لابردنى بەرزانى ئەحمەد كوردە و دانانى هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد لە مەڵبەندى سلێمانى
Saturday, 19/12/2009, 12:00
هەرچەندە من نامەوێت چ وەسف چ رەخنە لە بەرزانى ئەحمەد كوردە بگرم لەو كاتەوەى بوونى بە بەرپرسى مەڵبەندى 1ى رێكخستنى سلێمانى یەكێتیى، بەڵام رێگە بە خۆم دەدەم قسە لەسەر لادانى ناوبراو و دانانى ژنەكەى تاڵەبانى بكەم، چونكە وەك ئەندامێكى یەكێتیى نیشتیمانى و خەڵكى سلێمانى مافم هەیە قسە لەسەر ئەو كەسانە بكەم كە دادەندرێن بە بەرپرسى سنوورەكە لە رووى حیزبیەوە، یاخود لە رووى ئیدارییەوە.
هەرچەندە بەرزانى ئەحمەد كوردە بە هەڵبژاردن داندرا بە ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانى و بە كەسێكى جەماوەرى ناسرابوو، بەڵام یەكێتیى و نەیارەكانى كەوتنە تەققە لێى و هەوڵى ناشرینكردنى ئەویاندا، ئەمەش لە كاتێك دێت كە ناوبراو چەندین وتاری دژى گەندەڵى دەنووسى و لە هەوڵى جوانكردنى ئەو رووە ناشرین و دزێوەى یەكێتیى بوو لە شارەكە، بەڵام بە دەسخۆشیەوە بۆ تاڵەبانى و یەكێتیى كە نەیانهێشت ئەو مەرامەى بەرزانى ئەحمەد كوردە بێتە دى و روویەكى جوانى بە یەكێتیى ببەخشێت، خۆیان بە دەستى خۆیان دوو هێندەى تر بە دانانى هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد بە بەرپرسى مەڵبەند یەكێتییان ناشرینتر كرد، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەندامانى یەكێتیى ئەو ترسەیان لە دڵدا چەقى كە چیتر هەڵبژاردن و دیموكراسیەت و رەئى ئەندامان هیچ سەنگێكى نییە، بەڵكو تەنها بڕیارەكان تاك لایەنەن و لە سەروو چى بڕیار درا، هەر ئەوە دەبێت.
هێرۆى ئیبراهیم ئەحمەد و خێزانى تاڵەبانى هێندە نموونێكى جوانى لە ناو كۆمەڵگاى كوردى و بە تایبەت سلێمانى دا نییە، تاكو ببێتە هۆى كڕینەوە و رازى كردنى ئەندامە تۆراوەكانى یەكێتیى لەو شارە.
ئەوان بە دانانى هێرۆ پێیان وایە كە دەتوانن گۆڵ لە گۆڕان بكەن، هاوكات ئەندام و لایەنگرانى گۆڕان بۆ ناو یەكێتیى پەلكێش بكەنەوە، بەڵام بەو سیاسەتە سەقەتەى یەكێتیى دوو هێندەى تر رقى ئەندامان و لایەنگرانى لە خۆى ورژاند، چونكە هێرۆ هێندە مەحبووب نییە تا خەڵكى بڕۆنە بەر دەرگاى مەڵبەندەكەى و ئینتیماى خۆیان بۆ یەكێتیى دەرببڕن، كێشەكە لەوەدایە كە بە بوونى بەرزانى ئەحمەد كوردە كە بە كەسێكى جەماوەرى ناسراوە، یەكێتیى شكستى هێنا چ جاى هێرۆ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست