كێ دەڵێت كوردستان جیاوازە لەتونس و لیبیا!؟
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
ئەم نوسینە هەوڵدانێكە بۆ ناساندن و خستنەرووی لێكچوونەكانی نێوان تونس و لیبیاو كوردستان كە نەك لەخاڵێك و دووان، بەڵكو لەهەموو خاڵ و رووەكانەوە هاووێنەن و رەنگە بە نەكردنی چاكسازی لەكوردستان دەسەڵاتداران عاقیبەتیان وەكوو زەینولعابدین و قەزافی بێت، پێویستە چ زووە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بێن كۆڵانە قوڕو شەقام وێران و زانكۆ رووخاوو گەنجە بێكارو منداڵە ئیشكەرو بێ شوێنەكان ببینن، ئنجا یان ئەوەتا بەخۆیاندا بچنەوە یاخود بڵێت فەرموون ئەوە ئێمە بە ئاشتییانە دەسەڵات چۆڵ دەكەین.
بەڵێ...
1- لەتونس بن عەلی و لیبیا قەزافی بە كودەتا حوكمی گرتە دەست، لەكوردستانیش دوو حزب و دوو سەركردە بە راپەڕین و دواتر عەقڵی شاخ حوكمیان گرتە دەست و ئاكام شەڕی كوردكوژییان هەڵگیرساند.
2- لەتونس و لیبیا بنەماڵەیەك دەسەڵاتیان زەوت كردووە، لەكوردستان دوو بنەماڵە.
3- لەتونس و لیبیا كەسانی نزیك و خزمی بنەماڵەو سەركردەكانی تاك حزبێك قۆرخی بازاڕو ئابوورى وڵات و كۆمپانیاكانی كردبوو، لەكوردستان نەوەو دەوروبەرەكانی دوو بنەماڵەو دوو حزب.
4- لەتونس و لیبیا لایەنی سەربازی و پۆلیس و دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەكان و چەكداران لەدەستی تاك حزب و بنەماڵەیەكدا بوو، لەكوردستانیش لەدەستی دوو حزب و دوو بنەماڵەو دوو سەرۆك.
5- لەتونس و لیبیا هەر لەپاش دەستبەسەراگرتنی كورسی دەسەڵات دەستیانكرد بە داپڵۆساندن و ترساندنی خەڵك و چەواشەكاری، لەكوردستانیش هەر دواى 1991 دوو حزب دەستیانكرد بە كوردكوشتن و خنكاندنی گەنجان بە پەڕۆی زەردو سەوز و دواتر ترساندن و تۆقاندنی كۆمەڵگە لەرێگەى دوو دەزگاى زانیاری و پاراستن و ئاسایش و دروستكردنی چەندین زیندانی نهێنی و داڵدەدانی تاوانباران و خزمەتكردنیان.
6- لەتونس و لیبیا تاكە حزب و بنەماڵەیەك دەستی خستووەتە بینەقاقای حكومەت، لەكوردستانیش دوو حزب لەقوتابخانەیەكەوە تا دەگاتە دادگاو دەسەڵاتی یاسادانان و حكومەت و تەواوى فەرمانگەكانی زەردو سەوز كردووە.
7- لەتونس و لیبیا گەندەڵییەكی فراوان و بێكاری وڵاتی تەنیوە، لەكوردستان فراوانترە.
8- لەتونس و لیبیا دەسەڵاتداران هایلایف دەژیان و دەژین، لەكوردستان نەوەكانی حزب و دەسەڵاتداران زۆر زیاتر.
9- لەتونس و لیبیا ئازادی خنكێنراوە، لەكوردستانیش بەهەمانوێنەو زیاتر.
10- لەتونس و لیبیا ناشەفافییەت لەهەموو بوارەكاندا هەبوو، لەكوردستان گەورەترە.
11- لەتونس و لیبیا خزمەایەتی و مەحسوبییەت لەپۆستە ئیدارییەكاندا، لەكوردستانیش هەروا.
12- لەتونس و لیبیا كەسانی خاوەن بڕوانامە بە دەست بێكارییەوە دەیانناڵاند تا گەیشتە ئەوەی ئەلبو عەزیز خۆی بسوتێنێت، لەكوردستانیش دەرچوویەكی زۆری زانكۆو پەیمانگاكان بێكارن و رۆژانە لەشەر شەقامەكانن یاخود وڵات بەجێدەهێلن.
13- لەتونس و لیبیا جیاوازییەكی زۆر كراوە لەخزمەتگوزارى نێوان شارو شارۆچكەو ناحیەو گوندەكان، لەكوردستانیش هەر بە هەمانشێوەو زیاتریش.
14- لەتونس و لیبیا دەیان كەناڵی راگەیاندنی حزبی و سێبەریان دامەزراندووە كە بە شان و باڵی بنەماڵەو حكومەت و حزبدا هەڵبدات، لەكوردستانیش پارەو سامانی میللەت بۆ دەیان كەناڵی راگەیاندنی دوو حزب و دەسەڵاتەكەیان كارو مەدح دەكات.
15- لەتونس و لیبیا دەسەڵاتی تاك حزبی و بنەماڵەیەك مافیائاسا نە گوێیان لەڕەخنە دەگرت و دەگرن نە لەداواكارى و ئامۆژگارى، لەكوردستانیش دوو بنەماڵەو دوو حزب زەڕڕەیەك باكیان بە رەخنەو داواكارى خەڵك نییە.
16- لەتونس بن عەلی و خێزانەكەی و لەلیبیا قەزافی و خێزانكەى كەیفیان بە چەپڵەو خۆدەرخستن هەبوو، لەكوردستانیش رۆژانە خەریكی قردێلە بڕینن و بە دەیان ئۆتۆمبیل و سەدان پاسەوانەوە روو دەكەنە شارەكان و خەڵك و خوێندكارى زانكۆكان كۆ دەكەنەوە بەوەى بە شان و باڵیاندا هەڵبدەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن.
17- لەتونس و لیبیا راگەیاندن و بیروڕا قەتیس كرابوو و كراوە، لەكوردستانیش فشاری سەر راگەیاندن و بیروڕا بەرفراوانەو ساڵانە دەیان پێشێلكاری بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.
18- لەتونس و لیبیا دەسەڵات بەڕووكەش عەلمانی و داكۆكیكیارى مافی ئافرەت و تاكەكانە، لەكوردستانیش دوو حزب و دەسەڵاتەكەیان وەك وتەیەكی كوردی هەیە دەڵێت (نەفس تاس و نەفس حەمام).
بە گشتی ئەوەی لەتونس و میسر روویداو لیبیا و سوریاو ئوردن و بەحرەین و جەزائیرو یەمەنیشی گرتووەتەوەو لەتەشەنەكردندایە، وانەیەك بوو بۆ كەسانی دیكتاتۆرو تۆتالیتێرەكانی وڵاتانی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت وانەیەكی گرنگترە بۆ هەردوو حزبی دەسەڵاتدارى كوردستان و شێوازی حوكمكردنەكەیان، چیتر پێویستە بەرپرسە خۆماڵییەكانمان تێفكرن لەوانەكانی مێژوو و ئەمڕۆی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی روویداوەو دەدات.
لێ سەیرە هەندێ كەس و تەواوى دەسەڵاتدارانی كوردستان رۆژانە دەڵێن كوردستان جیاوازە لەو وڵاتانە، بەڵام رۆژگار راستییەكانی دەرخستووە زۆر لەوان خراپترن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست