بۆ یەكەم جار تاڵەبانی سەردانی كفری كرد
Monday, 20/07/2009, 12:00
پاش 18 ساڵ لەراپەرینی 1991 و ئازادكردنی كوردستان بۆ یەكەم جار جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆمارى عیراق بە مەبەستی كۆكردنەوەى دەنگ بۆ لیستی كوردستانی سەردانی كفرى كرد، (رێبوار جەمیل)ی گەنج سەرەڕای ئەو وتانەى ئاماژەى بەوەش كرد كە خۆشحاڵم تاڵەبانی هاتووەتە كفری، بەڵام خۆزگە لەمكاتەدا نەبوایە، بەڵكو ساڵی پار سەردانی كفری بكردبایە، چونكە هەموومان دەزانین ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردنە.
تاڵبەانی بە مەبەستی بانگەشەكردن بۆ لیستی كوردستانی و مەسعود بارزانی ئەمڕۆ 14/7/2009 سەردانی شاری كفری كردو بەڵێنیدا زانكۆیەك لەكفری بكرێتەوەو 100 بیری ئیرتیوازی دروست بكرێت، هاوكات بەڵێنیدا شوقەو خانوو بۆ كەسوكارى ئەنفالكراوەكان دروست بكرێت.
سەرچاوەیەك لەمەڵبەندی كفری بە ئاوێنەى راگەیاند كە خەڵكێكی زۆر لەناحیەى جەبارەو قەرەتەپەو باوەنوورو خانەقین و چەند شوێنێكی تر هێنرابوون تەنها بە مەبەستی ئەوەى قەرەباڵەغی دروست بكرێت، ئەگینا لە20% ئەو خەڵكە دانیشتووی كفری نەبوون.
كە بە ناو كفریدا دەرۆشتی وا هەستت دەكرد ئەم شارە لەئامادەباشیدایە بۆ جەنگ، هەر كۆڵانێك دەیان پۆلیسی تێدا دانرابوو، شاخەكانی دەوروبەرى كفری تەنرابوون لەپۆلیس و سەربازو ئاسایش، (چالاك عەبدولباقی) رۆژنامەنوس وەك گەنجێك وتی "بەڕاستی كە بینیم پێش دوو رۆژ كفری پڕ بووبوو لەپۆلیس و ئاسایش و سەربازو پێشمەرگە واهەستم كرد لەم شارەدا شەڕ روویداوە، وامزانی شاری كفری تەقێنراوەتەوە"، ئەو گەنجە ئاماژەى بەوەدا كە "دەبینم لەكەلارەوە تاوەكوو كفری سەر هەموو شاخەكان بە پۆلیس و سەرباز چنراوە، جگە لەوەى هەموو كۆڵانەكانی كفری پڕ كرابوون لەپۆلیس و ئاسایش و سەرباز، ئەم شارە هەرگیز قەرەباڵەغی واى بەخۆوە نەبینیوە، بۆیە دەڵێم سەرۆك مام جەلال كە ئەم هەموو خەڵك و سەربازانەى كۆ كردووەتەوە ئەڵێی خەڵك بە دوژمنی خۆیان دەزانن.
زۆربەى شەقام و كۆڵانەكانی نێو كفری داخرابوو و هاتوچۆكردن قەدەغە كرابوو، ئەم كارەش خەڵكی بێزار كردبوو، گەنێكی دیكە بە ناوی (ئەحمەد كەریم) كاتێك دەیویست بە شەقامێكی سەرەكیدا بەرەو بازار بڕوات، پۆلیس رێگەى پێ گرتبوو بەوەى رۆشتن بەو شەقامەدا قەدەغەیە، بەتووڕەییەوە بە پۆلیسەكانی وت دەستی خۆم دەبڕمەوە دەنگ بۆ ئێوە بدەم، دڵنیابن بەس گۆڕان چاری ئێوە دەكات.
چالاك ئەوەشی وت كاتێك لەكەلارەوە بەرەو كفری دەهاتم نزیكەى 10 پاسی بچووك و چەند پاسێكی گەورەو پڕ بوون لەخەڵك و سەدان ئۆتۆمبیلی دیكە كە لیستی كوردستانیان هەڵكردبوو بەو رێگایەدا دەڕۆشتنەوە بۆ شارەكانی خۆیان.
14/7/2009
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست