کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دابەشكردنی زەوی لەكفری حكومەتی هەرێم ناشرین دەكات

Wednesday, 09/02/2011, 12:00




لەچەند هەفتەى پێشوودا بە فەرمانێكی ساڵی 2006 نزیكەى بە شێوەی تیروپشك 800 زەوی لەكفری دابەشكراوەو بۆ 14 ئەندازیاریش بە بێ تیروپشك، هاوڵاتیانیش گلەیی ئەوە دەكەن كە ناعەدالەتییەكی زۆر لەدابەشكردنیدا كراوەو رەچاوی خاڵ و موستەحەقیی نەكراوە، مامۆستایەكیش دەڵێت ققوتابییەكانم وەریانگرتووەو منیش بێبەشكراوم.
بە پێی ئەو زانیارییانەى لەسەرچاوەیەك لەشارەوانی كفری دەست رۆژنامەى چەتر كەوتووە سەرۆكی شارەوانی و ئەندازیارەكان سەرەڕای ئەوەى رۆشتوون بە جیاوازی نوسراوی تایبەتیان بۆ زەوییەكانی خۆیان هێناوە، كەچی لەوەرگرتنیشیدا ناداپەروەرییان كردووە، چونكە 800 زەوی بە تیروپش دراوە بە هاوڵاتیانی ئاسایی و بۆ خۆشیان بە بێ تیروپشك دەستنیشانیان كردووە.
مامۆستا قادر قەرەداغی وەك هاوڵاتییەكی كفری ئەو كار بە ناڕەوا دەزانێت "ئەگەر ئەندازیارەكان جیاواز لەخەڵك زەوییان وەرگرتبیت كارێكی ناڕەوایەو واى دەبینم كەسێك پۆستەكەى بۆ مەرامی خۆی بەكارهێنابێت، ئایا دەقێكی یاسایی هەیە رەوایی بەو كارە بدات".
سەرۆكی شارەوانی كفری ئەندازیار نەوزاد رەشید كە یەكێكە لەو ئەندازیارانەى زەوییان وەرگرتووەو ئەو تۆمەتەى رەتكردەوە كە خۆیان دەستنیشانیان كردبێت و رایگەیاند "ئێمە لیژنەیەكمان دەستنیشانكردووە لەئەندازیارو پارێزەر هەڵدەستن بە دابەشكردنی زەوییەكان بە سەر ئەو كەسانەى ناویان هاتووەتەوە بە شێوەى تیروپشك، بەڵام بۆ ئەندازیارەكان بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان بە نوسراوی فەرمی هەر لەو شوێنەى خەڵك زەوی پێدراوە پارچەیەكی بۆ هەر هەموومان پێكەوە دەستنیشانكردووەو لەنێو ئەو 14 زەوییەدا بۆ ئەندازیارەكان تیروپشك كراوە".
سەبارەت بە چۆنێتی دابەشكردنی ئەو زەوییانە ئەو مامۆستایە وتی "لەدابەشكردنی زەوییەكانی ئەمساڵ ناعەدالەتییەكی زۆر دەبینم، چونكە من 13 ساڵ خزەمەتم هەیەو وەرمنەگرتووە، هەر لەبەر ئەوەى بڕیارەكە دەڵێت ئەوەى فەرمانی 8/6/2006ی هەبێت وەریدەگرێت و بڕیارەكەى من هی مانگی 8/2006، كەچی دەیان قوتابی خۆم وەریگرتووە، ئەمەش ناعەدالەتی و بێبەرنامەیی ئەم سیستم و حكومەتە دەردەخات".
مامۆستا قادر ئاماژەى بەوەكرد كە چەندین یاداشتی بەرزكردووەتەوەو داویەتی دەستی دكتۆر بەرهەم و عیماد ئەحمەد هەر گوێی لێ نەگیراوو سوودی نەبوو، كەس نازانێت شێوازی بڕیارو دابەشكردنەكە چۆنەو بەشێكی زۆری مامۆستاو سەدان كەسی موستەحەقی وەرینەگرتووە.
سەرۆكی شارەوانی كفری وتیشی "من لەسەرەوە فەرمانم بۆ هاتووەو جێبەجێم كردووەو تەنها لەسەرمە جێبەجێی بكەم"، بەڵام مامۆستا قادر دەڵێت "ئەگەر سەرۆكی شارەوانی دەڵێت من تەنها فەرمانم پێكراوەو جێبەجێی دەكەم، خۆ باوكم فەرمانبەری نەخۆشخانە بووەو فەرمانی 2002ی هەیە كەچی پێیان وتووە بە فۆرم دابەشی دەكەین و تۆ لەقۆناغی دووەم وەریدەگریت، كەچی خەڵكی خاوەن واسیتەو ناموستەحەق خراوەتە پێشەوە، شارەوانی كفریش هیچ رۆڵێكی نەبووە، چونكە چەندین كەس وەریگرتووە نە خێزانی هەیەو نە مافیشی هەیە وەریبگرێت".
قایمقامی كفری شێركۆ حسێن حامد لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەى چەتر روونیكردەوەو وتی "ئەوكات لە2006 زەوی دابەشكردن بە پێی خاڵ و سیستمی كۆتاو لەچوارچێوەی فەرمانگەكەی خۆیدا بوو، بۆیە هەر فەرمانگەیەك بەشی خۆی هەبووەو ناوى چەند كەسێكی بەرزكردووەتەوە، بۆ نموونە كتێبخانە دوو فەرمانبەرى هەبووە هەردووكی وەریگرتووە، بەڵام پەروەردە 3000 مامۆستای هەیە رەنگە بەشێكیشی وەری بگرێت و كۆمەڵێكی بێبەش ببن".
حسێن راشیگەیاند كە ئەوەى لەدواى ئەو بەروارە ناوی هەیە بە پێی خاڵ وەریدەگرێت و پێم وایە هیچ كەسێك بێبەش نابێت، بەڵام لەمكاتەدا رەنگە وەرینەگرن.
شایەنی ئاماژەبۆكردنە كە چەندین كەسی نزیكی بەرپرسان و ناموستەحەق زەوییان پێدراوە، بە نموونە مامۆستا هەیە 6 ساڵ خزمەتی هەیە زەوی وەرگرتووەو دەیانی تر زیاتر لە10 و 13 و 14 ساڵ خزمەتی هەیە وەرینەگرتووەو فەرامۆشكراوە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە