارەساتى تر كەڕۆژانە لەنەخۆشخانەكانى ئەم سنوورەو كوردستان ڕوودەدەن ؟ كوا پیلان و بەرنامەیان بۆ ئەوەى ئەم كارەساتانە دووبارە نەبنەوە ؟ بۆ دەبێ ئەم ئەشیعەیە تەنها سێ ڕۆژ هەبێت ؟ بۆ دوایى نیوەڕۆیانیش نەبێت ؟ بۆ لە چوارقوڕنەو حاجیاوەش نەبێت ؟ بۆ كارمەندو دكتۆرى زیاترى بۆ دانامەزرێنن ؟ تازە هەتاهەتایە ئەمە بووە بوغزو قینێك لەسەر دڵى یەكەبەیەكەى ئەندامانى خێزانەكەیى و دەڵێن ئەگەر ئەم ئەشیعەیەیى بۆ گیرابایە نەدەمرد ، نابێ لیژنەیەك هەبێت بۆ حاڵەتى كتوپڕ ؟ نابێت دەست نیشانى بكات كێ زەروورە و كێ زەروور نیە ؟ ئەى بۆ بۆخێزان و كەسوكارى مودیرعام و دارودەستەكەیى بۆ بەرپرسانى حزبى و عەسكەرى ناوچەكەهەر كاتێك بیانەوێت دەیگرن ؟ كوا پلاندانان ؟ دەبوو لەسەر ئەم كارەساتە دەیانیان درابان بەدادگا و دەستیان لەكار كێشابایەوە ؟ ئەگەر ئەو خەڵكە بێت باسى ئەو كەموكوڕى و گەندەڵى و نادادى و ناعەدالەتیانە بكات ئەوە دزەو لەبەرژەوەندی دراوە ؟ ئەى ئەگەر ئێوە ئەوەندە پاك و بێگەردن بۆ ماڵ بەماڵ دەگەڕێن شەكواتان بۆ بكەن لاى كوردستانپۆست ؟ دەچنە سەنگەسەرو قەڵادزێ بزانن كێ دۆست و هاوڕێیى نزیكى كاك مستەفاى حەسەن گەورەیە ؟ خەڵك هۆشیاربۆتەوە سەدان كارمەند و سەدان قەڵەم ئەوە بڵێ و بنووسێ بەسە واز لەسیناریۆى ناشیرین بێنن سەدان خەڵك و كارمەندى دڵسۆز هەیە لەسەر ئەساسى پەرۆشی بۆ ئەو میللەتەو سنورەكە دەنووسێت نەوەك لەسەر ئەساسى ڕق و پۆست و قسەى بێ سەروبەر .
تائێستا نەتان توانیوە تیمێكى گەڕۆكى تەندروستى پێك بهێنن لەدەربەندى ڕانیە دایبنێن بۆ ئەو كارەساتانەى ڕۆژانە لەم ڕێگایەدا ڕوودەدات تیمێك و ئیسعافێك دابنێن بەس بۆ ڕۆژانى هەینى بالەدەربەندى ڕانیەو غابات بێت ؟ ئەم بەهارە چەند گەنج بكەوێتە بەحرى دەربەندى ڕانیەو بخنكێت بەپشتى توێتاو سەیارە بەپەلەپەل و شێواوى جەنازەكان دەگوازنەوە بۆ تەوارى ڕانیە ؟ هەر بۆ دڵنەوایى خەڵك و شارەكە با تیمێك و ئیسعافێك لەوێ بێت ئەگەر كەسیشتان پێ ڕزگار ناكرێت جەنازەكە بەڕێزەوە بەرن بۆ نەخۆشخانە بالەناو ئیسعاف بێت نەوەك لەپشتى توێتاو سەیارە بگەیەنرێتە تەوارى تائێستا ئەوەتان نەكردووە كەهەر هیچى تێ ناچێت ؟ ئومێدى چیمان پێتان بێت ؟ منیش دەنگى خۆم دەخەمە پاڵ دەنگى ئەو هەموو كارمەندو خەڵكەى ترو دەڵێم سەدان كارمەندى تر سسزا بدەن بەناوى كارى ڕۆتینیاتى ئیدارى هیچ و پووچ ناكاتە دابینكردنى یەك دەرزى بۆ نەخۆشخانەو تەواریەك كەگیانى كەسێكى پێ لەمردن ڕزگار دەكەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست