تیرۆرى هێزە چەكدارەكان
Tuesday, 19/04/2011, 12:00
ئەمڕۆ چەكدارەكانى هەردوو حیزبى بنەماڵە پاش بە سەربازگە كردنى سلێمانى لە هەوڵى بێدەنگكردنى دەنگى ناڕازى خەڵكى خۆپیشاندەرى كوردستان هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و بە دەیەها هاوڵاتییان بریندار و دەستگیر كرد. بە سەربازگە كردنى شار و شارۆچكەكانى كوردستان لە لایەن هێزى كوردیەوە، نەك لە لایەن دوژمنانى كورد، تەنها یەك شیكارى هەڵدەگرێت ئەویش خیانەتى نیشتمانیە. لە بەرئەنجامى ئەم هێرشانە مەیدانى ئازادى كراوە بە مۆڵگەى چەكدارەكان، هاوكارانمان ڕێبین ئەحمەد هەردى و هەڵسوڕاوانى گروپى زانكۆ و بە دەیەها خۆپیشاندەرانى مەیدانى ئازادى سوكایەتیان پێكراوەو دەستگیركراون. ئێمە بە دەستەڵات دەڵێین بەم كردارانەتان تەنها باڵەخانەى تاوانەكانتان بەرزتر دەكەنەوە و هاونیشتمانیان لە خۆتان توڕەتر دەكەن، لێرەوە بانگهێشتى ئەو كەسانە دەكەین كە دەستەڵات كردونى بە پاسەوانى دەزگا سەركوتكارەكانیان كە بكشێنەوە لە پارێزگاریكردن و پیادەكردنى سیاسەتە چەوتەكانى ئەم دەستەڵاتە شكستخواردوە و بەشدارى بكەن لە ئازادكردن و پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەلامەتى هاونیشتمانیان. ئێوەش دەستەڵات دەست لەم جەور و ستەم و سەركوتە هەڵبگرن و هێزە چەكدارە نا شەرعیەكانتان لە شارو شارۆچكەكان ببەنە دەرەوە و دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن، چەندمان دەكوژن و چەندمان دەگرن؟
ئێمە هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لە ئازادى و سەروەرى ئینسانى كورد و بە شێوازى جۆراوجۆر دژى ئەم ستەمكاریە دەجەنگین.
سەربەرزى بۆ دەنگى ئازادیخوازان
سەرشۆڕى بۆ دەستەڵاتى شكستخواردوى حیزبى بنەماڵە
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
19/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست