کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەلاری ئەنجومەنی دادوەرى، بۆ كام دادوەر و داواكار گشتی راستگۆ و سه‌ربه‌خۆ دەكرێتەوە؟

Saturday, 23/05/2009, 12:00


لە 20/5/2009 تەلارێكی گەورە ئەنجومەنى دادوەرى بە تێچوونى چەندین ملیۆن دۆلار كرایەوە، بەڵام نازانم بۆچی و بۆ كێ دەكرێتەوە، بۆ كام دادوەرو یاساپەروەری بە ویژدان و سەربەخۆو بوێرو راستگۆ؟، بۆ كام بەناو یاساناس لەكوردستان؟، بەڕاستی ئەگەر من بەشی یاسام تەواو بكردبایە یاخود دادوەر یان كەسێكی یاساناس بوومایە هەر زوو دەستبەردارى بڕوانامەكەم دەبووم و بە پۆلێكی قەڵپ دەمخستە زبڵدانی خەرمانەی گەندەڵی و دزییەكانی كوڕانی هەردوو حزبی یەكێتی و پارتییەوە.
دكتۆر نێچیر لەئاهەنگی كردنەوەى تەلارەكەدا، بریا ئاهەنگی داخستنی بوایە، وتى "حكومەتی هەرێم دوو ساڵ لەمەوبەر هەوڵی جیدو پراكتیكیی داوە بۆ دامەزراندنی دادگایەكی سەربەخۆ"، ئەدی نازانم پاش دوو ساڵ بۆ دانەمەزرا؟، حەقی خۆیەتی بڵێم ئەگەر لەبری تۆ بومایە یەك شەقم لەكورسییەكەى ژێرم هەڵدەداو لەسەر لایەڕەیەكی رەش بەحبری سپی دەستلەكار كێشانەوەكەم دەنوسی.
لەقسەیەكی دیكەدا وتى "بوونی ئەم تەلارە هێماى بایەخدانمانە بە پرەنسیپی سەروەرى یاسا"، ببورە جەنابی سەرۆك ئەوە لەقسەى سەرۆك ناكات، ئەبوایە بتوتبا بۆ لەمەودوا بوونی ئەم تەلارە بە بوونى دادوەرو كەسی یاسایی بوێر لەبەرامبەر یەكێتی و پارتی و كارە مافیاییەكانیانی بەرپرسەكانى، دەبێتە سەرەتای بایەخدان و بەهێزبوونی سەروەرى یاسا، نەك ئەو قسەیەی كە هەموو بینەرێك پێكەنینی پێی دێت، بەڕاستی حەقوایە تۆی گەنج كە مادام كەسێكی بەتواناى چیتر دواى پرەنسیپی بنەماڵەو چەپڵەى حزبە ئێكسپایەرەكان نەكەویت.
زۆر شتی دیكەى جوان و بریقەدارو زەبەلاحی وت، ئەگەر بە قیاسی ئەو قسانە بوایە دەبوایە ئێستا كوردستانە وێرانكراوەكەى دەستی هەردوو حزب، سویدی دووەم بوایە، بەڕاستی جەنابی سەرۆك ئەوانەى تۆ وتت هیچی لەجێگەى خۆیدا نەبوون و راست نین، چونكە ئەگەر وابوایە ئەوە بۆ چارەكە سەدەیەك و چەندین ساڵ سەردەمی سەرۆكایەتی جەنابت، بەرپرسێكی دز یان تەنانەت مودیر ناحێیەیەك نەدراوە بە دادگا، ئەوە عەیامێكە نەمانبینی تەنانەت وەزیرێك كە حەیفە بڵێین وەزیر بەڵكو حەقە بڵێن بازرگان، لێپێچینەوەى لەگەڵ نەكراوە.
نێچیرڤان بارزانی ئەم قسە خۆشەشی وت كە یەكسەر قاقای پێكەنینم گەیشتە عەرشی فولەك، وتى "رۆڵەكانی عیراق لەرژێمە یەك لەدواى یەكەكانی عیراقدا بەهۆی نەبوونى سەروەرى یاساو دەسەڵاتی دادوەرى سەربەخۆوە بوونەتە قوربانى"، بەڕاستی وایە لەگەڵ رژێمەكەی ئێوەشدا كە دواترین رژێمیانە ئێمە بووین بەقوربانی.
لێرەوەو لەدوا دێڕمدا بە هەموو دادوەرو كەسانی نێو ئەو تەلارە دەڵێم تكایە شەرمە ئەگەر لەنێو ئەو تەلارەدا دابنیشن، ئەگەرنا ئەوا ماوەى یەك مانگ سەنگی مەحەكە بۆ ئەوەى تەلارە نوێكە ببێتە رەمزی سەروەرى یاسا.
لەماوەى پێشووشدا عیماد ئەحمەد وتى و ئەوەتا لەئێستادا نێچیرڤان دەڵێن ئەبوایە دادوەران و داواكارى گشتی، رۆڵی جیدی و باشیان ببینایە، كەواتە ئەوان راست دەكەن و ئێوە گەندەڵ و نایاسایین و ناتانەوێ یاسا سەروەر بێ و راست ناكەن لەگەڵ خەڵكیدا، یان ئێوەش شەریكە دەسەڵات و حزبن و ناتانەوێ یاسا برا گەورە بێت، ئەگەر وایە كەواتە ئەگەر رۆژێك یاسا سەروەر بوو یان دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆ دروست بوو ئەوا دەبێت ئێوەش بفەرمن بۆ بەدەركی دادگا.
[email protected]
21 مەى 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە