کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فازیل میرانی و ھاوشێوەکانی لەکوێ خۆیان شاردووەتەوە؟

Saturday, 09/08/2014, 12:00




مانگی مارسی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و چەندین شار و شارۆچکەی باشوری کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە. ھێندەی نەبرد پدک و ینک و لایەنەکانی دیکە لەودیو سنوورەکانەوە پەیدابوونەوە.

ھەندێک خەڵک لەبەر خۆشەویستیی پێشمەرگە نەک لەبەر خاتری سەرکردە فێڵباز و ترسنۆکەکان، پێشوازییان لە پێشمەرگەکان کرد و خواردن و جلوبەرگ و پێداویستییان بۆ بردن.

بەڵام زۆری نەخایاند کە ھەر لایەنە و بەھەڵەداوان دەستی گرت بەسەر بانقەکان و فەرمانگەکان و جۆرەھا شوێنی دیکە. ھەریەکە دروشم و نیشانەی خۆی لەسەر ئەو شوێنانە دانا کە دەستی بەسەرداگرتبوو، وەکو ئەوەی کە ھەر لە ئەزەلەوە موڵکی باپیرە گەورەیان بووبێت. ئنجا باوەشیان بۆ زۆربەی ئەو مستەشار و خۆفرۆشانە کردەوە کە ساڵەھابوو شانبەشانی ڕژێمی بەعس دژ بە خەڵکی کوردستان دەجوڵانەوە و دەستیان بەخوێنی ھەزاران گەنج و لاوی کورد سوور بوو.

پاشان بەوەشەوە نەوەستان و لەسەر پارە و داھاتی گومرگەکان شەڕێکی گەورەیان ھەڵگیرساند و ھەزاران کەسیان کردە سووتەمەنی شەڕەکانیان و سەدان گوند و شار و شارۆچکەیان کردە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی ڕق و کینەیان بەرامبەر یەکتر.

دواتر دەمێک بە ئاشتی و دەمێک بەشەڕ گەیشتن بەوەی کە پەیماننامەی ستراتیژی بۆ دابەشکردنی پارە و داھاتی کوردستان لەنێو خۆیاندا، ئیمزا بکەن.

لەسایەی ئەو دەسەڵاتەدا دادەھات دزی و گەندەڵی و ناعەدالەتی پەرەی دەسەند. خەڵک بە گەلێک ڕێگا و شێوازی شارستانی ناڕەزایی خۆی لەو دیاردە ناشیرینانە دەربڕی و خوازیاری بەدیھێنانی کەمترین ڕادەی عەدالەت و ڕێکوپێکی وڵات بوون. بەڵام ئەو دەسەڵاتە نەگریسە، زۆر بێ بایەخ ڕوانییە خواستەکانی خەڵک. تا سەرەنجام خەڵک بڕیاریدا لە زنجیرەیەک خۆپیشانداندا ناڕەزایی و بێزاریی خۆی لەو ھەموو دزی و گەندەڵی و ناعەدالەتییە دەرببڕێت. ھەر لە زاخۆ تا بە کەلار دەگات خەڵک یەک ڕیز و یەک بڕوا ئامادەبوون بڕۆنە سەرجادە و بڵێن: نا بۆ دزی، نابۆ گەندەڵی، نابۆ ناعەدالەتی. بەڵام ئەو دەسەڵاتە بەھەموو ڕێگایەکی ناشیرین و نائینسانی کەوتنە سەرکوت و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک.

ڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی بڕیایاندا کە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی خۆپیشاندانێکی ھێمنانە سازبکەن و داخوازییەکانی خەڵک بخەنە بەرچاوی کاربەدەستان. سەرەتا زۆر ھەوڵدرا کە ئەو خۆپیشاندانە سەر نەگرێت. پاشان کەزانییان بەر بەو خەڵکە ناگیرێت، کەوتنە پشێوی و ئاژاوە نانەوە تا خۆپیشاندەرەکان تاوانبار بکەن. خۆپیشاندانەکە جەماوەرێکی بەرینی لەخۆی گرت. کاتێک کە خەریک بوو خۆپیشاندانەکە بەھێمنی کۆتایی بێت و چاوەڕوانی وەڵامی دەسەڵات بکەن بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانی خەڵک، ئا لەو کاتەدا پدک کەوتە شەڕفڕۆشتن بە بەشێک لە گەنج و لاوەکانی نێو خۆپیشاندانەکە و سەرەنجام بە جۆرەھا چەک نزیکی ھەشتا لاویان لەخوێندا شەڵاڵ کرد و ویستیان بە زەبری چەکاکانیان خەڵک بتۆقێنن و کەس جورئەت نەکات ناڕەزایی دەرببڕێت.

بەڵام خەڵک نەترسا و بە ئەوپەڕی ھوشیاری و ھەستکردن بە بەرپرسیاریی دیسان بە شێوازە شارستانییەکان داخوازییەکانی خۆیان بە دەسەڵات گەیاند و لە دەیان شار و شارۆچکە ڕۆژانە خەڵک دەڕژانە سەر جادەکان و دەنگی ناڕەزاییان بەرز دەکردەوە. دەسەڵات کەوتە نانبڕینی خەڵک و سەدان کەسیان لەکار دەرکرد و تۆبەنامەیان بە سەدانی دیکە پڕکردەوە و دڕندانە و بە قورسترین چەک ڕووبەڕووی جەماوەری کوردستان وەستان و گەلێکیان کوشت و بریندار کرد و سەرنوگوم کرد.

بۆ مێژوو بەبیری دەھێنینەوە کە فازیڵ میرانی کە ئەودەمە کرابووە کەسی ھەرە دەستڕۆیشتووی پدک لەبەرچاوی کامێرای چەندین کەناڵ گوتی: لقی چواری پارتی دائیرەی کارەبا نییە تا خەڵک لەبێکارەباییدا بەردەبارانی بکەن. ھەرکەس بەرد بگرێتە مقەڕی پارتی دەستی دەبڕین.

وا دیارە ئەم عەقڵیەتە لە پدک دا ڕەگی داکوتاوە، بۆیە فەرھاد ئەتروشی پارێزگاری دھۆکیش لە پاش خۆپیشاندانەکەی شارۆچکەی باتوفە لە ١٨ - ٧ - ٢٠١٤، ھەمان گوتەی فازیل میرانی دووپات کردەوە.

فازیل میرانی جارێکی دیکەش ھەڕەشەی لە خەڵکی کوردستان کرد و گوتی: پدک سی ھەزار فیدایی ھەیە کە ھەردەم بۆ مردنیش ئامادەن.

خەڵک ھوشیار و بەئاگا بوو، بەڵام بە ھەستیارییەوە ڕەفتاری دەکرد و نەیدەویست کە دوژمنانی کورد و کوردستان فرسەتەکە بقۆزنەوە و بە دژی خەڵکی کوردستان بشکێتەوە. کەچی دەسەڵات بێباکانە و بە ئەوپەڕی لوتبەرزییەوە ڕەفتاری دەکرد.

دەسەڵات توانی دەیان خۆپیشاندان سەرکوت بکات، سەدان بگرێت و بکوژێت و گوم بکات، بەڵام نەیتوانی ھێز و وزەی خەڵک لەبن بھێنێت. دەسەڵات توانی سەدان خێزان نانبڕاو بکات و بێ لانە و سەرگەردان بکات، بەڵام نەیتوانی شتێک لە ھەیبەتی خۆی زیاد بکات.




ڕۆژان ڕۆژی لەدوایە

ئێستا وا چەند مانگە ھێزێکی بەکرێگیراو بەناوی داعشەوە بەرۆکی بە خەڵکی کوردستان گرتووە. ئەو ھێزە بەکرێگیراوە سەرەتا کەوتە شەڕفڕۆشتن بە کوردە ئازادیخوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. پدک نەک شەڕی لە دژ نەکردن، بەڵکو کارئاسانی و کۆمەکیشی کردن و بەربەست و خەندەقی لە نێوان دوو پارچەی کوردستان لێدا و دەرفەتی بۆ داعش و ھێزە بەکرێگیراوەکانی تر خۆشکرد تا ئاسانتر شەڕ لە دژی خەڵکی دلێر و خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و دەست بەسەر ناوچەی ستراتیژی تر و بەرفراوانتردا بگرن.

لەم ساتانەدا کە داعش ھێزەکانی بۆ گرتن و خاپوورکردنی شارەکانی باشووری کوردستان سازکردووە و لە دەیان شوێنەوە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەریلا و یەکینەکانی گەل لە شەڕدان لەگەڵیاندا، پەیتا پەیتا فیلم و وێنەی ئەوتۆ بڵاودەبنەوە کە زۆر ڕۆشن دەیسەلمێنن کە پدک لە شەڕەکان ھەڵدێت، سائیتر یان خۆی پێ ڕاناگیرێت یان نایەوێت شەڕی داعش بکات!!

ئێستا خەڵک نۆرەیەتی کە بپرسێت: لەکوێن ئەو سی ھەزار فیداییە قارەمانە؟ خۆیان ھەڵگرتووە بۆ کەی؟

لەوکوێن ئەوانەی کە گوللەیان بە گەنج و لاوی کوردەوە نا؟

لەکوێن ئەوانەی کە زۆر دڕندانە بەربوونە گیانی ئەو خەڵکەی کە لە ھەولێر و دھۆک و شوێنەکانی تر ویستیان لەدژی ناعەدالەتی و دزی و گەندەڵی خۆپیشاندان بکەن؟

لەکوێن ئەو ھەموو ئەفسەر و زێرەڤانیە پارەخۆرەی کە نەیانتوانی چەند سەعاتێک لەبەرامبەر ھێزی ڕزیوو و ترسنۆکی داعشدا خۆ بگرن تا پێشمەرگە بەھانایانەوە دەچوو، ئاوا بە ئاسانی شەنگار و زومار و شوێنەکانی تریان بۆ چوڵ نەکردنایە و بە چەکە قورسەکانیانەوە پێش خەڵک ڕایان نەکردایە؟

ئێستا ڕۆژی یەکڕیزی و سەنگەر گرتنە لە داعش و ھەموو دوژمنانی دیکەی کورد و کوردستان، بەڵام بەبیرھێننەوەی ئەم چمکە ڕاستییەش ئەرکێکی مێژووییە، تا ئەوانەی کە ھەڕەشەیان لە خەڵکی کوردستان کرد و گوللەیان بە گەنج و لاوی کوردەوە نا ھەر لەبەر ئەوەی دژی ناعەدالەتی و دزی و گەندەڵی بوون، بزانن خەڵک چەند ھوشیارن و چەند بە ھەستکردن بە لێپرسراوییەوە ھەڵسوکەوتیان کردووە و دەسەڵاتی دز و گەندەڵیش چەند تێنەگەیشتوو و بێ بنەما بوون.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە