كەسوكارى ئەنفالكراوێك :ئێمەش بمانزانیبایە وەكوو موستەشارەكان خزمەت دەكرێین دەبووینە موستەشار
Tuesday, 13/04/2010, 12:00
"تاوانبارن نەك هەر دەبێت بدرێنە دادگا، بەڵكو هەر گوناهە لەسەر خاكی كوردستان بژین، كەچی ئەوان بە گوێنی پارەیان دەدرێتێ و ئێمەش ئەم مانگ بۆ ئەو مانگ زرتەى چاومان دێت بۆ ئەو 300 هەزار دینارەو قەرزى بەسەرەوە دەكەین، داواكارم مووچەكانمان زیاد بكرێت و تاوانبارانیش بدرێنە دادگا، ئیتر بەسە سوكایەتیمان پێ نەكەن كە بە بەرچاومانەوە دەسوڕێنەوە"، ئەمە وتەى مام رەزا محەمەد كەریمی خاوەن حەوت كەسوكارى ئەنفالكراوە.
مام رەزا كە پیاوێكی باڵا كورتەو ستارخانییەكی لەبەردا بوو، خۆی پێشمەرگە بووەو خاوەنی خێزان و شەش منداڵی ئەنفالكراوە بە ناوەكانی نەبەزو یاسین و تەهاو ئامینەو كوێستان و بۆكان، كوڕێكیشی شەهیدی پێشمەرگەیە بە توڕەییەوەو بەدەست راوەشاندنەوە وتى "ئێمەش بمانزانیبایە وەكوو موستەشارەكان خزمەت دەكرێین ئەوا دەبووینە موستەشار، بەڵام مەخابن ئێمە كوردایەتیمان كردو ئەوانیش كوردكوژ".
لە14/4 هەموو ساڵێك گریان و شین دەبێتە میوانی هەموو ماڵێكی خاوەن كەسوكار ئەنفالمكراو، مام رەزا دەڵێت "ئەم حكومەتە هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا برینمان دەكولێنێتەوەو تیماریشی ناكات، لەجیاتى ئەوەى دڵنەواییمان بكەن، دێن ئێسك و برووسك و قەبرەكانیان دەخەنە پێش چاومان، داوایان لێدەكەین ئەو شتانە لێنەدرێتەوەو نەمانخەنە گریان و قوڵایی زامەكانمان مەكولێننەوە، بەخوا بە نیشاندانی ئەو رووفاتانە دووبارە دەمانكوژنەوە".
ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵییەى لەكوردستان هەیە تەنها چینێكی نیگەران نەكردووە، بەڵكو وەك مام رەزا ئاماژەى بۆ دەكات "سەرەڕای ئەو هەموو زەرەرو زیانە ئەم هەموو ناعەدالەتییە دەبینین دەڵێم خۆزگە كوردایەتیمان نەكردبایە، چونكە پاداشتی نەبوو، ئێمە كەسوكارمان ئەنفالكراوەو كوردایەتیمانكرد بۆ خۆمان نەمانكرد، بەڵكو بۆ كوردو كوردستان كردمان، كەچی ئێستا خەڵك هەموو برسییەو سواڵ دەكات، مەسئولەكان گەشتووەتە ئاسمان و منیش تەنها بژی و مەمر ئەژیم".
"كاتی خۆی بەرەى كوردستانی لێخۆشبوونی بۆ هەموو جاش و موستەشارەكان دەركرد، بەڵام پرس بە یەك كەسوكارى ئەنفالكراو نەكراوەو ئێمە تائێستا لێیان خۆش نەبووین، بۆیە پێویستە كەسوكارى ئەنفال خۆیان بچن سكاڵا لەسەر ئەو تاوانبارانە بەرزبكەنەوە كە دەیانناسنەوەو دەستیان هەیە لەتاوانەكەدا"، ئەمە وتەى عەبدولخالق قادر عەزیزە كە خاوەنی سێ كەسوكارى ئەنفالكراوە.
عەبدولخالقی تەمەن 44 ساڵ كە قژێكی ماش و برنجی هەیە باس لەوەش دەكات كە ئەو یادە هەموو ساڵێك وەكوو بلوێر لێدەدرێتەوە، باشترە خزمەتێكی جدی كەسوكارى قوربانیان بكرێت، ئەوانەى دەستیان هەیە لەتاوانەكدا كە زۆربەیان لای حزبەكان داڵدەدراون بدرێنە دادگا، نەك هەموو ساڵێك یادەكە بە گریان و شیوەن بەڕێ بكرێت.
ئەو پیاوە قژ ماش و برنجییە دەڵێت بەڵێ كار بۆ كەسوكارى ئەنفال كراوە، بەڵام بە پێی پێویست نییە، دروستكردنی خانوویەك و پێدانی مووچە بە تەنها چارەسەر نییە، بەڵكو بە هەزاران كەسوكارى قوربانیان تووشی نەخۆشی دەروونی و جەستەیی بوون و تاوەكوو ئێستا چاوەڕێی كەسوكارەكانیان و پێویستیان بە چارەسەرو خزمەتە، پێویستە حكومەت بەدواداچوون بۆ ئەنفالكراوەكان بكات و بۆ هەموو پاشماوەكانی روونبكەنەوە كە ئایا نەوەكانیان ماوە یان نەماون، چونكە زۆربەى پاشماوە بە تەمەن و پیرەكان تاوەكوو ئێستا بڕوا ناكان منداڵەكانیان چییان بەسەر هاتووەو هەر چاوەڕوانی هاتنەوەیانن.
سەبارەت بە بابەتی 18 كیژە فرۆشراوەكە بە میسر، چەند پەرلەمانتارێكی خولی پێشوو بە ئاوێنەیان راگەیاندبوو كە ئەو مەسەلەیە ئەسڵ و ئەساسی نییە، عەبدولخالق لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەگەر ئەو مەسەلەیە راست نییە بۆچی ئەو رۆژنامەنووسە كە بابەتەكەى وروژاندو هەموو ساڵێكیش لەو بارەیەوە دەنوسێت، بۆچی لێپرسینەوەى لەگەڵدا ناكرێت كە ئەو زانیارییانەى لەكوێوە هێنا، من بە بەڕێز مام جەلالیشم وت، ئەویش بەڵێنیدا بانگهێشتی بكات، بەڵام ئەوەى من بزانم تاوەكوو ئێستا بانهێشت نەكراوە لێپرسینەوەى لەگەڵدا بكرێت، یەكێك لەو 18 كچە كە خوشكی منە، تائێستا بە تەماى دادگایەك یان لایەنێكم هاوكاریم بكات كە بەدواداچوونی بۆ بكەم".
دادگاو لایەنى سیاسی پاڵپشی ئەو تاوانبارانە دەكەن یان حەشاریان دەدەن بەوەى نەدرێنە دادگا، بۆیە لەرۆژی 14/4دا داواكارم حكومەت و لایەنی سیاسییەكان تاوانباران حەشار نەدەن و هەوڵی تەواو بدەن كە بدرێنە دادگاو برینەكانمان ساڕێژ بكەنەوە"، عەبدولخالق بەم دێڕە كۆتایی بە قسەكانی هێنا.
حسێن تاڵاوی یەكێكی ترە لەو كەسانەى كە گوندەكەیان خاوەنی 101 ئەنفالكراوە، بەرپرسی كۆمەڵەى داكۆكیكارە لەكەسوكارى ئەنفالكراوەكان لەكفری سەبارەت بە چۆنێتی كردنەوەى ئەم یادە لەهەموو ساڵێكدا وتى "حەقە ئەم یادە بگۆڕینە قۆناغێكی دیكەوە، بۆ نموونە زۆربەى كەسوكارى قوربانیان تووشی نەخۆشی بوون و لەناخ و دەروونیاندا ئەو زامە دەكولێتەوە، پێم باشە حكومەت بەشێوەیەك یادی ئەنفال بكاتەوە كە دڵنەواییان بكات و كێشەو گرفتە دەروونی و جەستەییەكانیان بۆ چارەسەر بكات".
تاڵاوی پێشنیار دەكات كە چیتر ئەو گریان و كولانەوەى برینانە نەمێنیًت، "پێم باشە ئیتر لەكۆڕو كۆبووەنەوەو بۆنەكاندا كەسوكارى ئەنفالكراوەكان و خەڵكى كوردستان هوشیار بكەینەوە كە بە دڵتەنگی و گریان یادی ئەنفال نەكەنەوە، بەڵكو بە خۆشحاڵییەوە ئەم یادی پیرۆزو بەرز رابگرن".
سەبارەت بە دادگاییگەیاندنى تاوانباران، مام حسێن وتى "ساڵی پار زیاتر لە50 هەزار ئیمزامان كۆكردەوە كە تاوانبارنی بەعس لەسێدار بدرێن و تاوانبارانی كوردیش بدرێنە دادگا، بۆ ئەوەى حكومەت زیاتر دڵی كەسوكارى قوربانیان رازی بكات پێویستە چ زووە ئەو تاوانبارانە پەلكێشی دادگا بكات".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست