ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
بۆ: ڕاى گشتى،
هاونیشتمانیانى ناڕازاى و خۆپیشاندەر لە كوردستان
خێزانى سەربەرزى شەهیدان و قوربانیانى توندوتیژیەكان
ئەندامانى ئەنجومەنى سەرجەم مەیدانەكانى ئازادى
سەرجەم میدیاكارانى بوێرو ئازادیخواز
سەرجەم ئازادیخوازانى كورد لە كوردوستان و لە هەندەران
سڵاوى نیشتمانپەروەریتان لێبێت،
ئێمە لەگەڵ ئێوە ماوەى شەست و دوو ڕۆژ وێنەیەكى پرشنگدارمان لە خەباتى مەدەنی ناتوندوتیژ بۆ مێژووى ئەم نەتەوەیە تۆماركرد لە پێناو سەروەر ڕاگرتنى یاسا و داكۆكیكردن لە ماف و داواكاریە ڕەوەكانمان و دژ بە جەور و ستەم و عەسكەرتاریەت. لەگەڵ سوربونمان لە سەر بە هەدەر نەڕۆشتنى خوێنى شەهیدان وسەرجەم قوربانیان و ڕێگە نەدان بە سازشكردن لە سەرى، هەموو لایەك پێویستە ئەو ڕاستیە بزانن كە ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە دەیەها دەستكەوتى مەدەنى و نیشتیمانى و یاسایى و شەرعى و هونەرى بە دەستهێناوە. ئەم خەباتەى ئێمە لە پێناو ئازادیدا هەنگاومان بۆ ناوە خەباتێكە پسانەوەى نیە و ئیدى ئێمەى هاونیشتمانیانى ئازادیخواز ڕازى نابین وەك پێش حەڤدەى شوبات ژیان بگوزەرێنین و هەمیشە چاودێرێكى بە ئاگاى سەر مەیدانى سیاسەتكردن دەبین و بە فۆرمى جۆراو جۆر درێژە بە خەباتى مەدەنیمان دەدەین لە پێناو چاكسازى بنەڕەتى لە شێوازى حوكمڕانێتى لە هەرێمى كوردوستان و ڕێگا نادەین بكەرانى سیاسى لە سەر حسابى ئازادى و ئاسودەیى ئێمە سیاسەت بكەن. ئەو ئیرادەیەى ئێمە بینیمان لە مرۆڤى كورددا ئیرادەیەكى پۆڵایینەوە هەموان پێویستە بە هەمان ئیرادەى پێكەوە ژیانى ئاشتیانە و خۆشەویستى نیشتیمان مامەڵە لەگەڵ تاكى كورددا بكەن.
لە سۆنگەى كاتى بوونى "ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى" و تایبەت بوونى بە ئامادەیى هاونیشتمانیان لە سەر شەقام و بە چالاكیەكانى مەیدانى ئازادیەوە، دواى داگیركردنى مەیدانەكە لە لایەن هێزە چەكدارەكانى دەستەڵاتەوە ئێمە وەك ئەندامانى ئەنجومەنەكە چلاكیەكانمان لە "مەیدانى ئازادیەوە" پەخشدەكەینەوە بۆ نێو سەرجەم نێوەند و مەیدانەكانى ئازادى و كوچە و كۆڵانەكان بۆ درێژە دان بە خەباتى مەدەنى و ناتوندو تیژانەى ئاشكرا. لەم ساتە وەختەوە هیچ كەسێك بۆى نیە بە ناوى "ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى" لێدوان بدات. پێویستە هەموو لایەك دڵنیابن لەوەى ئێمە پێداگریدەكەین لە سەر داواكاریە هەنوكەیى و بنەڕەتیەكانمان و بەردەوامبونمان ڕادەگەیەنین بۆ دەستەبەركردنى مافەكانى خۆپیشاندەران و كاركردن لە سەر جێبەجێكردنى " نەخشەڕێگاى چارەسەرى ڕیشەیى قەیرانى سیاسى و حوكمڕانى لە كوردستان". لە سەر ئاستى نێو دەوڵەتیش بە پشتیوانى كوردانى تاراوگەو خەڵكى ئازادیخوازى ئەو وڵاتانە كار بۆ دروستكردنى هاوپشتى دەكەین بۆ بردنە پێشەوەى ئەم خەباتە مەدەنیەمان. هێزى شەقام لە هەموو گروپ و ڕێكخراو و حیزبێك بەهێزترە پێویستە ڕێگا بدرێت هاونیشتمانیان ئازادانە مومارەسەى مافە مەدەنیەكانى خۆیان بكەن.
پێویستە دەستەڵاتداران توانا و ئیرادەى خەڵك بە كەم سەیر نەكەن و لە بەرامبەر ئەم بزوتنەوە مەدەنیە ناتوندو تیژەدا كۆتایى بە لەشكركێشى و بە سەربازگەكردنى شار و شارۆچكەكانى هەرێم بهێنن و دەستبەردارى سیاسەتە چەوتەكانیان ببن لە ڕاوەدونان و دەستبەسەركردن و ئەشكەنجەدان و پاشان تەخوین و سزاى سیاسى لە سەر هاونیشتمانیان و با هەموان بە بێ جیاوازى لە بەردەم یاسادا لێپرسراو بن. پێویستە دەستكەوتەكانى ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە ببنە هەوێنى كۆتایهێنان بە پەراوێز خستنى هاونیشتمانیان لە بەشداریان لە بڕیارە چارەنوس سازە پەیوەندیدارەكان بە چاكەى گشتى كۆى كۆمەڵگاى كوردى.
ئێمەى هاونیشتمانیان تۆوى عەدالەتخوازى و خۆشەویستى یەكتر و نیشتیمان لە شوێنى پێشێلكارى یاسایى و ڕق لە یەك بوون دەچێنین.
ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى
27/04/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست