ئەو دەمەی باسكردنی هەڵبژاردن جێگەى وتارى هەینى دەگرێتەوە
Wednesday, 27/05/2009, 12:00
دەبێت چ مەهزەلەو كارەساتێك بێت كاتێك لەمزگەوتەكانەوە باسكردن و پرۆپاگەندەو ریكلامی هەڵبژاردن جێگەى باسكردنی خوداو قورئانەكەى دەگرێتەوە، كاتێك لەبری باسكردنى ناعەدالەتى و تونڕەوی و دزینی سەروەت و سامانی میللەت باس و هۆتافی چۆنێتی دەنگدان دەخوێندرێتە گوێی خوداپەرستەكانەوە، ئاخۆ ئێستا كاتی ئەو پرسیارە نییە كە بپرسین و بڵێین تۆ بڵێی ئەمە (دینكم دیناركم) نەبێت، كە مەلاكان رۆژگارێك و بەردەوامیش دەیانوتەوەو هەنووكەش دەیڵێنەوەو دەیدەن بە گوێی خەڵكیدا كە پارەپەرستی جێگەى ئایینپەرستی گرتووەتەوە، كەچی ئەوەتا لەشاشەی تیڤی و مینبەرى مزگەوتەكانەوە دەیانبینین خودی مەلاكان خۆیان ئایینەكەیان فرۆشتووەو هۆڵی مزگەوتەكانیان كردووە بە هۆڵی سیاسەت و كۆبوونەوەو ریكلامكردن.
لەپەخشكردنیدا (لەكوردستان تیڤی) مەلایەك لەهەولێر لەكاتى وتارى هەینیدا بە هاوارەوە دەناڵێنێت و بە خوداپەرستەكان و ئەهلی ئایینەكەو ئامادەبوانى مزگەوتەكە رادەگەیەنێت و دەڵێن "بزانن چۆن دەنگ دەدەن، ئەزموونى وڵاتەكەمان لەبیر مەكەن"، هەر كە گوێم لەو بەڕێزە گرت راستەوخۆ تاڵەبانی و بارزانی و دواكەوتووەكانیانم بیركەوتەوە كە بەردەوام بازرگانی بەو رستەیەوە دەكەن لەپێناو كورسی و گیرفانەكانیاندا، نەك میللەت و خەڵك و خاكی كوردستان.
"نابێت لەمەودوا ئەو كەسان و گرووپ و كیانە سیاسییانەى بەرەو هەڵبژاردن دەچن لێمان تێكبدەن، داوایان لێدەكەین لێمان تێكنەدەن، چونكە دەبێت خۆمان بەراورد بكەین لەگەڵ موسڵ و پایتەختی عیراق، ئێمە هیچمان نەبێت ئاسایشمان هەیە"، بەڕاستی تراژیدیایە وەك چۆن سیاسییەكانی هەردوو حزبی یەكێتی و پارتی رۆژانە ئەو رستەیەمان پێدەفرۆشنەوەو دەڵێن (هەندێ گرووپ وكەس دەیانەوێت ئەم ئەزموونەمان لێ تێكبدەن)، كاكی مەلاش بە هەمان شێوە دەدوێت، نازانم كام ئەزموون؟!، ئەو ئەزموونەى پڕە لەخوێن و وێنەى ناشرین، ئەو ئەزموونەى پڕاوپڕە لەناعەدالەتى و ئاودیو كردنى پارەو موڵكی میللەتەكەمان، ئەو ئەزموونەى كە بە هەزاران خوێندەوارو گەنجیی بەڕەڵا كردووەو داونێنی دەستى قەدەرو پێیان دەڵێت بڕۆن دامەزراندن نییە، ئەو ئەزموونەى كە كوردستانەكەمانى خستووەتە ژێر مەترسییەكى گەورەوە، یا ئەو ئەزموونەى كە هەرێمەكەمانى پڕ كردووە لەسیخۆڕی توركى و ئێرانى و ئابوورییەكەشمان بە ئاشكرا دەبەن، ئەرێ سیاسییەكان و كاكی مەلا كام ئەزموون؟؟؟.
مەلاى ناوبراو هاتووە باسی راگەیاندن دەكات وەك ئەوەى پسپۆر بێت لەو بوارەداو دەڵێت "دەبێت راگەیانەكان بە خۆیاندا بچنەوە"، نازانم مامۆستای بەڕێز جەنابتان چیتداوە لەباسكردن و هەڕەشەدان لەراگەیاندن، لێرەوە پێویستە خواپەرستەكان، ئەوانەى بە مەبەستی نزاو پاڕانەوەو نزیكبوونەوە لەخوداى خۆشەوێست و بەخشندەیان دەچنە مزگەوتەكان لەهیچ مەلاو مامۆستایەكی ئایینى قبوڵ نەكەن دەستوەربداتە سیاسەت و باسی هەڵبژاردن و چی و چی بكات و مزگەت بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەكار بهێنێت، یاخود پێویستە ئەو خەڵكەى سەردانی مزگەوتەكان دەكەن لەهەر كاتێكی ئەو جۆرە باسانەدا مزگەوتەكان چۆڵبكەن و بۆ مەلاكەى بەجێ بهێڵن و پێی بڵێن فەرموو مزگەوت پیرۆزی ئێوە بێت كە هاتوون لەبری گەیاندنی پەیامی خودا، پەیامی حزب و گەندەڵچییەكانمان پێرادەگەیەنن.
سەیر لەوەدایە بەرپرسانی هەردوو حزب (یەكێتی و پارتی) چۆن و بەچ شێوەو زمانێك قسە دەكەن، كەچی ئەو مەلایانە هاتوون بە شێوەی كۆپیكراوی ئەوان قسان دەكەن و لەو بەرپرسانە دڵسۆزتر بۆ حزبەكانیان قسە دەكەن و پرۆپاگەندەى مانەوەیان بۆ دەكەن، بە دڵنیاییەوە ئەمەش مەترسییەكی ناوخۆیی و ئاییندەییە مەلاو پیاوانی ئایینى دەستوەربدەنە سیاسەت و حزبایەتى، پێش ئەوەی لەلایەك مەترسی بێت، لەلایەكی ترو بەدیوێكی تردا كەمكردنەوەو دابەزاندنی سومعەتى ئایینەكەو موقەدەسییەكەیەتی، زڕاندن و بچووكردنەوەیەتى.. هتد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست