نەخشەڕێگاى چارەسەرى ڕیشەیى قەیرانى سیاسى و حوكمڕانى لە كوردستان (گواستنەوەى ئاشتیانەى دەسەڵات لەهەرێمى كوردستاندا)
Sunday, 10/04/2011, 12:00
دیباجە:
خۆپیشاندانەكانى ئەم ماوەیەى ڕابردوى شار و شارۆچكەكانى كوردستان كە ئەزمونێكى مەدەنیانەى نوێیە و مامەڵەى دەسەڵاتى سیاسى بە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەوە لەگەڵ ڕوداوەكاندا ئاشنایان كردین بە چەندین ڕاستی لەوانە:
یەكەم: ئێمەى هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمە سەرسام بوین لە ئاست ئەم هەموو تاوان و بێڕێزیەى بەرامبەر بە مرۆڤ و هاونیشتمانیان دەكرێت.ئێمە بە هۆى نا عەدالەتى كۆمەڵایەتى و بە هەدەردانى سەروەت و سامانى هەرێم و پابەند نەبوونى دەسەڵات بە یاسا كارپێكراوەكانەوە، بڕیارمانداوە چیدى ڕازى نەبین لە ژێر سایەى ئەم شێوازى حوكمڕانێتیە نا عادل و نا دیموكراتە درێژە بە ژیانى سیاسى و كۆمەڵایەتیمان بدەین.
دووەم: ئەم دەسەڵاتە سیاسیە نەك ئیرادەیەكى نیە بۆ جێبەجێكردنى داواكاریە ڕەواكانى هاونیشتمانیان و خۆپیشاندەران، بەڵكو ئەم دەسەڵاتە بەردەوامە لە پێشێلكردنى یاساو داڵدەدانى تاوانباران و درێژەدان بە پەیڕەوكردن لە سیاسەتى ترس و تۆقاندن و چەواشەكارى و خۆدزینەوە لە لێپرسراوێتى یاسایى و سیاسى و ئەخلاقى. بەمەش هیچ ئەگەرێكى لە مەڕ جێبەجێكردنى داواكاریەكانى خۆپیشاندەران نەهێشتەوە.
سێیەم: ئەم دەسەڵاتە شەرعیەتى یاسایى و نوێنەرایەتى و دیموكراتى خەڵكى كوردستانى ئەو كاتە لە دەستدا كە هاوڵاتیانى لە سەر سادەترین مافى یاسایى خۆیان كە خۆپیشاندانە خەڵتانى خوێن كرد.
چوارەم: ئەو ڕاستیە بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە دەسەڵات لەم هەرێمەدا بە دوورە لە بوونى ویستێكى ڕاستەقینە بۆ چونە پاى سەروەر ڕاگرتنى یاسا، فەراهەمكردنى پێكەوەژیانێكى ئاشتیانەو مەدەنیانە، وە دوورە لە نوێنەرایەتیكردنى ڕاستەقینەى سەرجەمى هاونیشتمانیانى كوردستان، لە جیاتى ئەمە نوێنەرایەتى هێزێك دەكات كە سەر لە بەرى گشت كایە كۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوریەكانى ئەم هەرێمەى داگیركردوە. ئەم دەسەڵاتە حیزبیە تەنها بە زمانى هێز قسە دەكات نەك زمانى عەقڵ و دایەلۆگ.
پێنجەم: بە تەنگەوە نەهاتنى سەرۆكى هەرێم بۆ داواكاریەكانى هاونیشتمانیان وە دەرك نەكردن بە سەختى قەیرانى حوكمڕانى سیاسى لە كوردستان و پێشێلكردنى یاساو پابەند نەبوون بە پرنسیپە ئەخلاقیە گەردونیەكان لە داكۆكیكردن لە عەدالەت و ئازادى ویەكسانكردنى ئەو كەسەى خۆپیشاندان دەكات بە ئەو كەسەى خۆپیشاندەر دەكوژێت، گەیاندینیە ئەو قەناعەتە كە ئێمە لە غیابى سەرۆكێكى خاوەن لێپرسراوێتیدا ژیان دەبەینە سەر.
شەشەم: پەرلەمانى كوردستان لەم ماوە درێژەدا نەیتوانیوە دەسەڵاتى جێبەجێكردن ناچار بكات بە جێبەجێكردنى حوكمى یاسا و ڕاپێچكردنى وەزیرە تێوەگلاوەكان بە تاوانى كوشتن و برینداركردن و گرتنى هاوڵاتیان بۆ بەردەم پەرلەمان بە مەبەستى لێپێچینەوە لێیان، و بێدەسەڵاتى پەرلەمان لە ئاست جێبەجێنەكردنى بڕیارەكانى خودى پەرلەمان.
حەوتەم: لە پەیوەند بە حكومەتەوە، حكومەتى هەرێم لە ڕێگاى بەكارهێنانى هێزە ئەمنیەكان و هێزە چەكدارە دەمامكدارەكانیەوە بۆ سەركوتكردنى هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمە و گوێنەگرتن لە داواكاریە ڕەواكانى هاونیشتیمانیان، سەلماندى كە ئەم حكومەتە ئامڕازە بە دەست حیزبەوە نەك دامەزراوەیەكى سەربەخۆ. بۆ ئێمەى هاونیشتمانیان حكومەت ئەو كاتە شەرعیەتى لە دەستدا كە پەیوەست نەبوو بە جێبەجێكردنى بڕیارەكانى دادگا لە دەستگیر كردنى ئەو تاوانبارانەى دادگا فەرمانى گرتنیانى دەركردبوو.
هەشتەم: ئەو ڕاستیە ئاشكرا بوو كە حوكمڕانێتى سیاسى لە هەرێمى كوردستاندا بە دوور لە بوونى پەیمانێكى سیاسى و كۆمەڵایەتى، تەنها قۆرخكردنى دەسەڵات و حوكمى بنەماڵەو شەڕى ناوخۆ بەرهەم دێنێت. بونى پەیمانێكى لەو جۆرە سەرەتاى پڕۆژەیەكى نیشتمانى دەبێت كە سەرجەم هاونیشتمانیان و هێزە سیاسیەكان لە سەر خوانى كۆمەڵێك پرنسیپى دیموكراتى و مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستى كۆدەكاتەوە.
لەسەر بنەماى ئەو ڕاستیانەى سەرەوە،ئێمە وەك جەماوەرى خۆپیشاندەرى كوردستان نەخشەڕێگاى "چارەسەرى ڕیشەیى قەیرانى سیاسى و حوكمڕانى لە كوردستان" بەم شێوەیەى خوارەوە ڕادەگەیەنین :-
یەكەم:- دەستبەجێ دەست لە كار كێشانەوەى بێ قەید و شەرتى سەرۆكى هەرێمى كوردستان .
دووەم:- دەستبەجێ دەست لە كار كێشانەوەى بێ قەید و شەرتى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان و هەڵوەشاندنەوەى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان .
سێهەم:-دەستبەجێ دەست لە كار كێشانەوەى بێ قەیدوشەرتى دەستەی سەرۆكایەتى ئێستای پەرلەمانى كوردستان و ڕاسپاردنی یەك ئەندامی تری پەرلەمان تەنها بۆ سەرۆكایەتیكردنی كاتی دانیشتنەكانی پەرلەمان تا ڕادەستكردنی دەسەڵات بەڕەسمى لەهەرێمى كوردستان بۆقۆناغى گواستنەوە بۆ حكومەتێكى كاتى نیشتمانى بێلایەن بۆ قۆناغى گواستنەوە (كە پاڵێوراوانى لەلایەن ئەنجومەنى نیشتمانى جەماوەرى كوردستان دیاریدكرێن).
بەو پێیەى كەهەرێمى كوردستان لە ئێستادا لە بارى نەبونى دەستور و ئەنجومەنى دەستورى یاخود دادگاى دەستوریدایە،هێشتنەوەى پەرلەمانى كوردستان بەتەنها وەك هەنگاوێكی قۆناغبەندی دەبێت لەو مانگەدا بۆ زامنكردنی گواستنەوەی ئاشتیانەی بێ قەید و شەرتى دەسەڵاتە فەرمیەكان بۆحكومەتی كاتى قۆناغى گواستنەوە لەهەرێمى كوردستان. پاش ئەوەى پەرلەمان بەم ئەركە هەڵدەستێت (ئەركى ڕادەستكردنى دەسەڵات بۆ حكومەتى كاتى بۆ قۆناغى گواستنەوە)، ڕاستەوخۆ پەرلەمانى كوردستان دەستبەجێ هەڵدەوەشێتەوە .
ماوەی قۆناغى گواستنەوەى ئاشتیانەى دەسەڵات لەهەرێمى كوردستاندا (ماوەى نێوان دەست لە كاركێشانەوەى سەرۆكایەتیەكان و وادەى ڕادەستكردنى دەسەڵات لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ حكومەتى كاتى قۆناغى گواستنەوە)
كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى هەڵوەشاوە بۆ بەڕێكردنى كاروبارى هەرێم دەمێنێتەوە (واتەحكومەتی كار ڕاپەڕاندن حكومە تێریف الاعمال) بۆ ماوەى ئەو مانگە تا ڕادەستكردنى فەرمى دەسەڵات لە لایەن پەرلەمانەوە بۆ حكومەتى كاتى قۆناغى گواستنەوە.
لەگەڵ گواستنەوەى دەسەڵات،حكومەتى كاتى قۆناغى گواستنەوە لە هەرێمى كوردستان دەست بەكارەكانى خۆى دەكات لەژێر چاودێرى ئەنجومەنى نیشتمانى جەماوەرى كوردستان (كە لە نوێنەرى هێزە نیشتمانیەكان و نوێنەرانى ئەنجومەنە كاتیەكانى خۆپێشاندەرانى هەرێمى كوردستان پێكدێت ومەرجە ئەندامانى واژۆى پابەندبون بە پەیماننامەى كۆمەڵایەتى و سیاسى هەرێمى كوردستانیان كردبێت، ئەو پەیماننامەیەى كە لەگەڵ ئەم نەخشە ڕێگایە ڕادەگەینرێ و بەشێكى جیانەكراوەیە لێى). نوێنەرانى ئەم ئەنجومەنە وەك چاودێر لەسەرجەم كارو كۆبونەوەكانى حكومەتى كاتیدا ئامادە دەبن و بە نوسین ڕاى گشتى و حكومەتە كاتیەكە لە پڕۆسەكەو لە كەموكوڕیەكان ئاگادار دەكەنەوە.
حكومەتى كاتى قۆناغى گواستنەوە لە هەرێمى كوردستان لەماوەى شەش مانگ لەدەستبەكاربونیەوە لە پاڵ بەڕێوەبردنى كاروبارى هاونیشتمانیاندا پێویستە ئەم كارانەى خوارەوە جێبەجێبكات:-
1- جێبەجێكردنى بێ قەیدو شەرتى داواكاریە هەنوكەییەكانى خۆپیشاندەرانى كوردستان .
2- پابەندبون بە"پەیماننامەى كۆمەڵایەتى و سیاسى لە هەرێمى كوردستان"،لە ژێر رۆشنایى ئەم پەیماننامەیەدا چاوپیاخشاندنەوە بە ڕەشنوسى دەستورى هەرێمدا بكرێت بە بەشدارى سەرجەم پێكهاتەكانى خەڵكى كوردستان بە مەبەستى داڕشتنى دەستورێكى هاوچەرخى دیموكرات كە تێیدا گشت مافە مەدەنى و سیاسی و یاساییەكانى هاونیشتمانیان بە ڕەسمى ناسرابن و دەسەڵاتەكان بە ئاشكرا جیاكرابنەوەو سەربەخۆییان پارێزراو بێت، وە سیستێمى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردستاندا پەرلەمانى بێت و سەرۆكى هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ .
3- بە نیشتمانیكردنى هێزى پێشمەرگە و دام و دەزگاكانى ئاسایش و هەواڵگرى وپۆلیس ئەویش بە سپاردنى وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە بە كەسانى پسپۆر و بێلایەن و لەسەر كارلابردنى بەرپرسى هێزەكانى پێشمەرگە دەزگاكانى پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگرى لە هەموو پارێزگا و شارەكانى هەرێمى كوردستان و ڕادەستكردنى ئەم دام و دەزگایانە بە كەسانى بیٍَلایەن و شایستە، پێویستە بە كردەوە حیزبایەتى لەو دەزگایانەدا قەدەغە بكرێت .
4- گێڕانەوەى سەرجەم ئەو موڵك و ماڵە گشتى و تایبەتیانەى كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوە دەستیان بەسەردا گیرابێت یاخود بە نرخى ڕەمزى فرۆشرابن بە كەس و لایەنى دى بەدەر لە یاساى فرَشتن و بەكرێدانى موڵك و ماڵى دەوڵەت ژمارە 32 ى ساڵ 1986 .
5- داڕشتنى پلانێكى تۆكمە بۆ دابینكردنى سەربەخۆیى دادوەرى و سەروەرى یاسا.
6- جیاكردنەوەى حیزب لە حكومەت ئەویش بە:
ا- هەڵوەشاندنەوەى میلیشیاكانى حیزب و دابڕاندنى دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەكان لێیان بە یاسا و نەهێشتنى پاسەوانى دام و دەزگا و بارەگاى حیزبى و ئەمانیش هەروەك ماڵى ئاسایى هاوڵاتیان سەلامەتیان لە لایەن هێزەكانى ئاسایشى ناوخۆوە بپارێزرێ .
ب- بەیاسا قەدەغەكردنى هەموو جۆرو دەستێوەردانێكى حیزب لە ئابورى ووڵاتدا ونابێت حیزب خاوەنى كۆمپانیا و بەرژەوەندى بازرگانى بێت .
ج- لێكۆڵینەوە لە سەروەت و سامانى حیزبەكان و لێپرسراوانى حیزبى و حكومى وە گێڕانەوەى سەرجەم ئەو داهاتانەى كەبە شێوەى نا یاسایى بە دەستیان هێناوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت بە چەسپاندنى بنەماى ئەمەت لە كوێوە هێناوە (من این لك هژا) ؟
د- بڕینى هەر مینحەیەك كەسەرچاوەكەى دارایى گشتى بێت بۆ سەرجەم دام ودەزگا حیزبى و نا ڕەسمیەكان و ڕاگەیاندنەكان و ڕێكخراوەكانیان .
7- هەڵوەشاندنەوەى سیستێمى خانەنشینكردنى ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و ئەنجومەنەكانى شارەوانى كە بە پلەكانى خزمەت و ساڵى كاركردندا تێنەپەڕیون وە كەمكردنەوەى موچەكانیان بە ڕێژەیەكى بەرچاو .
8- هەڵوەشاندنەوەى یاساى خۆپیشاندانى هەرێمى كورستان و كار بۆ دەرچواندنى یاسایەكى نوێ بكرێت كە پەیڕەو لە بنەما دیموكراتیەكان و مافەكانى مرۆڤ بكات و وەڵامدەربێت بۆ داخوازیەكانى ڕاى گشتى هەرێمى كوردستان .
9- هەڵوەشاندنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاكان و شارەوانیەكان وە كاركردن بۆ دەرچواندنى یاساى نوێ بۆیان ئەویش لەسەر بنەماى كۆدەنگى چین و توێژەكانى هەرێمى كوردستان بە لەبەرچاوگرتنى بنەما سەرەكیەكانى دیموكراسیەت .
10- دامەزراندنى دەستەى نەزاهە لە هەرێمى كوردستان بە یاسا لە دەرەوەى دەسەڵاتى جێبەجێكردن وپەرلەمان، وە سپاردنى كاركردنى ئەم دەزگایە بە كەسانى بێلایەن كە دیاریكرابن لەسەر بنەماى لێهاتوویى. ئەم دەستەیە دەستبەجێ كار بە ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایى دەكات و ئەوانەى بە گەندەڵى تۆمەتبارن هەواڵەدەكرێن بۆ دادگاى تایبەتمەند .
سەرجەم ئەمانەش لەپێناوى زەمینە سازى بۆ ئەنجامدانى ڕاپرسى لەسەر دەستورى هەرێمى كوردستان و هەڵبژاردنى پێشوەخت بۆ پەرلەمانى كوردستان وهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان و شارەوانیەكان لە ماوەى 3 مانگ لە لە بەدیهێنانى ئەو هەنگاوانەى لەسەرەوە باسیان لێكراوە.
هەموو ماوەى گواستنەوە لە 9 مانگ زیاتر نابێت لە وادەى دەستبەكاربونى حكومەتى كاتى لە هەرێمى كوردستان وەك دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى هەرێم بۆ قۆناغى گواستنەوە .
10/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست