ڕاگەیاندنێكى بە پەلە
Sunday, 03/04/2011, 12:00
پاش بڵاوكردنەوەى هێزێكى چەكدارى بێشومار لە شارى سلێمانى لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا، لە دوێنێوە دوو جار، پاش ئەوەى چالاكیەكانى مایكى ئازاد كۆتاییان پێهێنراوە، هێرش هێنراوەتە سەر مەیدانى ئازادى و بە توندى ئازارى ئەو هاوڵاتیانە دراون كە لەو كاتەدا لە مەیدانەكە بوون و هەروەها لە دوێنێوە بە دەیەها كەس دەستگیر كراون. ئەم بێڕێزى كردن و نواندنى توندو تیژیە بەرامبەر شارى سلێمانى و لاوانمان لە كاتێكدایە كە 43 ڕۆژە هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمە خەباتێكى مەدەنیانەو ئاشتیخوازانەیان بە سەر ڕێگا خستوە لە پێناو "سەروەر بوونى یاسادا" و چاوەڕێى وەڵامن لە دەستەڵات. دەستەڵاتى سیاسى لە جیاتى بە دەنگەوە هاتنى داواكاریە ڕەواكانى جەماوەر، ئەم هێرشە نا یاسایى و نا سیاسیانەیەى بۆ سەر هاونیشتمانیان لە پێناو ئەوەدایە خەڵك چاوترسێن بكەن. ئێمە بە توندى سەركۆنەى ئەم هەوڵەى دەستەڵات دەكەین و لەم فەزا ئازادەى هاونیشتمانیان دروستیان كردوە ئەوان سەرقاڵى ڕەشبگیر و لێدان و تۆقاندنى خەڵكن. دەستەڵات بەم هەوڵەى خەڵك توڕەتر دەكات و لێپرسراوێتى ئەوەى لە شەقامدا ڕووى داوەو ئەگەرى ڕودانى هەیە دەكەوێتە سەر شانى فەرمانڕەوایانى ئەم هەرێمە. ئەم توندو تیژیانە لەگەڵ ئەوەى نایاساین دەبنە هۆى بەرهەمهێنانى توند و تیژى و بەرئەنجامەكەى لە خزمەتى كەسدا نابێت. لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە پێویستە دەستەڵات دەست لەم پێشێلكاریانەى سادەترین مافەكانى مرۆڤ هەڵبگرێت و بێ هیچ قەیدو بەندێك ئەو هاوڵاتیانە ئازاد بكات كە بە هۆى بەشداریان لە خۆپیشاندانەكاندا دەستگیرى كردوون.
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
2/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست