فۆبیاى دەستەڵات
Monday, 18/04/2011, 12:00
ڕۆژانى هەڤدەو هەژدەى نیسان دەستەڵاتدارانى هەرێم لە هێرشە یەك لە دواى یەكەكانیان بۆ سەر خۆپیشاندەرانى كوردستان لە سلێمانى و هەولێر و كەلكە سماق بۆ چەندهەمین بار سەلماناندیان كە ئەوان تەنها بە یەك زمانى پەیوەندیكردن ئاشنان ئەویش زمانى توندوتیژی و نواندنى زەبرو زەنگە. هێنانى هێز لە هەولێرەو ناوچەكانى دیكەى كوردستانەوە بۆ سەركوتى هاونیشتمانیان لە سلێمانى باس لە شكستى بیست ساڵەى ئەم دەستەڵاتە دەكات. سوتاندنى سەكۆى مەیدانى ئازادى هەوڵى دەستەڵاتە بۆ خنكاندنى دەنگى ئازادى خەڵكى ناڕازى كوردستان، ئێمە ماوەى شەست ڕۆژ لە هەوڵى ئەوەداین دەستەڵات فێرى مەدەنیەت بكەین بەڵام ئەوان بێباكانە دەستیان لە سەر پەلەپیتكەى تفەنگەكانیان هەڵنەگرت و سوور بوون لە سەر سەركوتى دەنگە ئازاد و ئازاكانى كوردستان. سەربارى پێداگریمان لە سەر داخوازییە ڕەواكانمان و كاركردن بۆ جێبەجێكردنى ناوەڕۆكى ئەو نەخشەڕێگایەى لە 10/04/2011 خرایە بەردەم ڕاى گشتى، ئێمە وەك خۆپیشاندەران بەردەوام دەبین و بانگهێشتى هاونیشتمانیانى خۆڕاگر دەكەین كە پەیوەست بن بەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە مەدەنیەوە لە پێناو گەڕاندنەوەى ڕێز بۆ هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە. تەقەكردن لە خۆپیشاندەرانى مەدەنى و ڕەشبگیرى خۆپیشاندەران و ڕشتنى غازى خنكێنەر و ڕێگرى لە گواستنەوەى برینداران بۆ نەخۆشخانەو سوتاندنى ماڵ و سەیارەى بەشداربوان لە خۆپیشاندانەكاندا ودەستدرێژى كردنە سەر ڕۆژنامەنوسان و ترساندنى شۆفێرى پاسەكانى شارو شارۆچكەكانى هەرێم بۆ نەگواستنەوەى هاوڵاتیان، سەرجەمیان پێشیلكارى مافەكانى مرۆڤە و هاونیشتمانیان لەم هەرێمەدا بڕیاریانداوە چیدى ئەم سوكایەتیانە قبوڵ نەكەن. هەروەها بە پێویستى دەزانین ئەو ڕاستیە دوبارە بكەینەوە كە ئەوە شەقامە ئەم ئەنجومەنە بەڕێوە دەبات، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە دوابڕیار دەگەڕێتەوە بۆ شەقام و هەموان پێكەوە بڕیارى درێژەدان بە چالاكیە مەدەنیەكانمان دەدەین.
بژى ئازادى...بڕوخێ ستەمكارى
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
18/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست