ئەو كاتەى شەقام دەدوێت
Thursday, 07/04/2011, 12:00
هاونیشتمانانى ئازادیخوازى كوردستان،
وەك هەموان ئاگادارن دەستەڵاتدارانى سیاسى لە پاش هەڤدەى شوباتەوە كە چەكدارەكانیان بێ سڵەمینەوە فیشەكیان نا بە جەستەى شەكەت و بێئوێدى لاوانمانەوە، خەڵكى ئازادیخواز لەم هەرێمەدا ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ سنور دانان بۆ ئەم بێڕێزى و تاوانانەى دەستەڵاتداران بەرامبەر هاونیشتمانیانى هەرێم. لەو ڕۆژەوە دەستەڵاتدارانى سێ سەرۆكایەتیەكەى هەرێم كە ئامڕازى دەستى حیزبن لە جیاتى مامەڵە كردن لەگەڵ قەیرانەكەدا و جێبەجێكردنى داواكاریەكانى خۆپیشاندەران، بە بەردەوامى سەرقاڵى سەركوت و خۆڵكردنە چاوى ڕاى گشتیەوەن.
سەرەتا هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە ئەوان لە پشت ئەم خۆپیشاندانانەوەن و دەیانویست لە ڕێگاى ئەمەوە كۆمەڵگا دابەشبكەن وەك چۆن لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا كردویانە، تا هەوادارانى خۆیان قایل یان ناچار بكەن كە بە هیچ شێوەیەك بیر لە بەشدارى كردن نەكەنەوە لە ناڕەزایەتی دەربڕیندا. لە لایەكى دیكەوە عەقڵیەتى حیزب سالارى ئەوان لەو تێناگات كە دەكرێت خەڵكێكى یەكجار ناڕازى نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز هەبن بتوانن پێكەوە و بە شێوەیەكى بەردەوام ناڕەزایەتى دەرببڕن بە بێئەوەى ئینتیمایان بۆ هێزێكى سیاسى هەبێت یان پەیڕەو لە ئایدیۆلۆژیایەكى دیاریكراو بكەن.
پێویستە بۆ ڕاى گشتى ڕایبگەیەنین كە هاونیشتمانیانى ناڕازى و خۆپیشاندەر هەروەك چۆن لە سەرجەم چین و توێژەكان پێكهاتووین، ئاواش ئاساییە ئەندامان و لایەنگیران و بگرە كەسایەتى لە ئاستى سەركردایەتى ئەو هێزە سیاسیانە بە بەردەوامى لە ڕیزى خۆپیشاندەراندا ئامادەییان هەبێت. ئەوەى ئێمەى لە مەیدانەكانى ئازادى كۆكردۆتەوە داواكارییە ڕەواكانمانە نەك ئینتیماى حیزبیمان. بەشدارى هاونیشتمانیانى لایەنگرى هێزى سیاسى لە خۆپیشاندانەكان هیچ لە شەرعیەت و ڕەوایەتى داواكاریەكانى خۆپیشاندەر كەمناكاتەوە و بگرە خاڵى بەهێزى ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەیە. هێزە سیاسیەكان دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەن كە خەڵكانى نێو ئۆپۆزسیۆن بەر لەوەى حیزبى بن هاونیشتمانین، ئەوان چ وەك هێزى سیاسى یان وەك تاك ئازادن لە هەڵبژاردنى شێوەى درێژەدان بە خەباتى سیاسیان بێ ترس لە سزادان و تانەو تەشەر شوێنخستن.
ئێمە وەك ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى ڕایدەگەیەنین كە تا ئێستا هەوڵى دەستەڵاتدارانى ئەم هەرێمە بۆ دانە پاڵى سیفەتى حیزبایەتیكردن بە مەیدانى ئازادىو هەوڵى ئەوان بۆ كەلێن خستنە نێوان شەقام و هەر هێزێك یان بكەرێكى سیاسى كە پشتیوانى لە داخوازیەكانى جەماوەر كردبێت هەوڵێكى نەزۆك بووە و وەك هاونیشتمانیان سەلماندومانە كە ئێمە لێرەین تا سنورێك بۆ ئەم فۆرمى حوكمڕانیەتیە دابنێن كە هاونیشتمانیان لە پەراوێزى سیاسەتكردندان و حیزبچێتى مۆركى سیاسەتكردنە. ئێمە لێرەین بۆ داكۆكیكردن لە مافە سەرەتاییەكانى خۆمان، بۆ داكۆكیكردن لە ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و بوونمان وەك هاونیشتمانی.
هێندەى پەیوەندى بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە هەبێت، گرنگە هەموان بزانن كە ئەوان لەم هەرێمەدا بەرنامەى سیاسى خۆیان هەیە، و بەشێك لە هاونیشتمانیانى هەرێم پشتیوانیان لێدەكەن، دەنگیان پێداون و دەكرێت ئەندامیان بن یان هاوسۆز. بوونیان لە مەیدانەكانى ئازادى دیاردەیەكى سیاسى تەندروستە.ئێمە لێرەوە داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیانى خۆپیشاندەر دەكەین بە ئیرادەیەكى بەهێزەوە دژ بە هەر هەوڵێكى هەر لایەك بوەستنەوە كە بیەوێت شەقام بكات بە دژ ئۆپۆزسیۆندا و دواى هەوڵى هەر لایەنێك نەكەون كە بیەویت سازش لە سەر داواكاریەكانى خۆپیشاندەران بكات.
بەڵام ڕاستیەك هەیە كە پێویستە سەرجەم هێزە سیاسەكان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە ددانى پێدا بنێن ئەویشە ئەوەیە كە ئێمە وەك هاونیشتمانیان لەم هەرێمەدا ماندوو بووین لەم فۆرمى سیاسەتكردنە كە حیزب یان ئایدیۆلۆژیاى سیاسى كۆنترۆڵى ئیرادەو عەقڵمان بكات. ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە خۆڕسكەى هەرێمى كوردستان بەرئەنجامى شكستى بیست ساڵەى حوكمڕانێتى دەستەڵاتدارانى كوردە، هاونیشتمانیان كاتێك ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بوو بەرامبەر سەرجەم شكست و گەندەڵى دەستەڵاتداران و ئەو تاوانە گەورەیەى بەرامبەر هاونیشتمانیانى ئەم هەرێمە كرا كاتێك گەنجەكانمانیان لە سەر مومارەسە كردنى مافێكى سەرەتایى خۆیان خەڵتانى خوێن و ئەم شارەیان بێكەس كوژ كرد.
ئێمە پەنجا ڕۆژە لە سەر شەقام نین بۆ مكیاژ كرن یان پینەكردنى ئەم دەستەڵاتە شكستخواردوە، بەڵكو لێرەین بۆ هێنانە كایەى ئەزمونێكى نوێ كە هاونیشتمانیان لە سەنتەردا بێت نەك حیزب و هێزى سیاسى. بە هۆى ئەو تاوانانەى ڕویاندا و بێباكى هەر سێ سەرۆكایەتیەكانى ئەم هەرێمە بۆ دادگایى كردنى تاوانباران و نەهاتن بە دەنگ داخوازیەكانى جەماوەرەوە، ئێمە گویشتینە ئەو باوەڕەى كە هەر سێ سەرۆكایەتیە فەرمانڕەواكان نوێنەرى حیزبن نەك هاونیشتمانیان ،لەم دیدگایەوە ئەوان شەرعیەتى ئەخلاقى و سیاسیان لە دەستداوە و پێویستە لە پڕۆسەیەكى ئاشتیخوازانەدا كار بۆ گۆڕانكارى بنەڕەتى گواستنەوەى ئاشتیانەى دەسەڵات بكەین.
لێرەوە بانگهێشتى هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكەین ڕێز لەم ئیرادەیەى شەقام بگرن و هاوكار بن لەم پڕۆسەى گۆڕانكاریە لە پێناو چاكەى كۆى كۆمەڵگاو هاونیشتمانیان، نەك هەوڵ بدەن شەقام بەكاربهێنن بۆ بەرنامەیەكى سیاسى كە ژیان بكاتەوە بە بەر ئەو ئەزمونە شكستخواردوەدا و نەتوانێت خزمەت بەم گۆڕانكاریە بنەڕەتیە بكات كە پێویستە بۆ كۆتایهێنان بەم قەیرانى حوكمڕانیە.
پایەدار بێت ئیرادەى گەل
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
7/4/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست