کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە نێوان نەخۆشخانەحكومى و ئەهلییەكانى سلێمانیدا

Saturday, 02/07/2011, 12:00


عاسى بانیخێڵانى دەزگا تەندروستیەكانى هەرێمى كوردستان ، ڕووبەرێكن پڕ لە دڵسۆزى و لەخۆ بوردن ، بۆ ئەو برینپێچ و یاریدەدەرى پزیشیكانەى كە شەو و ڕۆژ خەریكى تیماركردن و دەرمانكردنى زام و ئازارى نەخۆشەكانن و ، وەكو سەربازى ون وان، هیچ كەسێك ئاگاى لێیان نییە و كەسێكیش گوڵێك ناخاتە سەر گۆڕى یەكێكیان و یەك لە دواى یەك ئەڕۆن و خانەنشین ئەبن و ئەمرن و لەیاد ئەچنەوە ، بەڵام لە بەرامبەر ئەو دیوە ڕۆشنەى خزمەتى تەندروستیدا ، كۆمەڵێك پزیشكى مشەخۆر هەن ، كە دەوامى نەخۆشخانە بۆ ئەوە دەكەن تاكو گوڕ و تین بە عیادە پریڤەیتەكانیان بدەن و ، وەكو نێچیر سەیرى نەخۆشەكان ئەكەن و هەوڵ ئەدەن زۆرترینیان ڕاپێچى نەخۆشخانە ئەهلى و عیادە تایبەتیەكانى خۆیان بكەن و لەو ڕێیەوە ئوتومبیلى شەش دەفتەرى و ڤیللاى سەد دەفتەرى بنیات بنێن .. بۆ نمونە ، ئەگەر خوانەخواستە بكەویت و حەوزت بشكێت ، بە حاڵى مردن ئەگەیتە بەشى فریاكەوتنى خێرا ، لەوێدا كارمەندە تەندروستیەكان بە دڵسۆزییەوە پێشوازیت لێدەكەن و ئەوەى لە دەستیان بێت ، بۆتى جێبەجێ دەكەن ، ئینجا پزیشك دێت و ئەڵێت : (تۆ لە قائیمەى عەمەلیاتدایت و دواى چوار ڕۆژى تر نۆرەت دێت و عەمەلیاتت بۆ دەكەین .. !!!) ئەم هەواڵە سەیرە ، یەكەم : تایتڵى فریاكەوتنى خێرا بەدرۆ دەخاتەوە ، دووەمیش : ئاگادارت ئەكاتەوە كە بە زووترین كات لە عیادەیەك یان نەخۆشخانەیەكى ئەهلیدا مشورى خۆت بخۆیت و لەبەرامبەر دوو-سێ ملیۆن دیناردا چارەسەرییەكى خۆت بكەیت ، ئەگینا كێ هەیە بەو ئازارە زۆرەوە چوار ڕۆژ چاوەڕوانى بەڕێز پزیشكى ئێسقان بكات تاكو سەرەى بێت و نەشتەرگەرى بۆ بكات ؟؟ ئەمە چ زوڵمێكە (ئیللاهى) كە بەرامبەر نەخۆش و دەردەدارەكانى ئەم وڵاتە ئەكرێ ؟؟ ئەى هاوار ! لە هەموو جیهاندا نەخۆش شایانى ڕێز و یارمەتى و كۆمەككردنە ، بەڵام لاى ئێمە نەخۆش ئەو كەڵەكێوییەیە كە ڕاو دەكرێت و ئیفلاسى پێدەكرێت و تورەكەى سواڵ دەكرێتە ملیەوە ..
پاشان خێزانەكەت كاتى مناڵ بونیەتى ، ئەگەر بیەوێت بە نەشتەرگەرى قەیسەرى مناڵەكەى ببێت ، ئەوا لیژنە دادەنیشن و پشكى بۆ دەكەن و لە ئەنجامدا لە بیست نەخۆش ، یەك دوو نەخۆش بڕیارى نەشتەرگەرى قەیسەرییان بۆ دەدرێت و پێیان ئەوترێت : عەسر ، بچن بۆ عیادەى بەنجكردنى دكتۆر سامان ، لە نزیك پاركى دایك ، ئینجا سبەینێ وەرە بۆ نەخۆشخانەى مناڵبوون بۆ نەشتەرگەرى ..كە دەچیتە عیادەى بەنجى ئەو دكتۆرە بەڕێزە ، پانزە هەزار دینارت لێدەسەنێت و پێت ئەڵێت : (زمانت دەربێنە) تۆیش زمان دەردێنیت ، ئەویش ئەڵێ : (تەواوە ، عەیبت نییە ، سبەینێ لە هۆڵى نەشتەرگەرى ئەتبینمەوە) ..
ئایا ئەم دكتۆرە بەڕێزە ، بەیانیان لە كوێیە ؟؟ ئایا بەیانیان و ئێوارانیش هەر ئەهلى ئیش ئەكات ؟؟ ئایا لیژنەى فەتوا ، كە دەكەوێتە پشت باخى گشتى ، تاكو چەندێك موچەى ئەم پزیشكە بە حەڵاڵ دەزانن ، لە كاتێكدا سەرجەم نەخۆشى نەخۆشخانە حوكومیەكانى بۆ تەحویل دەكرێت بۆ عیادەكەى ؟؟ ئایا ئەم بەڕێزە بەرامبەر بە موچەكەى ، چى پێشكەش بە فەرمانگاكانى تەندروستى ئەكات ؟ ئایا ئەوە ئاسایى و یاساییە نەخۆشێكى حوكومى بە عالەمى ئاشكرا تەحویلى عیادەیەكى ئەهلى بكەیت بۆ ئەوەى دوبارە بینێرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكى حوكومى بۆ نەشتەرگەرى دواى ئەوەى پانزە هەزارى لێدەسەنرێت و زمانێكى پێدەردەهێنرێت ؟؟؟ئایا تەها مەحوى نەقیب و تایەر هەورامى وەزیر چى دەڵێن ؟؟ یان تایەر هەورامى هەر سوورە لەسەر ئەوەى كە دواى خوا ، دكتۆر دێت و لەسەروو هەموو یاسایەكەوەن و غەڵەتیان لێ جوانترە تا ڕاستى ؟؟ ئەى هەر خۆى نەبوو بەیەكەم وەجبەى قبوڵكراوى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى وتبوو : دواى خوا ، ئێوە دێن !!! تا كوڕەكەى مامۆستا جەمال عەبدول پێى وتبو : نا ، وا نییە ، ئێمەیش بەشێكى كۆمەڵین و پێویستمان بە كۆمەڵە .ئینجا بیرمان نەچێت ئەو ژنە دووگیانانەى كە لە بڕیارى لیژنەى نەشتەرگەرى نەخۆشخانەى ولادە نائومێد دەبن ، ناچار ئەڕۆن بۆ نەخۆشخانەى سۆماى ئەهلى و لەوێندەر مادام پارە دەدەیت ، نە لیژنەى ئەوێ و نەهیچ ، حەز ئەكەى لە 4 جێگاوە و بە 4 نرخى جیاواز عەمەلیاتت بۆ ئەكەن ، ما شەلڵا لەم بان و دوو هەوایە ، بەیانیان بە لیژنە و عەسرا بەبێ لیژنە ، ..كەواتە لیژنە بریتیە لە سیاسەتى هەڵفڕاندنى نەخۆشە دوو گیانەكان لە نەخۆشخانەى ولادەى حكومى بۆ نەخۆشخانەى سۆماى ئەهلى ..
هەروەها لە زۆربەى نەخۆشخانە حوكومیەكاندا ، بەشى فەحسكردنى نەسیجى هەیە ، بەڵام لە هەندێ نەخۆشخانەدا ، كاتێك نەشتەرگەرییەك ئەنجام دەدرێت ، پارچەیەك لەو گۆشتە زیادەیە یان برینە ، ئەنێردرێت بۆ تاقیگەى نەسیجى بۆ تەئكیدكردنەوە لە پیسى یان پاكى ئەو برینە ، یەكسەر ئەنوسرێت : (بۆ دكتۆرە تریفە شەوكەت بابان) واتا بۆ عیادەكەى ئەو بەڕێزە ، ئەمە لە كاتێكدا كە چەند هەنگاوێك لە ژوورى نەشتەرگەرییەوە بەشى فەحسى نەسیجى حوكومى هەیە و پزیشكى زۆر لەو بەڕێزە شارەزاترى لێیە ، ئایا ئەمە موخالەفە و فاوڵ نییە لە نەخۆش و یاسا تەندروستیەكانى هەرێم ، جەنابى نەقیب مەحوى و وەزیر هەورامى ؟؟ئەگەر ئاگاتان لێ نییە ، فەرموو ئەوە من ئاگادارتان ئەكەمەوە و ئەگەر ئاگادارن و لەو ناحەقییە بێدەنگن ، ئەوە چاك بزانن هەموو ناحەقییەكان كۆتاییان ڕیسوا بوونە و هەموو بێدەنگییەكیش لە ناحەقى ، شەیتانێكى كەڕ و كوێر لە پشتییانەوە ڕاوەستاوە ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە