گەنجە یاخییەكانی بزووتنەوەى گۆڕان
Wednesday, 29/06/2011, 12:00
پێویستە ببێتە كەلتور، ببێتە نەریت و رۆحییەتی كاركردن، ببێتە رێسا، مەبەستم ئەو جۆرە كاركردن و حزبایەتییەى گەنجەكانی نێو بزووتنەوەی گۆڕانە، كە زۆربەیان عەقڵی شاخ و كۆن و حزبایەتی تەقلیدی رەتدەكەنەوەو دژی بە موقەدەسكردنی سەركردەو سەرۆك و بەرپرسن، لێ گەنجی دیكەیان هەیە مامە حەمەیی و سەرۆك و بەرپرسپەرستی چووەتە خوێنیانەوە كە ئەویش لەنێو حزبەكانی دیكەوە بۆیان ماوەتەوە یاخود فێری بوون بەڵام خۆشبەختانە كەمن ئەو جۆرەیان.
دیارە مێژووی ئەحزابی كوردی وابووە وەك لەنوسینێكی دیكەمدا ئاماژاندم ئەو حزبانەوە هەر لەئەزەڵەوە هەمیشە دوو جۆر مرۆڤیان بەرهەمهێناوە، یەكێك سەركردەپەرست و ئەوی دی پۆستپەرس، بەڵام ئەمڕۆ تاڕادەیەك مۆدێلی ئەو وێنە حزبایەتیی نەماوەو دەبێت كار بۆ بنەبڕكردنی بكرێت، كە سەددەرسەد دەبێتە هۆی لێدان لەبەرژەوەندی شەخسی بەرپرسەكان و لەقكردنی گەورەبوونیان، خۆشبەختانە وێنەى ئەو جۆرە گەنجە لەنێو گۆڕاندا هاتووەتە كایەوە.
بەحوكمی خوێندنەوەى بەندە بۆ گەنجەكانی نێو گۆڕان دەركەوتووە نەك خودی بەرپرسەكانی رابوردوو، بەڵكو عەقڵ و كردارو وتەكانیشیان رەتدەكەنەوەو قبوڵی ناكەن و بوونەتە مڵۆزمێكی گەورە بۆ جەنابی كاك فڵان و خاڵە فیسارى بەرپرس، بۆیە ئەم یاخیبوونەى گەنجەكانی نێو گۆڕان دەبێت ببێتە كەلتورى هەموو تاك و گەنجێك كوردو كار بۆ گشتاندنی بكرێت، چونكە وەك چۆن زۆربەى فەیلەسوفەكان كاریان بۆ یاخیكردنی تاك كردووە، یاخیبوون تائاستی ئەوەی بە شتی باشیش بڵێن خراپ بۆ ئەوەى باشترین بەرهەم بهێنن.
هەرچەندە هەندێكی زۆر لەو بەرپرسانەى پێشوو تا سەردەمی راپەڕینی 91 جێگەى رێزلێگرتن بوون و دواى راپەڕین بە هۆی بوونیان بە بازرگان و سەرمایەدار ئەو رێزو تەقدیرەیان لەدەستدا، بۆیە ئەمڕۆ دڵڕفێنە كە زۆر گەنجی یاخی و ناڕازی هاتوونەتە بەرهەم و بە هەموو شێوەیەك عەقڵ و شێوەی بەرپرسبوون و حزبایەتی تەقلیدی بەسەرچووی ئێستا قبوڵناكەن و بگرە گاڵتەیان پێی دێت،چونكە دەزانن چیتر سەردەمی كاك و بەڕێزو براگەورەو مامەگیان و گەورەم و قوربان بەسەرچوو، ئەمڕۆ سەردەمی دیسپلین و پلان و بەرنامەو عەقڵییەتی یەكترقبوڵكردن و دیموكراسییە، نەك ئاغاو كویلە یاخود بەپرس گەورەو خوارەوەش بچووك.
دەبێت خودی بەرپرسەكانی لەوەبگەن كە سەردەمى عەقڵ و زمان و كرداری ئێستایان ئێكسپایەر بووەو باشترین چارەسەر بۆیان یان دانیشتن و دووركەوتنەوەیە لەدەسەڵات یاخود بچووكبوونەوەیان بەئەمری واقیعی گەنجە یاخییەكان، چونكە لەم سەردەمى فەیسبووك و بەجیهانیبوونەدا كە لە20 ساڵی پێشوو دەوترا جیهان بووەەتە گوندێكى بچووك، بەڵام ئەمڕۆ جیهان بووەتە كەمپیوتەرێكى لاپتۆپ و ئەگەر بەرپرس و سەركردەكانی ئەمڕۆمان فریای خۆیان نەكەون ئەوا لەهەموو شتێك بەجێدەمێنن.
پێویستییەكی حەتمی و ئانییە كە ئەو جۆرە عەقڵییەت و یاخیبوونەى فرەگەنجەكانی نێو گۆِران بە تایبەت گەنجانی نوێ نەك پاشماوەكانى یەكێتی و پارتی، بگوێزرێتەوەبۆ نێو حزبەكانی دیكەى مەیدانی سیاسی كوردستان بە تایبەت بۆ نێو حزبانی دەسەڵاتدار (یەكێتی و پارتی).
ئەوەتا هەر ئەو یاخیبوون و توڕەییەی ئەو گەنجانەبوو وای لەهەندێك بەرپرس كرد كە دان بەهەڵەى رابوردوویاندا بنێن و بە ئاشكرا بڵێت ئێمە چیتر پۆست و كورسیمان ناوێت، كە ئەمەش حەقی رێزلێگرتنە.
تێبینی/ ئەم وتارە لەژمارە 62ى 27/6/2011 رۆژنامەى چەتر بڵاوبووەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست