کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵانە بە زۆر ملیارێك و 53 ملیۆن دینار لەمامۆستایان وەردەگیرێت

Friday, 31/12/2010, 12:00


چەند ساڵێكە بە بەردەوامی رێكخراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان مانگانە بڕە پارەیەك لەهەموو مامۆستایانی كوردستان وەردەگرێت كە 117 هەزار مامۆستایە، كە تەنها لەمساڵدا بە بێ ئارەزووى خۆی مانگانە هەر مامۆستایەك 750 دیناری لێوەرگیراوە، كە ئەگەر بە پێی رێژەى ئەندامێتی ئەو 117 هەزار مامۆستایەش بێت، مانگانە دەكاتە 87 ملیۆن و 750 هەزار دیناروو ساڵانە دەكاتە ملیارێك و 53 ملیۆن دینار كە لەهەموو مامۆستایانی كوردستان وەردەگیرێت، ئەمەش گلەیی و ناڕەزایی مامۆستایانی لێكەوتووەتەوە.
سامان كەریم مامۆستا لەئامادەیی لیبراڵی تێكەڵ لەكفری رەخنەی ئاڕاستەى یەكێتی مامۆستایان كرد بەوەى ئەندامێتی بە ئارەزوومەندانە نییەو هەموو مامۆستایەك راستەوخۆكراوەتە ئەندامبە بێ ئەوەى بەندێك و بڕگەیەكی پەیڕەوی رێكخراوەكەى خوێندبێتەوە، ئەمەش پێچەوانەى هەموو یاسایەكی رێكخراوەكانە، هاوكات ئەو بڕە پارەیەش كە لەمامۆستا وەردەگیرێت ئارەزوومەندانە نییە، لەكاتێكدا مامۆستایەك ئامادە نەبێت باجێكی مامۆستایی بخاتە گیرفانییەوە ئیتر بە كام پێوەر 750 دینارى لێدەبڕدرێت و رەنگە بەشێكی زۆر لەمامۆستایان ئەمەیان پێخۆش نەبێت، ئەگەر ئەو رێكخراوە توانی چارەسەری ئەو كێشانە بكات ئەوكات مامۆستای ئەندام دەتوانێت خۆشەویستی بۆی هەبێت.
ئەو مامۆستایە ئاماژەشی بەوەكرد كە یەكێتی مامۆستایان شەش مانگ جارێك چۆنێتی هەندێك لەو پارانەو مەسروفاتی خۆی لەرۆژنامەى ئامانج بڵاودەكاتەوە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت بە تەواوەتی خەرجییەكانی بڵاو بكاتەوە، بۆیە منیش دەپرسم ئەو پارەیە كە مانگانەو ساڵانە لەمامۆستا وەردەگیرێت چی لێدەكرێت، مامۆستایەك كە خێزان پێكەوە دەنێت 200 هەزار دیناری پێدەكرێت هەر نەدانی باشترە، یاخود تەنها لەكفریدا بەدەیان مامۆستا تووشی گرفت بووە ئەو رێكخراوە بۆ نەهاتووە لەو پارەیەی خۆی دەیدات یارمەتی بدات.
لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان مامۆستا دارا لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند "لەو 750 دینارە 200 دینارى تەرخانكراوە بۆ لقەكان، واتا بۆ مەسروفی لق و بارەگاو كارمەندو پاسەوان، 550 دیناریش بۆ سلفەو بەخشین (منحە) دانراوە كە پێی دەوترێت دەستەبەری كە دەسەڵاتی سەرفكردنی یەك دیناریمان نییە، هەر مامۆستایەك خێزانی پێكەوەنابێت سلفەمان بۆی سەرفكردووە، مامۆستا نییە ژنی هێنابێت و سلفەی پێنەدرابێت".
ئەگەر لەو 750 دینارەى مانگانە لەمامۆستایان وەردەگیرێت، 200 دینارى بۆ لقەكانی یەكێتی مامۆستایان سەرفبكرێت كە لەهەموو كوردستاندا شەش لقی هەیە، ئەوا بە پێی پێدانی مانگانەى ئەو 117 هەزار مامۆستایە، هەر شەش لقەكە بە هەموویان مانگانە 23 ملیۆن و 400 هەزار دینارو ساڵانە 280 ملیۆن و800 هەزار دیناریان بۆ دەڕوات و سەرفدەكرێت، واتا هەر لقێك مانگانە 46 ملیۆن و 800 هەزار دیناری بۆ دەڕوات و سەرفیدەكات.

مامۆستایەك لەیەكێك لەقوتابخانەكانی كفری ئاماژەى بەوە كرد كە كاتێك ژنی هێناوە 200 هەزار دیناریان بە سلفە پێیداوە، بەڵام بە زیادەوە مانگانە لەپەروەردە پارەكەیان لێی وەرگرتووەتەوە، لێپرسراوەكەى یەكێتی مامۆستایان وتەى ئەو مامۆستایەى پشتڕاستكردەوەو وتی "ئەوە هەڵەیەكەو فەرمانبەرانی پەروەردەكان كە زۆربەیان دەرچووی شەشی سەرەتایین ئەنجامیدەدەن، ئێمە وتوومانە بە 10 مانگ لێیان وەربگیرێتەوەو هەر مامۆستایەك مانگانە بڕە پارەیەك دەداتەوە بنوسرێت یەك لەسەر دە تاوەكوو دەگاتە دە لەسەر دەو تەواوى سلفەكە دەداتەوە، بەڵام فەرمابەرانی پەروەردەكان ئەو هەڵەیە دەكەن و دە لەسەر دە تێدەپەڕێنن و دەنوسن دە لەسەر یازدەو پارەى زیادیان لێوەردەگرن، ئا ئەمەیە هەڵەكردنەكە".
مامۆستایان باس لەوە دەكەن كە هەرچەندە ئەوە پارەى خۆمانە لاى یەكێتی مامۆستایان، كەچی مانگانە ئەو سلفەیەی پێماندەدرێت لێیان وەردەگیرێتەوە، مامۆستا دارا روونیكردەوەو وتی "ئێمە دوو بابمان هەیە، سلفەو بەخشین، سلفە وەردەگیرێتەوە بەخشین وەرناگیرێتەوە، ئەو پارەیەش كە دەمێنێتەوە خراوەتە بانكەوە، ئێستا لقەكەی ئێمە خاوەنی زیاتر لە100 ملیۆن دینارەو لەبانك دامانناوەو دەسەڵاتم نییە سەرفی بكەم و لەكۆنگرە هەر كەسێكی تر ببێت بە بەرپرسی لق دەسەڵاتی سەرفكردنی پێدەدرێت".
ئەوەى پەیوەندی بە وەزراەتی پەروەردەوە هەبێت ئەوەیە كە ئەو پارەیە بە بێ پرسی مامۆستاو لەپەروەردەكانەوە ئۆتۆماتیكی لێیان دەبڕدرێت، وەزیری پەروەردە سەفین دزەیی لەلێدوانێكدا بە چەتری راگەیاند "ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە تەنها لەداواكارییەكان و بارو گوزەرانی مامۆستا پشتگیرییان دەكەین، بەڵام زۆر جار هاوكاری ئەو رێكخراوە بووین، لێ ئەو رێكخراوە لەگەڕەگێكی هەر شارێك بارەگاى خۆی هەیە، مەعقول نییە مامۆستا چەند هەزار دینار بدات بە تاكسییەك و بچێت 750 دینارى ئابوونە بدات، بەڵام رێكخراوەكە دەتوانێت كەسێكی رێكخراوەكە رابسپێرێت مانگانە ئابوونەكان كۆبكاتەوە، لەكاتێكدا هەرچەندە 750 دینار بدرێتە دەست منداڵێك وەریناگرێت".
تێبینی/ ئەم رابورتە لەزمارەى پێشووی رۆژنامەى چەتر بڵاوكراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە