کووده‌تای ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان نابێ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا تێپه‌ڕێت

Friday, 03/07/2009, 12:00


که‌مپه‌ین* ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ، 24 / 6 / 2009 ، په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی وله‌ چوارچیوه‌ى رێكه‌وتنی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستانی په‌سه‌ندكرد . وابڕیاریشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێمدا ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.
بایه‌خی دستوور بۆ ئه‌مڕوی کوردستان هیچ گومانێکی تیا نیه‌ چ له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و چ بۆ کردنی بنه‌مایه‌ک بۆ له‌یه‌ک جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و ڕێگرتن له‌ فه‌رمانڕه‌وایی کردن له‌چوارچیوه‌ی ڕێکه‌وتنی نێوان حیزبه‌سیاسیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و به‌بارمته‌کردنی ووڵات له‌نێو سه‌فه‌قاتی سیاسیدا . هه‌ر نه‌بوونی ده‌ستوورێکی مودرین و دیموکراتیک بوو له‌ 19 ساڵی ڕابووردوو له‌کوردستاندا ڕێگه‌ی کردوه‌وه‌ بۆ کۆنترۆڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌دوور له‌هه‌موو بنه‌ما یاساییه‌کان و ده‌یان دیارده‌ی تری وه‌ک گه‌نده‌ڵی و ونبونی ده‌سه‌ڵاتی یاسا و پێشێلکردنی مافه‌کانی هاونیشتیمانی . له‌و ماوه‌ دوورودرێژه‌دا و سه‌رباری پێداگرتنی به‌شێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌ڵام هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ بیانووی جیاواز خۆیان ده‌دزیه‌وه‌ له‌ داڕشتنی ده‌ستوور له‌چوارچێوه‌ی پێداویستیه‌ سیاسی و یاساییه‌کانی کوردستاندا و چه‌ندین ساڵ کار به‌یاساکانی پاشماوه‌ی ڕژێمی به‌عس ده‌کرا.
به‌ڵام له‌ناکاو و له‌کاتێکدا که‌ به‌هه‌موو پێوانه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و پێوانه‌کانی یاسایی و ده‌ستوری جیهانی ، په‌رله‌مانی ئێستای کوردستان سه‌ڵاحیه‌تی به‌سه‌رچوه‌ هه‌وڵێکی جدی له‌ئارادایه‌ بۆ سه‌پاندنی ده‌ستورێکی کۆنه‌په‌رست و دابڕاو به‌باڵای هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداردا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش له‌به‌ر پابه‌ندبوونیان به‌بڕیاری سیاسی سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کانیانه‌وه‌ و به‌بێ گوێدان به‌لێپرسراوه‌تی مێژووییان و بۆ مه‌رامی ته‌سکی حیزبی و کایه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیعایه‌ بۆ لیسته‌کانیان مۆری پشتیوانی لێئه‌ده‌ن وله‌جیاتی ڕیگرتن له‌وهه‌نگاوه‌ نایاساییه‌ مۆری شه‌رعیه‌ت ئه‌نێن به‌ ‌وه‌ها هه‌نگاوێکی مه‌ترسیداری مێژووییدا.
ئێمه‌ شانبه‌شانی ئه‌و شه‌پۆ‌له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی گرتۆته‌وه‌ له‌م بواره‌دا ، و له‌کاتێکدا که‌ ململانێی سیاسی له‌چوارچێوه‌ی لیسته‌به‌شداربوه‌کانی په‌رله‌ماندا په‌ره‌ده‌سه‌نێت داواده‌که‌ین په‌سه‌ندکردنی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری کوردستان نه‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ تا په‌رله‌مانی داهاتووی کوردستان له‌وباره‌وه‌ بڕیاری گونجاو ده‌رده‌کات.
پێداگرتن له‌سه‌ر ده‌نگدان بۆ ئه‌م ڕه‌شنووسه‌ به‌دگومانی و نیگه‌رانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌رانبه‌ر نیازو نیه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی حکوومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هێنده‌ی تر به‌هێز ده‌کات و به‌وه‌ش شه‌فافیه‌تی سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌باته‌ژێر پرسیاره‌وه‌. له‌هه‌مان کاتیشدا بڕوای ته‌واومان به‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان هوشیارن به‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ و ناچنه‌ ژێر باری ده‌نگدان به‌ پرۆژه‌یه‌كی سیاسی پڕ له‌گومانه‌وه‌.

که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنێکی شه‌فاف له‌کوردستاندا 2009 ئوسترالیا
28 / 6 / 2009






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە