ئێوە، ئێمە، هەمومان
Thursday, 21/04/2011, 12:00
ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادیەوە بۆ سەرجەم مەیدانەكانى ئازادى لە شارو شارۆچكەكانى كوردستان:
سەرەتا هاو سۆزى و هاوغەمى خۆمان بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان و هاوڕێیانى سەر شەقاممان ڕادەگەیەنین كە لە لایەن چەكدارەكانى دەستەڵاتدارانى كوردیەوە ئابڵوقە دراون، دەستگیركراون، یان ڕوبەڕووى توندو تیژى بونەتەوە.
سەپاندنى باری نائاسایی ڕانەگەیەندراو، بەسەربازگەكردنى شارەكان،پەلامارى جەماوەرى ناڕازى، دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران و خوێندكاران و نوسەران و مامۆستایانى زانكۆ و كەس و كارى شەهیدان و رەشبگیر كردنیان و سوكایەتى پێكردن و برینداركردنى ژمارەیەكى زۆر لە خۆپیشاندەران پێچەوانەى بنەما سەرەكیەكانى دیموكراسیەت و مافەكانى مرۆڤە. دەستەڵاتدارانى هەرێم سەلماندیان كە تا ئێستا لە پەیامە مەدەنى و ناتوندو تیژەكانى ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە تێنەگەیشتون. ئەوەى ئەم چەند ڕۆژە ڕوودەدات ئاماژەیە بەو ڕاستیەى كە ئەوان بە تەنها بە زمانى تۆمەتباركردنى دەنگە ئازادەكان و توندوتیژى ئاشنان، ئەم هەڵوێستەى ئەوان پەڵەیەكى ڕەشە بە نێوچەوانیانەوە و تێپەڕاندنى سنورى مرۆڤ بوون و كورد بونە.
دەستەڵاتداران، ئێوە توێژێكتان نەهێشتۆتەوە كە هەوڵى دەستەمۆكردنى نەدەن و هەوڵتانداوە سەرجەم پێكهاتەكانى ئەم هەرێمە دابەش بكەن بە سەر دۆست یان نەیارى خۆتاندا بە پشتبەستن بە لۆژیكى "پەرتكە و داگیركە". فەزایەكتان بۆ هاونیشتمانیانى بێلایەن نەهێشتۆتەوە كە هەم نیشتمانیان خۆشبوێت و بە تەنگ چاكەى گشتیەوە بێن، هەم بتوانن بەهرەمەند بن لە دەستكەوتەكانى و بتوانن سەربەستانە سەرنج و تێبینیەكانیان بخەنەڕوو و ڕەخنە لە فۆرمى سیاسەتكردنى ئێوە بگرن و دڵنیا بن لەوەى كە ئێوە نایانكوژن یان بە لانى كەمەوە نایانخەنە خانەى دوژمنانتان!!!
ئێمە لە ماوەى شەست و دوو ڕۆژدا ئیرادەى پێكەوە ژیانى ئاشتیانە و خۆشەویستى نیشتمان و حسى عەدالەتخوازى و هاونیشتمانى بوونى ڕاستەقینە بوونە ئەو بەها مرۆییانەى ئێمەیان لە دەورى خۆیان كۆكردەوە. ئەوەى ئێمەى بە یەكەوە گرێداوە لە مەیدانەكانى ئازادیدا بەرژەوەندى هێزێكى سیاسى دیاریكراو یان بەرژەوەندى تاكە كەسى نەبوەو نیە بۆ بە دەستهێنانى دەستكەوت، بەڵكو خاڵى بەیەك گەیشتنمان لە پێناوچاكەى گشتى كۆى ئەم هەرێمە و دۆزى نەتەوەییماندایە. ئێمە پەیامى ئاشتیخوازێتیمان هەڵگرتوە و بڕوامان بە هیچ فۆرمێكى توندوتیژى نەبوە و نیە. لێرەوە بە پێویستى دەزانین سەرجەم هاونیشتمانیانى خۆڕاگرى كوردستان دڵنیا بكەینەوە كە ئەم خەباتە مەدەنیە بەردەوامەو هێشتا لە سەرەتادایە، پێویستە هەمومان ئەو ڕاستیە بزانین كە سەركەوتنى ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە لە پەیامە مەدەنى و ئاشتیخوازانەكەیدایە، بۆیە داواكارین لە سەرجەم ئەو تاكە دڵسۆزانەى خۆیان بە بەشداربوو و بكەرى ئەم بزوتنەوەیە دەزانن پەنا نەبەن بۆ توندوتیژى نواندن، چونكە یەكێك لە سیفەتە سەرەكیەكانى ئەم بزوتنەوەیە ڕەهەندە ئاشتیخوازانەكەیەتى، بۆیە توندو تیژى خزمەت بە گەیاندنى پەیام و جێبەجێكردنى داواكاریەكانى بزوتنەوەكە ناكات.
هاولاتیانى خۆڕاگر،
وەك نیشاندانى ئیرادەیەكى بەهێز بۆ بەردەوامى بە خەباتى مەدەنیمان و وەك مافێكى سەرەتایى خۆمان و بۆ سەروەر ڕاگرتنى یاسا داواكارین لە سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەى كە دەستگیر كراون و ڕوبەڕوى ئەشكەنجەدان بونەتەوە لە زووترین كاتدا داواى یاسایى لەسەر ئەوانە تۆماربكەن كە ئازاریان داون، یان فەرمانى نواندنى توندوتیژی دژیان دەركردوە بە تایبەت هێزەكانى ئاسایش و پێشمەرگە. بۆ بە دۆكیومێنت كردنى تاوانەكان با هەموان ئازایانە بۆ سەرجەم میدیا ناوخۆیى و جیهانیەكان چیرۆكى ئەشكەنجەدانى خۆمان و هاوڕێكانمان بگێڕینەوە.
پەیامى ئێمە بۆ هەمومان ئاگاداركردنەوەى سەرجەم توێژ وحیزب و هێزە سیاسیەكانى كوردستانە كە ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە مەدەنیەى لە پاش 17ى شوباتەوە سەریهەڵداوە، و ئێستا لە سەرەتادایە، موڵكى هەموو ئازادیخوازانى كوردستانە و ناكرێ و نابێت مامەڵەى سیاسى پێوە بكرێت و كەس مافى سازش كردنى نیە لە سەر پەیام و داواكاریەكانى، داواكارین لە هەموو لایەك ڕێز لە تێكۆشانى ئەو خۆپیشاندەرانە بگرن و بزوتنەوەكە نەكەنە ئامڕازێك بۆ یەكلاكردنەوەى ململانێ حیزبی یان سیاسیەكان، نابێت بەكاربهێنرێت بۆ دژایەتیكردنى توێژێكى كۆمەڵایەتى یان لایەنێكى سیاسى. لە جیاتى ئەمە داوا لە سەرجەم هێز و بكەرانى سیاسى لە هەرێمدا دەكەین كە هەر ئێستا كار بۆ هێوركردنەوەى ئەم فەزا تۆقێنەرە بكەن، هەروەها بانگهێشتى سەرجەمیان دەكەین بۆ پەیوەست بونیان بە دەنگى ڕزگاریخوازى شەقام و ئەو نەخشەڕێگایەى لە 10/04/2011 خرایە بەردەم ڕاى گشتى لە پێناو هێنانە كایەى پارادایمێكى نوێ لە حوكمڕانێتى كە لە جیاتى "بەرژەوەندى حیزبى سیاسى" چاكەى گشتى نەتەوەى كورد و هاونیشتمانیان لە سەنتەرى بیركردنەوەى سیاسیدا بێت.
بەڵێ بۆ پێكەوەژیانى ئاشتیانە
نا بۆ توندوتیژى و تاكڕەوێتى
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
20/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست