دەبێت رەخنە بە زمانی دڕك و خۆپیشاندان بە سوتاندن بێت، یۆنان بە نموونە
Tuesday, 10/03/2009, 12:00
ئاخر ئەمە لەچ وڵاتێكدا هەیە كە رەخنەى گوڵ و رەخنەى دڕك و چەكوش و چی چی كراوە بە كەلتورو یاساو هەمیشە دەیدەن بە گوێی میللەت و نەوەى نوێدا؟، نەوەى حزبەكانیشیان فێركردووە، لەوڵاتی لوبی دیموكراسی و هەر وڵاتێكدا رەخنە هەر رەخنەیە، هەمیشە وتومە رەخنە بە زمانی گوڵ واتا ماستاو بە زمانی دیپلۆماسی، بڕواناكەم نوسەرو رۆژنامەوانان و هەر قەڵەمدۆستێكی رەخنەگر جنێو بنوسێتەوە، ئیتر نازانم لەوتنی رەخنەى روخێنەر مەبەستیان چییە؟، ئەوەى جنێو بەرهەم دێنی ناكرێت بە رەخنەگر ناوببرێت، دەزانم ئەوانى بەرپرسانی وڵاتەكەم بۆیە رەخنەیان كردووە بە دوو بەشەوە (بونیاتنەرو روخێنەر یان گوڵ و دڕك)، چونكە هەمیشە دەیانەوێ پێیان بڵێی (بێ زەحمەت، بەقوربان، بەئەرك نەبێ، بەڕێز، كاك فڵان،.. هتد).
(هاوڕێیەكم كە لەدەزگایەكی راگەیاندنیی یەكێك لەدوو حزبەكە كار دەكات پێی وتم، كاتێك ئێوە رەخنە دەگرن نابێت یەكسەر رەخنەكەى پێوەنێی، دەبێت لەسەرەتاوە بە چەند دێڕێك بڵێن راستە ئێوە كەسانی ماندوونەناس و هیلاك و خەباتتان كردووەو دەبێت رێزتان لێ بگیرێت و بەم شێوەیە، بەڵام لە چەند دێڕی كۆتاییدا پێیان بڵێی بەڕاستی ئەوەتان هەڵەیە پێویستە بەو شێوەیە نەبێت بەڵكو بەو شێوەیە بێت)، ئا بەم شێوەیە رەخنە بگرن زۆر شیاوە، منیش پێم وت ئەرێ بە ڕاست بەرپرسانی ئێمە ئەوەندە فەلسەفی و تێگەشتوون لەرووى فیكرەوە تا ئێمە بەو شێوەیە رەخنەیان ئاراستە بكەین؟، ئەرێ تا ئێستا گوێیان لێ گرتووین؟ن زمانمان كول بوو، دەستمان لەگۆ چوو، دڵمان داڕزا، مێشكمان تەقی، ئاخر كێ گۆێ لەزمانى گوڵ دەگرێت؟، كەى گوێی لێ گیراوە؟.
ئەوەى ئەمڕۆ كەسانی نێو دەسەڵات دەیڵێنەوەو دەیدەن بە گوێی و خۆپیشاندەرو رۆژنامەنوس و قەڵەمبەدەستدا، (دەبێ رەخنەگرێكی بونیاتنەر بن، هیرش نەكەن، چی و چی و چی...)، ئەمەش لەبەر ئەوەى نەوەك دڵگران و هەست برینداربن، ئێمەش دەڵێین ئێوە بە ئەخلاق بن ئێمەش بونیاتنەر دەبین، هەرچەندە هەر بونیاتنەر بوین و دەبین، قەت نەماوتووە دەبێت كوردستان بڕوخێنرێت، نەماوتووە پێویستە بدزین و بخۆین و دوژمنئاسا هەڵسوكەوت بكەین و نا ئەخلامی بگوزەرێین و نادادپەروەر بین، بەڵام ئێوە دەخۆن دەمانكوژن گەندەڵی دەكەن وەك خۆتان دەڵێن گەندەڵ هەیە، ناداپەروەری و جیاوازی ژیانی ئێمەو ئێوە وەك عەرزو ئاسمان و هتد،.
ئاخر نازانم ئێوە بە چ رێسایەك دەڵێن نابێت رۆژنامەنووس توند بێت، خۆپیشاندەران فەرمانگەكان بسوتێنن و بەرد بهاون، ئەدی كاتێك حكومەت و دەسەڵاتداران بوو بە بەرەیەك و میللەتیش بەرەیەك ئیتر چۆن ناتەقێتەوە؟، كاتێك حكومەت و وڵات بوو بە موڵكی نوخبەیەكی دەسەڵاتدارو میلەتیش بوو بە سواڵكەرى ئەوان ئیتر چۆن شەڕو سوتاندن روو نادات، مەگەر لەوڵاتی یۆنانی فیلەسوفەكان و دایكی دیموكراسییەت ئۆتۆمبیل و فەرمانگە ناسوتێنن، ئەدی ئەویش دەستی لەپشتەوەیە؟، مەگەر لەوڵاتی فەرەنسای دڵی ئۆروپا بە هەزاران ئۆتۆمبیل و فەرمانگەو گەڕەكەكان نەسوتێنرا، ئەدی ئەوە دەستی گێرەشێوین و خۆپیشاندەرانیش دوژمنی وڵاتەكەیان بوون؟، بۆیە زەرورە ئێوەى دەسەڵاتدار چیتر ئەگەر خۆپیشاندەرو خوێندكارو گەنجانی لای خۆمان هەرچییان كردو وت نەڵێن گێرەشێوەێن و دەستی لەملەوەیە عەفو لەپشتەوەیە، چیتر بزانن دیموكراسی و رای گشتی و فشار ماناى چییە، كەواتە سوتاندن و بەرد هاویشتن كارێكی شەرعییە،.. ئەرێ بەڕاست ئێوە دەخوێننەوە؟، ئێوە كەناڵەكانی ئۆروپا دەبینن؟، ئێوە بەرپرسانی لاى ئەوان دەبینن چۆن دادگایی دەكرێن؟، ئەرێ دەزانن ئەخلاقی سیاسی ماناى چییە؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست