کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كوردستان به‌رەو سیسته‌می پادشایی ده‌ستوری ده‌ڕوات

Friday, 05/12/2014, 12:00


ڕیگاكانی به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات زۆرن، ڕێگه‌ی دیموركراسی وه‌كو هه‌ڵبژاردن و ڕێگه‌ی نادیموكراسی وه‌ك هێز و بە دوای خۆێدا سیستەمی میراتگری دەهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌جیهاندا باوه‌ و به‌ ئه‌زمون سه‌لمێنراوە و سه‌ركه‌وتوبوه‌ ڕێگه‌ی دیموكراسیانیه‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته‌، ئەمەیان باشترین جۆری سیسته‌می حوكمڕانیه‌.
سیسته‌می حوكم له‌كوردستان به‌گوێره‌ی ده‌ستوری عێراق له‌ ماده‌ یه‌ك هاتوه‌ ده‌ڵێ : (كۆماری عراق یه‌ك ده‌وڵه‌تی فیدراڵی سه‌ربه‌خۆیه‌ سه‌روه‌ری ته‌واوی هه‌یه‌ سیسته‌می حوكم تیایدا كۆماری په‌رله‌مانی دیموكراسیه‌، ئه‌م ده‌ستوره‌ ده‌سته‌به‌ری یه‌ك پارچه‌یی عراقه‌). ئه‌مه‌ به‌گوێره‌ی ده‌ستوری عێراق سیسته‌می هه‌موو عێراق و كه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ گوایە په‌رله‌مانی دیموكراسیه‌.

له‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ له‌ماده‌ی یه‌كه‌م ده‌ڵێ:(كوردستان_هه‌رێمێكه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵدا، سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كه‌ی په‌رله‌مانی، كۆماری و دیموكراتیه‌ و پشت به‌ فره‌لایانی سیاسی و بنه‌مای لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ڕاسته‌وخۆی نهێنی و ده‌وریه‌وه‌ ده‌به‌ستێ.

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ماده‌ی 61 ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ ده‌ڵێ:(سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی ده‌نگدانی گشتی، نهێنی له‌لایان هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌یاسا دیاری ده‌كات)، ئه‌مانه‌ به‌ده‌ر له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ زۆره‌ی به‌ سەرۆكی هه‌رێم دراوه‌. لێره‌دا ماده‌كانی پڕۆژه‌ ده‌ستوری یاسای هه‌رێمی كوردستان دژه‌ یه‌ك و ناكۆكن له‌گه‌ڵ یه‌كدا، چونكه‌ به‌ده‌ستور سیسته‌مه‌كه‌ په‌رله‌مانیه‌ ، به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیع نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ به‌ لای سه‌رۆكدا.

ئه‌و هۆیانه‌ی وا ئه‌كات كوردستان به‌ره‌و سیسته‌می پادشایی ده‌ستوریی بچێت.
تێبینی: مەبەست لە سیستەمی پادشایی، سیستەمی بنەماڵەییە.

1- نه‌بونی ده‌ستورێك له‌ كوردستان كه‌ سیسته‌می په‌رله‌مانی تیا بچه‌سپێ، ڕاسته‌خۆ به‌گوێره‌ی ده‌ستور ده‌سه‌ڵاته‌كان لێك جیا بكرێته‌وه‌.

2- دروستبونی بۆشایی سیاسی، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، كه‌ ته‌جاوزی ماوه‌ی ویلاته‌كه‌ی خۆی كردووه‌، ئه‌مه‌ دوباره‌ ڕێگه‌ ئه‌داته‌وه‌ به‌ پارتی داوای هه‌مان شت بكا.

3- خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ عورفی ده‌ستوری له‌ناوسیسته‌می سیاسی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژ ده‌كریته‌وه‌.

4- دروستبوونی حكومه‌تی بنكه‌فراوان، كه‌ ئێستا له‌ كوردستان هه‌یه‌، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می پادشایی ده‌ستوری، چونكه‌ حكومه‌تی بنكه‌ فراوان فاشلترین جۆری حكومه‌ته‌ كه‌ به‌م نه‌فه‌سه‌ی ئێستا پیاده‌ی ده‌كه‌ن.

6- ئه‌گه‌ر بۆ جاری سێیه‌م سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی كاندید بكاته‌وه‌، ئه‌م سه‌رۆكایه‌تیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی عورفی ڕاده‌ستی ده‌ستی بنه‌ماڵی به‌رزانی ده‌بێت، به‌م شێوه‌یه‌، ته‌نها ڕه‌مزی سه‌رۆك وه‌كو مه‌لێك ده‌رناكه‌وێ، چونكه‌ ئه‌وان ئاماده‌نین ته‌نها مه‌لكیه‌تی سه‌رۆكایه‌تی قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتیشیان ده‌بێت، كه‌واته‌ سیسته‌مه‌كه‌ ده‌بێته‌ مه‌له‌كی ئیستبدادی، واته‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نها سه‌رۆك له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌بێت، هه‌تا بهارزانی ده‌مرێت دواتر كوڕه‌كه‌ی دواتر كوڕی كوڕی به‌م شێوه‌یه‌ سیسته‌مه‌كه‌ له‌ناو سیسته‌می دیموكراسی په‌رله‌مانی به‌شێوه‌یه‌كی عورفی ده‌بێته‌ سیسته‌می مه‌لكی، زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی ئۆپۆزسیۆن و شاره‌زایانی بواری یاسا ئه‌م ڕاستیانه‌ ئه‌زانن به‌ڵام لێی بێده‌نگن.


چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌مانه‌ن:

1- به‌زوترین كات پێش ته‌واوبونی ویلاته‌ی سه‌روكی هه‌رێم پڕۆژه‌ی ده‌ستور بگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان سازانی نیشتمانی له‌سه‌ر بكرێت.

2- ڕێگه‌ نه‌درێت سه‌رۆك له‌لایان هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، ماده‌ی 61 لاببردرێت.

3- ڕیگا به‌ بۆشایی سیاسی نه‌ده‌ن.

4- واز له‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ بهێنرێت كه‌ ته‌نها تاكه‌ كه‌سێك نه‌بێت كه‌سی تر شیاوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نیه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە